سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » ״یەكڕیزیی كورد لە بەغدا پێویستە״

״یەكڕیزیی كورد لە بەغدا پێویستە״

پەرلەمانتاران و چاودێرانی سیاسی، یەكڕیزیی كورد لە بەغدا و هەماهەنگیی نێوان لایەنە كوردستانییەكان لە بەغدا بە گرنگ و پێویست دادەنێن ‌و پێیانوایە بەوجۆرە هەڵوێستە دەتوانن زیاتر پارێزگاری لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن.

یەكڕیزیی لایەنە كوردستانییەكان
هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: یەكدەنگی و یەكڕیزیی بۆ ئەمڕۆی كورد لە بەغدا یان لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زۆری هەیە، بەوپێیەی هەموو ئەو دەستكەوتانەی كورد بە دەستیهێناون و لە دەستووری هەمیشەیی عیراق چەسپاون،‌ لە ئەنجامی خەبات و قوربانیدان ‌و یەكڕیزییەوە بەدەستهاتوون، بۆیە بەردەوامیی یەكڕیزی و یەكگوتاری لایەنە كوردستانییەكان، وا دەكات لە داهاتوودا ببێتە خاڵی بەهێزی هەرێمی كوردستان و ئەو نوێنەرانەی دەچنە بەغدا.

وتیشی: بەگوێرەی ئەو بارودۆخەی ئێستا لە عیراق و ناوچەكە لەئارادایە و ئەو پێشبینییانەی بۆ داهاتوو دەكرێت، وا دەخوازێ كورد خۆی بۆ قۆناغێكی تازە ئامادەبكات، بە تایبەتی دوای هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بۆ ئەمەش جارێكی تر پێویستمان بەوە دەبێتەوە، كە كورد بە یەك تیم كار بكات.

ئاماژەی بەوەشكرد: بۆ هێنانەدی ئەو خواستانەی كە هەموو گەلی كورد چاوی لێیانە، پێویستە لە داهاتوودا بە كردەوە كار بۆ بابەتە ستراتیجییەكان بكرێت. لەوانە، جێبەجێكردنی مادەی 140 و چارەسەركردنی پرسی پێشمەرگە و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان، ئەمەش بە تەبایی و هەماهەنگیی نێوان لایەنەكان دەكرێت.

قۆناغی داهاتوو ئەو یەكڕیزییەی زیاتر پێویستە
لای خۆیەوە، كوردۆ عومەر چاودێری سیاسی، بۆ كوردستانی نوێ وتی: ئەزموونی ساڵانی رابردوو دەریخستووە كە چەندە كورد یەكڕیز و تەبا بێت، دەتوانێ دەستكەوتی زیاتر بە دەستبهێنێت، بۆیە بۆ قۆناغی داهاتوو ئەو یەكڕیزییە زیاتر پێویستە، بە تایبەتی چاوەڕوان دەكرێت گۆڕانكاریی بنەڕەتی لە عیراق و ناوچەكە بێتە كایەوە و نابێت كورد لە دەرەوەی ئەو گۆڕانكارییانەدا بێت.

وتیشی: لە سەردەمی سەرۆك مام جەلال-دا ئێمە بینمیان كورد چەند قورسایی لە بەغدا هەبوو و ژمارەیەكی چەند گەورە بوو، بە جۆرێك هەموو پێكهاتەكان حسابێكی تایبەتیان بۆ هەرێمی كوردستان دەكرد، چونكە سەرۆك مام جەلال بەهۆی ئەو كاریزمایەی هەیبوو، توانیبووی نەك تەنیا پارێزگاری لە هەرێمی كوردستان بكات، هاوكات ببوو‌ە چەترێك بۆ نزیكبوونەوەی لایەنە عیراقییەكانیش.

یەكڕیزیی نوێنەرانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەران
هاوكات مژدە ئیسماعیل یاساناس و چاودێری سیاسی، یەكڕیزیی لایەنە كوردستانییەكان بەپێویست دەزانێت و بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئەگەر پەیوەندیی نێوان لایەنە كوردستانییەكان بەمجۆرە سارد و لەیەكتر دوور بێت، زیانی زیاتری لێدەكەوێتەوە و ناتوانین بگەڕێینەوە ئەو سەردەمانەی كورد لە بەغدا كە چەند رۆڵی گرنگی هەبوو و بەهۆی ئەو پێگەیەوە مافی خەڵكی كوردستانی دەپاراست.

 201 جار بینراوە