سەرەکی » وتار » جەمال ئارێز » دیسانەوە فاڵگرتنەوەی بێ بنەماپەڕە 2

دیسانەوە فاڵگرتنەوەی بێ بنەما

 

تای بانگەشەی هەڵبژاردن، لە ئێستاوە گیانی بەشێک لە حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراقی داگرتووە، لەکاتێکدا سەرەڕای جەختکردنەوەی زۆربەی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هەڵبژاردن و بەڕێوەچوونی لە وادەی خۆیدا، بەڵام هێشتا دیارنییە کە ئاخۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە 10/10/2021 دا بەڕێوەدەچێت یان نا.
سەرچاوەکە نەیویستووە
ناوی ئاشکرا بکرێت
ئەوەی کە دەهێنێت قسەی لەسەر بکرێت، تەنها بابەتی هەڵبژاردن نییە، بەڵکو تەوقیتی ئەو هەڵڵا سیاسی- میدیاییەیە کە وەک دەستپێک هەندێک سەرچاوەی نادیار لە ژێر سێبەری ئەو سەرچاوەیەی کە «دیسانەوە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت» بانگەشەیەکی ناڕاستەوخۆیان دەستپێکردووە بەناوی میدیای شرۆڤەیی سەربەخۆوە و هەندێکیشیان هەم دەستیان کەشفە و هەمیش لە نێوان دێڕەکانی شرۆڤە و باسەکاندا ئاشکرایە کە لە چ کانییەک ئاودەخۆنەوە.
ئەوەی سەیرە ئەم جۆرە شرۆڤانە بەگشتی لەدوای سەردانی وەفدەکانی یەکێتی زیاتر بڵاودەبنەوە و ئامانجیش لێی لێدانە لە گرنگیی سەردانەکان و گفتوگۆکان و ئاستی پێشوازییەکان لە وەفدەکان و سەرۆکی وەفدەکان.
ئەم شرۆڤەکارانەش دابەش دەبن بەسەر دوو جۆردا، بەشێكیان هەر لە ئەزەلەوە زمانیان بە تانە و تەشەر لە یەکێتی پژاوە و وەک خویەکی شیری پێیان تەرک ناکرێت، هەندێکیشیان شرۆڤەکاری تازە بابەتن کە پێیانوایە یەکێتی «ماڵی بێ دانە» و مادام هەرچی بڵێت ئازادیی بیروڕا دەربڕینی بۆ دەستەبەر کراوە، ئەوا یەکێتی باشترین کەرەستەیە بۆ پرۆڤەکردن و خۆ راهێنان لەسەر رەخنە و جنێودان بەحسابی «ئازادیی رادەربڕین».
لەم هەفتەیەدا میدیای دەربەستی کوردستانی تا رادەیەکی زۆر سەرقاڵە بە رووماڵ و گواستنەوەی هەواڵی لەشکرکێشیی تورکیا و سەنگەر گرتنی پارتی و پەکەکە لەیەکتری، لەو نێوەندەدا یەکێتی هەم لەسەر ئاستی سیاسی و هەم میدیایی و هەم سەربازیش تێڕوانین و باری سەرنجی خۆی بەرامبەر بەو ئاڵۆزییانە خستۆتەڕوو کە دەکرێت بڵێین ئەو تێڕوانینە هاوجووتە لەگەڵ راو سەرنج و هەڵوێستی ئاشکرای زۆرینەی حزبەکانی باشوور کە دژی شەڕی ناوخۆی لایەنە کوردستانییەکانن و لە سەروو هەمووشیانەوە هاوجووت و هاوهەڵوێستە لەگەڵ ویستی شەقامی کوردستانی کە هەموان داوای تەبایی و وەلانانی ناکۆکییەکان دەکەن و هاوکات هەموو ئەو لایەنە سیاسییانە و یەکێتی و خەڵکیش داوا لە پەکەکە و پارتی دەکەن کە سنوورێک بۆ بارگرژیی و سەنگەرگرتن لە یەکتریی دابنێنن و بگەڕێنەوە بۆ زمانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن.

«شەڕ لە بادینان تۆز لە دەرکێ مە»
ئالەم کاتەدا کە زوومی کامێرا و زمان و قەڵەمی زۆربەی ئەو میدیا و میدیاکارە هاوسەنگ و پابەندانە بە پرەنسیپەکانی ئیتیکی کاری میدیاییەوە لەسەر ئەو دۆخەی بادینان و لەشکرکێشییەکانی تورکیایە بۆ ناو قووڵایی زیاتری خاکی هەرێم، کەچی لەجیاتی بەدەنگەوەچوونی ئەو بانگەوازە حزبی و میللییە، چەند میدیا و میدیاکار و شرۆڤەکارێک بۆ لادانی سەرنجی رای گشتی لەسەر دۆخەکە، کەوتوونەتە قسەی هەڵەت و پەڵەتی بێ بنەما سەبارەت بە سەردانە جیاجیاکانی وەفدی یەکیتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی و وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی حکومەت کە لەسەر پشکی یەکێتییە، لەکاتێکدا جگە لەوەی بەڕای زۆربەی شرۆڤەکاران و ئاگایانی سیاسی، سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی لەم مانگەدا و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی لە مانگی رابردوودا و ئاستەکانی پێشوازییکردن لێیان لەلایەن سەرجەم حزبە عیراقییەکان بە سوننە و شیعە و پێکهاتەکانەوە، جگە لەوەی رۆڵی ئیجابییان هەبوو لە تواندنەوەی بەستەڵەکی سیاسیی نێوان هەولێر و بەغدا، هاوکات بوونە پاڵپشتی و ئاسانکارییەکی ئیداریش لەبەردەم دانوستانەکانی تایبەت بە پشکی هەرێم لە بودجە و مووچەی فەرمانبەران کە قوباد تاڵەبانی و وەفدە یاوەرەکەی بە پشوودرێژییەکی زۆرەوە ئیدارەیاندا تا گەیاندیان بە رێکەوتن و گەیشتە نوێنەران و دەنگی پێویستیشی بەدەستهێنا.

گرێکوێرەی مووچە و بودجە
هەموو چاوەکان لەسەر ئەو دانوستانە بوو کە وەک راگەیەندرا نزیکەی 206 سەعاتی خایاند بە هەموو گەڕەکانی دانوستان، چونکە هەموان پێیانوابوو کە بودجە و مووچە گرێکوێرە سەرەکییەکەی نێوان هەولێر و بەغدایە، بۆیە ئەگەر ئەو گرێیە بکرێتەوە، رۆڵی دەبێت بۆ قسەکردن و مشتومڕ لەسەر گرفتە دەستوورییە هەڵپەسێردراوەکانی دیکەی نێوان هەولێر و بەغدا.
زۆرێک لە چاودێرانی سیاسیی عیراق و هەرێمیش ئەوەیان پشتڕاست دەکردەوە، لەدوای ئەو رێکەوتنە و دەنگدان لەسەر بودجە، تۆپەکە دەکەوێتە گۆڕەپانی هەرێمەوە بۆ رادەستکردنی نەوت تا پاساوەکانی بە‌غدا ببڕێت و تۆپی هەرێمیش دەکەوێتە گۆڕەپانی بەغداوە کە ئیدی کاتی ئەوە هاتووە لاپەڕەکانی دیکەی پەیوەندییەکان و پابەندییە هاوبەشە دەستوورییەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی هەڵبدرێنەوە و بە شێنەیی و بەبێ گرژیی و تەشەنوج قسەیان لەبارەوە بکرێت و گەڵاڵەی چەند پڕۆژە بڕیارێک بکرێت بۆ ئاساییکردنەوەی ئەو پەیوەندییانەی کە لەلایەک بەهۆی داعش و دەستێوەردانی دەرەکی و لە هەندێک ناوچەش نەزعەی شۆڤێنیستی و تایفی و ئیتنیکی و لەلایەکی دیکەشەوە دۆسێکانی نەوت و ریفراندۆم رۆژبەڕۆژ بەرەو ساردبوونەوە و دڕدۆنگی رۆیشتن.
سەردانی هەردوو هاوسەرۆک لەم دوو مانگەدا، نەک هەر تەپوتۆزی سەر دۆسێی پەیوەندییەکانیان تەکاند، بەڵکو لاپەڕەکانی پەیوەندییەکانیش مشتوماڵ کرانەوە و دیارترین بەرهەمی ئەو دوو گەڕی دانوستانەی هاوسەرۆکان رێکەوتن بوو لەگەڵ لایەنە دەستڕۆیشتوو و دەسەڵاتدارەکانی عیراق سەبارەت بە پێکهێنانەوەی ژووری هاوئاهەنگی و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە ناوچە «کێشە لەسەرەکان»دا و گەیاندنی ئەو لایەنانە بوو بەو بڕوایەی کە بوونی بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان پێشمەرگه و سوپا و یەکە ئەمنییە فیدراڵییەکان، یەکێک لەو هۆکارانەیە کە بوونەتە مایەی جموجۆڵەکانی چەکدارانی داعش و بگرە پەلهاویشتنەوەیان بۆ ئەو ناوچانەش کە سەقامگیرییەکی رێژەییان بەخۆیانەوە بینیووە لە دوای 2017-ەوە.

ئەم میدیایانە کێشە نییە
گرفتەکە لەوەدا نییە کە بەشێک لە میدیاکان و میدیاکار و شرۆڤەکارەکان ناسنامە و سەرچاوەی دەستگیرۆییە داراییەکانیان ئاشکرایە، بەڵکو گرفت لەو بەشە میدیا و میدیاکار و شرۆڤەکارانەدایە کە بە پێوەری بێلایەنی و سەربەخۆیی بابەتەکانیان بەسەر خوێنەر و بیسەر و بینەری کڵۆڵی کورددا ساغ دەکەنەوە، چونکە لەکاتێکدا مانگی پێشوو قسە لەسەر دۆسێی زیندانیکراوانی بادینان گەرم بوو و ئەم مانگەش قسە لەسەر لەشکرکێشیی تورکیا و شەڕە دەنووکی پارتی و پەکەکە گەرمە و زۆربەی چاوەکان لەسەر ئەو رووداوانەی ئێستای بادینانە، ئەوانیش وەک هەر ئەرکێکی میدیایی ئەوە رووماڵ دەکەن و شرۆڤەی بۆ دەکەن، بەڵام بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە بێلایەنن لە نێوان یەکێتی و پارتیدا، دێن هەواڵ و راپۆرتی جۆراوجۆری بێ بنەما و هەڵبەستراو لەسەر ئەو کار و چالاکییانەی یەکێتی ئامادە دەکەن بەناوی سەرچاوەی نادیارەوە و لەخۆڕا فاڵ دەگرنەوە، تەنیا بە خاتری ئەوەی ئەگەر پارتی لەسەر هەواڵەکانی دۆخی بادینان و شەڕی پەکەکە و تورکیا لێپێچینەوەی لەگەڵدا کردن، ئەوە بکەنە بەڵگەی بێلایەنیی خۆیان کە ئەوەتا هەواڵمان لەسەر شکستی سەردان و دیدارەکانی سەرکردەکانی یەکێتیش کردووە.

کاتی وەڵامی شەرمنانە بەسەرچوو
پێموایە ئیتر دەبێت ئەم جۆرە راپۆرتە بەناو میدیاییانە لەگەڵ بڵاوبوونەوەیاندا وەک خۆیان وەڵامیان بدرێتەوە و چاوەڕوانی ئەوە نەکرێت تا هەواڵ و زانیارییە درۆکان لە مێشکی وەرگردا دەچەسپێت، ئینجا وەڵامێکی شەرمنانە بدرێنەوە.

 

 203 جار بینراوە