سەرەکی » ئەدەب و هونەر » نامەکانی ئەلبیێر کامۆ و ماریا کازاریس بە نموونە

ئەدەبیاتی نامە گۆڕینەوە

نامەکانی ئەلبیێر کامۆ و ماریا کازاریس بە نموونە

لە فەرەنسییەوە: واسینی الاعرج

لە عەرەبییەوە: ڤینۆس فایەق

لایەنی سەرنجڕاکێشی ئەدەبی نامەگۆڕینەوە لەوەدایە ئەو نامانە لە نێوان دوو کەسایەتی ناوداری بوارەکانی داهێناندا ئاڵوگۆڕکراون کە کاریگەریان لە ژیانی ئەدەبی کۆمەڵگەکەیاندا هەبووە، بۆیە لە خانەی «ئەدەبی نامەگۆڕینەوە» پۆلین دەکرێن و پاشان لێکۆڵینەوە و توێژینەوەیان لەسەر دەکرێ، وەکو بەرهەمێکی ئەدەبی بەقیمەت لێیان دەڕوانرێ، زۆر لە شارەزایانی بوارە جیاجیاکانی ئەدەب بایەخی پێدەدەن.
لە رێی ئەو نامانەوە زیاتر ئاشنای هەندێ لایەنی ژیانی ئەدیبەکە دەبیت کە رەنگە لەناو بەرهەمە ئەدەبیەکانیدا بەجۆرێک لە جۆرەکان زۆر روون نەبێت. بۆ نموونە کە دۆستۆیڤسکی لە یەکێک لە نامەکانیدا بۆ براکەی دەنووسێت (کوبیکێکم پێ نییە بۆ ناردنی نامەیەک) کە رۆبڵێکی روسی 100 کوبیکە، لێرەوە ئاشنای گرفتەکانی ژیانی تایبەتی ئەو کەسایەتییە دەبین لەگەڵ ئەو هەموو شاکارە مەزنانەی کە بەرهەمی هێناون کەچی کاتێکی بەسەردا هاتووە پارەیەکی وای شکنەبردووە بۆ ناردنی نامەیەک بۆ براکەی. هەر ئەو هەژارییەشە کردی بەو رۆماننووسە مەزنە کە لە رۆمانەکانیدا باسی ژیانی هەژارەکان و مەینەتییەکانی ژیانیان دەکات. (ڤینۆس)

نامەی چوارەم: لە ئەلبێر کامۆوە بۆ ماریا کازاریس

رۆژی سێشەممە 28 دیسەمبەر 1948.

تەنها یەک وشە خۆشەویستم. بۆ ئەوەی ئەم رۆژەم بەبێ ئەوەی بۆ تۆ بنووسم تەواو نەبێت.

کات درەنگە و هەست بە ماندووبوونێک دەکەم لە من ناچێت. روونتر، هەستدەکەم تەواوی رۆژێکم بە چاوپێکەوتن و یادەوەرییەکان تەواوکردووە، ئەو گەڕەکەی لێێ گەورەبووم (بلکور) دایک و باوکێکی لەبیرکراو، هاوڕێیەکی مناڵیی کە کەمێک پێش ئێستا نانی ئێوارەم لەگەڵ خوارد. لەڕاستیدا پێیوستم بەوەیە بەشێوەیەکی دووبارەبۆوە نەگەڕێمەوە بۆ شاری جەزائیر. لەگەڵ ئەوەشدا، شتێکی لەمجۆرە تەواو خراپ نەبوو. دەتوانی بمبەیت بۆ (برۆتانیا) کە بۆ جاری دووەم لێی لەدایکبووم.

لە شانسی خۆم دایکم لێرەیە و لێمەوە نزیکە، هەموو شتێکی بەنرخ و بەهادار دەکەمە قوربانی ئەوەی بیناسیت. ئەمڕۆ لە دانیشتنی نانخواردنی نیوەڕۆدا زۆرم باس کردیت. دەمەویست باسی تۆی بۆ بکەم. ئەوەی رێگری کردم ئارامی لێ تێکدەم. خۆلادان بوو لەوەی ئازارەکانی دڵە سافەکەی هەڵنەدەمەوە. هەرچەندە ئەگەر باسی خۆشی و ناخۆشی خۆمم بۆ بکردابا، ئەوە رزگاری دەکردم. ئەو تەنها بوونەوەرە کە بەرانبەری هەستدەکەم پێویستم بە راگەیاندنی ئەم خۆشەویستییە قووڵەیە کە ئەمڕۆ هەموو ژیانمی داگیرکردووە. تەئکید نیم لەوەی لەوە تێدەگات، بەڵام لەوەش تەکیدم کە لێم تێدەگات چونکە زۆری خۆشدەوێم.

هەست بە شەرم ناکەم کە هەموو ئەمانەت لەگەڵ بەسدەکەم، لەگەڵ ئەوەی دەزانم ئەوەش شتێکی بەئازار لەناخدا خەبەردەکاتەوە. ئەوانە هەستی راستەقینەن و ناتوانم بیانشارمەوە لێت. ئەوەشە وادەکات ئەو لایەنە شاراوەیە لە تۆدا تێبگەم کە کاتێک بێدەنگ دەبیت کە بابەتەکە پەیوەندی بەوەوە بێت. لە چاوەڕوانی ئەوەی هەموو ئازارەکانمان بەتەواوەتی پێکەوە بەشکەین، ناخۆشیت ناخۆشی منە، سەرگەردانیت سەرگەردانی منە، خۆشەویستم.

رۆژێکی ئێجگار جوان، ویستێکی ئەفسووناوی بۆ رۆیشتن، بەڵکو هەڵهاتن لێی و لە کۆتاییدا راکردن بۆ لای تۆ. هەرگیز لە بیرکردنەوە لە تۆ نەوەستاوم، لەگەڵمیت، تەنانەت ئەو کاتانەش کە ناتەوێ، وێنەکەت لە ژوورەکەمدا رووبەڕووم دەبێتەوە، هەموو چرکەیەک لەبەردەمیدا بە سۆزەوە دەوەستم.

لە دەرەوە، هەموو شتێک رۆژەکانمانم بیردەخاتەوە و سەبرم بۆت لەناودەبات.

ئەمڕۆ تامەزرۆی نامەیەکت بووم، بەڵام پێدەچێ هێشتا کات زوو بێت. بۆیە دەسخەڕۆییم پێتەوە ئەم ئێوارەیە هیچ بەهانەیەکی نییە، چونکە سندوقی پۆستەکەم بەتاڵ بوو. هیچم بۆ نەمایەوە جگە لەوەی بە خەیاڵ بتهێنمەوە بەرچاوم و ئەمەش زۆر بە روونی دەکەم.

تۆ ئەگەر مانگێک وازت لە جەستەت هێنا، ئەویش شەش مانگ وازت لێدەهێنێت، ئەوەش حەقیقەتی منە، ئەوەشی دەمترسێنێت، مانگی حەوتەمە. ئەی تۆ؟ مادەم من چاوەڕێی تۆم، دڵم لە چاوەڕوانیتا نقوم دەبێت.
ئێوارەت شاد.

کتێبی نامەگۆڕینەوە، لاپەڕەکانی: 101-102

کامۆ

 303 جار بینراوە