سەرەکی » وتار » شاژنی فڕۆکەوانیی

ژنانی پێشەوا

شاژنی فڕۆکەوانیی

کنێر عەبدوڵڵا

 

ئیمیلیا؛ (1897-1937) دەڵێت: « کاریگەرترین رێگە بۆ کردنی شتێک ، ئەوەیە کە ئەو شتە بکەیت»

ئیمیلیا ئیرهارت؛ یەکەم فڕۆکەوانی ئەمریکییە لە مێژوودا کە ساڵی 1928 توانی وەک گەشتیار؛ گەشتێک بەسەر ئۆقیانووسی ئەتڵەسیدا بکات و پاشان ساڵی 1932بە تەنها وەک فڕۆکەوان کە بەیەکێک لە باشترین فڕۆکەوانەکان وەسفدەکرێت لەجیهاندا؛ لەکاتێکدا ئەم جۆرە وەزیفانە تەنها بەهی نێرینە دەزانرا؛ بۆیە ئیمیلیا بە یەکێک لە بەناوبانگترینی ژنەکان دادەنرێت لە مێژوودا.

ساڵی 1931 ژمارەی پێوانەیی جیهانی بەدەستهێنا کە دەگەیشتە 1815 پێ. بایەخەکەی بە فڕۆکەوانی بەردەوام بوو تا ئەو کاتەی بوو بە ئەندام لە کۆمەڵەی فڕۆکەوانیی ئەمریکی لە بۆستن؛ پاشان وەک جێگری سەرۆکی کۆمەڵەکە هەڵبژێردرا.

فڕۆکەوانێکی سەرکێش بوو، پاش تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی وەک پەرستار کاریکرد لەکاتی جەنگدا، پاشان ساڵی 1920 لەگەڵ باوکی گەشتێکی کرد و بووە هۆی گۆڕینی ژیانی بەشێوەیەک وتی: «تەنها بە بەرزبوونەوەم لەسەر زەوی 200 یان 300 پێ، زانیم کە دەبێت بفڕم»

لە چەند وەزیفەیەکی جیاوازدا کاریکردووە تا بتوانێت بۆ خوێندنی فڕۆکەوانی پارەکۆبکاتەوە لەوانە؛ یاریدەدەری پەرستار، چاکەرەوەی تەلەفۆن، مامۆستای تایبەت و بەرگدروو؛. جگە لە کاری خۆبەخشی، یەکەم وانەی ساڵی 1921 بوو، ساڵی 1923 مۆڵەتی وەرگرت بۆ ئەوەی ببێتە ژنی فڕۆکەوانی ژمارە 16.

یەکەم فڕۆکەی خۆی لە ماوەی شەش مانگدا کڕی و ناویلێنا کناری. دایکی هاندەری بوو؛ بۆیە بەشێک لە میراتەکەی پێدا بۆ کڕینی فڕۆکەکە. بەپێی رێکەوتنی دوولایەنە زەماوەندی لەگەڵ بوتنام کرد؛ بەشێوەیەک گەر پاش ساڵێک خۆشبەخت نەبوون بێ هیچ فشارێک ئازادبن و جیاببنەوە، لە ژیانیاندا بەختەوەر بوون تا کاتی دیارنەمانی. ساڵی 1928 وەک نووسەر لە گۆڤاری Cosmopolitan دامەزراو چەندین وتاری لەوێ بڵاوکردەوە لەوانە؛ ئایا واز لە کچەکەت دەهێنیت بفڕێ؟ بۆچی ژنان لە فڕۆکەوانیی دەترسن ؟

یەکەم ژن و یەکێک بوو لەو کەسە مەدەنییە کەمینانەی مەدالیای شانازی بەدەستهێنا. لە گەشتێکیدا بەدەوری جیهاندا لە ساڵی 1937 دیارنەما؛ بەشێوەیەک حکومەتی ئەمریکی بە فەرمیی و زیاد لە دوو هەفتە چوار ملیۆن دۆلاری خەرجکرد بۆ گەڕان بەدوایدا ؛ هەندێک پێیوابوو بەهۆی نەمانی سووتەمەنییەوە فڕۆکەکەی تێکشکا، هەندێکی دیکە دەیانگوت: پاش هاتنەخوارەوەی لە دوورگەیەک بەهۆی تینوێتی و برسێتییەوە گیانی لەدەستدا یان لەلایەن یابانییەکانەوە لەسێدارەدران و ساڵی 1970 دا بانگەشە کرا لە ژیاندایە و بەنهێنی دەژی، بەڵام حکومەت بەفەرمیی ونبوونی لە دەریادا راگەیاند.

ئیمیلیا؛ یارمەتیدەر بوو لە بەهێزکردن و رەخساندنی دەرفەت بۆ ژنان لە بواری فڕۆکەوانیدا تا ئەو رادەیەی رێکخراوێکی نێودەوڵەتی پێکهێنا بەناوی Ninety-Nine و ساڵی 1929 یەکەم کێبڕکێی ئاسمانی بۆ ژنان سازکرد و بووە یەکەم سەرۆکی رێکخراوی فڕۆکەوانانی رێپێدراو، کە تا ئێستا هەیە و لە 44 وڵاتدا بڵاوکراوەی ژنانیان هەیە؛ ئەگەرچی دیارنەمانی بۆتە گرێیەکی جیهانی، بەڵام بوێری و ژیان و دەستکەوتەکانی سەرچاوەیەکی ئیلهامبەخشە بۆ خەڵک لە گشت جیهاندا.

 529 جار بینراوە