سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » لە شەش مانگی ئەمساڵدا نزیکەی هەشت سەد رووداو تۆمارکراوە

رووداوەکانی ئاگر کەوتنەوە لە هەولێر

لە شەش مانگی ئەمساڵدا نزیکەی هەشت سەد رووداو تۆمارکراوە

بەگوێرەی ئامارەكان لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما رێژەی رووداوەكانی ئاگركەوتنەوە لە شارەكانی هەرێمی كوردستان زیاتر دەبێت، بەتایبەتی لە شارێكی وەك هەولێر، تەنیا لە شەش مانگی ئەمساڵدا وەک بەرگری شارستانی دەڵێت: نزیكەی هەشت سەد رووداوی ئاگركەوتنەوە لە بازاڕ و مۆڵ و دوكان ‌و ماركێتەکان كەوتۆتەوە.

خراپی دابەشكردنی تۆڕەكانی كارەبا و نەكوژانەوەی ئامێرەكان لەكاتی داخستنی ئەو شوێنانە، بە هۆكاری سەرەكی ئاگركەوتنەوەكان دادەنرێت.
ئەندامێکی پەرلەمانی كورستانیش رایدەگەیەنێت سیستمی ئاگركوژێنەوەی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم كۆنە و بۆ ئەم سەردەمە گونجاو نییە.

14 کەس گیانیان لەدەستداوە
سەركەوت كارەش وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی پارێزگای هەولێر لەسەر پرسی زیادبوونی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە هەولێر زانیاری زیاتر دەخاتەڕوو و بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا 785 رووداوی ئاگركەوتنەوە لە سنووری پارێزگای هەولێر روویانداوە، لەو ژمارەیە زۆ‌رترین ژمارە بەهۆی شۆرتی كارەباوە بووە كە 322 رووداوە، دوای ئەویش بەهۆكاری نادیار 168حاڵەت، ئەوانی تر بەهۆی بەنزین‌ و نەوت كەمتەرخەمی و جگەرە و غاز روویانداوە، لەگەڵ سوتانی 9 ئۆتۆمبێل.

وتیشی: لە ئەنجامی ئەو رووداوانەی ئاگركەوتنەوە لە سنوری هەولێر 14 كەس بەهۆی سوتان و خنكان گیانیان لەدەستداوە و 51 برینداربوون، هەروەها 64 كەس رزگاركراون، جگە لەوەش ئەو رووداوانە زیانی زیاتر لە یەك ملیار دیناری لێكەوتۆتەوە.

لەبارەی گرنگی بەكارهێنانی فرۆكە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی رووداوەكان وتی: لەكاتی ئێستا بەرگری شارستانی لە هەرسێ پارێزگاكەی هەرێم فڕۆكەی هەلیكۆپتەر فریاكەوتن هەیە، بۆ كۆنتڕۆڵكردنی رووداوەكانی ئاگركەوتنەوە بەكاردەهێندرێت، لەوانە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكەی بازاڕی لەنگەی هەولێر، بەڵام ئەوەی تاوەكو ئێستا بەكارهاتووە، زیاتر بۆ رزگاركردنی لێقەماوان بووە، ئینجا لە سوتان یان لافا و یان هەر رووداوێكی تر، لەگەڵ ئەوەش ئەگەر ژمارەی ئەو فڕۆكان هەبێت ئێمە زیاتر سوودی لێوەردەگرین و ئەركەكانمان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی رووداوەكانی ئاگركەوتنەوە ئاسانتر و خێرا تر دەكات.

راشیگەیاند: لەسنوری پارێزگای هەولێر17 بنكەی ئاگرکوژێنەوەمان هەیە، 9 بنكە لەناو شاری هەولێر‌ و 8 بنكەی تر لە قەزا و ناحیەكان، هەر بنكەیەكیش دوو تیمی هەیە، ئەو رێژەیەش كەمترە لە ستانداردی جیهانی، كە پێویستە بۆ هەر 50 تا 80 هەزار كەس بنكەیەكی ئاگركوژێنەوە هەبێت، بۆیە پێویستمان بەتیم و بنكەی زیاتر هەیە تاكو زیاتر فریای روداوەكانی ئاگركەوتنەوە بکەوین.

ئامێرەکان کۆنن
هاوکات عەبدولناسر ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كورستان بەكوردستانی نوێی راگەیاند: سیستەمی ئاگركوژێنەوەی بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم كۆنە و بۆ ئەم سەردەمە گونجاو نییە، وتیشی: لەكاتی هەر رووداوێكی ئاگركەوتنەوە تا كۆنتڕۆڵكردنی كاتێكی زۆر دەخایەنێت، بەمەش ئەو شوێنە زیانێكی مادی زۆر گەورەیان بەردەكەوێت. هەربۆیە ئێمە وەك پەرلەمان داوامانكردووە سیستەمێكی سەردەمیانە بۆ ئاگركوژێنەوە لە كوردستان دابین بكرێت، بەجۆرێك هەندێك جار پێویستی بە بەكارهێنانی فڕۆكە و ئامێری سەردەمیانە هەیە.

راشیگەیاند: جگە لە دانانی سیستەمێكی تازە لە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی، هاوكات دەبێ وەزارەتی ناوخۆ، دوكان و شوێنە گشتیەكان ناچاربكات ئامێری ئاگر كوژێنەوە دابینبكەن، هاوكات هاووڵاتیان هۆشیار بكرێنەوە لە هاوكاریكردنی تیمەكان كە زۆرجار دەبنە رێگر لە بەردەم گەیشتنیان بۆ شوێنی رووداوەكان.

هەر بەهۆی زۆری ئەو رووداوانە زیانێكی زۆری مادی بەرهاووڵاتیان و كاسبكاران كەوتووە، ئەوان رەخنە ‌و گلەیی لە تیمەكانی ئاگركوژێنەوە دەگرن، لەوەی درەنگ دەگەنە شوێنی رووداوەكان و ناتوانن وەكو پێویست سەروەت و سامانەكانیان رزگار بكەن، هەروەها لایەنی حكومەت بە كەمتەرخەم دەزانن لەوەی رێوشوێنی پێویست ناگرنەبەر بۆ دابینكردنی سیستەمی ئاگركوژێنەوە لەو بازاڕ و شوێنە گشتیانەی دروستدەكرێن.

کاسبکاران گلەییان هەیە
ئەحمەد عەبدولرەحمان وەك كاسبكارێك کە لەماوەی رابردوودا دوكانەكەی بەهۆی شۆرتی كارەباوە گڕیگرتووە دەڵێت: لەم سەردەمەدا ئەوەندەی خەم لە بێ بازاڕیی و نەبوونی ئیشوكار ناخۆین، ئەوەندەی ترسمان لەوە هەیە لەناكاو هەموو سەروەتەكەمان بەهۆی ئاگركەوتنەوە لە دەست بدەین، چونكە كاتێك شوێنێك ئاگر دەگرێت، ماوەیەکی زۆری پێویستە تا تیمەكانی ئاگر كوژێنەوە دەگات.

ئەو كاسبكارە وتیشی: جگە لە خەمی كوژانەوەی ئاگرەكە، ماوەی چەند ساڵێكە حكومەت بەهیچ شێوەیەك قەرەبووی ئەو كەسانە ناكاتەوە كە بەو جۆرە كارەساتە زەرمەند دەبن، ئەمەش لەكاتێكدا كەسێكی وەك من بەهۆی ئاگركەوتنەوە هەموو سەروەتەكەم لە دەستداوە، ئێستا ناتوانم دەست بەكاروكاسبی بكەمەوە، لەوڵاتانیش دەبینین ئەگەر قەرەبووكردنەوەش نەبێت، حكومەت بەقەرز پارە بەو کەسانە دەدات تاوەكو بتوانن پڕۆژەكانی خۆیان دروستبكەنەوە، بەڵام ئەوەش لێرە نییە.

عەلی نادر، ئەویش خاوەنی یەكێك لە لقی كۆمپانیاكانە لە یەكێك لە بازاڕە گشتیەكان لە ئەنجامی سووتانی بازاڕەكە زەرمەند بووە و دەڵێ: ئێمە وەك کاسبکارێک ئەركی خۆمان لە دابینكردنی ئاگركوژێنەوە و رێكخستنی سیستەمی كارەبا کردووە، بەڵام چی بكەین ئەگەر دراوسێکەت یان كەسێكتر كەمتەرخەم بێت و ببێتە هۆی كارەساتی سوتان و ئاگركەوتنەوە، بۆیە لەسەر حكومەت و لایەنی پەیوەندار پێویستە چاودێری ئەو شوێنانە بكات و رێكی بخاتەوە.

ئەو كاسبكارە وتیشی: لەزۆربەی ئەو شوێنانەی رووداوی ئاگركەوتنەوەی لێكەوتۆتەوە زیانێكی زۆری مادە بەدوای خۆیدا هێناوە، چونكە تیمەكانی ئاگركوژێنەوە بەکاتێکی درەنگ دەگەن، هەندێكجاریش هۆكارەكەی بۆ قەرەباڵغی شەقامەكان دەگەڕێتەوە، بۆیە تا ئەوان دەگەن زۆربەی کەلوپەکان دەسوتێن، راستە گیانی مرۆڤ گرنگترە و دەبێ سەرەتا هاووڵاتیان رزگاربكرێن، لەگەڵ ئەوەش سەروەت و سامانیش گرنگە، پێویستە تیمەكانی ئاگركوژێنەوە زیاتر لەخەمی سەروماڵی هاووڵاتیان بن، كارێك بكەن لەكاتی ئەو رووداوانە بەكەمترین زیانی لێبكەوێتەوە.

ماوەیەک رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە هەولێر زیادیان کردووە لە دیارترین ئەو شوێنانەی لە ماوەکانی رابردوو هەولێر سووتان و زیانی مادی زۆری لێکەوتەوە، بازاڕی سەیداوە‌ و هەولێر مۆڵ و کارگە و بازاڕی سیمەكە لەگەڕەکی کوردستان و بەشێکی بازاڕی قەیسەری هەولێر و لەنگە‌ و چەندین شوێنی تر بوون.

 248 جار بینراوە