سەرەکی » ئابووری » كارگەی شەكری بیتوێن سێكتەری كشتوكاڵ دەبووژێنێتەوە

«هەشت هەزار جووتیار سوودی لێ دەبینن»

كارگەی شەكری بیتوێن سێكتەری كشتوكاڵ دەبووژێنێتەوە

ئا: بڕوا خدر – رانیە

كارگەی شەكری بیتوێن، لە گوندی گردجانی سەر بە ئیدارەی راپەڕین، دەبێتە هەنگاوێكی گرنگ بۆ بەرەوپێشچوونی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان، هاوكات هەلی كار بۆ زیاتر لە هەشت هەزار كەس دەڕەخسێنێت.

بە تێچووی 114 ملیۆن دۆلار
لەوبارەیەوە، شاهۆ نەجم بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی راپەڕین، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند، پڕۆژەی كارگەی شەكری بیتوێن نەك لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، بگرە لەسەر ئاستی عیراق هاوشێوەی نییە و وەرچەرخانێكی گەورەیە بۆ سێكتەری كشتوكاڵی لە سنوورەكەدا، بە شێوەیەك ئەم پڕۆژەیە گەشە بە كەرتی ئابووریی ناوچەكە دەدات و هاوكات دەستپێكێكی باش دەبێت بۆ پەرەپێدانی بواری كشتوكاڵی.

وتیشی: «ئەم پڕۆژەیە لەسەر رووبەری 100 دۆنم زەوی جێبەجێدەكرێت و بڕی تێچوونەكەشی بریتییە لە 114 ملیۆن دۆلار».

رۆژی 8ی 4ی 2021، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم و بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بەردی بناغەی پڕۆژەی كارگەی شەكری بیتوێن دانرا.

لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەكەدا، جێگری سەرۆك وەزیران وتی:»حكومەت بە هەموو توانایەوە هانی وەبەرهێنەران و سەرمایەداران دەدات، روو بكەنە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی، لەپێناوی بنیاتنانی ئابوورییەكی بەهێز و سەقامگیر و بەرهەمهێن».

راشیگەیاند، ئەم پڕۆژەیە جگە لەوەی نزیكەی هەشت هەزار هەلی كاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەڕەخسێنێت، هاوكات كەرتی كشتوكاڵیش هەنگاوێك دەباتە پێشەوە.

بەرهەمهێنانی شەكر لە چەوەندەر
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی راپەڕین روونیكردەوە، لەگەڵ كردنەوە و دامەزراندنی ئەم كارگەیە، هەوڵ دەدرێت بە دابەشكردنی تۆو لەلایەن ئەو كۆمپانیایەی كە كارگەكە دروست دەكات و پێدانی زانیاری و هاوكاریكردنی جووتیاران بۆ بەرهەمهێنانی چەوەندەری شەكر، كە زیاتر لە هەشت هەزار جووتیار لەسەر ئاستی هەرێم و ناوچەكە سوودی لێدەبینن.

راشیگەیاند، ماوەی تەواوكردنی پڕۆژەكە 720 رۆژە، كە بە خستنەكاری رۆژانە 500 بۆ 600 تۆن شەكری سپی بەرهەم دەهێنێت. بەشێوەیەك لە سەرەتادا بەرهەمهێنانی شەكر بۆ پێداویستیی ناوخۆ دەبێت، دواتر پلانی هەناردەكردن جێبەجێی دەكرێت.

هاوكات لەو چەوەندەرەی كە شەكری لێ دروست دەكرێت، مادەیەكی لێ جیادەكرێتەوە كە پێی دەوترێت «تۆڵاس»، ئەم مادەیە پاكەرەوە و سركەی لێ دروست دەكرێت. هاوكات پاشماوەكەشی بۆ ئالیكی ئاژەڵ بەكاردەهێنرێت.

راپەڕین، شیاوترین شوێن بۆ بەرهەمهێنانی شەكر
لوقمان قەمتەرانی، خاوەنی بیرۆكەی دامەزراندنی كارگەی شەكری بیتوێن، بۆ كوردستانی نوێ ئاماژەی بەوەدا، بە ئەزموون وەرگرتن لەو وڵاتانەی كە گرنگی بە چاندنی چەوەندەر دەدەن، دوای بەدواداچوون و ئەنجامدانی چەندین توێژینەوەی زانستی و گرنگ لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، بۆمان دەركەوت، سنووری راپەڕین گونجاوترین شوێنە بۆ چاندنی چەوەندەر و دامەزراندنی كارگەكە.

سنووری راپەڕین ناوچەیەكی كشتوكاڵی بەپیتە و سەدان هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی بەراو و دێمیی هەیە. ساڵانە چەندین جۆر بەروبوومی كشتوكاڵی لەو زەویانەدا دەچێنرێن، ئەم كارگەیە بەرهەمی جووتیاران لە چەوەندەری شەكر دەكڕێتەوە و شەكری لێ دروست دەكات.

ئەم پڕۆژەیە، لەلایەن كۆمپانیای (ئابورلاند)ەوە بە بڕی 71 ملیۆن دۆلار لەسەر رووبەری 100 دۆنم زەوی دروستدەكرێت.

 111 جار بینراوە