سەرەکی » ئەدەب و هونەر » بۆریس گرۆیس: فیلم و وێنەی خێرا زۆر لە یەکەوە نزیکن

بۆریس گرۆیس: فیلم و وێنەی خێرا زۆر لە یەکەوە نزیکن

(بۆریس گرۆیس) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کورەیتەر (نەدیم سامان) و خاوەن گەلەری (ئانیا ستۆنێڵکا)، لەسەر دەرهێنەر (ئەندرێ تارکۆڤسکی) و دنیای سینەما دەدوێت. ئەم دیدارە لەبارەی ئەزموونی سینەمایی ئەو دەرهێنەرە مەزنەی جیهانی سینەماوەیە.

(هەندێك فیلمساز زۆر باشن لە دەربڕینی جووڵەدا، یان لە کۆنسێپتی جووڵە خۆیدا، بە کردنی هەموو شتێك بەخێراییەکی زۆر. بۆ ئەوان، فیلم لە بنەڕەتدا دەربارەی جووڵەیە. هەرچەندە فیلمسازی واشمان هەیە کە زۆر بایەخ بە وێنە تاکەکان دەدەن. فیلمەکانی ئەوان زنجیرەیەکە لە وێنەی تاك کە زۆر بە خاوی دەجووڵێن، تارکۆڤسکی یەکێکە لەوان.)

لە ئینگلیزییەوە: رامیار محەمەد

*رات چییە لەسەر ئەو وێنە خێرایانەی کە تارکۆڤسکی گرتوونی لە حەفتاکاندا؟ پەیوەندی چییە بە فیلمەکانییەوە؟

هەموو وێنەکان لە ئیتاڵیا گیراون، هەربۆیە ئەمە جۆرێکە لە (یاداشتنامەی بینراو visual diary)ی ئەو، کە وەکو کۆچەرێك، لە ژینگەی دەوروبەریدا ئەم یاداشتانەی تۆمار کردووە. ئەوەی سەرنجی من رادەکێشێ لەم وێنانەدا ئەوەیە، وەکو تابلۆی رۆمانتیکی سەدەی نۆزدە وایە، لە داڕشتنیان و هەروەها لە جووڵە و یاریکردنی رووناکییاندا. ئەمە مەیل و موودێکی شکۆمەندانە و باڵایە، بە واتایەکی تر، ئەمە ئەو شتە بووە، کە هەموو کات پێی سەرسام بووم کاتێك تەماشای فیلمەکانی ئەوم کردووە؛ چونکە مرۆڤ هاوەڵی وێنەی جووڵاو دەکات لەگەڵ سەدەی بیستدا. دەتوانم بڵێم: فیلم خودکارانە شتێکی تەکنەلۆژییە، کە ئەویش سەر بە مۆدێرنیتەیە. هێشتاکە لە راستیدا هەموو ئامێرە تەکنەلۆژییەکان، جۆرێکن لە (کەلەپوورێکی بینراوی) سەدەی نۆزدە. وەکو تێکهەڵکێشێک وایە لە (چیخۆف) و (کاسپەر دەیڤد فرێدریك)، بە واتایەکی تر، لە جۆری کوختێك ژیان لەگەڵ داتەپینی ئەرستۆکراتی روسی. ئەم وێنانە نۆستالجییە، بەڵام نۆستالجی نییە بۆ کولتوری سۆڤیەتی روسی کە ئەو بەجێیهێشت، بەڵکو نۆستالجیایە بۆ روسیای بەر لە شۆڕش. ئەو وێنانە رەنگدانەوەی جەوی نیۆرۆمانتیکن، لەو کاتەی کە تیایدا بەرهەمهاتوون. رۆمانتیسیزمی ئەو وێنانە زیاتر ئەڵمانین وەك لەوەی فەرەنسی بن. هەروەکو (کاسپەر دەیڤد فرێدریك) یان (ئۆتۆ ئەنگە). کلاسیسیستە، بەڵام بە روخسارێکی رۆمانتیك.

* ئایا ئەم بینینە نۆستالجییە وەکو (گەڕانەوە بۆ لای پەروەردگار) وایە بەلای تۆوە واتە هەمان پاڵنەری ریستۆرەیشنستەکانە؟

نەخێر ئەمە وەکو (گەڕانەوە بۆ لای پەروەردگار) نییە، چونکە ئاشکرایە مرۆڤ ناتوانێ بەمجۆرە بۆ لای شتەکان بگەڕێتەوە. ئەمە زیاتر هەوڵێکە بۆ یەکسانکردنی ئەم جۆرە رۆمانتیکەی سەدەی نۆزدە،و لە هەمانکاتدا داتەپینی هێواشی ئیستاتیكا، بە واتایەکی تر، وەکو جۆرێك لە جەو و مەیلی هەرێمیانەی (چیخۆف) و (تورگنێڤ) بۆ روسیا وایە. هەربۆیە، خێزانەکەی جۆرێکە لە سپەیسی یوتۆپی.

*کەواتە تۆ پێت وایە ئەمە بە هۆی ئەوەوەیە کە ئەو خێزانەکەی بۆ ماوەیەك جێهێشتووە؟

نەخێر. بەڵكو رەنگدانەوەی جەو و مەیلی چەقبەستنی سۆڤیەتە. تەماشای ئەو فیلمە بکە (ئاوێنەکە The Mirror)، کە بە هەمانشێوە زۆر چیخۆفیانەیە. من ئەو فیلمەم لە یەکێتی سۆڤییەت تەماشاکرد. باس لە ژیانی پیاوێكی خانەدان دەکات لە لادێ؛ بە واتایەکی تر ژیانێكی خانەدانی دەگێڕێتەوە، نەك واقعییەتی پرۆلیتاری سۆڤییەت. هەموو شتێك لە (داچا)* کاندا روودەدات، یاخود لە باڵەخانەی نیشتەجێبوونەکانی کەسانی دەوڵەمەند یاخود کەسانی رۆشنبیری مۆسکۆ. خەڵکانێك کە بە هەرشێوەیەك بووە ئەو شتەیان بنیاتناوە یان خێزانەکانییان بۆیان بنیاتناون. ئەمە بە نزیکی زیندووکردنەوەی هەستیاربوون بوو بەرانبەر خانەدانی سەدەی نۆزدە.

*تۆ لەو ساڵەدا روسیات بەجێهێشت، کە تارکۆڤسکی بەجێیهێشت. ئایا تۆ بەم جەوە رۆحییە، نۆستالجییەوە دەبەسترێیتەوە؟

کچەکەی تارکۆڤسکی چوو بۆ هەمان گروپی منداڵانی کوڕەکەی من، ئێمە لە مۆسکۆ دراوسێ بووین. باش شارەزایی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیەم. لەو کاتەدا، «رۆحانییەت» ناوێکی تری (تایبەتمەندێتی) یاخود (ئینتیما) بوو. نەك بڵێین بە زۆری بۆ سپەیسێکی فیکری تایبەت بێت، بەڵکو بە سادەیی، دەتوانین بڵێین سپەیسی تایبەتی. ئەوەی لە یەکێتی سۆڤییەتدا روویدا، جۆرێك بوو لە کۆگەلیکرنی هۆشمەندی، کۆگەلیکردنی مەیلی هەموو دانیشتوان، وەک جۆرێك سەرتاسەری کردنەوەی ناخودئاگایی. بەمپێیە، خەڵك تەنها دەیویست سپەیسە تایبەتەکەی خۆی بگەڕێنێتەوە.

مەیلی ئاینیانە لە کۆتایی (1960)ەکان و سەرەتایی (1970)کان، یەکەمین شەپۆلی بەتایبەتیکردن بوو. ئەوە بەتایبەتی کردنی سپەیسی ئایدیۆلۆجی بوو. بە واتایەکی تر دیسکۆرسی بەتایبەتیکردن مێژووییانە بەپێشی بەتایبەتیکردنی ئابووری دەکەوێت. ئیستاکە ئێمە گەیشتووینەتە بەتایبەتیکردنی موڵکی دەوڵەت. ئەمە جۆرێك بوو لە سپەیسێكی ئایدیاڵ و یوتۆپی، لە ناوەڕاستی سپەیسێکی کۆلێکتڤ. من بە گومان بووم، هیچ نۆستالجیایەکم نییە دەربارەی ئەوەی یەکێتی سۆڤیەت چی بووبێت. هیچ پەیوەندیم بەم جۆرە سپەیسە تایبەتییانەوە نییە. من هیچ کات بڕوام بە بەتایبەتیکردن نەبووە، هێشتاش بڕوام پێی نییە.

*بینەر چۆن دەتوانێت خەیاڵی فیلمەکانی و سروشتی دۆکیومێنتاری وێنە خێراکانی ئەو لە یەکتری جیا بکاتەوە؟

ئەگەر شتێك هەبێ سەرنجڕاکێش بێت دەربارەی تارکۆڤسکی، رێك ئەوەیە کە لە (کیچ) هەڵدێت، چونکە ئەو زۆر دۆکیومێنتاریستە و نایەوێت ببەسترێتەوە بە رابردووەوە و بیری بێتەوە. لە هەردووکییاندا: وێنە خێراکانی و فیلمەکانیشیدا، گەر بە رابردووەوە ببەسترێتەوە، ئەوا بە رێگایەکی نێگەتیڤانەوە پێوەی دەبەسترێتەوە. وەکو لە (ئەندرێ رۆبلێڤ Andre Rublev) دا هەیە. ئەو ئەم (ئێرە و ئێستا) رۆمانتیکییە، رۆحییە، پتەوەی دەوێت. زۆرتر دەربارەی هەستکردنە بە دانپێدانان، گەڕان بە دوای ئەوەی (رۆلاند بارت) بە (خاڵ Punctum) وەسفی دەکات. فیلم و وێنەی خێرا زۆر لە یەکەوە نزیکن؛ هەردووکیان بەخێرایی روودەدەن و زۆر بە باشی (سات) دەچەسپێنن، هەر بۆیە ئەوە دەربارەی نۆستالجیا و بیرەوەری نییە، ئەو کاری بە مێژوویی کردن ناکات و کۆنەپەرستیش نییە. لە وێنە فەورییەکانیدا، ئەو لە یەکسانییەك، یاخود لە پێناسەکردنێكی ئەم ئەزموونکردنە گرنگە دەگەڕێت لە ژیاندا لەگەڵ جۆرێکی تایبەتی بەخانەدانکردنی کولتوری مێژوویی هونەر. ئەو شتێکی روسی ناناسێتەوە، ئەو شتێك دەناسێتەوە کە سەیری کردووە لە مۆزەخانە و گەلەرییەکی هونەریی سەدەی نۆزدە.

*لەگفتوگۆی پێشووترتدا گەشتیتە ئەم ئەنجامانە وەکو «دۆکیومێنتاری رۆمانتیسیزم» کە دەگەڕێتەوە بۆ ئامڕازی رۆحانی بەبێ پەنابردنە بەر سوریاڵ.

بەڵێ بێگومان، ئەو نایەوێت واقیع بگۆڕێت، ئەو نایەوێت هیچ شتێك لە دۆخێکەوە بگوازێتەوە بۆ دۆخێکی تر. ئەو دەیەوێت جۆرێك لە دانپێدانان ئەزموون بکات، بە واتایەکی تر تەماشاکردنی شتەکان و کتوپڕ ناسینەوەی وەکو بەشێك لە مێژووی کولتوری رۆحانی. ئەو دەیەوێت بە راستوڕەوانی هەموو شتێکی دەستکرد و مشەخۆرانە لەسەر هونەر وەلانێت، ئەگەر ئەم دەربڕینە راست بێت.

*بەڵام هێشتا وێنە خێراکانی زۆر سەرنجڕاکێش و جوان و بە ستایل داڕێژراون.

بەڵێ بێگومان وایە، بەڵام ئەمە بینینی ئەوە بۆ شتەکان؛ ئەمە هەندێ لە وێنە سەرەتاییەکانی (جێف واڵ)م بەبیر دەهێنیتەوە. ئەو بۆ جوانی و دیمەنی سروشتی دەگەڕێت کە، (پۆسن و مانێت)ی بەبیر بهێننەوە، پاشان وێنەیان دەگرێت. وێنەکانی لە کارەکانی (پۆسن و مانێت) دەچن، بەڵام ئەوانەی ئەو بنیاتنراو نین. لێرەدا نایابییەکی دۆکیومێنتاریی هەیە لە پشاندانی راستەوخۆیی، لە هەمانکاتدا هەڵگری کۆدی مێژووییانە و کولتورییانەشن.

*وەك ئەوەی بتەوێ بڵێی، سینەماتۆگرافەر دەگەڕێتەوە بۆ تابلۆ وەکو جۆرێك لە سەرەتاییترین سەنگی مەحەك بۆ فیلم؟

زۆر بە رەهایی. ئەمە دەربارەی وێنەیە، دەربارەی هەڵوەشاندنەوەی جووڵەیە بۆ پلەیەکی دیاریکراو، کردنی فیلم بە جۆرێك لە سڵایدشۆ. ئەم هونەرە بە هەڵە ناسێنراوە و لێکدراوەتەوە وەک ئاڤانت گارد. خۆی ئەمە بەهیچ جۆرێک ئاڤانت گارد نییە.

*لەم سۆنگەوە دەکرێ ئێمە بڵێین: وێنە خێراکانی تارکۆڤسکی تەنها تەریب نین بە راهێنانەکانی وەکو فیلمسازێك؟ بەڵکو ئەوانە درێژکراوەی کارەکانی ئەون؟

دەتوانم بڵێم، لە روانگەی منەوە: وێنە خێراکانی ئەو تا رادەیەکی زۆر دەرخەری ئەوەن، کە ئەو چۆن فیلم دروستدەکات. ئەو فیلمەکانی بە جۆرێکی وێنەی زنجیرەیی کتوپڕی دروستکردووە کە خۆی دەیانناسێتەوە. هەروەها لەلایەن بینەرەوە بە شێوەیەکی شاراوە دەناسرێتەوە، کە خۆی پێشوەختە کۆدکراوە. لە روانگەیەکی جیاوازیشەوە (بۆدریار) دەڵێ: کاتێك تۆ تەماشای ژنێکی رووت دەکەیت هیچ شتێکی تازەت بۆ دەرناکەوێت، چونکە جەستەی ژن هەرزوو پێشتر بە کۆدکراوە، پێشوەختە دروستکراوێکی کولتورییە. تارکۆڤسکی تەماشای جیهان دەکات، بەڵام جیهان هیچ ئیلهام نابەخشێت. لە بنەڕەتدا هەر وایە و هیچ شتێک نییە. هەر خۆی وێنەیەکە لە جۆری بەدوایەکدا هاتنی مێژوویی، بە شتێکەوە دەبەسترێتەوە کە پێشتر بینیویەتی، دروستکراوی کەسێکە کە پێشتر دەربارەی زانیوە.

*بەڵام هێشتا ئەم وێنە خێرایانە بۆ بەکارهێنانی تایبەتی گیراون.

ئاخر تۆ هەر شتێك بکەیت وەکو هونەرمەند، هەمیشە ئەگەری بڵاوکردنەوە لە مێشکتدا دادەنێیت. ئەگەر تۆ نامەیەك یاخود یاداشتێك دەنووسیت، ئەم ئەگەرەت هەمیشە لە مێشکدایە. ئەمە هەمیشە بەشێکە لە بەرهەمی هونەریت. وێنە خێراکان دیوێکی جیاوازی ئەندێشە هونەرییەکەی ئەوە، یاخود دیوێکی جیاوازی ماتریاڵی چالاکییە هونەرییەکانی ئەوە. بە واتایەکی تر، ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو چۆن لە فیلمدا زنجیرەی وێنەیی لە وێنە تاکەکانەوە بنیات دەنێت.

*وەکو فیلمسازێك، هەوڵەکانی تارکۆڤسکی تا چەندە گرنگە بۆ (وێنەی وەستاو still-Photography)؟ واتە دەکرێ بڵێین، رادیکاڵانە دژی پراکتیسی هەندێك فیلمساز و وێنەگری دیکەی وەکوو (دەیڤد لینچ) یاخود (ویم وێندەرس)ە؟

نەخێر، پێم وانییە وابێت. هەندێك فیلمساز زۆر باشن لە دەربڕینی جووڵەدا، یان لە کۆنسێپتی جووڵە خۆیدا، بە کردنی هەموو شتێك بەخێراییەکی زۆر. بۆ ئەوان، فیلم فەندەمێنتاڵانە دەربارەی جووڵەیە. هەرچەندە فیلمسازی واشمان هەیە کە زۆر بایەخ بە وێنە تاکەکان دەدەن. فیلمەکانی ئەوان زنجیرەیەکە لە وێنەی تاك کە زۆر بە خاوی دەجووڵێن، تارکۆڤسکی یەکێکە لەوان. دەیڤد لینچ و ویم وێندەرسیش بەهەمان شێوە زۆر خاون. ئەو فیلمسازانەی کە دەزووی ئەم وێنە تاکانە بەیەکەوە دەبەستن، زۆرتر نزیکە لە تابلۆ و وێنەی نەجووڵاو. بژاردەیەکمان لەبەردەمە بۆ لێکدانەوەی فیلم وەک بە دوایەکدا هاتنی وێنە تاکەکان، تارکۆڤسکیش سەر بەم بەشە لە ترادسیۆنی سینەماتۆگرافییە.

پەراوێز:
*داچا: خانووی گەورەی لادێی روسی.

سەرچاوە:
www.whitespacegallery.co.uk

تارکۆڤسکی

 353 جار بینراوە