سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » ئاشتبوونەوەی ئەنقەرە و بەرلین لە دیدی میدیای ئەڵمانییەوە

ئاشتبوونەوەی ئەنقەرە و بەرلین لە دیدی میدیای ئەڵمانییەوە

کۆتایی هەفتەی ڕابردوو «بن عەلی یەڵدرم»ی سەرۆک وەزیرانی تورکیا بۆ هێورکردنەوە پەیوەندی نێوان تورکیاو ئەڵمانیا، سەردانی بەرلینی کردو لەگەڵ «ئەنجیلا مێرکل»ی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا کۆبۆوە، لەدوای کۆبونەوەکە لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایانگەیاند، هەنگاوی باش چوینەتە پێشەوەو واخەریکە نێوانیان ئاسایی دەکەنەوە بەتایبەتی ئەگەر تورکیا داواکانی ئەڵمانیا جێبەجێ بکات لە ئازادکردنی « دێنیز ئۆجێل» ی ڕۆژنامەنوسی ڕۆژنامەی «دی ڤێلت»ی ئەڵمانی کە ساڵێکە بە تۆمەتی هاوکاری کودەتاکەی سەر ئەردۆغان زیندانی کراوە، هەروەها پاراستنی بنەماکانی دیموکراسی لەلایەن حکومەتی یەڵدەرم و ڕەچاوکردنی مافی مرۆڤ وئازادی سیاسی لە وڵاتەکەیدا، مەرجەکانی ئاسایی کردنەوەکە بوون.

مەسەلەی کورد لەو کەیسانەیە جیاوازیەکانیان دەردەخات
لەسەر ئەم سەردانەو ئەو وتووێژانە ڕۆژنامەی»سود دۆیچەزایتۆنگ» نوسیویەتی: نێوانی تورکیاو ئەڵمانیا بە قۆناغێکی هەستیارو مەترسیداردا دەڕوات،لەپێشەوەی ئەو کەیسانەی کە جیاوازی بیرورایان لەسەری هەیە ،چۆنیەتی مامەڵەکردنیانە لەگەڵ دۆسیەی کورد، حکومەتی ئەردۆغان دەیەوێت هەموو دۆسیەکان تێکەڵ بکاو هەمو کورد بە تیرۆر ناوزەند بکات ، وا لە عەفرین شەڕێکی گەرمی لەدژی یەپەگە دامەزراندوە کە گوایە ڕوبەڕوی تیرۆر دەبێتەوە، ئەوەی لەبیر چووە کەلە ڕیزەکانی ئەو گروپانەی کە هاوکاریان دەکات لەسەر هەڵمەتی سەر عەفرین، ژمارەیەکی زۆر تیرۆریست هەن وبەیەکەوە هەڵدەکوتنە سەر ئەم شارە.

تورکیا سیناریۆیەک دەکات
هەروەها ڕۆژنامەی»راین زایتۆنگ» پێی وایە کە دوای ئەو هەموو گرژی وئاڵۆزیەی نێوان ئەو دوو وڵاتەو دەستگیرکردنی دەیان چالاکوان ورۆژنامەنوسی ئەڵمانی و پێشێلکردنە دیارەکانی یاساو دیموکراسی، ئێستا بە کۆبونەوەیەک دەیانەوێ هەموو شتێک ئاسایی بکەنەوە. ڕۆژنامەکە پێی وایە، کە یەڵدەرم دەیەوێت تەنها ڕای گشتی ئەڵمانیا ڕازی بکات ئەگەر نا ئەو مەرجانەی ئەڵمانیا جێبەجی ناکاو هیچ شتێک لەپێشێلکردنەکانی سەروەریەکانی یاسای ناگۆڕێ و لەسەر سیستەمی کارکردنی خۆی بەردەوام دەبێت.
بەهەمان شێوە رۆژنامەی «راین نێکەر» لە ڕاپۆرتێکیدا ئەو لێدوانانەی یەلدرەم کە گوایە دیسپلینی دیموکراسی پیا دەدەکات، بە سیناریۆیەک دەزانێت تاوەکو ئەڵمانیا بهێنێتە سەر خەتی ئاشتبونەوەو دڵی بەرپرسانیان قایل بکات.

لەگەڵ ئەمریکا تێکچوەو دەیەوێت لەگەڵ ئەڵمانیا چاکی بکاتەوە
« لایبزیگە ڤۆلکس زایتنۆنگیش» نوسیویەتی: ئەستەمە ئێستا پەیوەندی ئەو دوو وڵاتە بەسانایی ئاسایی بێتەوە، ئەردۆغانیش دەیەوێ زوو چاکی بکاتەوە بەتایبەتیش لەدوای ئەوەی لەسەرپشتیوانیکردنی کوردو یەپەگە کێشەکەوتۆتە نێوانیان وئەردۆغان لێدوانی زبری لەدژ ی ئەمریکا داوە، دەزانێت لەتێکچونی ئەو پەیوەندیانە زیانێکی زۆری بەردەکەوێت بۆیە ئێستا دەیەوێت ئاسایی بکاتەوە.

تورکیا کێشەی زۆری بۆپەیدابووە
ڕۆژنامەی»نۆیە ئۆسنەبرۆکە زایتۆنگ»یش وایدەبینێت کە کێشەو ئاڵۆزیەکانی ئەم دواییە، وای لەتورکیا کردووە کە دەستبەرداری ئەڵمانیا نەبێت بەتایبەتیش کە ئێستا لەزۆر لاوە لە قەیراندایە لەگەڵ ئەمریکا ،لەکێشەی کەنداو، لە هەڵمەتی بۆسەر عەفرین، لەزۆر لاوە کێشەی هەیەو لەبەرژەوەندیدایە کە نێوانی لەگەڵ ئەڵمانیا پەرەپێبداتەوەو ئاسایی بکاتەوە بە تایبەتیش کە هەردوولا ئەندامی کاراو سەرەکی هاوپەیمانی ناتۆن.

هەمیشە ڕەخنەباران دەکرێت
لەلایەکی تریشەوە لەزۆر نێوەندی سیاسی کۆمەڵی مەدەنی و لەسەرئاستی ڕای گشتیش تورکیا، ڕەخنەی توندی لێدەگیرێت لەو سیاسەتەی کەلەناوخۆ و لەدەرەوە پیادەی دەکات، ڕۆژانە کەناڵە میدیاییەکانی ئەڵمانیا بە دیمانەو ڕاپۆرت و ڕیپۆرتاژ، باس لە ئاڕاستەی سیاسەتی شەڕەنگێزانەی ئەو وڵاتە دەکەن بەرامبەر بە دەرودراوسێ و وڵاتانی دەرەوەو پێشێلکردنەکانی دەستورو یاسا و دیموکراسیەت لەناوخۆی وڵاتەکیدا.

نێوەندەکان لەجموجۆڵیان دەستپێکردوە
لەگەڵ بڵاوبونەوەی سەردانی یەڵدرم بۆ ئەڵمانیا پارتە موعارەزەکان، چەپەکان و سەوزەکان کەوتنە بڵاوکردنەوەی بیرخەرەوەو بەیاننامەو جموجۆڵی سیاسی لەدژی حکومەتی تورکیاو داوایان لە کاربەدەستانی وڵات و ئەنجیلا مێرکل کرد، کە هەناردەی چەک بۆ تورکیا ڕابگرێ و فشاربخاتە سەر ئەو وڵاتە بۆ ئاسایی کردنەوەی باردودۆخەکان.

یەکێتی ئەوروپا لەگۆڕ دەنێت
«سارا ڤاگنکنێخت» سەرۆکی لیستی پارتی چەپ لەپەرلەمان بۆ کەناڵی ١ ی فەرمی ڕایگەیاند کە ئەوەی هاوکاری لەگەڵ وڵاتێکی دیکتاتۆری ئیسلامی وەک تورکیا بکات، بۆ دەستپیکردنەوەی دانوستانەکانی وەرگیرانی لەناو یەکێتی ئەوروپادا، ئەوا بە دەستی خۆی یەکێتیەکە لەگۆڕ دەنێ ودەیپووکێنێتەوە.

عەفرین ئەڵمانیا شەرمەزار دەکات
هەورەها «جەم ئۆزەمیر»ی پەرلەمنتاری سەوزەکان بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی هەڵوێستی خۆی و پارتەکەی لەبەرژەوەندی کوردان بەیان کردو ووتی: کاتێک ئەندامیکی هاوپەیمانی ناتۆ بەهەموو توانایەکی سەربازیەوە هەڵبوکتێتە سەر شارۆچکەیەکی وەک عەفرین و هاوڵاتیانی مەدەنی بۆمباران بکات و ئەڵمانیا بێدەنگی بنوێنێت ،ئەوان لە لوتکەی شەرمەزاریە و دەبێ حکومەت بەڕوونی هەڵویستی هەبێ، هەردوو ئەو سیاسەتمەدارەش داوایانکرد ئەڵمانیا فشار بخاتە سەر ئازادکردنی « دێنیس ئۆجێل کە لەسەر بڵاوکردنەوەی بیروڕای ئازاد و ڕەخنەگرتن لەتورکیا» خراوەتە زیندانەوە.

ڕۆژنامەنوسەکە ئازادکرا
شایانی باسە ڕۆژێک لەدوای دیدارەکانی نێوان سەرۆک وەزیرانی هەردوو وڵات و لێدوانی بەرپرسان، تورکیا ئەو ڕۆژنامەنوسەکەی ڕۆژنامەی دی ڤێڵتی ئەڵمانی ئازادکرد، ئەو هەنگاوە سەرەتاییە بووە دەستپێکی چاکبونەوەی پەیوەندیەکانیان، بۆیە دوای چەند کاتژمێرێک لەوە یەڵدرمی سەرەک و ەزیرانی تورکیا بۆئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی داوای لەبەرلین کرد، کە هەنگاوی ئەرێنی بنێت بۆ ئاساییکردنەوەی نێوانیان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*