سەرەکی » هەمەڕەنگ » مۆنۆدرامای وەك قەقنەس دەسووتێم نمایش دەكرێت

مۆنۆدرامای وەك قەقنەس دەسووتێم نمایش دەكرێت

مۆنۆدرامای وەك قەقنەس دەسووتێم کە نووسینی هونەرمەند گەزیزە عومەرە و نەژاد نەجم كاری سینۆگرافیا و دەرهێنانی بۆ کردووە و هەوار فارس رۆڵی تێدا دەبینێت بەمزوانە لە کەرکوک نمایش دەکرێت.
دراماكە، باس لە كێشە و گرفتی ئەو ژنانە دەكات كە لەسەر ستەیجی شانۆ كار دەكەن.

دەربارەی ئەم بەرهەمە هونەرییە، دەرهێنەری مۆنۆدراماكە، بە كوردستانی نوێی وت: دەقەكە باس لە خۆشەویستی ئافرەتێك بۆ كارەكەی دەكات كە ئەویش شانۆیە، لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێت ژیانێكی نۆرماڵ بژی‌و ماڵ و هاوسەرو منداڵی خۆی هەبێت.

وتیشی: لە كەركوك هەر دەرهێنەرێك كارێكی هونەری بەرهەمبهێنێت هانا بۆ خاتوو هەوار فارس دەبات رۆڵ لەو بەرهەمەدا ببینێت، لەبەرئەوەی هەر ئەو خانمەمان هەیە.

دەرهێنەرەکە باسی لەوەشكرد کە بەنیازن دراماكە لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا بۆ ماوەی سێ رۆژ لە سەنتەری رۆشنبیری كەركوك نمایش بكەن، دواتر دەیبەنە سلێمانی، هەر لەم مانگی شەشەدا فێستیڤاڵێك لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، بەنیازین مۆنۆدراماکە ببەینە ئەو فێستیڤاڵە و لەوێش نمایشی بکەین.

هێمن ئەحمەد

 74 جار بینراوە