سەرەکی » وەرزش » ئیتر داوای ئه‌نجامی چیان لێده‌كه‌ن؟

ئیتر داوای ئه‌نجامی چیان لێده‌كه‌ن؟

تیپی فوتساڵی كچانی یانه‌ی ئه‌فرۆدێت ئێستا به‌شداریی له‌ فۆناغی چوارگۆشه‌ی زێڕینی خولی نایابی یانه‌كانی كوردستاندا ده‌كات.
به‌ده‌ر له‌ئه‌نجامه‌كان و ئاستی هونه‌ری تیپه‌كه‌و كێشه‌و كه‌موو كوڕییه‌كان كه‌ هه‌یه‌تی، ئێستا ئه‌م تیپه‌ هۆڵێكی نییه‌ راهێنان و یارییه‌كانی ئه‌م خوله‌ی كوردستانی تیادا بكات.
ماوه‌یه‌ك تیپه‌كه‌ له‌ هۆڵی داخراوی یانه‌ی سلێمانی یاریی ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌م هه‌فته‌یه‌ یانه‌ی سلێمانی رێگه‌ی نه‌دا یاریی خوله‌كه‌ به‌رامبه‌ر زێره‌ڤانی له‌و هۆڵه‌ بكات، بۆیه‌ به‌ناچاریی له‌ هۆڵی داخراوی یانه‌ی ئاشتی یارییه‌كه‌ی كرد.
پرسیاره‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ زۆرێك له‌كه‌سانی بواری وه‌رزش ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ی لێده‌گرن ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م تیپه‌ له‌م قۆناغه‌ی خوله‌كدا وه‌ك پێویست نییه‌، ئێمه‌ش ده‌ڵێن: وه‌ره‌ له‌شارێكی گه‌وره‌ی وه‌ك سلێمانیدا كه‌چه‌ند هۆڵێكی داخراوی تیادایه‌ و ته‌نیا تیپێكی تاقانه‌ی كچانی فوتساڵ هه‌بێت، كه‌چی تیپه‌كه‌ وه‌ك به‌چكه‌ پشیله‌ی چاو نه‌پشكوتووی لێهاتبێت به‌ده‌ست ئیداره‌ی یانه‌كانی سلێمانییه‌وه‌و ئه‌م هۆڵ و ئه‌و هۆڵی پێبكرێت و هیچ هاریكارییه‌كی له‌و رووه‌وه‌ نه‌كرێت.
له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ هیچ به‌رپرسێكی وه‌رزشیی ئه‌م شاره‌ به‌ ئیداره‌ی یانه‌كانیشه‌وه‌ خه‌مێكی ئه‌م تیپه‌ تاقانه‌یه‌ ناخۆن و هه‌وڵی هاندان و پشتگیری و خه‌مخۆری ناده‌ن و هه‌موویان له‌و رووه‌وه‌ چاویان له‌ئاستیدا نوقاندووه‌ و خۆیان كردووه‌ به‌ كه‌ڕه‌ی شه‌ربه‌ت، ئیتر وه‌رزش چۆن له‌م شاره‌دا پێشده‌كه‌وێت، داوای ئه‌نجامی چی له‌ تیپه‌كان ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌مه‌ ماهییه‌تی هاریكاریی كردنی به‌رپرسان و به‌رپرسانی وه‌رزشی و ئیداره‌ی یانه‌كانه‌ بۆ وه‌رزش.

print

 85 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*