سەرەکی » راپۆرت » ده‌ڤه‌ری شه‌نگال به‌هۆی ململانێكانه‌وه‌ ئاوه‌داننه‌كراوەتەوە‌

ده‌ڤه‌ری شه‌نگال به‌هۆی ململانێكانه‌وه‌ ئاوه‌داننه‌كراوەتەوە‌

راپۆرتی/ ئه‌یاز محه‌مه‌د

نزیكه‌ی شه‌ش ساڵ به‌سه‌ر رزگاركردنی شاره‌كەدا‌ تێپه‌رده‌بێت، به‌ڵام تا ئێستا نزیكه‌ی لە سەدا شەستی سه‌نته‌ری قه‌زای شه‌نگاڵ و ده‌وروبه‌ری ئاوه‌دانه‌كراوه‌ته‌وە، ئه‌وه‌شی ئاوەدان کراوەتەوە‌ خه‌ڵکەکەی بۆ خۆی دەیکات‌، بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و گرووپە چه‌كدارەکان و چه‌ند ئیداره‌یه‌كی جیاوازو به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت لە شەنگال هۆکاری مانەوەی شەنگالە وەکو خۆی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری پێویست بۆ شاره‌كه‌.

سێ ئیدارەی جیاوازی هەیە
سه‌ره‌ڕای بوونی چه‌ند لایه‌نی جیاجیا له‌ شاره‌كه، بەڵام وه‌كو پێشتر نه‌بوونەتە‌ هاوكار بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ژیان و ئاوه‌دانی، جگه‌ له‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان کە پشتیوانی سه‌ره‌كی گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌واوی ئاواره‌كانه‌ بۆ ناوچه‌كانیان و له‌ زۆر رووەوە هاوكاره‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی شه‌نگال، لە ‌رێگای تیمەکەی خۆی له ئیداره‌ی خۆجێی پارێزگای موسڵ و فراكسیۆنەکەی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، هه‌وڵی به‌رده‌وام ده‌دات بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ده‌ڤه‌ری شه‌نگال و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیان لێكه‌وتوانی شه‌ڕی داعش، چونكه‌ هه‌رده‌م یه‌كێتی جه‌ختی له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی شه‌نگال و ته‌واوی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كوردستان له‌به‌رچاوبگرێت نەک به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی تر. ئێستا سێ ئیداره‌ی جیاواز له ‌شه‌نگال هه‌ن یه‌كێكیان سه‌ر به‌ ئه‌نجومه‌نی خۆسه‌ری دیموكراتی شه‌نگالە، یه‌كێكی تر سه‌ر به‌ حكومه‌تی عیراقه‌، سێیەمیشیان پاش رووداوه‌كانی 2017 به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و هێزانه‌ی هاتونه‌ته‌ ناوچه‌كه‌ دروستكراوه‌، به‌ڵام هه‌موو ئەمانە‌ وه‌ك پێویست هاوكارنه‌بوون بۆ گه‌رانه‌وه‌ی ته‌واوی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شه‌نگال.

‌دوای كۆچی مام جه‌لال هه‌ست به‌ فه‌راغێكی گه‌وره‌ ده‌كه‌ن
ئێستا ده‌ڤه‌ری شه‌نگال بۆتە شارێكی وێران و له‌هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ بێ خزمەت و دواكه‌وتوو دەبینرێت، هه‌روه‌ها به‌قسه‌ی زۆربه‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ له‌و رۆژانه‌ی من له‌وێ بووم سه‌رۆك مام جه‌لال هه‌میشه‌ ‌پشتیوانی سه ره كی ئێزدیه‌كان و كه مینه‌كانی تری ده‌شتی نه‌ینه‌وا بووه، به‌ڵام له‌دوای كۆچی مام جه‌لال هه‌ست به‌ فه‌راغێكی گه‌وره‌ ده‌كه‌ن، له‌ سه‌رده‌می مام ئه وان‌ خه‌میان له‌هیج نه‌بوو، وه‌ك باوكێك بووە بۆ ئێزدییه‌كان.

لە شەنگال یەکێتی پارتێکی ئاشتیخوازە
ئێزدییەکانی شەنگال دەڵێن: یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان تەنانەت بۆ یه‌ك رۆژ نه‌بۆتە هۆی ئه‌گه‌ری ناكۆكی لایه‌نه‌كان و په‌رته‌وازه‌ی نێوماڵی ئێزدیه‌كان، هه‌مووكات مه‌ڵبه‌ندی (15)ی رێكخستنی شه‌نگال هه‌وڵیداوه‌ بو ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نە سیاسیەکان له‌شه‌نگال به‌تایبه‌ت هێزی كوردی له‌وێ له‌ ده‌وری یه‌كتر کۆبکاتەوە و وتارێكی یه‌كگرتوو هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تی خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ری شه‌نگال بكرێت.هاوکات له‌ دیاریكردنی چاره‌نووسی ئێزدییه‌كان یه‌كێتی هەمیشە لە هەوڵدایە، بێ گومان یه‌كێتی له‌ قه‌زای شه‌نگال پارتێكی ئاشتیخوازه‌ به‌تایبه‌ت بۆ شوێنێكی هه‌ستیاری وه‌ك شه‌نگال و ئه‌و ناخۆشیه‌ی به‌سه‌ر شه‌نگالیه‌كاندا هاتووه‌ هه‌مووكات یه‌كێتی هه‌وڵیداوه‌ ئێزدییه‌كان له‌سه‌ر پێی خۆیان بوه‌ستن و نوێنه‌ری ناوچه‌كانی خۆیان بن.
قه‌زای شه‌نگال ده‌كه‌وێته‌ خۆرئاوای دیجله‌و له‌ ناحیه‌ی سنونێ و قه‌یراوان پێكدێت، هاوكات ژماره‌ی گشتی دانیشتووانی زیاتر لە 300هه‌زار كه‌س ده‌بێت، هه‌روه‌ها 128 هه‌زاركه‌س ناویان تۆماركراوه‌ و له‌سه‌ر ئاستی شه‌نگال مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عیراق.
شه‌نگاڵ له‌رووی جوگرافی و جیۆپۆڵه‌تیكه‌وه‌ بایه‌خی بۆ ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌ و سنوورێكی به‌رفراوانی باشوور و رۆژئاوای كوردستان پێكه‌وه‌ گرێده‌دات، جگه ‌له‌ ئێزدیه‌كان كوردی موسڵمان و مه‌سیحی وعه‌ره‌ب له‌وێ دەژین.

ئێزدییه‌كان له‌مێژوودا به‌هۆی جیاوازی ئایینیه‌وه‌ دووچاری چه‌ندین كێشه‌ وگرفت و ئێش وئازار و ره‌شەکوژی به‌كۆمه‌ڵ بونه‌ته‌وه‌ و ناوچه‌كانیان هه‌میشه‌ داگیركراون و وێرانکراون، هه‌زاران ساڵه‌ ئێزدییه‌كان چیای شه‌نگال وه‌ك قه‌ڵایه‌ك بو پاراستنی مانه‌وه‌ی خۆیان له‌داگیركه‌ران بەکاردەهێنن.

 133 جار بینراوە