سەرەکی » ئابووری » دوو هەزار تۆن پەتاتە لە سلێمانی بەرهەمهێنراوەپەڕە 27

«70 %ی بۆ دروستكردنی جپس بەكاردەهێنرێت»

دوو هەزار تۆن پەتاتە لە سلێمانی بەرهەمهێنراوە

یەکەی ئابووری

ئێستا بەرهەمی پەتاتە لە هەرێمی كوردستان ‌و سلێمانی لەلایەن جووتیارانەوە گرنگی پێدەدرێت و كارگەكانی دروستكردنی جپسی پەتاتەش هۆكارێكن بۆ كڕینەوەی ئەو بەرهەمە.

(70 %)ی پەتاتەی بەرهەمهاتوو
كۆسار باقی نەسروڵڵا، ئەندازیاری كشتوكاڵی‌ و شارەزا لە بواری بەروبوومی پەتاتە، بە رۆژنامەی بازرگانی‌ و پیشەسازیی راگەیاندووە، بەروبوومی پەتاتە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و شارەزوور و پارێزگای هەڵەبجە و پێنجوێن ‌و شاری سلێمانی ‌و پیرەمەگرون ‌و قەزاكانی كەلار و گەرمیان بەرهەم دەهێنرێت، بەشێوەیەك ئەمساڵ نزیكەی دوو هەزار تۆن پەتاتە لەو ناوچانە بەرهەمهێنراوە.

لەبارەی جۆری ئەو پەتاتەیەی كە بەرهەم دەهێنرێت، ئەو ئەندازیارە كشتوكاڵییە وتی: «بەهۆی بوونی دوو كارگەی جپس لە سنووری پارێزگای سلێمانی، چاندنی پەتاتە پەرەی سەندووە، بە جۆرێك (70 %)ی پەتاتەی بەرهەمهاتوو، بۆ دروستكردنی جپس بەرهەم دەهێنرێت».

ئاماژەی بەوەشداوە، لەلایەن كارگەكانەوە بەرهەمی پەتاتە لە جووتیاران دەكڕدرێنەوە، بۆیە ئێستا جووتیاران گرنگی زۆر بە چاندنی پەتاتە دەدەن.

هەناردەی عیراق ناكرێت
بەوتەی كۆسار باقی، زۆربەی ئەو پەتاتەیەی لە هەرێمی كوردستان و بەتایبەت لە سلێمانی بەرهەم دەهێنرێت، لە ناوخۆدا ساغ دەكرێتەوە، هۆكاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەبازگەكان رێگە نادرێت ئەو بەروبوومە هەناردەی شارەكانی خوارووی عیراق بكرێت، بۆیە ئێستا لە ئێرانەوە پەتاتە دەنێردرێت بۆ شارەكانی عیراق.

سەبارەت بە وەرزی چاندنی پەتاتە، ئەو روونیكردەوە، پەتاتە لە سەرەتای مانگی دوو لە سنووری سلێمانی دەچێنرێت و پێی دەڵێن «پەتاتەی بەهارە»، لە وەرزی هاوینیشدا (ناوەڕاستی مانگی 5 تا سەرەتای مانگی 6) لە سنووری قەزای پێنجوێن چاندنی پەتاتە دەستپێدەكات و پێی دەڵێن «پەتاتەی هاوینە»، بەڵام لەوەرزی پایزدا چاندنی پەتاتە لە هەرێمی كوردستان ناكرێت، بەهۆی دەستپێكردنی وەرزی سەرماوە كە دەبێتە هۆی لەناوچوونی، هەرچەندە هەوڵێك هەیە كە لەو وەرزەشدا جووتیاران لە رێگەی خانووی پلاستیكییەوە پەتاتە بەرهەم بهێنن.

ژمارەی كارگەكانی دروستكردنی جپسی پەتاتە زیاد بكرێت
ئەو شارەزایەی بواری بەروبوومی پەتاتە دەڵێت: «كەشوهەوا و خاكی هەرێمی كوردستان زۆر لەبارە بۆ چاندنی پەتاتە و دەتوانرێت بكرێت بە سەرچاوەیەكی گرنگی كشتوكاڵی و هانی جووتیاران بدرێت بۆ چاندنی ئەو بەروبوومە، بە مەرجێك ژمارەی كارگەكانی تایبەت بە دروستكردنی جپسی پەتاتە زیاد بكرێت و هاوردەكردنی جپس لە وڵاتانی دەرەوە قەدەغە بكرێت».

دەربارەی هاوكاری كارگەكانی دروستكردنی جپسی پەتاتە بۆ جووتیاران، كۆسار باقی روونیدەكاتەوە، كارگە و كۆمپانیاكان بنەتۆوی پەتاتە بە جووتیاران دەدەن، پاشان بەرهەمی پەتاتەكەیان بە نرخی رۆژ یان گرانتر لە بازاڕ لێیان دەكڕنەوە، ئەمەش وایكردووە جووتیاران دڵنیابن لەوەی كە بەرهەمەكانیان ساغ دەبێتەوە و لێیان دەكڕدرێتەوە، بۆیە ئەگەر پشتیوانی بۆ جووتیاران هەبێت، ئەوا بەرهەمی پەتاتە لە هەرێمی كوردستان پەرەی زیاتری پێدەدرێت.

 187 جار بینراوە