سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » لە هەرێمی کوردستان بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لە زیادبووندایە

لە هەرێمی کوردستان بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لە زیادبووندایە

لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەرەكان چەندین داتا و ئاماری دەستبەسەرداگرتن و دەستگیركردنی بەركارهێنەران و بازرگانیكردن لە شارەكانی هەرێمی كوردستان دەخرێتە روو، هەروەها باس لە هۆكارەكانی زیادبوونی ئەو دیاردەیە ‌و هەوڵەكانی رووبەڕوبوونەوە و چارەسەركردنی توشبووان دەكرێت، بۆ ئەمەش هەماهەنگیی و هاوكاریی لایەنە پەیوەندارەكان بە گرنگ و پێویست دەزانرێت.

زیاتر لە سێ هەزار کەس لە زیندانن
لە هەرێمی کوردستان، پرسی مادەی هۆشبەر یەکێکە لە پرسە مەترسیدارەکان، بە جۆرێک ساڵانە ئامارێکی زۆر لە دەستبەسەرداگرتن و دەستگیکردنی بازرگان و بەکارهێنەران دەخرێتەڕوو. بە گوێرەی ئامارێکی رێكخراوی رۆشنبیریی هۆشیاری دژی ماددە هۆشبەرەكان لە هەولێر تەنیا لە ماوەی ساڵی 2020 نزیكەی هەزار و 300 كەس لەسەر ئاستی هەولێر و دهۆك بەتۆمەتی بازرگانیكردن و بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر كە سەر بە ئاسایشی هەولێرە دەستگیركراون.

رێکخراوەکە دەڵێت: بەگشتی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان زیاتر لە سێ هەزار كەس بەهەمان تۆمەت لە زیندانەكاندان، هەر بەگوێرەی ئامارەكان لە شەش مانگی رابردوودا تەنیا لە هەولێر نزیكەی هەزار كیلۆ مادەی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیراوە.

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت: كۆنتڕۆكردنی سنووره‌كان و زیادكردنی چاودێریی بازگه‌كان هۆكارێكی گرنگە‌ بۆ كۆنتڕۆكردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان، بەوپێیەی زۆربەی ئەو ماددانە لە رێگای قاچاغەوە دێتە کوردستان دەکرێن.

سنوورەکان کۆنتڕۆڵ بکرێن
شنۆ شه‌هید ئه‌شقی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ لیژنه‌ی ته‌ندروستی به‌ كوردستانی نوێی راگه‌یاند: له‌گه‌ڵ ده‌ركردنی یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ماده‌ هۆشبه‌ركان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، باشترین هه‌نگاو بۆ رێگەگرتن له‌و دیارده‌یه‌ پابه‌ندبوونی داموده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێمه‌ ‌ به‌و یاسایە.

دەشڵێت: له‌ هه‌رێمی كوردستان ژماره‌یه‌كی زۆر یاسامان هه‌یه‌ كه‌چی جێبه‌جێكردنه‌‌كه‌ی زه‌حمه‌ته، بۆیە دەبێت لە بەرەنگاربوونه‌وه‌ی دیارده‌ی به‌كارهێنانی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان هه‌مانگی نێوان حكومه‌ت و په‌رله‌مان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی زیاتر بێت.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌ رێژه‌ی مامه‌ڵه‌كردن و هێنانی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان بۆ‌ خراپی دۆخی دارایی هاووڵاتیان دەگرێتەوە.

سەرمەد بەرزنجی كارگێڕی رێكخراوی رۆشنبیریی هۆشیاری دژی ماددە هۆشبەرەكان لە هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ساڵانە لە 26/6 یادی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان دەكرێتەوە، لە هەرێمی كوردستانیش بەهەمانشێوە هەڵوەستەی لەسەر دەكرێت‌ و لەلایەن دەزگا ئەمنیەكان ‌و فەرمانگە پەیوەندارەكان بایەخی پێدەدرێ، ئێمەش وەك رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لەو رۆژە و لە رۆژانی ئاسایی چالاكی جۆراوجۆر دەکەین، لە پێناو هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە و خستنەڕووی مەترسییەكانی ئەو مادانە.

وتیشی: بەگوێرەی ئامارەكان‌ و ئەو زانیاریانەی لەلایەن لایەنی پەیوەندار دەخرێتەروو، رۆژانە رێژەی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بەماددە هۆشبەرەکان روو لە هەڵكشانە، ئەمەش وادەخوازێت بەگوێرەی هەلومەرج و ئەو واقیعەی دێتە پێش مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەكان بكرێت، لەگەڵ ئەوەش دەبیندرێ لە لایەن دەزگاكانی ئاسایش دەست بەسەر رێژەیەکی زۆر لەو ماددانە دەگیرێت و كەسانی بازرگان و بەكارهێنەران دەستگیر دەكرێن.

هۆکارەکانی بازرگانیی و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر
لەبارەی هۆكاری زیادبوونی بەكارهێنان و بازرگانی كردن ئاماژەی سەرمەد بەرزنجی بەوەشكرد: چەند هۆكارێك هەن وادەكات ئەو رێژە بەرزبێتەوە، لەوانە بارودۆخی ئابوریی و زیادبوونی رێژەی بێكاری، هەروەها دۆخی ئەمنی ‌و دروستبوونی جەنگ، هەروەك بینمان لە شەڕی ئەمجارەی تیرۆرستانی داعش چەندینجار مادەی هۆشبەریان لە لا دەستگیراوە یان لە حەشارگەكانیاندا دۆزراوەتەوە، بەتایبەتی لە شێوەی حەب، تاكو خۆیان پێ بێهۆشبكەن و بتوانن رووبەڕووی پێشمەرگە‌و سوپای عیراق ببنەوە، ئەمەش هۆكارێكە بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو ماددانە لە عیراق

ئەوەشی خستەڕوو کە: بەو پێیەی عیراق ‌وهەرێمی كوردستان كەوتۆنەتە سەر ئەو نەخشەیەی وەك هێڵی گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەكانی تێدا دەکرێت، دەبینین تا ساڵی دووهەزارەكان یان بەر لە پڕۆسەی ئازادی، عیراق بە هەرێمی كوردستانەوە تەنیا وەك ترانزێت بەكاردەهێندرا، بەڵام دوای ئەو قۆناغە بارودۆخەكە بەجۆرێك گۆڕا جگە لە ترانزێت، بەكارهێنان و چاندنی ئەو ماددانە لە عیراق و هەرێمی كوردستان زیاتر بزیاتر بێت، ئەمەش هۆكارێكە بۆ زیادبوونی بەكارهێنان و بازرگانكردن پێوەی.

لەبارەی بچووکردنەوەی بازنەی بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان، سەرمەد بەرزنجی دەڵێت: هەر بۆ رێگەگرتن لە بڵاوكردنەوەی مادە هۆشبەرەكان و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان پێویستە هەماهەنگی تەواو لە نێوان دامودەزگاكانی حكومەت‌ و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی هەبێت، راستە ئەركی سەرەكی و جێبەجێکار دەزگای ئاسایش‌ و ئەمنیەكانی هەرێمی كوردستانە، بەڵام لەبەر ئەوەی بابەتەكە فرە لایەن و فرە رەهەندە ئەركەکە دەكەوێتە سەر سەرجەم چین و توێژەكان، لەوانە مامۆستایانی ئایینی و ئابووریناسان و دەروونناسان‌و رێكخراوەكان، هەریەكەیان لە شوێنی خۆیان باس لە زیانەكانی بەركارهێنانی مادەی هۆشبەر بكەن.

پەرلەمانی کوردستان یاسایەکی نوێی هەیە
بۆ گرنگیدانی زیاتر بە بەرەگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی رابردوودا یاسایەكی تازە بەناوی (یاسای ژمارە1ی ساڵی 2020بەرەنگاروبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقلیەكان) پەسەندكرا، كە پێشتر هاوشێوەی عیراق كار بەیاسا كۆنەكە دەكرا، بەگوێرەی یاسا تازەكە بەركارهێنان و بازرگانی كردن بە مادە هۆشبەرەكان لە یەكتر جیاكراونەتەوە، بەجۆرێك بازرگانان وەك تاوانبار مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، بەڵام بەكارهێنەران وەك نەخۆش مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.
هەربەگوێرەی یاساکە دەستەیەك دروستكراوە وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم سەرۆكایەتی دەكات، لە رێگەی ئەو دەستەیە سەنتەرێك دادەمەزرێت بۆ چارەسەركردنی پزیشكی و دەروونی بەكارهێنەران، تاوەكو دووبارە بتوانن بێنەوە ناو كۆمەڵگە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەهۆی بارودۆخی ئابوری و تەندروستی ئەو سەنتەرە نەکراوەتەوە، بۆیە پێویستە وەزارەتی تەندروستی پەلە بكات لە دامەزراندنی سەنتەرەکە و جێبەجێکردنی یاساکە بەگشتی.

 

 354 جار بینراوە