سەرەکی » راپۆرت » رێكەوتنە ژێربەژێرەكەی نەوەی نوێ‌ و پارتی هیچی لێ‌ شین نابێت!!

ناتوانن كەیسی گیراوانی بادینان لەبیری خەڵك و وڵاتان ببەنەوە

رێكەوتنە ژێربەژێرەكەی نەوەی نوێ‌ و پارتی هیچی لێ‌ شین نابێت!!

راپۆرتی: گۆران عوسمان قەرەداغی

نەوەی نوێ‌ و پارتی، لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكانی عیراقدا، بە رێكەوتنێكی گوایە (نهێنی) كە لای خەڵك شاراوە نییە، دەیانەوێ‌ بە وروژاندنی چەند كەیسێكی بێ‌ بایەخ و دروستكردنی سیناریۆی جۆراجۆری بێ‌ بنەما، سەرنجی هاووڵاتیان لەسەر چەند كەیسێكی جدی وەكو دەستگیركراوانی بادینان لە هەولێر و تووڕەبوونی چەند وڵاتێكی زلهێزو كاریگەر لەسەر ئەم كەیسە، لابەرن و دەیانەوێت خەڵك چەواشە بكەن كە گوایە دادگاكانی سلێمانی ناتوانن كەیسی تۆمەتباران و سكاڵالەسەر كراوان راییبكەن و یەكلابكەنەوە، بەڵكو ئەوە پارتی و دادگاكانیەتی بە هێزن و دەتوانن كەیسی لە شێوەی (شاسوار) یەكلا بكەنەوە!. كە لەڕاستیدا خەڵكی دەڵێن: «دادگاكان لە سنووری پارتی هیچ مسداقیەتێكیان نەماوەو كەیسەكان بە حزبی دەكرێن و بەلاڕێدا دەبرێن و زیندووترین كەیسیش دەستگیركردنی رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی بادینانە».

ئێستا كە لەمانگی 5ی ساڵی 2021 داین و دوای تێپەڕبوونی نزیكەی 9 مانگ بەسەر نووسراوی سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی لە هەولێر لەبارەی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌، ژمارەیەك میدیای سێبەر و بەناو سەربەخۆ و وەك بەشێك لە رێكەوتنی پ.د.ك و نەوەی نوێ هەوڵی وروژاندنی ئەو پرسەیان داوە، ئەو رێكەوتنەی نێوان پارتی و نەوەی نوێش كە لە خەڵك شاراوە نییە لە پەیامە میدیاییەكانی هەردوو حزبەوە بەڕوونی دەركەوتووە و هەردوو حزب هەوڵی ئەوە دەدەن كە پێشوەخت لە سلێمانی هاوشێوەی هەنگاوەكانی پێشوویان هەڵایەكی میدیایی پڕوكێنەر دروست بكەن و ئیدارەی سلێمانیش كە بەهاوبەشی لەلایەن ی.ن.ك و بزوتنەوەی گۆڕان بەڕێوەدەبرێت بەوێنەیەكی لاواز نیشان بدەن بەتایبەت كە هاوپەیمانیی نێوان یەكێتی و گۆڕان بۆتە جێگای خۆشحاڵیی و گێڕانەوەی متمانە و ئومێد بۆ كۆمەڵانی خەڵك بەگشتی و ئەم هاوپەیمانێتییەش كە بەسەرۆكایەتی لاهور شێخ جەنگی راگەیەندراوە، هاوپەیمانێتییەكە لەیار و نەیار بپرسی، هەمان راوبۆچوونی دەبێت لەوەی جارێكی تر هیوایەك بەكۆمەڵانی خەڵك دەبەخشێت كە هەرێمی كوردستان و ئەو قەوارەیەی لێرە بەخوێن و ماندووبوونی هەزاران رۆڵەی ئەم نیشتمانە هاتۆتە بەرهەم بۆ خزمەتی هەمووانە بێ جیاوازی و دەبێت تەواوی ناوچە جیاجیاكانی كوردستان وەك یەك خزمەت بكرێن.

لایەنی یاسایی و بەڕێوەچوونی كاروبارەكانی دادگا
لەبارەی لایەنی یاسایی كەیسەكەو بەڕێوەچوونی كاروبارەكانی دادگاكان لە كوردستان، لوقمان مستەفا راوێژكاری یاسایی لە دادگای سلێمانی، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بەپێی یاسا، سكاڵالەسەركراو یان تۆمەتبار لە شوێنی نیشتەجێبوونی دەستگیردەكرێت و لە هەمان بنكەی پۆلیسی ئەو شوێنە رادەگیرێت و وتەی لێوەردەگیرێت و لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت، هەروەك لە دادگای ئەو شار و پارێزگایەی لێی نیشتەجێیە، دادگایی دەكرێت.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا كارێكی یاساییە سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی لە هەولێر داوا لە دادگای هەر شار و پارێزگایەك بكات كە كەیسی تۆمەتبار یان سكاڵالەسەركراوێكی بۆ رەوانەبكرێت بەمەبەستی دادگاییكردنی، وتی: دادگای هەر پارێزگایەك یان شارێك، بەپێی یاسا ناتوانێت داوای كەیسی تۆمەتبارێك بكات بۆ دادگاییكردنی لە دەرەوەی ئەو دادگایەی كە سكاڵالەسەركراو تێیدا نیشتەجێیە، مەگەر لە حاڵەتێكدا ئەو كەسەی سكاڵاكەی لەسەرە، بە هۆكارێكی دیاریكراو و باوەڕێپێهێنەر لە چوارچێوەی (مادەی 55 بڕگە ب)، خۆی داوا بكات كە كەیسی دادگاییكردنەكەی ببرێتە دادگایەكی دیكە لە دەرەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی، بۆیە ئەگەر بەو شێوەیە نەبێت، ئەوە كارێكە دەچێتە خانەی پێشێلكردنی یاسا و تەجاوزكردنیشە بۆ سەر دادگای ئەو شارە.

سەبارەت بە رۆڵی دادگاكانی سلێمانی لە راییكردنی كەیسی تۆمەتباران و سكاڵالەسەركراوان، ئەوەی خستەڕوو كە «دادگاكانی سلێمانی لەچوارچێوەی یاساكارپێكراوەكاندا بەپشتبەستن بە بەڵگە و وتەی ئامادەبووان، مامەڵە دەكات و حەق بۆ خاوەن ماف دەگەڕێنێتەوە، بۆیە هەر جۆرە قسەلەسەركردنێك لەسەر رۆڵی دادگاكانی سلێمانی، دەكەوێتە خانە و مەسەلەی سیاسییەوە و مەبەست لێی بۆ ناشیرینكردنی رۆڵی دادگاكان و ئیدارەی ئەم سنوورەیە، ئەو كەسانەشی ئەو رۆڵە دەبینن ئاشكرایە كە كێن و ئەو مەسەلانەش دەستی كێی لە پشتەوەیە و مەبەستیان چییە لێی».

دوای تێپەڕبوونی 11 مانگ بەسەر ئەو دۆسییەدا !
بۆ خەڵكی كوردستانیش شاراوە نییە لەدوای ئەو سزایانەی بەسەر چالاكوان و رۆژنامەنووسە غەدر لێكراوەكانی بادیناندا سەپێندرا، دادگاكانی هەرێم بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی كەوتنە ژێر پرسیاری حزبی بوون و كاریگەری حزبی بەزەقی تێدا دەركەوت، ئێستا بە جووڵاندنی كەیسێكی وەك كەیسی (شاسوار عەبدولواحید) سەرۆكی نەوەی نوێ بە تۆمەتی هاندانی خۆپیشاندان لە مانگی 6 ساڵی رابردوودا، ئێستا و دوای تێپەڕبوونی 11 مانگ بەسەر ئەو دۆسییەدا، بەپێی نووسراوە رەسمییەكان لە رۆژی 2ی 6ی 2020 داواكاری گشتی داوای لە دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر كردووە كە فەرمانی دەستگیركردن بۆ شاسوار عەبدولواحید دەربكرێت، بەپێی رێكاری یاسایی و وەك پابەندبوونێك بەبڕیارەكانی دادگا و لە بڕوایدا بەسەربەخۆی و بێ لایەنی دادگاكان، بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە 8ی 9ی 2020 نووسراوێكی رەسمی ئاڕاستەی پارێزگای سلێمانی/بەڕێوەبەرایەتی كاروباری ناوخۆ كردووە و ئاماژەی بەوەكردووە كە لە رۆژی 10ی 8ی 2020 بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر نووسراوێكی بەژمارە 8508 ئاڕاستەی بەڕێوبەرایەتییەكەیان كردووە بۆ دەستگیركردنی (شاسوار عەبدولواحید قادر) بەپێی مادەی 2 لەیاسای ژمارە 5ی ساڵی 2008.

 1,801 جار بینراوە