سەرەکی » راپۆرت » ته‌ندروستی سلێمانی ‌له‌سه‌ر لابردنی لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌ت روونكردنه‌وه ده‌دات

ته‌ندروستی سلێمانی ‌له‌سه‌ر لابردنی لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌ت روونكردنه‌وه ده‌دات

به‌دواداچوونی/ رێزه‌ حسێن

هه‌ر باس و بابه‌تێك بێته‌ ئاراوه‌، سۆشیال میدیا پێشه‌نگه‌ له‌ باسكردن و وروژاندنی له‌ناو خه‌ڵكیدا كه‌ ره‌نگبێت زۆرینه‌ی كات ئه‌وه‌ی له‌ سۆشیال میدیا باسی لێوه‌ ده‌كرێت دوور بێت له‌ راستییه‌وه‌،هه‌روه‌ك بۆ لابردنی سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیەتی سلێمانی، سه‌ره‌تا له‌ سۆشیال میدیادا و دواتر له‌ناو خه‌ڵكی و شه‌قام ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ لابردن و دوورخستنه‌وه‌ی كاری لیژنه‌كانی قائیمقامیەتی سلێمانی، به‌هۆی دوو كچه‌ مۆدێله‌وه‌ بووه‌ كه‌ خاوه‌نی كۆمپانیای فرۆشتنی ده‌رمانن، چونكه‌ له‌ماوه‌ی پێشتردا بڕیكی دیاریكراو ده‌رمانی بێ سه‌رچاوه‌ و خراپ له‌ كۆمپانیاكانیان له‌لایه‌ن لیژنه‌كانه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانیش له‌ رێگه‌ی رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ له‌وباره‌یه‌وه‌، روونكردنه‌وه‌ی زیاتر ده‌خاته‌ڕوو.

لیژنه‌كان چیان له‌ بازاڕكرد
به‌مه‌به‌ستی رێگریكردن له‌ فرۆشتنی كاڵاو شمه‌كی نا ته‌ندروست و خراپ و ماوه‌ به‌سه‌رچوو، ده‌رمانی قاچاغ، هاوكات رێگری له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخ له‌ناو بازاڕه‌كاندا، قائیمقامیەتی سلێمانی له‌ رێگه‌ی 38 لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند و 288 كارمه‌نده‌وه‌، بۆ ماوه‌ی 24 سه‌عات چاودێری بازاڕ و شوێنه‌ گشتییه‌كانی ده‌كرد، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یەدا، مانگانه‌ به‌ سه‌دان خۆراكی خراپ و ماوه‌ به‌سه‌رچوو، ده‌رمانی پزیشكی و خۆراكی قاچاغ و بێ سه‌رچاوه‌، ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوە، چه‌ندان فرۆشگا و شوێنكار رووبه‌ڕووی سزادانی مادی و داخستنی شوێنه‌كانیان كرانه‌وه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ زۆرینه‌ی هاووڵاتیانی سلێمانی ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد كه‌ كاری لیژنه‌كان له‌ ئاستێكدا بووه‌ متمانه‌ی لای خه‌ڵكی دروستكردووه‌، تا بێ ‌ترسی شمه‌ك و پێداویستی‌ خۆراكی و ده‌رمانی پزیشكی بكڕن، هه‌روه‌ك بۆ بڕیاری لابردنی ئه‌و لیژنانه‌ش به‌ زیانی گه‌وره‌ له‌ بازاڕ و خه‌ڵكی و به‌ تووشبوونیان به‌ نه‌خۆشی مه‌ترسیداری وه‌ك شێرپه‌نجه‌ كه‌ مه‌رگ هێنه‌ره‌ وه‌سفكرد.

بڕیاره‌كه‌ چی له‌پشته‌وه‌یه‌
دکتۆر هێرش سه‌ید قادر جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی تایبه‌ت به‌ رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ له‌وباره‌یه‌وه‌ رونكردنه‌وه‌ی زیاتری خسته‌ڕوو، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ بڕیاری لابردنی لیژنه‌كانی قائیمقامیەتی سلێمانی، له‌ چوارچێوه‌ی رێوشوێنی كارگێڕی و ئیداریدا بووه‌، هه‌روه‌ك به‌پێی یاسا و رێنمایی چاودێری دارایی، كاری لیژنه‌كان نابێت زۆر دووباره‌ بكرێنه‌وه‌، له‌كاتێدا ئه‌و لیژنانه‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ و شه‌ش مانگ، به‌ بڕیاری نوێكردنه‌وه‌، به‌رده‌وامی دراوه‌ به‌ كاركردنیان، به‌ شێوه‌یه‌ك شه‌ش مانگ جارێك كاركردنیان بۆ نوێ كراوه‌ته‌وه‌.

جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ هه‌ر لیژنه‌یه‌ك پێكده‌هێنرێت بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگه‌ و ده‌سەڵاتمان هه‌یه‌ لیژنه‌كان بگۆڕین و لیژنه‌ی تر دروست بكه‌ین تا بخرێنه‌ شوێنیان، وتیشی: براده‌رانی لیژنه‌كانی قائیمقامیەتی سلێمانی، ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌، به‌وه‌ی له‌ كاری لیژنه‌كان دوورخراونه‌ته‌وه‌، هاوكاتیش سه‌رجه‌م ئه‌و ده‌نگۆیانه‌شی كه‌ له‌ سۆشیال میدیا و ناو خه‌ڵكیش بڵاوبوونه‌تەوه‌، دووره‌ له‌ راستییه‌وه‌، ئه‌و بڕیاره‌ له‌ رێكارێكی كارگێڕی و ئیداری زیاتر هیچیتری له‌ پشته‌وه‌ نییه‌، هاوكات بڕیاری كۆتایی هاتنی كاری لیژنه‌كانی قائیمقامیەتی سلێمانی هاته‌ پێشه‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانی به‌ پێویستی نه‌زانی جارێكیتر كاری ئه‌و لیژنانه‌ نوێبكاته‌وه‌، چونكه‌ یاسایی نه‌بوو به‌پێی رێنمایی چاودێری دارایی، نابێت كاری لیژنه‌كان زۆر دووباره‌ بكرێنه‌وه‌، بۆیه‌ بڕیاری نوێكردنه‌وه‌ی كاره‌كه‌یان وه‌ستێنرا، واته‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ بڕیاری لابردن نییه‌، بڕیارێكی ئیداری و كارگێڕییه‌.

دکتۆر هێرش سه‌ید قادر له‌وباره‌یه‌وه‌ زیاتر دواو رایگه‌یاند: ‌ئێستا لیژنه‌ی ترمان دروستكردووه‌، بۆ به‌دواداچوون و چاودێریكردنی بازاڕ و شوێنه‌ گشتییه‌كانی شاری سلێمانی و ده‌وروبه‌ری، ئه‌وانه‌شی كه‌ له‌ پێشتردا كاریان كردووه‌ له‌ لیژنه‌كاندا، جارێكیتر ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه‌ سه‌ركاره‌ ئیدارییه‌كانی پێشووی خۆیان.

كۆمپانیاو دوكانداره‌كان خۆشحاڵن
كار و سه‌ردانی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیەتی سلێمانی، هێنده‌ چڕوپڕبوو، هه‌ركات شمه‌كی خراپ و ناته‌ندروست و ده‌رمانی قاچاخ و ته‌زویر له‌ بازگه‌كانی سلێمانی تێپه‌ڕیایە، له‌ كاتی ساغبوونه‌وه‌ له‌ بازاڕه‌كاندا ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرا، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگی رابردوودا 4 تۆن ده‌رمانی قاچاغ و ته‌زویر، به‌ سه‌دان تۆن خواردنی ماوه‌ به‌سه‌رچوو له‌ ناو شاری سلێمانی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوە، ئه‌م كاره‌ش مه‌ترسی زۆری لای خاوه‌ن كاری كۆمپانیا و فرۆشگاكان هێنابووه‌ ئاراوه‌ بۆ سومعه‌ی كاره‌كه‌یان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ركات سه‌رپێچییان تۆمار بكردبایه‌، لافیته‌ی ره‌ش به‌ دوكانه‌كانیاندا هه‌ڵده‌واسراو دواتر به‌ شێوه‌ی راگه‌یاندنی ئاشكرا له‌ رێگه‌ی په‌یچ و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنه‌‌وه‌ بڵاودەكرانه‌وه‌، له‌وەڵامی پرسیاری ئێمه‌ له‌ خاوه‌نی كۆمپانیا و فرۆشگاكانی سلێمانی، بۆ بڕیاری لابردنی لیژنه‌كانی قائیمقامیەتی سلێمانی، زۆرینه‌یان خۆشحاڵبوون بە بڕیارەکە، چونكه‌ سومعه‌ی كاره‌كانیان به‌رده‌وام له‌ ژێر مه‌ترسیدابووه‌، به‌رده‌وام له‌ ترسی ئه‌وه‌دا بوون لیژنه‌كان بێنه‌ ناو فرۆشگاو كۆمپانیاكانیان.

٪95 بازاڕیان كۆنتڕۆڵ كردبوو
به‌پێی وته‌ی له‌شكر حه‌مید سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیەتی سلێمانی له‌ ماوه‌ی 18 مانگی رابردوودا، توانیویانه‌ ٪95 كۆنتڕۆڵی بازاڕ بكه‌ن به‌ رێگریكردن له‌ بوونی خۆراك و شمه‌كی خراپ و ده‌رمانی قاچاخ و قه‌ده‌غه‌كراو ته‌زویر، توانیویانه‌ چه‌ندان سه‌رچاوه‌ی دروستكردنی مه‌شروب و مادده‌ كهولییه‌كان بده‌نه‌ دادگا، هاوكات چه‌ندان كه‌سی دیار كه‌ بۆ یه‌كەمجار بووه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان رووبه‌ڕویان ببنه‌وه‌ و بیانده‌نه‌ دادگا و كۆتایی به‌ كاره‌ نایاساییه‌كانیان بهێنرێت، هه‌روه‌ك توانیویانه‌ كاریگه‌ری ته‌واوه‌تیان له‌سه‌ر ئه‌و شوێنانه‌ هه‌بێت كه‌ خواردن و خواردنه‌وه‌كان ئاماده‌ ده‌كه‌ن و ده‌یفرۆشن له‌ ناوبازاڕ و شوێنه‌ گشتییه‌كاندا، به‌شێوه‌یه‌ك پابه‌ندی رێكاره‌كانیان كردوون تا زۆرینه‌ی رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی جێبه‌جێ بكه‌ن.

 258 جار بینراوە