سەرەکی » راپۆرت » وشكه‌ساڵی‌ زیانێكی گه‌وره‌ی بە كشتوكاڵی خۆرئاوا گەیاندووە

وشكه‌ساڵی‌ زیانێكی گه‌وره‌ی بە كشتوكاڵی خۆرئاوا گەیاندووە

راپۆرتی/ ئه‌یاز محه‌مه‌د

به‌راورد به ‌ساڵانی پێشوو ئاستی به‌رهه‌مهێنانی گه‌نم و جۆ كه‌می كردووه‌ و كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر ره‌وش و ژیانی جوتیارانی سه‌ر به‌ئیداره‌ی خۆسه‌ر له ‌باكوری خۆرهه‌ڵاتی سوریا داناوە.

سه‌لمان بارودووی هاوسه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئابووری لەبەڕێوەبەرایەتی خۆسه‌ر له ‌خۆرهه‌ڵاتی سوریا به‌ كوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند: به‌راورد به‌ساڵانی پێشوو ئاستی به‌رهه‌مهێنانی گه‌نم و جۆ و به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌ كه‌می كردووه‌و زیانی بە جووتیارانی سه‌ر به‌ئیداره‌ی خۆسه‌ر له‌باكوری خۆرهه‌ڵاتی سوریا گەیاندووە‌، چونکە به‌شی هه‌ره‌ زۆری زه‌وییه‌ كشتوكاڵیه‌كانمان بۆ چاندن پشت به‌ باران ده‌به‌ستێت، کشتوكاڵ لەم سنوورە به‌نده‌ به‌ باران بارینێكی زۆر،‌ باران پێویستیەکی سـه‌ره‌كیه‌ بۆ پێگه‌یشتنی گه‌نم و جۆ و بەرهەمە کشتوکاڵیەکان له‌خۆرئاوای كوردستان.

بژێوی ژیانیان له‌سه‌ر ده‌ستكه‌وته‌ كشتوكاڵیه‌كانه‌
وتیشی: بێ بارانی کێشەی بۆ كشتوكاڵ و چاندن دروستكردووه‌و به‌تایبه‌تی زیانێكی یه‌كجار زۆر ‌به‌ زه‌وییە دێمیەکان كه‌وتووەو رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی جووتیاران به‌راورد به‌ساڵانی پێشوو كه‌می كردووه‌، بەجۆرێک ‌ ره‌وشی ئابووری هاووڵاتیانی خۆرئاوای كوردستان بەرەو خراپی بردووەو كاریگه‌ری لە بژێوی ژیانیان کردووەو به‌شێوه‌یه‌كی گشتی لێكه‌وته‌كانی گەورەیە له‌سه‌ر بەڕێوەبەرایەتی ئیداره‌ی خۆسه‌ر.

تورکیا ئاوی فوراتی کەمکردۆتەوە
سه‌لمان بارودووی، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا ته‌نها به‌شێك له‌ كه‌رتی ئاودێری له‌ ده‌ستی ئەواندا ماوه،‌ به‌ڵام وشكه‌ساڵی و كه‌می بارانبارین و لەلایەکی دیکەشەوە كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاوی فورات له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركیاوه‌ بارگرانی دروستكردووه‌و ‌ ناچاربووین ئاودانه‌كان بۆ زەوییە ئاودێرییەکان زیاتر بكه‌ین، به‌ڵام نەبارینی بارانی پێویست بۆ ئه‌مساڵ و کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زه‌وی و رووباره‌كانی دیكه‌ش کێشەیان بۆ جووتیارانی سنوورەکە دروستکردووە .

سەرەڕای ئەمانەش دەستەی ئابووری کشتوکاڵی له‌ ئیداره‌ی خۆسه‌ر بەڵێن بە جووتیاران و خه‌ڵكی خۆیان دەدات‌ كه‌ هاوكارو پشتیوانیان بن و بۆ ساڵی داهاتوو تۆو بۆ جووتیاران پەیدا بکەن، رێگای تایبه‌ت بگرنه‌به‌ر بۆ په‌یداكردنی گه‌نمی هاووڵاتیان ئه‌گه‌ر كه‌میش بێت، سەلمان بارودووی وتیشی: هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ وه‌ك ئیداره‌ی خۆسه‌ر ده‌رگای نێوده‌وڵه‌تی و سه‌ره‌كیمان نییه‌ به‌ڕووی جیهاندا و هه‌موو ده‌رگاو رێڕه‌وه‌كانمان لێ گیراون و مامەڵه‌ی ره‌سمیمان له‌گه‌ڵ ناكرێت كه‌ بتوانین گه‌نم هاوردە بکەین، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو گرفتەش له‌ پاڵپشتیكردنی خه‌ڵكی خۆمان نه‌وه‌ستاین و دیسان رێگای تایبه‌ت ده‌گرینه‌به‌ر بۆ دابینكردنی گه‌نمی زیاتر و بوژانه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵی، جووتیاران به‌ ته‌نها به‌جێناهێڵین.

پێشبینی به‌رهه‌مهێنانی 500 هه‌زار تۆ‌ن گه‌نم و جۆ دەکرێ
جێی ئاماژه‌ پێدانه‌ خۆرئاوای كوردستان توانای كشتوكاڵی یه‌كجار زۆرە و به‌چاندن و به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵیه‌كان‌ ناوبانگی ده‌ركردووه‌و له‌سه‌ر ئاستی سوریا و ناوچه‌كه‌ به‌گشتی له‌ پله‌ی نایابدایه،‌ به‌هۆی هه‌واو خاكه‌کەیەوه‌ کە به‌پیتەو و رووبەرێکی رێک و فراوانی هه‌یه‌ بۆ كاری كشتوكاڵی گونجاوە بۆیە بایه‌خێكی زۆر به‌ كه‌رتی كشتوكاڵی ده‌درێت و به ‌درێژای رووباری فورات چالاکی كشتوكاڵی هەیە و ژیان و بژێوی خه‌ڵكێكی زۆر له‌و به‌شه‌ی كوردستان له‌سه‌ر ده‌ستكه‌وته‌ كشتوكاڵیه‌كانه، به‌پێی ئاماره‌كان بۆ ئه‌م ساڵ پێشبینی به‌رهه‌مهێنانی نزیكه‌ی 500 هه‌زار تۆ‌ن گه‌نم و جۆ و به‌رهه‌مه‌كانی دی كشتوكاڵی له‌ خۆرئاوای كوردستان به‌گشتی دەکرێت.

 113 جار بینراوە