سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » لەساڵۆنی بارۆن دۆلباک-ەوە بۆ ساڵۆنی کوردستانی نوێ

لەساڵۆنی بارۆن دۆلباک-ەوە بۆ ساڵۆنی کوردستانی نوێ

ساڵۆنی «بارۆن دۆلباک» کە لەناوی فەیلەسوفی بەناوبانگ «بارۆن دۆڵباک» وەرگیراوە. یەکێک بوو لەبەناوبانگترین ساڵۆنە فکرییەکانی فەرەنسا لەسەدەکانی ناوەڕات تاکو سەدەی هەژدەهەم. ئەم ساڵۆنە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر گەشەی ڕۆشنگەری و عەقڵی نوێ و چالاکی ڕۆشنگەری لەفەرەنسایەکدا کە هێشتا خۆیی لەگەردو تۆزی سەدەکانی ناوەڕاست نەتەکاندبوو لەساڵۆنی دۆڵباکدا ئەو ڕۆشنبیرو فەیلەسوفانە کۆدەبوونەوە کە دژی دەسەڵاتی کڵێساو بیرکردنەوەکانی «بۆسوێ ـ ڕابەری کاتۆلیکی فەرەنسی» بوو. ساڵۆنی «دۆڵباک» لەزەمەنی «دادگاکانی پشکنین»و شەڕی کاسۆلیک و پرۆتستانت، لەشەڕی ڕۆشنگەران و فەندەمێنتاڵیستەکانداو لەجەنگی نێوان دیموکراسی و کڵێسادا، بووە یەکەم وێستگە لەپاڵ فەیلەسوفان و ڕۆشنبیرانی ئەوروپادا؛ بووە ناوەندێکی ڕۆشنبیری گەورەی بەناوبانگ بۆ هەموو ئەو لاوە خوێندەوارو ڕۆشنبیرانەی دژی داخرانی ئاینی مەسیحییەت و قەشەگەلێکی وەک «بۆسوێ» بوون. بەراورد بەساڵۆنی «بارۆن دۆڵباک» هەنوکە لەهەرێمی کوردستان و لەشاری سلێمانی، ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ لەپاڵ هەوڵە بەردەوامەکانیدا لەکاری ڕاگەیاندنی پرۆفیشناڵانە، لەسەر دەستی سەرنوسەر «ستران ساڵح»و ستافە کاراکەی، ساڵۆنی «کوردستانی نوێ»یان هەیە. بۆمن گرنگ نییە بەمێژووی ساڵۆنەکەدا بچمەوەو ژمارەی چالاکییەکان بزانم لەم ساڵۆنەی کوردستانی نوێدا. بەڵام بۆ من گرنگە ئەم ساڵۆنە چی دەکات و دەیەوێت چی بەرهەمبهێنێت؟ ئایا ساڵۆنی کوردستانی نوێیش بەگژ سیستمی داخراوی دینیدا دەچێتەوەو ڕەخنەی لێدەگرێت، یان دژایەتی حوکمی دیکتاتۆر، یان داپڵۆسین، یان شەڕی کرانەوە دەکات؟ «ماشەڵڵا» لەهەرێمی کوردستان ژمارەی دەزگاکانمان بۆ چەلەحانێ!و ناوناتۆرە!و چەقەسوویی! زۆرو بۆرە!، بێن و ڕەخنە لەکۆی گشتی سیستمی سیاسی هەرێمی کوردستان بگرن. بەڵام یەک میدیامان نییە کارلەسەر بەرهەمهێنانی عەقڵ و لۆژیک بکات و دەستی قەڵەمە نوێکان بگرێت بۆ کارگردن، کاتێکیش سەیری ڕووپەڕی دەزگاکان دەکەین زۆربەی کارمەندەکان لەدەزگاکانی یەکێتییەوە پێگەشتوون، بەتایبەت تیڤییەکان. ساڵۆنی «کوردستانی نوێ» لەسەردەمێکی نوێدا جەنگێکی نوێ دەکات دژی هەژموونی دەزگا ئەلیکترۆنییەکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، ئەمەش لەزەمەنی کەم بایەخبوون یان نەمانی میدیای نوسراودا. لەساڵۆنی «کوردستانی نوێ»دا چالاکییەکان هەمەجۆرن، وەک چۆن کۆبوونەوەکان هەمەجۆرن. لەم ساڵۆنەدا لەسەر میدیا، ژن، عەفرین، ئاو، توندوتیژی….هتد، کۆبوونەوەکان بەردەوامن و گەرم و گوڕن. کەواتە؛ ساڵۆنی کوردستانی نوێ، دەیەوێت بەتەنهاو وەک جێگایەکی تاقانەی شار، جەنگی هەژموونی دەزگا ئەلیکترۆنییەکان بکات و وەک چۆن ڕۆژنامەی «کوردستانی نوێ»یش قوتابخانەی پێگەیاندنی زۆرێکی نوسەرو ڕۆشنبیرانی هەرێمی کوردستانە تادەگاتە وەزیرو سەرۆککۆماریش، بەهەمان شێوە ساڵۆنی کوردستانی نوێیش هاوکارێکی باشە بۆ هەموو ئەو قەڵەمە نوێیانەی دەیانەوێت لەساڵۆنی کوردستانی نوێدا، چالاکییەکانیان بکەن و دەربکەون. جیاوازی لەنێوان ساڵۆنی «بارۆن دۆلباک»و ساڵۆنی «کوردستانی نوێ»؛ لەدوو خاڵدایە: یەکەم/ ساڵۆنی دۆڵباک تەنها ڕۆشنبیرەکان سەردانیان دەکرد، هەرچی قەشەو بڕیار بەدەستەکانیش بوو هەوڵی ڕوخاندن و لەناو بردنیان دەداو سەردانیان نەدەکرد. بەڵام لەساڵۆنی «کوردسانی نوێ»دا سیاسییەکانیش دێن و وەک باقی نوسەرانیتر دادەنیشن و گوێ دەگرن. واتە تەنها شوێنی نوسەرو ڕۆشنبیرەکان نییە. دووەم/ ساڵۆنی «دۆڵباک» موڵکی ڕۆشنبیران بوو، نەک هێزە دەسەڵاتدارەکانی ئەوکات هاوکاری نەدەکردن. بەڵکو دژایەتی تێزی فەیلەسووفان و ڕۆشنبیرانیشیان دەکرد لەسەر کرانەوەی ئاینی و دیموکراسی و ….هتد. بەڵام ساڵۆنی «کوردستانی نوێ» تاکە شوێنە موڵکی حیزبێکی سیاسییەو داوا لەنوسەران و ڕۆشنبیران دەکات بێنە ساڵۆنەکەو چالاکی ئەنجام بدەن! و ڕەخنەبگرن و تێزەکانیان پیشان بدەن.

print

 17 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*