سەرەکی » کەلتوور » راپەڕینی بەردەرکی سەرا

نەوەد و یەک ساڵ پێش ئێستا لە گۆڤارێکی عیراقیدا

راپەڕینی بەردەرکی سەرا

وەرگێڕان و پێشەکی: عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی

بەیاننامەی رەسمیی لەبارەی رووداوەکەی 6 ئەیلوولی 1930 لە سلێمانی
ساڵی 1978 هەموو ژمارەکانی گۆڤاری ( لغه‌ العرب) خوێندەوە، کە نووسەری بەتوانا (انستانس الکرملی) دەری دەکرد. ساڵی 2000 بەهەموو ژمارەکانیدا چوومەوە، بەڵام ئەم جارەیان بە مەبەستی کۆکردنەوەی ئەو بابەتانەی کە تێیدا لەبارەی کوردەوە نووسراون، بابەتی مێژوویی، زمان، جوگرافیا، ئایین….ئێستا هەموویان بە پێشەکییەکەوە لەلایەن دەزگایەکەوە، بەزمانی عەرەبی چاپ دەکرێن، بە نیازیشین بەرەبەرە ئەو بابەتانە بکەین بەکوردی.

لەناو ئەو بابەتانەدا، نووسینێکی تێدایە،دەربارەی راپەڕینەکەی سەرا (ساڵی 1930)، کە لەبنەڕەتدا، بەیاننامەیەکی رەسمیی حکومەتی ئەو سەردەمەی عیراقە، لە گۆشەی (هەواڵەکانی مانگ) دا، لە بەشی (مەبەست لە ژ10) ساڵی ( 8) هەشتەم، (1) ی تشرینی یەکەمی ساڵی (1930) ئەو گۆڤارەدا بڵاوکراوەتەوە.

دەسەڵاتی ئەو سەردەمە لەو بەیاننامەدا چەند راستییەکی درکاندووە، بەڵام لە هەندێک شوێندا حەق بەخۆی دەدات و بەشداربووان بەگێرەشێوێن دادەنێت.

رەنگە حکومەت بەیاننامەکەی بۆ چەند گۆڤار و رۆژنامەیەک ناردبێت، بەتایبەت بۆ ئەو گۆڤارانەی، کە مانگانە، گۆشەی هەواڵیان هەبووە، چونکە گۆڤارەکە بۆئەوەی بێلایەنیی خۆی دەربڕێت، لە دوای هەردوو وشەی (بەیاننامەی رەسمی) وشەی( وەک خۆی) خستووەتە ناو دوو کەوانەوە، وەک بڵێن چۆن بۆیان هاتووە،بێ زیادوکەم و هیچ تالیقلێدانێکی خۆیان بڵاویان کردووەتەوە.

لە عەرەبییەکەدا موتەسەڕیف و موتەسەڕیفییەت بەکارهاتووه، من هەر بەو شێوەیە لە کوردییەکەدا بەکارمهێناون، ئەویش زاراوەیەکی ئیداریی سەردەمی عوسمانییە و تا چەند دەیەیەک پاش نەمانیان لەعیراقدا بەکاردەهێنرا، ئەم زاراوەیە لە بیری نەوەی پێشوودا هەرماوە، واتە پێش بەکارهێنانی ( پارێزگار).

موتەسەڕیف بە فەرمانی سوڵتانی عوسمانی دادەمەزرا. لەعیراقدا ویلایەتی مووسڵ، بەغداد، بەسرە هەبوون، هەر ویلایەتێک لە چەند موتەسەڕیفییەتێک (سنجق) یا لیوایەک پێکدەهات، لیوایش لە چەند قەزایەک پێکدەهات، ئەمیش لە چەند ناحێیەک. ئیتر زاراوەکە تاماوەیەک بەم شێوە هاتووە.

ئەنەستاس ئەلکەرمەلی ( بە کەرمەلی و کەرمیلیش دەینووسن بەڵام زیاتر بە یەکەمیان)، ناوی تەواوی(بوتروس جبرائیل یوسف عەوادە 1886-1947) یەکێکە لە نووسەر و رۆژنامەنووسە گەورەکان. ماوەیەکی زۆری لە تەمەنی خۆی بۆ ئەم گۆڤارە گرنگەی تەرخان کردبوو. من هەموو ئەو بابەتانەی، کە لە گۆڤارەکەیدا لەبارەی کوردەوە بڵاوکراونەتەوە، لە کتێبێکدا بە ناونیشانی ( الکرد فی لغه‌ العرب ) دا کۆمکردوونەتەوە.
(وەرگێڕ)

دەقی بەیاننامەکە
لەبەر وتیوتی و بڵاوبوونەوەی درۆیەکی زۆر لەبارەی ئەو رووداوە ناخۆشەی،کە شەشی ئەیلوولی ئەم مانگە، لەلایەن کەسانێکەوە لە سلێمانی روویدا، کە ئامانجیان ئەوەیە ترس و بێئومێدیی بخەنە دڵی خەڵکەوە، حکومەت بەپێویستی زانی ئەم بەیاننامەیە بڵاوبکاتەوە:

وەکیلی موتەسەڕیف ئاگاداری ئەوە بووە کە ژمارەیەکی زۆر لە پێاوماقووڵان و بازرگانان دەیانەوێت هەڵبژاردن بکرێت و بەشدارببن، بۆ بەڕێکردنی هەڵبژاردن لە ٥ ئەیلوولدا رێگە دانرا و تەدبیر بۆ هەڵبژاردنی دەستەی پشکنین بۆ ڕۆژی دوایی کراو وبڵاوکرایەوە، چونکە پێی راگەیەندرابوو، کە ژمارەیەکی کەم لە پیاوماقووڵان دەیانەوێت لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکەدا نەبن، کە دەیشیانزانی هەڵبژاردن ئازادانەیە و کەس نییە بەزۆر بەشدارییان پێ بکات، ئەگەر خۆیان ئارەزوونەکەن. هەروەها کەس بۆی نییە بەزۆر یا بەترساندن، یا تۆقاندن، یا بەهەڕەشە، رێ لەوانەیش بگرێت کە دەیانەوێت سەربەست بن لە بەشداریکردندا. وەکیلی موتەسەڕیف روونی کردەوە، کارێکی وەها بە تاوانێکی گەورە دادەنرێت و ئەرکی حکومەتیشە دەنگدەران بپارێزێت. سەرلە بەیانیی شەشی ئەیلوول دەعوەتنامە بۆ (30) کەس لە ئەشرافی شار نێردرا، کە نوێنەرایەتی هەموو گەڕەکەکانی شار دەکەن،، تاکو بۆ بەڕێکردن وگرتنەبەری رێگەی گونجاو بۆ هەڵبژاردن، لە سەرای حکومەت ئامادەبن. شەو ئامادەبوون و بەسەرۆکایەتی و سەرپەرشتیی سەرۆکی شارەوانی کۆبوونەوە.

پاش ئەوە هەواڵ گەیەندرا، کە گوایە نزیکەی پەنجا قوتابیی قوتابخانەکان و هەرچی و پەرچی لە بازاڕ کۆبوونەتەوە، بەزۆر دووکان بە دووکاندار دادەخەن و خەڵک کۆدەکەنەوە، دوای ئەوە روویان کردووەتە سەرا و کۆمەڵێک پۆلیس رێیان لە گردبوونەوەیان گرتووە.

لەبەرئەوەی روو لەزیادبوون بوون و لەسنوور دەرچوون، روونبووەوە، کە پێویستە هێزی فریادڕەس ئامادەبێت، بۆیە داوا لە فەرماندەی حامییەی سوپای عیراقی کرا(100) سەربازی بێچەک بۆ یارمەتیدانی پۆلیس بنێرێت.

پشێویی هەڵوێستەکە ڕوو لە زیادبوون بوو، ژمارەیەک لە خەڵکەکە، کورسیی چایخانەیان، دژی پۆلیس بەکارهێنا، کە هەندێکیان بریندارکران،بۆیە بە پێویست زانرا هێزێک هەبێت، لەبەرئەمە، داواکاریی یەکەم گۆڕا بەوەی سریەیەکی چەکدار ئامادەبێت.

لەو کاتەدا، جەماوەر بازنەی هێزی پۆلیسیان شکاند کە ژمارەیان کەم بوو، و پۆلیس و سەرایان بەرباران کرد. بۆ بەهێزکردنی ئەو سریەیەی کە بۆ سەرا بەڕێوەبوو، داوا لە سەرلەشکر کرا،بۆ پشتگیریکردنی سریەکە و بەهێزکردنی، فەوجێک بنێرێت.

بەردباران توندتربوو. دارو تێڵا، بەدەست خۆپیشاندەرانەوە زۆرتربوو.هەرکە سریەی پیادەی چەکدار گەیشتە سەرا بەردبارانەکە وەستا.

هەرچەندە بەشێکیان کشانەوە، زۆریان لە شوێنی خۆیان کەمبوونەوە فەرمان بە سەربازاکان درا بڵاوەیان پێ بکەن، ئیتر بە شەقامەدا دەڕۆیشتن و جیادەبوونەوە، بۆیە گێرەشیوێنەکان دەبینران بە تێڵای گەورە و کورسی و ئەو بەردانەی کە بۆ قیرتاوکردن دانرابوون و بە شتی تریش، هێرشیان دەکردە سەر سەربازەکان، کە بە هێواشی لێیان نزیکدەبوونەوە.

لەم کاتەدا دەنگی گوللە هات. سەربازێکی عیراقی کوژرا. پاشان بە دەمانچە دەسڕێژ کرا.

دوو سەرباز بریندارکران. یەکسەر سەربازەکان دەستیان کرد بە تەقەکردن و جەماوەری خۆپیشاندەریش بڵاوەیان لێ کرد. لەو کاتەدا فەوجە فریادڕەسەکە گەیشت و کەوتە چاودێریکردنی شارەکە. هێمنی سەقامگیربوو.

بەرکەوتن
پێش گەیشتنی سەربازەکان (10) کەس لە پۆلیس بەرکەوتن. نۆ کەسیان بە بەرد و دار ویەکێکیان بە خەنجەر بریندار کرابوو. هەروەها ( 153) جام لە جامەکانی سەرا و( 17) گڵۆپی شەقامەکان شکان.

لە سەربازی عیراقی
یەک سەربازی کوژراو، دوو سەربازی بریندار. سەربازێکیش بە بەرد بریندار کرابوو.
لە خەڵک و دانیشتووانی شاریش (13) کوژراو و (23) بریندار و گیراو هەبووە.
پاش هێوربوونەوەی بارودۆخەکە ئەم کەسانە گیران:
1-شێخ قادری برای شێخ مەحموود
2- میرزا تۆفیق
3- رەمزی ئەفەندی
4- حەمەئاغا
5- عەزمی بەگی بابان
6- عیزەت بەگی عوسمان پاشا
7- عەبدولڕەحمان ئاغای ئەحمەد پاشا
8- محەمەد ساڵح بەگ
9- مەجید ئەفەندی کانی ئاسکان
10-فایەق بەگی بابان
11- شێخ محەمەدی کلای (مەبەستی گوڵانییە -وەرگێڕ).
پۆلیسیش ئەو کەسانەی گرت کە بەرپرس بوون لە پشێوی نانەوەکە.
تا ئێستا ژمارەی گیراو گەیشتووەتە (100) کەس.

بەم ڕاپۆرتەدا دەردەکەوێت، کە دەسەڵات ناچار کراوە، هێز بۆ بڵاوەپێکردنی یاخیبووان بەکاربێنێت، کە ئامانجیان تێکدانی ئاسایشە.

هەروەها هۆی ئەم پشێوی و ئاڵۆزییە بەهۆی بڕیاردانی کەسانێکی هەڵخەڵەتاوەوە بووە، بۆ بەکارهێنانی رێگەی تۆقاندن دژی ئەو هاونیشتیمانییانەی کە پابەندی یاسان و دەیانویست لە هەڵبژاردندا بەشدار بن.

مولاحیزی نووسینگەی چاپەمەنی

 877 جار بینراوە