سەرەکی » وتار » گۆران فه‌تحی » ئیسرائیل باڵیۆزخانه‌ی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ له ‌ئیمارات…

ئیسرائیل باڵیۆزخانه‌ی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ له ‌ئیمارات…

ئیسرائیل باڵیۆزخانه‌ی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ له ‌ئیمارات ده‌كاته‌وه‌

وادیاره‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ئیسرائیل تا دێت به‌ره‌وپێش ده‌چێت، له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌تایبه‌تی وڵاتانی كه‌نداو كه‌ له‌ساڵی پاره‌وه‌ به‌سته‌ڵه‌كی نێوانیان شكاو، چه‌ندین وڵاتی عه‌ره‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا ئاسایی كرده‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا دێت كه‌ چه‌ندین وڵات په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا هه‌یه‌ له ‌نموونه‌ی‌ میسر و مەغریب و چه‌ند وڵاتی تریش کە كار بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا ده‌كه‌ن.

دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی ته‌لئه‌بیب و وڵاتانی عه‌ره‌بی، راگه‌یاندنی ئیسرائیله‌ به‌وه‌ی‌ باڵیۆزخانه‌ی‌ خۆی‌ له‌ ئیمارات ده‌كاته‌وه‌.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل سه‌ردانی ئیمارات ده‌كات
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیسرائیل هه‌فته‌ی‌ رابردوو رایگه‌یاندبوو، یائیر لابید-ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌، سه‌ردانێكی ره‌سمی وڵاتی ئیماراتی عه‌ره‌بی ده‌كات، به‌مه‌به‌ستی گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ته‌لئه‌بیب و ئه‌بو زه‌بی.

ئه‌كاونتی «ئیسرائیل بالعربیة»ی سه‌ربە وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیسرائیلیش له‌سه‌ر تویتەر رایگه‌یاندبوو: لابید رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ 29/6/2021 به ‌سه‌ردانێكی ره‌سمی ده‌گاته‌ ئیمارات و له‌یه‌كه‌م سه‌ردانی له‌و جۆره‌ی‌ وه‌زیرێكی ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیسرائیلدا‌ بۆ ئه‌و وڵاته‌ کە پێشتریش چه‌ند به‌رپرسێكی ئیسرائیل سه‌ردانی ئیماراتیان كردبوو به‌تایبه‌تی دوای ئاساییكردنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان نێوان ته‌لئه‌بیب و هه‌ندێک له ‌وڵاتانی كه‌نداو له‌ساڵی پاردا به‌ ده‌ستپێشخه‌ریی واشنتۆن.

وه‌زاره‌ته‌كه‌ روونیشیكردبۆوه‌، لابید ده‌بێت به ‌میوانی عه‌بدوڵڵا بن زایدی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیمارات و له‌و سه‌ردانه‌دا باره‌گای باڵیۆزخانه‌ی‌ ئیسرائیل له‌ ئه‌بو زه‌بی و هه‌روه‌ها كونسوڵگه‌رییه‌كیش له‌ دوبه‌ی ده‌كاته‌وه‌.

نه‌فتالی بینیت -ی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی ئیسرائیلیش لای خۆیه‌وه‌ رایگه‌یاندووە: لابید یه‌كه‌م وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیسرائیله‌ كه‌ سه‌ردانی ره‌سمی ئیمارات ده‌كات و دووپاتیشیكردۆتەوە کە ئه‌م سه‌ردانه‌ به ‌رووداوێكی مێژوویی گرنگ هه‌ژمارده‌كرێت.

جه‌خت له‌سەر ئەوەش دەکاتەوە كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ئیسرائیل – ئیمارات، به‌شێكی‌ گرنگ پێكدەهێنێت له ‌سیاسه‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیسرائیل رووە و کرانەوە و هه‌وڵده‌دات ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ قووڵتر و پته‌وتر بكه‌ن.

لای خۆشیه‌وه‌ یائیر لابید له ‌ئه‌كاونتی خۆی‌ له ‌تویته‌ر هه‌فته‌ی‌ رابردوو وێنه‌یه‌كی‌ له‌گه‌ڵ باڵیۆزی ئیمارات محه‌مه‌د ئه‌لخاجه‌ له‌ناو کنێست (پەرلەمان)ی ئیسرائیل بڵاوكردبۆوه‌ و نووسیبووی‌: «له‌ ‌کنێست چاوم به‌ ئه‌لخاجه‌ كه‌وت و بڕیاره‌ رۆژی 29ی‌ مانگە به ‌سه‌ردانێكی ره‌سمی بگه‌مه‌ ئیمارات به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌ سه‌باره‌ت به ‌پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵاته‌كه‌مان».

په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كانی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل، گه‌شه‌ی زیاتری به‌خۆوه‌ بینیووە دوای ئه‌وه‌ی‌ هه‌ردوو وڵات په‌یماننامه‌یه‌كیان ئیمزاكرد سه‌باره‌ت به‌ باجه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان له‌ مانگی ئایاری رابردوودا.

ئیمارات پیرۆزبایی پێكهێنانی حكومه‌تی‌ نوێی ئیسرائیلی كردبوو
پێشتر و به ‌دیاریكراوی رۆژی دووشه‌ممه‌ی‌ رابردوو وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیمارات له ‌به‌یاننامه‌یه‌كدا پیرۆزبایی له‌ حكومه‌تی‌ نوێی ئیسرائیل كردبوو و رایگه‌یاندبوو کە ئیمارات به‌هیوای كاركردنه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و حكومه‌ته‌ نوێیه‌ی ته‌لئه‌بیب-دا. دووپاتیشیكردبۆوه‌ کە وڵاتەکەیان پیرۆزبایی له‌ نه‌فتالی بینیت-ی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی و یائیر لابید وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ ده‌كات له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی‌ نوێ له‌ ته‌لئه‌بیب.

وه‌زاره‌ته‌كه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكردۆته‌وه‌ كه‌ ئیمارات به‌هیوای كاركردنی پێكه‌وه‌ییه‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل بۆ پێشخستنی ئاشتی له ‌ناوچه‌كه ‌و چه‌سپاندنی گیانی لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌یی و چوونه‌ نێو سه‌رده‌مێكی نوێی هاریكاریی له ‌بواره‌كانی ته‌كنۆ‌لۆژیا و بازرگانی و وه‌به‌رهێنان.

له ‌به‌یاننامه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌، شێخ عه‌بدوڵڵا بن زاید ئا‌ل- نوهیان میوانداریی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیسرائیل ده‌كات له‌و سه‌ردانه‌دا كه‌ دوو رۆژ ده‌خایه‌نێت له‌ 29 تا 30 حوزه‌یران.

ئه‌ندازیاری پێكهێنانی حكومه‌تی‌ نوێی ئیسرائیل
یائیر لابید-ی سه‌رۆكی حزبی (ئاینده‌ هه‌یه‌)، كه‌ ئێستا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیسرائیله‌، به‌ ئه‌ندازیاری پێكهێنانی حكومه‌تی‌ هاوپه‌یمانی نوێی ئیسرائیل هه‌ژمارده‌كرێت، كه‌ له‌ 13ی‌ ئه‌م مانگه‌دا ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ده‌ست و بنیامین نه‌تانیاهۆی‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات لادا، بینیت هه‌روه‌ها سه‌رۆكایه‌تی‌ رێكه‌وتنه‌كانی ده‌كرد له‌ ساڵی پاردا له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی كه‌نداو به‌ پاڵپشتی دۆناڵد تره‌مپ-ی سه‌رۆكی‌ پێشووی ئه‌مریكا.

جێی ئاماژه‌یه‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی‌ هه‌فته‌ی‌ رابردوو كنێست (په‌رله‌مان)ی ئیسرائیل متمانه‌ی به‌ حكومه‌تی نوێی ئه‌و وڵاته‌ بەخشی كه‌ چه‌ندین حزب و لایه‌نی سیاسی به‌شدارن تێیدا به ‌سه‌رۆكایه‌تی‌ نه‌فتالی بینیت و له‌ ده‌نگدانه‌كه‌شدا 60 په‌رله‌مانتار ده‌نگیان بۆ حكومه‌ت دا و 59 په‌رله‌مانتاریش ده‌نگیان پێنه‌دا، به‌وه‌ش كۆتاییان به‌ ده‌سه‌ڵاتی بنیامین نا‌تانیاهو هێنا له ‌سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌ت له‌و وڵاته‌دا كه‌ 12 ساڵی خایاند کە له ‌سه‌رده‌می ئه‌ودا په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئیمارات و هه‌ندێك وڵاتی عه‌ره‌بی و كه‌نداو ئاسایی كرایه‌وه‌ و رێكه‌وتن له ‌نێوانیاندا ئیمزاكرا.

هاوپه‌یمانێتیه‌ نوێكه‌ش كه‌ حكومه‌تی‌ ئیسرائیلی پێكهێنا، چه‌ندین حزبی ئه‌و وڵاته‌ی له‌خۆگرتووه‌ كه‌ پێشتر ئۆپۆزسیۆن بوون، له‌‌مپەڕی راسته‌وه‌ تا ئەوپەڕی چه‌پ، ئه‌مه‌ چ جای حزبێكی عه‌ره‌بی، به ‌سه‌رۆكایه‌تی‌ مه‌نسور عه‌باس سه‌رۆكی‌ لیستی عه‌ره‌بی، كه‌ ئه‌وه‌ش یه‌كه‌مجاره‌ له ‌مێژووی ئیسرائیلدا.

جێی ئاماژه‌یه‌ هه‌ریه‌ك له‌ وڵاتانی ئیمارات و به‌حرێن و مه‌غریب و سودان له‌ ساڵی پاردا په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئاسایی كرده‌وه‌ له ‌چوارچێوه‌ی‌ رێكه‌وتنه‌كانی ناسراو به‌ ئه‌براهام، و ته‌لئه‌بیب-یش روونیكرده‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ چه‌ندین وڵاتی عه‌ره‌بی تر بەرەو باشبوون دەبەن له‌ئاینده‌دا.

یائیر لابید

 255 جار بینراوە