سەرەکی » دۆسێ » ستراتیژێكی نوێ‌ بۆ بەگژداچوونەوەی داعش

پێنج ساڵ دەخایەنێت

ستراتیژێكی نوێ‌ بۆ بەگژداچوونەوەی داعش

دەسەڵاتدارانی ئەمنی لە عیراق، ستراتیژێكی نوێ‌ بۆ بەگژداچوونەوەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش رادەگەیەنن كە پێنج ساڵ دەخایەنێت، ئاماژە بە گرتنەبەری رێڕەوی نوێش دەكەن بۆ چەسپاندنی ئاسایش لەنێوخۆ و سنورەكانی عیراق، لەپێناو رێگرتن لە دزەكردنی چەكدارانی رێكخراوەكە.

لە میانی كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی ئەمنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان و دەزگای دژە تیرۆر و پۆلیس لە 22ی ئایاری 2021، سەباح نوعمان وتەبێژی دەزگای دژە تیرۆر رایگەیاند:»دەزگاكەیان بەپێی ئەو ئەركانەی بۆی دیاریی كراوە، كار دەكات بۆ بەدواداچوون و لەبەریەكهەڵوەشاندنەوەی تۆڕە تیرۆریستییەكان، ئەو دوو تۆكاریی و دیدەی دەزگاكەش، هەر تەنیا بە چالاكی تیرۆریستییەوە ناوەستن، بەڵكو چاودێری و هەڵسەنگاندیش لەخۆدەگرن».

بە وتەی سەباح نوعمان:»دەزگای دژە تیرۆر، ستراتیژێكی عیراقی بۆ نەهێشتنی تیرۆر دەستپێكردووە كە پێنج ساڵ درێژە دەكێشێت لەپێناو بنبڕكردنی رێكخراوی داعش»، ئاماژەی بە خاپوركردنی زیاتر لە 250 ئەشكەوتیش كرد لە سەرەتای ئەمساڵ، وێڕای لەبەریەكهەڵوەشاندنەوەی زۆرێك لە تۆڕە تیرۆریستییەكان، و كوشتنی سەركردە دەركەوتووەكانی رێكخراوەكە، جەختی لەسەر بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەكانیش كردەوە لە دژی پاشماوەكانی داعش.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان، پشتبەستنی بە شێوازێكی نوێ‌ لە دژی پاشماوەی چەكدارانی رێكخراوی داعش راگەیاند، تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لە هەمان كۆنفرانسدا وتی:»فەرماندەییەكەیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییە جیاجیاكان، پشتی بە شێوازێكی تەكتیكی بەستووە كە بەندە لەسەر لامەركەزی لە جێبەجێكردنی ئۆپەراسیۆنەكان لەدژی پاشماوەی چەكدارانی داعش».

بە وتەی خەفاجی:»فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكان كار دەكات لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەڕێی وەرگرتنی ئامێری هاوچەرخ بۆ چاودێری سنورەكانی عیراق- سوریا، و رێگرتن لە پێشێلكارییەكان و دزەكردنی تیرۆریستان، هەموو كەلێنەكانیش لە سنورەكانی سوریا، لەماوەی دوو مانگی داهاتوودا دادەخرێن».

وتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق، جەختی لەسەر بەستنی كۆبوونەوەیەك كردەوە لەلایەن لیژنە تەكنیكییەكان، سەبارەت بە دانانی خشتەیەك بۆ پاشەكشەكردنی هێزە بیانییەكان، ئاماژەی بە هەڵگرتنی زیاتر لە 120 بازگەش كرد لە بەغدا.

بە هەمان شێوە وەزارەتی ناوخۆش، تەئكیدی لەسەر جێبەجێكردنی ئۆپەراسیۆنی گەورە كردەوە دژ بە گروپە تاوانكارەكان لە ژمارەیەك لە پارێزگاكاندا.

لەو بارەیەوە لیوا خالید ئەلمحنا، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند:»دەزگا ئەمنییەكانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بە هەموو پێكهاتەكانییەوە، ئۆپەراسیۆنی ئەمنی هەمەجۆرییان جێبەجێكردووە، جا لە بواری بنبڕكردنی تیرۆر بێت یان دەستگیركردنی سەركردە تیرۆریستەكان، بە تایبەتیش لە كەركوك و دیالە، بە هەمان شێوە ئۆپەراسیۆنی دەستپێشخەریی لەلایەن هەردوو دەزگای پۆلیسی فیدراڵی و بەرپەرچدانەوەی خێرای سەر بە وەزارەتەكە لەو دوو پارێزگایەدا جێبەجێكراوە».

ئەلمحنا دەڵێت:»هێزەكانیان توانییان بگەنە زۆرێك لەو ناوچانەی پێشتر دەستی هێزە ئەمنییەكانیان پێنەگەیشتووە، بەهۆی سەختی و چڕی ناوچەكە كە داعش بە پەناگەیەكی ئارام بۆ خۆشاردنەوە بەكاریی دەهێنا، ئەمەش لەڕێی هەوڵی ئەندازیاریی كە توانییان رێگەی نوێ‌ لەو ناوچانەدا بكەنەوە».

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ باس لە دانانی تاوەری چاودێری دەكات بەشێوەیەكی فراوان، «وێڕای جێبەجێكردنی ئۆپەراسیۆنەكان كە لێوەی دەیان تیرۆریست دەستگیركراون، پشكی گەورەی ئەو دەستگیركردنانەش لەلایەن ئاژانسی هەواڵگرییەوە بووە، لەگەڵ دەستگیركردنی 162 تۆمەتبار لەماوەی دوو هەفتەی رابردوو، و پوچەڵكردنەوەی زۆرێك لەو پیلانە تیرۆریستیانەی كە داعش نەخشەی بۆ جێبەجێكردنیان دانابوو».

ئەمەش لەكاتێكدایە پارێزگا رزگاركراوەكان، پاشەكشەیەكی بەرچاویان لە دۆسێی ئەمنی بەخۆوەبینی لەم ماوەیەی دوایی، بەو پێیەی پاشماوەی چەكدارانی داعش هێرش و پەماریی نیمچە رۆژانەیان لە پارێزگاكانی دیالە و كەركوك و نەینەوا و سەڵاحەدین دەكرد و لەو هێرش و پەلامارانەشدا هێزە ئەمنییەكان و حەشدی شەعبی و مەدەنییەكان دەكرانە ئامانج.

هێزە ئەمنییە جیاجیاكانی عیراق، لە چەند قۆڵێكەوە لەو پارێزگایانە، ئۆپەراسیۆنی ئەمنییان جێبەجێكردووە و فڕۆكەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش هێرشی دەستپێشخەرییان كردۆتە سەر جموجۆڵەكانی داعش و بە زانیاریی هەواڵگری پشتیوانییان لە هێزە عیراقییەكان كردووە.

 334 جار بینراوە