سەرەکی » راپۆرت » ئەم جەژنە هەرێم بێ گەشتیار دەبێت

بەڕێژەی ٪78 گەشتیار کەمی کردووە

ئەم جەژنە هەرێم بێ گەشتیار دەبێت

راپۆرتی: رێزە حسێن

بەهۆی هەڵكەوتە و سروشتی جوانی و كەشوهەوای كوردستان، هاوكات ئەو ئاسایشەی بۆ ناوچەكە رەخسێندراوە، ساڵانە لە وەرزی گەشتكردن و لە بۆنە ئایینی و تایبەتەكاندا ژمارەیەكی زۆری گەشتیار لە ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق و وڵاتانی دراوسێوە روو لە شارەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لە جەژندا لەلایەن لیژنەی باڵای رووبەڕوبوونەی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان، هاتنی گەشتیار کەم دەكات.

سلێمانی ئامادەكاریی دەكات
داسیار محەمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری پارێزگای سلێمانی تایبەت بە رۆژنامەی كوردستانی نوێ وتی: ساڵانە بەر لە هاتنی بۆنە ئاینیی و تایبەتەكان، ئامادەكاریی تەواو دەكەین لە چوارچێوەی پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ گەشتیاران، هەروەك چالاكی تیمەكانمان لە تەواوی ئەو رۆژانەی كە دەكرێتە بۆنە، بەردەوامی دەبێت وەك چاودێریكردن و پشكنینی سەرجەم ئەو شوێنانەی مۆڵەتی گەشتیاریان هەیە لە ناو سلێمانی و سەیرانگای قەزاو ناحیەكانی دەوروبەری، وتیشی: هەرچەندە لایەنی پەیوەندار لە حكومەت، بۆ هەرسێ رۆژی جەژن، قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاند، بەڵام ئێمە بۆ دروستبوونی هەر قەرەباڵغییەك، ئەگەر هاتە پێشەوە لە بۆنەكەدا، ئامادەكاری خۆمان كردووە.

ساڵانە بە مەبەستی گەشەدان بە كەرتی گەشتیاری و هاندان بۆ هاتنی زۆرترین گەشتیار بۆ سنوورەكە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری پارێزگای سلێمانی، چەندین چالاكی جۆراوجۆر بەڕێوە دەبات، وەك دابەشكردنی رێنمایی گەشتیاری و بازاڕكردن بەسەر گەشتیاراندا لە بازگە و سەیرانگەكاندا، دانانی هێڵی گەرم بۆ پەیوەندیكردنی گەشتیار بۆ هەر پرس و زانیاری و پێداویستییەك بێتە پێشی، هاوكات بەستنی كۆبوونەوە لەگەڵ خاوەنی ئەو شوێنانەی مۆڵەتی گەشتیاریان پێدراوە بەكردنەوەی شوێنەكانیان لە تەواوی رۆژەكانی بۆنە و پشووەكاندا و پێشكەشكردنی باشترین ئاستی پێشوازیكردن و خزمەتكردن، هاوكات لەبەرامبەر هاتنی ژمارەیەكی زۆری گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان، لایەنی پەیوەندار لە (هێزە ئەمنیەكانی ئاسایش و پۆلیس، تەندروستی، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ) بۆ ماوەی 24 سەعات لە چاودێریكردن و خزمەتكردنی خەڵكی سنوورەكە و گەشتیاراندا كاروچالاكیان بەردەوامی دەبێت.

داسیار محەمەد لەبارەی ئامادەكارییەكانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان ئاماژەی بەوەكرد بەپێی ئەو بودجەیەی بۆیان دابین دەكرێت لە رێگەی پێنج لیژنەی تایبەتەوە لە رۆژانی بۆنەكاندا بەردەوام تیمەكانیان سەردانی سەرجەم هۆتێل و مۆتێل و میوانخانە و خواردنگە و چێشخانە و ئەو شوێنانە دەكەن كە لە شوێنە گەشتیارەكاندا هەن، بەمەبەستی چاودێریكردن بۆ چۆنێتی كاركردنیان و ئاستی خزمەت پێشكەشكردنی گەشتیاران و جێبەجێكردنی رێنمایە تەندروستییەكان و خۆپارێزی، وتیشی: لە وەرزی هاتنی گەشتیار و سەرجەم بۆنە جۆر بە جۆرەكاندا، ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی، راستەخۆ سەنتەری زانیاری پێدان لە بەردەم سلێمانی پاڵاس دادەنێین، بەمەستی هاوكاریكردنی ئەو گەشتیارانەی زانیاریان نییە لە سەر جوگرافیا و ناونیشانی شارەكە و بازاڕكردن و سەیرانگەكانی سنورەكە كە لەلایەن تیمی تایبەتەوە لە كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیمان هاوكاری و رێنمایی ئەو گەشتیارانە دەكرێت كە پێویستیان بە زانیاری وەرگرتن دەبێت، هاوكات بۆ كار ئاسانی زیاتر، هێڵی گەرمی پەیوەندیكردن كارا دەكەین بۆ ماوەی 24 سەعات لە خزمەتی گەشتیاردا دەبێت كە دەتوانن لە رێگەی تەلەفونەوە، پێویستی و زانیاری وەربگرن.

جموجۆڵی گەشتیاری رادەگیرێت
بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بێت، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، هاتنی گەشتیار بۆ كوردستان لە وەرزی بەهار و هاتنی بۆنە ئایینی و تایبەتەكاندا، بۆ ئاستێكی بەرز تۆماردەكرا، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ساڵی (2019 – 2020) راگرتنی جموجۆڵ و كەرەنتینە و قەدەغەی هاتوچۆ لەسەرجەم وڵاتانی جیهان و عیراق و كوردستان، ئامارەكانی هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان بۆ ئاستێكی نزم دابەزی.

نادر رۆستی وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان تایبەت بە رۆژنامەی كوردستانی نوێ دەڵێت: بەپێی بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان و لیژنەی باڵای رووبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا، لە هەر سێ رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆزدا، قەدەغەی هاتوچۆ لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان جێبەجێدەكرێت، واتە جموجۆڵ رادەگیرێت، بۆیە تا ئێستا وەك دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، هیچ پلانێكمان لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ رۆژانی پشووی جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ نییە، هەروەك پلانی ئێمە تەنها جێبەجێكردنی رێنماییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لیژنەی باڵای رووبەڕوبوونەوەی كۆرۆنایە.

دوای بەرهەمی نەوت و كەرتی كشتوكاڵ، كەرتی گەشتیاری لایەنێكی گرنگە بۆ دەوڵەمەندكردنی ژێرخانی ئابووری وڵات و زیادكردنی داهاتی نەختینەی تاك، هەروەك هەرێمی كوردستانیش بەهۆی جوانیی سروشتەكەیەوە، ساڵانێكی زۆرە لەگەڵ هاتنی وەرزی گەشتكردن و بۆنە ئایینی و تایبەتەكاندا، بە رێژەیەكی بەرچاو گەشتیار لە ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دراوسێ رووی تێدەكەن، بەپێی زانیاری رۆژنامەی كوردستانی نوێ، هاتنی گەشتیار بۆ ناوچەكان، بە ئاستێكی باش بازاڕ گەرمیی بۆ كاسبكاران دەڕەخسێنیت، هەر لەوبارەیەوە زۆرینەی فرۆشیاران نیگەرانن بە بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لە جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ، چونكە ساڵانە لە رێگەی هاتنی گەشتیارانەوە بازاڕیان گەرم دەبێت و دەتوانن داهاتی زۆر كۆبكەنەوە، بەڵام بەپێی وتەی هەموو كاسبكاران، ئەمساڵ ئەو دەستكەوتە ئابوورییە لەناو دەبرێت، بەهۆی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ و راگرتنی جموجۆڵ لە شارەكان و رێگری لە هاتنە ناوەوی گەشتیار بۆ كوردستان.

پێشبینی كەمترین گەشتیار دەكرێت
نادر رۆستی ئاماژەی بەوەشكرد كە لە ساڵی (2019 – 2020) دا هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان (78%) كەمیكردووە، هەروەك بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان، ئەمساڵ لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان، ژمارەی هاتنی گەشتیار بۆ ئاستێكی زۆر كەم دادەبەزێت.

بەپێی زانیاری رۆژنامەی كوردستانی نوێ، بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری پارێزگای سلێمانی، نزیكی هەزار و 350 مۆڵەتی كاری گەشتیاری بەشێوەی فەرمی داوە بە خاوەنكار، وەك (چێشتخانە، میوانخانە، رێستۆرانت، هۆتێل و مۆتێل، یانەی شەوانە، كافێ و شوێنی خواردن و خواردنەوەكان، كە لەو ژمارەیە 600 چێشتخانەی میللی لە ناو بازاڕ و شوێنە گەشتیارییەكاندایە، هاوكات 750 شوێنی گەشتیاریش خاوەنی پێنچ ئەستێرەن).

 315 جار بینراوە