سەرەکی » کەلتوور » دیژاڤو لە روانگەی زانستەوە

دیژاڤو لە روانگەی زانستەوە

یونس قادر

دیژاڤو» ئەو حاڵەتەیە كە یەكەم جارتە ئەچیتە شوێنێكەوە، كەچی هەستێكی سەیرت هەیە، هەست دەكەیت ئاشنایت بەو شوێنەو پێشتر بینییووتە، لە كاتێكدا هەرگیز پێشتر لەو شوێنە نەبوویت. ئەم حاڵەتە بەسەر دوو لەسەر سێی خەڵكدا دێت، بەزۆری لە بارودۆخی ئاسایی رۆژانەشدا روودەدات، لەكاتی ئەوەی لەماڵەوە دانیشتووین بۆ نانخۆاردن یان یاخود لە شەقامێك دەپەڕینەوە بۆ سەر كارەكەمان دەچین. ئەم بابەتە، پرسێكە پێوەندی بە دەروونزانییەوە هەیە، لەبەرئەوەش بۆتە ئەركی ئەم زانستە، لێكۆڵینەوەی لەبارەوە بكات و وەڵامی بۆ بدۆزێتەوە. دەروونزانی، ناوی لەم حاڵەتە ناوە (دیژاڤو)، كە لە زمانی فەرەنسیدا بە واتای «پێشتر بینراوە» دێت.

بۆچونێكی دەروونزانی دێرین هەیە بۆ ئەم دیاردەیە، دەڵێت: هۆكارەكەی ئەوەیە زانیاری لە چاوێكدا یان رێڕەوی بینیندا ناهاوكات بووە لەگەڵ چاوەكەی تردا، بەهۆی ئەوەی كە چاوێك زانیاری بە میلیچركەیەك درەنگتر پێگەیشتووە لە چاوەكەی تر، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە ئەو هەستە هەڵەیە دروست ببێت.

بۆچونێكی تریش هەیە لەبارەی ئەم دیاردەیەوە، بەڵام زانستی نییە و لە رەهەندێكی ئایینیەوە سەرچاوەی گرتووە; گوایە ئەم حاڵەتە بەهۆی ئەوەوەیە كە مرۆڤەكان لەپاش مردنیان رۆحیان دەچێتە ناو كەسێكی ترەوە، لە ئەنجامی ئەم پرۆسەیەشەوە (دۆنادۆن) یادگاریی كەسە مردووەكەش بۆ كەسەكەی تر دەگوازرێتەوە. بەو هۆیەوەشەوە كەسەكە لە ژیانیدا چەند جارێك تووشی ئەم حاڵەتە دەبێت.

بەڵام دەروونزانی لێكۆڵینەوەی لەم بابەتە كردووە و بەم ئەنجامە گەیشتووە:
هەرچەندە لەمپەر لەبەردەم توێژینەوەی (دیژاڤو)دا هەیە، لەبەرئەو هەقیقەتەی كە ئەستەمە كەسێك بگریت لەو كاتەی ئەو هەستەی بەسەردا دێت. بەڵام لەساڵی 2009 بڵاوكرایەوە كە هەردوو دەروونزان ئالان براون و ئیلیزابێس مارش لە زانكۆی دیوك بانگەشەی ئەوەیان كردووە كە دەتوانن لە تاقیگەدا هەستی (دیژاڤو) دروستبكەن. میتۆدەكەیان لەسەر بیرۆكەی براون بونیاتنراوە كە هەستی (دیژاڤو) لە زەیینی نادیاردا دروست دەبێت. تاقیبكەرەوە، چاوبخشێنی بۆ ماوەیەكی زۆركورت بە دیمەنی شەقامێكی نائاشنادا، پۆستەرێكی هەڵواسراو بە پەنجەرەیەكەوە سەرنجت رابكێشێت، ئینجا دیسانەوە دیقەتی شەقامەكە بدەیتەوە، هەستی ئاشنایەتیت لا دروست دەبێت. ئەشێت لەم سیناریۆیەدا هەستی (دیژاڤو) ئەزموون بكرێت كە لە نیگا كەم و یەكەمەكەی دیمەنەكەوە پەیدا بووبێت و كۆگا بووبێت لە زەیینی نادیاردا»دا.

براون و مارش چەشنێكی لەم بارودۆخەیان لە تاقیگەدا دروستكرد. كۆمەڵێك هێمایان خستە بەرچاوی ئامادەبووان، هەندێك لە هێماكان تەواو ناسراو بوون و هەندێكی تریان نوێ و نەناسراوبوون. لە ئەنجامی خستنە بەرچاوی هێما نوێكان بۆ چەند میلیچركەیەك، هەر ئەوەندەی كە نەست بیبینێت، پێش ئەوەی ئەم هێمایانە جارێكی تر بخەنەوە بەرچاویان بۆ ماوەیەكی درێژتر، بووە هۆی ئەوەی كە بەشداربووەكان بەهەڵە بانگەشەی ئەوە بكەن كە پێشتر ئەم هێمایانەیان بینییووە. دوای تاقیكردنەوەكە، نیوەی ئامادەبووان وتبوویان ئەزموونی (دیژاڤو)یان كردووە لە كاتی لێكۆڵینەوەكەدا. توێژەرەوەكان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە دۆزینەوەكەیان ئالیەتێكی گونجاوی پێ داون، بۆ ئەوەی بزانن كە چۆن «ناسینەوەی هەڵە» یان بە دەربڕینێكی تر، دیژاڤو» لە ژیاندا روودەدات.

 241 جار بینراوە