سەرەکی » هەواڵ » راستکردنەوەی رێڕەو

راستکردنەوەی رێڕەو

ئەوەی ھەیە راستکردنەوەی رێڕەوە. رێڕەوی یەکێتی و رێڕەوی ئیدارە و حوکمڕانی لە سلێمانی و زۆنی سەوز و بەرپرسیارێتی یەکێتی لە تەواوی کوردستاندا.

با کەس بە ھاشوھوشی ساختەی پەیج و سایت و سێبەری سۆشیال میدیایی پارەدارکراو لە قووتی ھەڤاڵانی یەکێتی چەواشە نەبێت و با کەسیش تەراویلکەی نا راست لەسەر ھیچ شتێک ھەڵنەچنێ.

ئەسڵی بابەتەکە (تیۆری پیلانگێڕی) ھەرزان و گوتاری دەستی دوژمنانی دەرەکی نییە.

چونکە لە فەرھەنگی سیاسی رۆژھەڵاتیدا دەیان ساڵ ھەموو چاکسازییەک دەکرایە ئەنگیزەی پیلانگێڕی ئیمپریالیزم و زایۆنیزم و… کۆمەڵێ یزمی تر. ئێستاش مۆدی دەستی دەرەکی و ھەرێمییە، بۆ ئەوەی دەستی سەوزی بچووکترین چاکسازی، گۆڕانکاری یاسایی و ئاسایی بگرن و بیچەمێننەوە.

ئەمەی روویداوە و ھی تریش کە روو دەدەن دەستی سپی چاکسازییە، دەستی سەوزی یەکێتییە بۆ ئاساییکردنەوەی ژیان و گوزەران و جووڵەی سیاسیی نۆرماڵ لە زۆنی سەوزدا.

دەستی سپی و ئەمین و جێباوەڕی حزب سەرەنجام ناوەندێتییەکی یەکێتیانە و دیموکراسیانەیە، بە راوێژی سەنگینی ھەڤاڵانە، ئاوەدان دەکاتەوە و دەزگا و دایەرەی وڵات رێکدەخاتەوە.

وەک کوردستان و وەک یەکێتیش بە کەمترین تەقەللا و بە کەمترین ئازارێک، کە لە حوکمی نەبودایە، لێی دەرچووین و ئەم چاکسازیی و گۆڕانکاریێە راستەڕێی خۆی گرتۆتە بەر.

لە بنچینەدا ئەم رێڕەوە راستەی چاکسازی بۆیە دواکەوت بۆ ئەوەی بەو شێوەیە بێت کە کەمترین زیان و بەریەککەوتنی تیا بێت، بە وەستایی و شێنەیی گۆڕانکارییەکە جێبەجێ بوو تا ژیان و گوزەرانی نۆرماڵی خەڵک نەشێوێ. ئەم ئیجرائاتانە بە کەمترین کات و بە نەشتەرگەرییەکی ژیرانە کرا. ھەقە گلەیی لەسەر دواکەوتنی بکرێت، نەک لەسەر باش فریا کەوتنی.

ئەوەی کە روویدا و روودەدا مەسەلەیەکی نۆرماڵی گۆڕانکاری ئیدارە و دەوڵەتدارییە کە دەزگاکانی پارێزگاری لە ژیانی خەڵک وەک دوو دەزگای میری، دەگێڕێتەوە بۆ بنکەکانی خۆی کە بنکەی پارێزگاری و گیانفیدایی و پتەوکردنی دینگەی ژیان و گوزەران و ئارامی خەڵکی زۆنی سەوز و تەواوی کوردستانە.

ئەم رێڕەوە حزب دەکاتەوە بە دامەزراوەیەکی مەدەنی کە کەسانی پێشینە حزبی و ئەفەندییەکان و ھەڤاڵانی تێکۆشەر بە عینوانی تێکۆشان و ھەڵسوڕانی سیاسی و رێکخراوەیی و پلەبەندی حزبی خۆیانەوە ھەڵیدەسوڕێنن و جەماوەری یەکێتی بۆ کار و تێکۆشانی حزبی ھان دەدەن بەرەو “یەکێتی نوێ “.

ئەم رێڕەوە یەکێتی والێدەکاتەوە ببێتەوە یەکێتییەکەی جاران، یەکێتییەکەی کۆمەڵانی خەڵک کە وەک ھەمیشە سەرۆک مام جەلال دەیگوت: یەکێتییەکەتان. کە بەم دەستەواژەیە هەمیشە یەکێتی دابووە دەست کۆمەڵانی خەڵک ئەم رێرەوە تینوتاوی حزبایەتی لەناو یەکێتی باشتر دەگەشێنێتەوە و دابونەریتی حزبایەتی پەرەپێدەدات، ئیتر رێورەسمی حزبی پایەدار دەبێت، نەک سێبەر و تارمایی نادیاری، نا حزبی، کە راسپاردە و بڕیار لە شوێنی نادیار و میلیشیای سۆشیال میدیاوە وەربگرێت.

راستکردنەوەی رێرەو وێستگەیەکی چۆنایەتی بڕیووە و وێستگەی تری ماوە، کە حەتمەن دەیبڕێ.

کوردستانی نوێ

 309 جار بینراوە