سەرەکی » زانست » پیشەی جاران و ئێستای سەرتاشین لە…

پیشەی جاران و ئێستای سەرتاشین لە…

پیشەی جاران و ئێستای سەرتاشین لە كەركوك

نووسینگەی كەركوك، هێمن ئەحمەد

پیشەی سەرتاشی لە رابردوودا پێیان دەوت پیشەی دەلاكی پیشەیەكی زۆر كونە و لە پاڵ پیشەكەی خۆیاندا كاری خەتەنە كردن و كاری ددان كێشان و دروستكردنی ددانی ئاڵتونیان دەكرد وەكو پێویستیەكی ئەو كاتەی كۆمەڵگە. لە رابردوودا و لە سەرەتاكانی ئەم پیشەیەدا سەرتاشی پیشەیەكی گەڕۆك بوو كە بە لادێكاندا دەسوڕانەوە و سەرتاشییان دەكرد لەپاڵ خەتەنە كردنی منداڵانی گوندەكە.

سەری خەڵكی لادێكان بە خۆڕایی چاك دەكرد
وەستا برایم محەمەد ، ماوەی چل ساڵە سەرتاشە لە بازاڕی حەسیرەكەی شاری كەركوك، بە كەشتی نوحی وت: جاران سەرتاشی سرووتی تایبەتی خۆی هەبوو كەسایەتییە ناودارەكانی شار وەكو پارێزگار و سەرۆكی بەڕێوەبەرایەتییەكانی كەركوك مووسی تایبەتی خۆیان هەبوو هەر كات سەردانیان بكردایە بۆیان بەكاردەهێنرا بۆ تیژكردنەوەش لە قایشیان دەدا كە جۆرە لاستیكێكی ئەستور بوو چەور دەكرا و مووسەكەی پێدا دەهێنرا بۆ ئەوەی تیژبكرێت بەدرێژایی ساڵ بەكاردەهێنرا و تیژدەكرایەوە.

وتیشی: لە ماوەی ژیانم لە چلەكانەوە لە پیشەی سەرتاشیدا یادەوەری خۆش و ناخۆشمان تووش بووە: لەو یادەوەرییە خۆشانەی كە لە یادمانە لەسەرەتای فێربوونمان بوو بۆ سەرتاشی دەگەڕاین بە لادێكاندا سەری خەڵكیمان بەخۆڕایی چاك دەكرد یان ئەو لادێیانەی سەردانی شاریان دەكرد بە زۆر دەمان بردن بە خۆڕایی سەریانمان چاك دەكرد كە لە هەندێ كاتدا پرچە كانیانمان هەڵدەپاچی و ناشیرین دەردەچوو بۆیە لە ترسا ئاوێنەمان پیشانیان نەدەدا یان كە خۆیان دەبینی لە ئاوێنەدا تووشی شەڕی دەستەویەخە دەبووین. لەو بیرەوەرییە خۆشانەی تریش لە پیشەی سەرتاشیدا بەهاران هەموو سەرتاشەكانی كەركوك بە هەموو پێكهاتەكانەوە دەچوینە دەوروبەری كەركوك و گەشت و گەڕانمان دەكرد و كاتێكی خۆمان بەڕێدەكرد.

لاسایی كردنەوە
لەوبارەیەوە گەیلان محەمەد، خاوەنی سەرتاشخانەیەكە لە گەڕەكی دەروازە بە كەشتی نوحی راگەیاند: پیشەی سەرتاشی چۆتە چوار چێوەیەكی تر و بە كەرەستەی نوێ ‌و باوی ترەوە هاتووتە میدان و تەنها لە كارەكەی خۆیدا كاردەكات. پیشەی سەرتاشی پیشەیەكی مۆدێلكارییە كە لەگەڵ رۆژگاردا گۆڕانكاری بەسەردا دێت و جۆر و كەرەستەی تر و شێوازی سەرتاشینی تر دێتە ئاراوە. لە ڕابردوودا ئەوندە بایەخ بە شێوازی بڕین نەدەدرا، بەڵام ئێستا بە شێواز و ستایلی جۆراو جۆر و هاوگونجاوی سەردەمەكە بەكار دێت.

وتیشی: زۆربەی سەردانیكەرانم گەنجن، كاتێك سەریان بۆ چاك دەكەم پێمدەڵێن: وەكو فڵانە وەرزشوان سەرم بۆ چاك بكە یان وەكو ئەو ئەكتەرە سەرم بۆ چاك بكەم كە خۆی هەوادارێتی.

باسی لەوەشكرد ئێمە لەگەڵ سەرتاشیندا جۆرەها دەرمانی جوانكاری و سپی كردنەوەی رووخسار بۆ گەنجان بەكار دەهێنین كە لەڕابردوودا پێیان دەوت سپیاو.

ئەگەر لەڕووی پزیشكیەوە سەیری ئەم پیشەیە بكەین دەبینین بۆ پاك و خاوێنی كۆمەڵگە لەو كاتەدا زۆر گرنگە كە جۆرەها بوونەوەر وەكو ئەسپێ و كێج لە سەریان دەدا، بەڵام ئێستا ئەو حاڵەتە زۆر دەگمەنە و كەم بووتەوە هۆكارەكەشی هۆشیاری تەندروستی كۆمەڵگەیە، زۆرێك لە گەنجان كاتێك سەردانیم دەكەن كەرەستەی خۆیان دەهێنن، هەر چەندە ئێمە لێرە هەر كەرەستەیەك بۆ كەسێك بەكار بهێنین راستەوخۆ بە پاكژكەرەوە پاكی دەكەینەوە و خاولی دیسپۆزەبڵ بەكار دەهێنین.

لەناو كۆمەڵگەدا رێزیان هەبوو
لەو بارەیەوە سمكۆ بەهرۆز مێژوونووس و شارەزا لە مێژووی كەركوك بە كەشتی نوحی وت: كەرەستەكانی پیشەی سەرتاشی خۆی دەبینییەوە لە جۆرەها كەرەستەی جۆراو جۆر لە قاچی و مووس و پلایس و دەرمانی جۆراو جۆری تیماركردن كە هەر یەكەی لە پێویستی رۆژانەی خۆیدا بەكار دەهێنرا.

وتیشی: پیشەی سەرتاشی پیشەیەكی تەندروستی و جوانكارییە كە دەبێت لە چوار چێوەی رێنماییەكانی تەندروستیدا هەڵسوكەوت بكات ، چونكە پێویستی و ژیاری و تەندروستییە بۆ مرۆڤ. ئەوانەی لەم پیشەیەدا كاریان دەكرد تایبەتمەندی و رێزێكی دیاریكراویان هەبوو لە ناو كۆمەڵگەدا كە بەچاوی رێزەوە تەماشادەكران ئەوانەی لەو پیشەیەدا كاریان دەكرد خاوەن خوو رەوشتێكی بەرز بوون.

دەرمانی عەشایەرییان دەگرتەوە
باسی لەوەشكرد: پێش فراوان بوونی بواری پزیشكی زۆربەی دەلاكەكان كاری حەكیمییان دەكرد و خەڵكێكی تایبەت هەبوو لەم پیشەیەدا دەرمانی عەشاریەریان دەگرتەوە، ئەم دەلاكانە لە پاڵ دەلاكیدا كاری حەكیمی و خەتەنەكردنیان دەكرد: عوسمان شەش پەنجە، شكور بەربەر، حەسەن بەربەر، جگە لە عوسمان شەش بەنجە ئەوانی تر لە بازاڕی گەورە بوون بۆ خەتەنە كردن. ئێمە لە كەركوك پێماندەوت سوننەت عوسمان شەش پەنجە بە جانتایەكەوە گوندەكانی قەرە حەسەن، شوان، ساڵەیی، شۆراو، سوورە دێ، یاروەلی بەسەر دەكردەوە، ئەم خەتەنە كردنە نزیكەی حەوت بۆ دە رۆژی پێدەچوو.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد لەرابردوودا بەڕێوەبەری فەرمانگەكان بەمەراسیمی تایبەتی سەر و ریشیان دەتاشی هەر یەكە لەلای سەرتاشی تایبەتی خۆی سەری دەتاشی، مووسی جارانیش بۆتاشین بەشێوەیەكی تایبەتی تیژ دەكرایەوە و بەكار دەهێنرا بۆ جارێكی تر هەندێ كەس مووسی تایبەتی خۆیان هەبوو لە لای دەلاكەكان كە هەر كاتێك ریش و سەریان بتاشیایە بەكاریان دەهێنا.

هەروەها لەناو شارەكانیشدا سەرتاشی گەڕۆك هەبوو كە لەشەستەكانی سەدەی رابردوودا لە گەڕەك و كوچە و كۆڵانەكان دەسوڕانەوە و شوێنێكی دیاریكراویان نەبوو بۆ كاركردن.

 

 

 231 جار بینراوە