سەرەکی » هەواڵ » روونکردنەوەیەکی پێویست لە بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆرەوە بۆ رای گشتی

روونکردنەوەیەکی پێویست لە بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆرەوە بۆ رای گشتی

لای ھەموان روونە بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆر ھێزێکی تایبەت و مەشق پێکراو بە دسپلینی سەربازیی نیشتمانییە، رۆڵی گرنگ و کاریگەری بینیوە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و سەرکەوتن
بەسەر تیرۆرستانی داعش و بەرقەرارکردنی ئارامی و ئاسایش لە ھەرێمی کوردستان.
بەداخەوە لە چەند رۆژی رابردوو، چەندین پەیج و ئەکاونتی سێبەر و بێخاوەن و بەکرێگیراو، ھێرشی ناڕەواو بێبنەما دەکەنە سەر ھێزەکەمان و بە ئەجێنداو مەرامی تایبەتی بوختانمان بۆ ھەڵدەبەستن !
ئێمە لێرەدا بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی روون دەکەینەوە، ھێزی دژەتیرۆر دوورو نزیک پەیوەندی بەھیچ کارێکی نایاسایی و قاچاخچێتی و سەرانەوەرگرتن و داگیرکردنی زەوی و موڵکی
گشتییەوە نییە و نەبووە، بەڵکو راستییەکە ئەوەیە ھەندێ کەسی نابەرپرس لە دەرەوەی ویستی ئێمە و بەخواستی چەند کەسێکی یاساشکێن و دوور لە دەسەڵاتی ئێمە ناو ناوبانگی ئەم دەزگایەی بەکارھێناوە بۆ کاری نایاسایی و دەست درێژکردن بۆ سەر بەرژەوەندی گشتی کە بەڕەسمی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆر نەبوون، چەند کەسێکیش کە تێوەگلابوون بەم کارە نایاساییانە بە رەسمی
دەرکراون و رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە و چیتر رێگەش نادرێت کەسانێکی بەرژەوەندی خواست بۆ مەرامی تایبەتی دەست لەکاروباری دژەتیرۆرەوە وەربدات .
بۆ ھەموولایەکی رووندەکەینەوە دژەتیرۆر وەک ھەمیشە
لە سەنگەری خەڵک، سەروەری یاسا، ئارامی و ئاسایش و پاراستنی سەروماڵی خەڵک و شکۆی ھەرێمی کوردستان دەبێت، ئەرکی سەرەکیمان رووبەڕووبوونەوەی ھەر پیلانێکە کە بیەوێت ئارامی لە خەڵک تێکبدات ئاشکراشی دەکەین ھێزی دژەتیرۆر ھێزی خەڵک و ھەموو رەنگ و بۆچوونە جیاوازەکانە و بەگوڕوتینێکی نوێ و بە بەھێزترەوە لە رابردوو، پشتیوان بەخوای گەورەو بە ھاوکاری ھەمووان و ھێزی پێشمەرگە و ھێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ لە ئەرکداین بۆ پاراستنی کوردستانەکەمان و سەقامگیری زیاتری ئاسایش و رووبەڕووبوونەوەی یاساشکێنان و ھەڵھاتوان لە یاسا.
بەڕێوبەرایەتی دژەتیرۆری کوردستان
( C . T . G )
 

 159 جار بینراوە