سەرەکی » ئەدەب و هونەر » نامەکانی ئەلبیێر کامۆ و ماریا کازاریس بە نموونە

ئەدەبیاتی نامە گۆڕینەوە

نامەکانی ئەلبیێر کامۆ و ماریا کازاریس بە نموونە

لە فەرەنسییەوە: واسینی الاعرج

لە عەرەبییەوە: ڤینۆس فایەق

 

ئەم نامانە ئاسایی نین، نامەگۆڕینەوەی نێوان دوو کەسایەتی بەناوبانگی بواری ئەدەب و هونەرن، پاراستنی نامەکان و دواتر بڵاوکردنەوەیان، دەبێتە بەشێک لە سامانێکی ئەدەبی و هونەری، ئەوەش چەند رەهەندێکی هەیە. یەکەم: بەهای ئەدەبی ئەو نامانە بۆ هەوادارانی کامۆ و ماریا کازاریس، دووەم: بە خەسڵەتێکی ئەو کۆمەڵگەیە ئاشنامان دەکەن، لە جیاتی نەفرەت رێز لەو پەیوەندیی خۆشەویستییە دەگرن و بە پیرۆزییەوە لێی دەڕوانن، بە پێچەوانەی کۆمەڵگە دواکەوتووەکانەوە کە نامە وەکو چەکێک بۆ کوشتنێکی ئەخلاقی بەکاردەهێنرێت. ئەوان قیمەتێکی ئەدەبی دەدەنێ و لە ژیانیاندا دوو کەسایەتییەکە یان یەکێکیان نامەکان بڵاودەکاتەوە، یان دوای مردنیان کەسێکی نزیکیان بە رێزەوە دەیخەنە بەردەست هەوادارانیان. رەنگە نامەکان شتێکی وا جیاوازیان تێدا نەبێت، وەکو ئەوەی وتووێژێکی ئەدەبی یان هونەری بن، بەڵام ئەوەی بە روونی هەستی پێدەکەیت راستگۆیی ئەو دوو کەسە و رێزگرتنیان لە خۆیان و لەوانی ترە. نامەکان بە لێپرسراوێتیەکی بەرزەوە بووە و پابەندبوون بە پەیمانی خۆشەویستی نێوانیانەوە، کە ئەمەش دواجار لایەنێکی نەبینراوی ژیانی ئەو دوو کەسایەتییەیە. و بۆ چەندین ئەدیب ئەو نامانە دەبنە هەوێنی چەندین دەقی ئەدەبیی. (ڤینۆس)

نامەی سێهەم

لە ماریا کازاریسەوە بۆ ئەلبێر کامۆ

سێشەممە، نەک پێنجشەممە، 30 دیسەمبەر 1948.
هەڵئەلەرزم، لە سەرسوڕمان و ترس و هیواش.
بەهیچ شێوەیەک نازانم تەنانەت چۆن توانای ژیانم ماوە.

یەکەم نامەتم بەدەست گەیشت، تۆ منت خۆشدەوێت؟ بێگومان، دەنا هەستم بە سەرقاڵیت نەدەکرد، بە خوێندنەوەی نامەکانت، بە شکانم و دڵخۆشیم، خۆ ئەگەر خۆشت نەوێم، کەواتە، بەبێگومان خۆشت دەوێم. ئیتر هیواییەک لەمە زیاتر هەیە؟

کەواتە نیگەران مەبە، من باشم، تەنها هەندێجار لە خۆشیدا دەدەمە قاقای پێکەنین، لەبەردەم زیندووێتی و چالاکیتا کە شاری جەزائیر بەرەو بەرزاییەکان، پاڵی پێوە دەنێت. من لە بارێکی بێ وێنەدام لە خۆشەویستیدا، زۆر بە هێزەوە و بە پێشوازیکردن لە هەموو شتێک کە لە تۆوە بۆم دێت بەو شێوەیەی کە دەتەوێت.

من بەختەوەرم، تەنانەت ئەگەر بەدرێژایی ئەم شەو و رۆژە درێژانەش نەخەوتبم، لە زۆری بیرکردنەوە بە هێز و جیددیەتێکی هەمیشەییەوە، لەم چرکانەدا. رێک روودەدات کە چێژ لەم بەختەوەرییە بێوێنەیە دەبینم، خاڵی لە هەر شێتیەک و کوێریەک. لە راستیدا هەست دەکەم، هیچ شتێک نییە بۆ سەرگێژخواردنێکی کاتیی پاڵم پێوە بنێت. هەموو خۆشییەکە لێرەیە. جیددیە، چاوکراوەیە، پێداگرە، وام لێدەکات هەڵلەرەزم لە سەرسوڕمان و ترس و هیواشەوە. گێژم دەکەن و تووشی نیگەرانییەکی زۆرم دەکەن، ئیتر هەست بە خۆم دەکەم ژنم… ژنی تۆ.

چۆنیت؟ رۆژە قورسەکانت لەوێ چۆنن و چۆنیان بەسەردەبەیت؟ خەمگینیت؟

کەی دەگەڕێیتەوە لام؟ چەند ئەم رۆژانە درێژن و چەند سەختن.

بۆچی ئەم رۆژانە لام لە دووریتا لەو رۆژانەی کە لە جیفرنی بەسەرمبردن هێندە درێژترن. بۆچی روودەدات کە ئەم دوورییە دڵخۆشم دەکات؟ بۆچی کە تۆ جێمدێڵیت، لەپڕ لە هەناوما ژیانێکی سەرگەردانت چاندووە، وەکو کۆرپەیەک بە هەموو شانازییەکەوە لە منداڵدانمدا هەڵیدەگرم.

بۆچی ئەمە هەمووی ئاوا و لەپڕ روودەدات؟ نە پێشتر و نە دواتر و نە هەرگیز؟

ئەمە پەرجوە؟ یان بەرەکەت؟

خەونم بینی (بمبوورە). خۆم بینی لەسەر ئەژنۆ کڕنووشم بردبوو، لە بەرزایی قەسابخانەی ئیمانم، گوێم لە دەنگت بوو قسەت لەگەڵ دەکردم، ئەو دەنگەت کە هەرگیز گومانی لێناکەم.

لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەوەی دەوری داوین لە دژمانە، هەموو شتێک، بەبێ جیاوازی، ئەوە زۆر باشتر لە هەموو کاتێک دەزانم. جێی ئازارەکان هەڵدەدەمەوە، دیسان هەڵیاندەدەمەوە، بەهەموو ئاڕاستەکاندا، بەڵام بەبێهوودە، هیچ چارەسەرێک لە ئاسۆدا نابینم، بەمشێوەیە لەوەتەی سەفەرت کردووە رۆژگار و شەوگارم بەڕێوەدەچن.

خۆشەویستم زوو بگەڕێوە، هێندەی پێیەکانت یاریدەت دەدەن، ئێستا کە هەموو متمانەی بێسنوورم بوەتە موڵکت، لە خۆما، لە هەردووکمانا، دەتوانیت فێرم بکەیت چۆن متمانە بە ژیانم بکەم؟

کەواتە هەموو شتێک لە خۆیەوە روودەدات. بەناو قووڵایی رەشەبا و بارانە بەخوڕەکاندا دەتبەم، و تا لای بەردەکانی کەنارەکان راتدەکێشم، بۆ لای شەپۆلە عەتراوییەکان بە بەرامەی گیای دەریا. بۆشت باس دەکەم، ئەی»ئەو دەریاچەیەی خۆر دەیسووتێنێ» و ئەم جووڵە بێکۆتا شێدار و سوێرەت لا خۆشەویست دەکەم، کە ئادەمیزاد لە رابردوودا نەبێت ناژی، چونکە چرکەی ئێستا لووسە و ناتوانرێ بگیرێ.

خۆشم دەوێی، بۆم بنووسە، لە جیاتی من دایکت ماچ بکە، بێ ئەوەی بۆی روون بکەیتەوە بۆ.

خۆشم دەوێی، بگەڕێوە لام زۆر بەزوویی. هەوڵ بدە ئاسوودە و ئارام بیت، من نزیکم، زۆر نزیکم لێتەوە، پێتەوە نووساوم، هەڵواسراوم و هەڵدەلەرزم… و گەرمم، گەرم، ئەتوانم پێتی بڵێم، مادەم «گا»ی.
شەوێکی شاد.

کتێبی نامەگۆڕینەوە، لاپەڕەکانی: 103-104

 119 جار بینراوە