سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » خاتوونێكی كورد پۆستی وەزارەتێكی هۆڵەندای وەرگرتپەڕە 2

خاتوونێكی كورد پۆستی وەزارەتێكی هۆڵەندای وەرگرت

دیلان یەشیلگۆز پەرلەمانتاری كوردی پەرلەمانی هۆڵەندا، كە كچە كوردێكی باكووری كوردستانە و یەكێكە لە سیاسییەكانی پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموكراسی (PVV) لەسەر لیستی ئەو پارتە كرایە وەزیری كاروباری ئابووری و ژینگەی حكومەتی نوێی هۆڵەندا.

دۆسێی ژینگە و وزەشی پێسپێردراوە
ئەو كچە كوردە، یەكێكە لە كەسایەتییە دیار و چالاكەكانی ناو پارتەكەی و لە هەڵبژاردنی پێشووتر لەساڵی 2017 لەناو پەرلەمانتارە دەرچوەكاندا ناوی لە زنجیرەی 19دا هاتبوو لە لیستی سەركەوتوان و براوەكانی كورسیی پەرلەمان، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەم خولەی ئەم جارە كە لە مانگی ئاداری ئەمساڵ بەڕێوەچوو، لەبەر لێهاتوویی و شارەزاییەكەی لە بواری كاری سیاسی و پەرلەمانیدا ناوی كەوتە زنجیرەی پێنجەم و توانی زیاتر لە 45 هەزار دەنگی هاووڵاتیان بەدەستبهێنێت، بۆیە پارتەكەی پێشنیاریان كرد بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزاریی و هەفتەیەك لەمەوبەر لە بەردەم سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری وڵات، سوێندی یاسایی خوارد.

یەشیلكۆز لەپاڵ پۆستی وەزارەتی ئابووری، دۆسێی ژینگە و وزەی پێسپێردراوە، پێدەچێت لە كابینەی نوێی حكومەتیشدا، كە بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا پێكبهێنرێت، دیسان هەمان پۆستی پێ بدرێتەوە.

پەرلەمانتارێكی چالاكی وڵاتەكەی بووە
دیلان، لەساڵی 1977 لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا لە خێزانێكی كوردپەروەری دەرسیمی باكووری كوردستان لەدایكبووە، لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە لەگەڵ خێزانەكەی روویانكردۆتە هۆڵەندا و بەهۆی كاری سیاسیی باوكییەوە، مافی پەنابەرێتی سیاسییان وەرگرتووە، هەر لە تەمەنی هەرزەكارییەوە بەشداری لە كۆڕ و كۆبوونەوە و چالاكییە مەدەنییەكان كردووە، دوای تەواوكردنی زانكۆ بۆتە فەرمانبەری ئەنجومەنی شارەوانیی ئەمستردام و لەبەر لێهاتوویی لە كارەكەیدا لە 2014 بۆتە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی پایتەخت، لەو ماوەیەدا خزمەتێكی زۆری بە ئەمستردام گەیاندووە لەڕووی هەوڵە بەردەوامەكانی بۆ باشكردنی بژێویی خەڵك و كارە خزمەتگوزارییەكان، دواتر راوێژكاری وەزاری و چەند پۆستێكی تریشی پێدراوە، لە خولی رابردوودا پەرلەمانتارێكی هەرە چالاكی وڵاتەكەی بووە و بەردەوام بەرگریی لە دیموكراسی و مافەكانی ژنان و خەڵكی بەگشتی كردووە، داكۆكیكارێكی سەرسەختی پاراستنی ژینگە و كەشوهەوا بووە، هەربۆیە ببووە جێی سەرنجی سەركردایەتیی پارتەكەی و هیوایەكی گەشیان بۆ دروست بووە، كە لە داهاتوودا ببێتە سەركردەیەكی دیار و خزمەتكاری خەڵك.

سەرۆك وەزیران سەرۆكی پارتەكەیە
پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموكراسی، پارتێكی لیبرالی پارێزگارە، ساڵی 1948 دامەزراوە، لەسەرەتای دروستبوونیەوە لە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی هۆڵەندا بەشداربووە. «مارك روتە» سەركردەی ناوداری وڵات رابەرایەتی دەكات، كە ئێستا سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری وڵاتە. پارتەكە لە تەواوی هۆڵەندا نزیكەی 50 هەزار ئەندامی هەیە، بەڵام سەدان هەزار دۆست و لایەنگری هەیە و لەهەڵبژاردنەكاندا دەنگ بە كاندیدەكانی دەدەن.

 306 جار بینراوە