سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەرمینیا لە کوردستان بەڵگەیەکی بەهێزە بۆ باشیی پەیوەندییەکانی کورد و ئەرمەن

ئارشاک پۆڵەدیان

کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەرمینیا لە کوردستان بەڵگەیەکی بەهێزە بۆ باشیی پەیوەندییەکانی کورد و ئەرمەن

دیدار: کەنار قاسم باپیر

مێژوو دەیگێڕێتەوە ئەرمەن و كورد بۆ سەدان ساڵ لە شەش ویلایەتی رۆژهەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا پێكەوە ژیاون، هەمان جەورو ستەمی داگیركەرانی خاك و وڵاتی هەردوولایان چەشتووە، هەردوو گەل هەمان دەردیان چەشتووە بەدەست كاربەدەستانی دەوڵەت و ئاغا و خاوەن موڵكی كورد و تورك و سەرۆك خێڵی كۆچەرەوە، ئەم مێژووی پێكەوەژیانە سەرەڕای جیاوازیی ئاینیی هەردوو میللەت، هێندە ئاوێتەی یەكتر بوو بوون لە رووی نەریت و كەلتورەوە جیاكردنەوەیان ئەستەم بووە، هەموو بەڵگەنامە مێژوویەکانیش بەڵگەن بۆ ئەوەی هیچ ناحەزیی و ناكۆكییەك لە نێوان ئەرمەن و كورددا نەبووە، بەڵکو پەیوەندییەكی باشیان هەبووە، ئێستاش لە زاری ئەرمەنیەکان خۆیانەوە کە ئێزدییەکانی کورد و ئەرمەنیەکان دەگرێتەوە پەیوەندییەکی باش لە نێوانیاندا هەیە و هەر تاکێکی ئەرمەنی ئەوە دەزانێت کە کوردەکانیش لەژێر دەسەڵاتی عوسمانیەکاندا بوون و تەنها بەشێکی کەم لە سەرۆک خێڵە کوردەکان لە جینۆسایدی ئەرمەنیەکاندا بەکارهێنراون و ئەوانی دی بگرە بوونەتە پشتوپەناو قەڵغان بۆ ئەرمەنیەکان و یارمەتیانداون، ئێمە وەکو وەفدێکی مەکتەبی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان کە لە ساڵیادی جینۆسایدی گەلی ئەرمەن سەردانی یەریڤانمان کرد، بۆ توندوتۆڵکردنەوە و ناردنی پەیامی دۆستانەی گەلی کورد و یەکێتی لەوێ ئامادەبووین، لەوێش چاومان کەوت بە ئارشاک پۆلادیان باڵیۆزی پلە باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا هەروەها پڕۆفیسۆر و لێکۆڵەری مێژوویی و دۆستی کورد، زۆر بە گەرمی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا لەوێ پێشوازی لێ کردین و قسەی بۆ کردین:

*ئارشاک پۆڵەدیان کێیە؟
-لەدایکبووی سوریام، بنەماڵەکەمان بە فەرمانی دەسەڵاتی عوسمانی دوورخراونەتەوە بۆ سوریا لەوێشەوە چوون بۆ وڵاتی سوید بۆ ماوەیەک لەوێ پەناهەندەبووین و خوێندومە، دواتر هاتینەوە بۆ ئەرمەنستان و لەوێ درێژەم بە خوێندندا، چەندین کتێبم لەسەر مێژووی کورد نووسیووە، بەتایبەت لە سەدەی ناوەڕاستدا (سەدەی 7 بۆ 10)، سوودم لە سەرچاوە عەرەبیەکان وەرگرتووە، دواتر بۆ میژووی کوردەکان لەسەردەمی خەلافەتی عەباسیدا چەندین وتار و نووسینم لەسەر ئیماراتی کوردی نووسیوە لە سەدەی ناوەڕاستدا، هەر یەک لە نەتەوە کوردییەکان بەدوای یەکدا، مەروانیەکان، حوسنەوییەکان لە کوردستانی ئێران، زۆر لە نەتەوە کوردییەکان لەسەرم نووسیوون، ئێوە دەزانن ئەو ماوە مێژووییەی کورد پێش ئیسلام و دوای ئیسلام نەنوسراوەتەوە و خوێندنەوەی بۆ نەکراوە بەشێوەیەک ونببوو، هەر بۆیە لەلایەن سەرۆکایەتی ئینستتیوتەوە لە ئەرمینیا پێشنیازکرا گرنگی بە مێژووی کورد بدرێت لە سەدەی ناوەڕاستدا.

*کارەکانت لەو بوارەدا چی بووە؟
-من گرنگی و ئەولەویەتم بە مێژوو تەقالیدی کورد و رەگەزی کوردی داوە، هۆزو خێڵە کوردییەکان و کەیسە پەیوەندیدارەکان بە ئیسلامەوە، هەتا ئێستاش بەردەوامم لەم کارو لێکۆڵینەوەیەم، هەندێ وتارم هەیە جگە لە کتێبەکانم تێیدا ئاماژەم بە دۆسێ هاوبەشەکانی کورد و ئەرمەن و مێژووی کورد و بڵاوبوونەوەی کوردەکان و خەباتی کوردەکان و شۆڕشەکانیان و راپەڕینەکانیان دژی حوکمەتە یەک بە دوای یەکەکانی داگیرکارەکانیان داوە.

کتێبێکم نووسیووە لەسەر (رەگەزی کورد)، لە ئیمارات بڵاومکردەوە بەدوای زانیاری لەسەر مێژووی ئیسلام لەناو کوردا دەگەڕام، رۆڵی ئیسلام و بڵاوبوونەوەی ئیسلام لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، باسم لەوەکردووە چۆن مێژوونووس و جوگرافیزانەکان لەسەدەکانی ناوەڕاستدا گەشەیان بەو توێژینەوە ئاڵۆزە داوە، جیاوازی زۆر هەبووە لە راوبۆچوون و هەندێکجار راکان یەکدەگرن و هەندێکجار جیاوازن، هەر لە لێکۆڵینەوەکانمدا گەیشتمە ئەو ئەنجامەی کورد لەو هۆز و گەلە دەمارگیرەکان (متعصب)بوون، بەپێی لێکۆڵینەوەکان کوردەکان و لەناویشیاندا ئێرانییەکان لە سەدەی 10دا باوەشیان بۆ ئیسلام کردۆتەوە، لە رۆژانی فتوحاتی عەرەبیدا بۆ نموونە لە سییەکان و چلەکانی سەدەی 7دا، بڵاوبوونەوە و لە خۆگرتنی ئایینی ئیسلام بەشێوەیەکی فەرمی نەبووە، بەڵکو سەرزارەکی بووە بەشێوەیەکی کرداریی بڵاوبوونەوەکە و لەخۆگرتنی لە کوردستان لە سەدەی 10 و11 دا بووە، هەتا ئەمڕۆش بەردەوامە.

یەکەمجار لێکۆڵینەوەم کرد لەسەر مێژووی هۆزە کوردییەکان لە سەدەی ناوەڕاستدا، دابەشبوونی هۆزە کوردییەکان لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهۆی دەسەڵاتی عەرەبەوە لەو کاتەدا و رووخانی دەسەڵاتی عەرەبی بەتایبەتی دەوڵەتی عەباسییەکان، کە لە سەدەی 19دا دەستی بە رووخانکرد، ئەمەش وایکرد هۆزە ئێرانییەکان بکەونە جوڵەو بێنە ناو هۆزە کوردییەکانەوە، بۆ نموونە سەڵاحەدینی ئەیوبی بەوە ناسراو و ناوبانگە بە رەگەز کوردە کە کەسایەتیەکی سیاسی گرنگە لە مێژووی ئیسلامدا، سەڵاحەدین باوانی لە شارێک ژیاون لە ئەرمینیا بە ناوی (دوڤین) یان لە سەرچاوە عەرەبیەکاندا پێی دەڵێن (دبیل)، باوانی لەوێ نیشتەجێبوون، لەم کاتەی جوڵەی هۆزە کوردییەکاندا لە ئەرمینیا ماونەتەوە، هەر لەو کاتانەدا هۆزە ئەرمەنییەکانیش دوای دەوڵەتی عەباسی تووشی رووخان هاتوون، هاوکات کوردەکان بەرەو قوڵایی ئەرمینیا رۆشتوون، لەو کاتەشدا پەیوەندی کورد و ئەرمینیا دروستبووە، ئێمەی کورد و ئەرمەن مێژووییەکی هاوبەشمان هەیە، لە راستیدا هەردوو میللەت سەدان ساڵ لە ژێر حوکمی عەرەبدا بوون، بەڵام ئەرمینیا لە سەدەی 9 سەربەخۆیی خۆی لە 858 بەدەستهێنا، بەریەکەوتنی راستەوخۆی ئەم دوو میللەتە درێژەی کێشاوە و بەردەوام بووە، دواتر هەردوو میللەت کەوتوینەتە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانیەوە، هەمان ناخۆشیی و دەردەسەری و لەناوبردن و ژیانێکی دژوارمان بەسەربردووە لەکاتی حوکمی ئەواندا.

*لە ئەنجامی توێژنەوەکانتەوە بۆت دەرکەوتووە کوردەکان کێن؟
-ئەگەر بە کورتی قسەی لێبکەین، کوردەکان ئارین، بەشێکی یان پێکهاتەیەکی سەرەکی و گرنگن لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەر تیۆرییەکی تر باسی لێکراوە بەوەی کورد لە شاخەوە هاتوون و ئەسڵیان لە جنۆکەیە و لە مەجوسیەکانن، هەرچییەک بوترێ کورد لە ئارییەکانن و تەنانەت ئێمەی ئەرمەنیش هەر لە ئارییەکانەوە پەیدابووین و زمانمان دەگەڕێتەوە سەر خێزانی هیندۆئەوروپییەکان، هەروەها کوردەکانیش هیندۆئەوروپین، کوردەکان بە پلەی یەکەم پێکهاتەیەکی کاریگەر بوون و رۆڵێکی گرنگیان هەبووە بەتایبەت پێش ئیسلام و دوای ئیسلام لەناوچەکەدا، هەر تیۆرییەکی تر هەبێت لەبارەی کوردەکانەوە لە نەبوونی لێکۆڵینەوەی دروستی مێژووی کوردەکان و قوڵنەبوونەوە لە بابەتە ئاڵۆزەکان سەرچاوەی گرتووە، چونکە بنچینەکانی دروستبوونی هەر میللەتێک بابەتێکی یەکجار ئاڵۆزە، تیۆرییەک هەیە لە سەرچاوە عەرەبییە زۆر کۆنەکانەوە کە کورد لە جنۆکەوە پەیدابووە ئەمەش هیچ بنەمایەکی زانستی نییە و هەر لە رق و کینەو درێژە پێدەری حوکمی عەرەبییەوە هاتووە.

* پەیوەندی کورد و ئەرمەن لە ئەرمینیا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
– کورد و ئەرمەن هەردوو میللەت لە مێژوویەکی کۆنەوە پێکەوە ژیاون لە هەمان ناوچەدا و لە کاتی حوکمی عەباسییەکاندا دەستیان کردووە بە تێکەڵاویی و بەریەککەوتن، سەرەتا پەیوەندییەکان زۆر بە باشی بەڕێوەدەچوون لە نێوان کورد و ئەرمەنەکاندا، بەڵام بەداخەوە بەهۆی تورکەکانەوە ناوی کوردەکان تێکەڵی کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان کرا.

*هیچ کێشەیەک لە نێوان کورد و ئەرمەن هەیە؟
– ئێمەی ئەرمەنییەکان هەرکەسێک لە هەر بوارێکدا بێت بە باشی دەزانین عوسمانییەکان کوردەکانیان بەکارهێناوە، بەڵام ئەویش هەموو کوردەکان نەبوون، بەشێکیان بوون، بەتایبەت سەرۆک عەشیرەتەکان کە بەهۆی بەرژەوەندی سیاسی و ئابورییانەوە بەدەم داواکارییەکانی دەوڵەتی عوسمانیەوە چوون، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی زۆرینەی کوردەکان بێتاوانن، ئەوەشمان بیر نەچێت کوردەکانیش بە تەنها نەبوون لە پڕۆسەکەدا، بەڵکو میللەتان و خێڵەکانی تریش بۆ نموونە چەرکەسەکان بەشداربوون لە کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکاندا، ئەگەر لە مێژوودا بگەڕێین دەبینین چەرکەس هۆکاری سەرەکین لە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکاندا، فەرمانیان لە ئەسیتانی قوستەنتینیەوە وەرگرتووە و ئەرمەنییەکانیان دەرکردووە و دووریانخستونەتەوە و پەرشوبڵاویانکردونەتەوە لەناوچە جیاجیاکان، بێگومان زۆر خێزانی کورد هەبووە ئەرمەنیەکانیان پاراستووە بەتایبەت ئەو کاتانەی ئەرمەنییەکان بۆ ناوچەی جەزیرە رۆشتوون، ئێستاش دەبینین زۆر لە ئەرمەنییەکان لەو ناوچەیەدا ماون، من بەو پەڕی بەرپرسیارێتییەوە دەڵێم هیچ رق و کینەیەک لە نێوان ئەم دوو میللەتە نییە، چونکە تورکەکان پڕۆژەی تۆرانی-یان جێبەجێکردووە، ئەو جینۆسایدەی دەرهەق بە ئەرمەنییەکان کراوە کە بووە هۆی کوژرانی ملیۆن و نیو ئەرمەنی و دواتر دوورخستەنەوەی سەدان هەزاران ئەرمەنی بۆ جەزیرەی عەرەبی و سوریا و عیراق، ئەوەشمان بیر نەچێت لەهەمان کاتیشدا کوردەکان وەکو ئێمەی ئەرمەنی زوڵملێکراو و چەوساوەبوون، لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەکاندا بارودۆخیان لە ئەرمەنەکان زۆر باشتر نەبووە.

لەناو میللەتی ئەرمەنیەکاندا هیچ رق و کینەیەک نییە بەرامبەر کورد، وەکو رای تایبەتی خۆشم کە خۆم لێکۆڵەر و لەهەمانکاتدا هاووڵاتییەکی ئاسایی ئەرمەنیم بەرپرسانە، دەڵێم هەندێک لە سەرۆک عەشیرەتە کوردەکان بەشداربوون لە کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان، بەڵام هەموو میللەتی کورد نەبوون ئەوان لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیەکاندا بوون و ناکرێت لەگەڵ تورکەکان لەهەمان تای تەرازوو دایانبنێین.

*لە کۆتایدا پەیامی تۆ بۆ میللەتی کورد و ئەرمەنی چییە؟
-ئێمە دوو میللەتین مێژوویەکی هاوبەشمان هەیە، تووشی زوڵم و کۆمەڵکوژی بووینەتەوە و هەمان دوژمنیان هەبووە، هیواخوازم هەردوو میللەت زیاتر لە یەک نزیک ببنەوە و ئێمە ئێستاش هیچ کێشەیەکمان لە نێواندا نییە، ئێمە بە پلەی یەکەم دەتوانین پەیوەندی رۆشنبیری و فیکری لەنێوان کورد و ئەرمەندا هەبێت، لە زۆر لە بوارەکان دەتوانین هاوکاری یەکتربین هەروەکو بواری زانستی و رۆشنبیری و پەیوەندییە فیکری و وەرگرتنی ئەو ئەزموونانە بە پاڵپشتی و هاوکارییەکی بەهێزی سیاسی و ئابوری دەبێت، هەرچۆنێک بێت ئەم پەیوەندیانە ئێستا لە ئاستێکی باشدان و رۆژ بە رۆژ پەرە دەسێنێت، کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەرمینیا لە کوردستان ئەمە بەڵگەیەکی بەهێزە بۆ سەلماندنی باشی پەیوەندییەکانی کورد و ئەرمینیا لە کۆتایشدا هیوای سەرکەوتن و خۆشبەختی بۆ میللەتی کورد دەخوازم لە هەر جێگەیەکی دونیا بن، رۆژێک لە رۆژان ئاواتەکانیان بێتە دی.

ساڵی 2012 بانگهێشتنامەیەکم پێ گەیشت لە خانمی یەکەمی عیراق خاتوو «هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد»ـەوە، کە سەردانی کوردستان بکەم و چەند وانەیەک لەسەر چەند بابەتێک و پەیوەندی رۆشنبیری کوردی- ئەرمەنی لە رێگەی مێژووی کوردەکانەوە بڵێمەوە، بەڵام ئەوکاتە باڵیۆز بووم لە سوریا بەهۆی بارودۆخی سوریاوە کە دەچووە ناو قۆناغی سەربازییەوە بەداخەوە نەمتوانی ئامادە بم، بەپێی زانیارییەکانم رەنگە ئەمساڵیش مانگی حوزەیران و تەموز یان سێپتەمبەر بانگهێشتنامەیەکی دیکەم بۆ بێت لە برا کوردەکانمەوە لە زانکۆکانی کوردستان و من زۆر دڵخۆش دەبم لە نزیکەوە تێکەڵی میللەتی کورد ببم و هەروەک چۆن تێکەڵییەکی زۆرم لەگەڵ کوردەکانی سوریا هەیە.

 

تیمی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی لەگەڵ ئارشاک پۆڵەدیان – یەریڤان

 

 174 جار بینراوە