سەرەکی » کەلتوور » نمایشی چەوسانەوە و ستەم لە گەلی کورد

کتێبی کچانی دووکەڵ و ئاگری ئاڤا هوما

نمایشی چەوسانەوە و ستەم لە گەلی کورد

کۆسرەت ئەحمەد

کتێبی کچانی دووکەڵ و ئاگری ئاڤا هوما، نمایشی چەوسانەوە و ستەملێکردنی گەلی کوردە لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا، تەوزیفکردنی رووداوە راستینەکانە لە چوارچێوەی رۆمانێک و گێڕانەوەی کۆژان و خەم و ناسۆری میللەتێکی ژێردەستەی چوار دەوڵەتی نەیار. رۆمانەکە لە پێشبەند و سی و نۆ بەند و پاشبەند و سەرنجنامەی نووسەر پێکدێت.

دەستپێک شاکەس (لەیلا) لە دیدی منداڵێکی پێنج ساڵانەوە باس لە رووداوەکان دەکات، لەیلا هەموو شتزانە و دەبێتە گێڕەرەوەی رووداوەکانی نێو رۆمانەکە.

وەسفی گۆلی زرێبار و گرد و چیا و گوڵە شلێر و مێلاقە تێکەڵ بە گێڕانەوەی چیرۆک و رووداوەکانی رابردوو بەهایەکی قووڵ بە رۆمانەکە دەبەخشێت و خوێنەر بە نەهامەتیەکانی کوردانی بێوار ئاشناتر دەکات.

شاکەس بە بیروبۆچوونێکی فێمینیستانە و کوردانە چیرۆکەکان دەگێڕێتەوە و بەبێدەنگی قسەمان بۆ دەکات. کێشەی سەرەکی شاکەس دۆزی ژنە، باس لە چەوسانەوەی ژن لەلایەن دەسەڵات، کۆمەڵگا و خێزان دەکات.

ئەگەرچی دایبابی لەیلا وەک کێشەیەک و عەورەتێک سەیری کچەکەیان دەکەن، بەڵام ئەم تێڕوانینەیان لە خۆشەویستی لەیلا بۆ برا بچکۆلەکەی کەم ناکاتەوە و هەستی ئازاریشی بۆ باوکی سڕ نابێت کاتێک نەخشەی جێی قامچی سەر پشتی بابە دەبینێت چۆن بۆتە نەخشەی وارێکی بێ نەخشە لە سەر رووی نەخشەی جیهانیدا.

شاکەس باسی ژیانی خۆی دەکات
لە گێڕانەوەکەیدا شاکەس باس لە ژیانی منداڵی خۆی و برا بچوکەکەی دەکات تا دەگاتە قۆناغی هەرزەیی و قوتابخانە و هاوڕێیەتی لەگەڵ شلێری یاخی و هەروەها گەنجیەتی و بوونی بەربەستی نەداری و دەسەڵات لە هێنانەدی خەونی بۆ خوێندن لە زانکۆ، بەشی هونەری سینەما و کڕینی کامێرایەک بۆ هێنانەدی خەونەکانی. پەیوەندی لەیلا لەگەڵ دایبابی هەمیشە خراپ بووە ئەگەرچی بە ئاشکرا دەرینەبڕیووە، بەڵام هەمیشە لەژێر بارێکی دەروونی سەختدا بووە.

تروسکایی ژیانی لەیلا، جوانەی عەفرینی و شلێری کچی بووە، شلێری یاخی لە کۆمەڵگا و دەسەڵات، جوانەی هێمن و لەسەرەخۆ کە هەمیشە بە گوتەی ئەڤینا من گۆی دەکرد. ئەم پەیوەندیە پتەو و روحیەی لەگەڵ جوانە و شلێر هەر لە منداڵییەوە تا دوابەش و گەورەبوونی دەمێنێت و ئەوان دەبنە پاڵپشت و ئارامی بۆ لەیلا، تیشکێکی تری ژیانی لەیلا چیای برا بچوکەکەیەتی، هەر لەمنداڵیەوە خەمخۆر و مشوورخۆری برایەکەیەتی تا ئەو کاتەی دەچێتە زانکۆ و دواتریش لەگەڵ براکەی دەچێتە تاران و لەوێ لە کۆشکێکی کتێب فرۆشتن ئیش دەکات، سۆز و دڵەخورپەی بۆ برای لە هی دایکێک زێتر دەبێت و لەگەڵیدا رەفتاری دایک دەنوێنێت، کاتێک برا رۆشنبیر و وڵاتپارێزەکەی بێ سەروشوێن دەبێت، لەیلا بێ ئۆقرە و بێئارام شەو و رۆژ و مانگ و ساڵ ناناسێت تا ئەو کاتەی هەواڵی براکەی لە زیندانی ئیڤین دەزانێت و هەوڵ و تەقەللاکانی بەردەوام دەبێت بۆ وەرگرتنی مۆڵەت تا لە زیندان سەردانی بکات و هەوڵەکانیشی چڕ دەکاتەوە بۆ رزگارکردنی لە زیندان تەنانەت دوای ئەوەی چیا لەسێدارە دەدرێت و گیانی دەبێتە هەڵۆیەکی بەرزە فڕ، لەیلا دان نانێت بەم واقیعە تاڵە، بەڵکو کۆششەکانی چڕتر دەکاتەوە بۆ ئازاد کردنی براکەی.

کارکردن لەسەر لایەنی دەروونی کارەکتەر
ئاڤا هوما کارێکی زۆری لەسەر لایەنی دەروونی کارەکتەرەکان کردووە، دەروونی کارەکتەرەکان پڕە لە تێکشکان و داڕمان، دکتۆر ئالانی باوکی کەسایەتیەکی خەمۆکی و توڕە و گوێمەدێیە و دوایی تێپەڕ بوونی ئەو هەموو ساڵە، ئەو هێشتا لە رابردووە خوێناوییەکەی دەژیت، ئالان لە هەڵەبجەی خاکی هەنار و ئاسمانی سێو کەوتۆتە مەریوانی گۆلی زرێبار.

دایکی لەیلا، لەگەڵ ئالان لە زانکۆی تاران یەکتر دەناسن و مێردی پێدەکات، دوای گیرانی ئالان پەیوەندیەکە دەگۆڕێت و دەبێتە ژنێکی پڕ لە بوغز و کینە بۆ مێردە مەستەکەی و کچەکەی تاڕادەی خیانەتکردن و سێکسکردن لەگەڵ نێرەموکێک کە لەیلا بەچاوی خۆی دەیبینێت و ئەمەش بەیەکجار دەروونی لەیلا تێکدەشکێنێت، برینەکانی رۆحی لەیلا شاراوەن و بەبێدەنگی خوێنیان لێدەتکێ تا سەری خۆی هەڵدەگرێت و بەکێوان دەکەوێت.

جوانەی عەفرینی کەسایەتییەکی ئارام و لەسەرەخۆیە و وەک رۆنی زەیتونی عەفرین هەتوانە بۆ برینەکان، جوانە هاوژینی کۆمۆنیستێکی شەهیدە و لە لایەن دەسەڵات و کۆمەڵگا و دراوسێوە سوکایەتی پێدەکرێت.

شلێری کچی جوانە، کۆمۆنیست، فێمێنیست و یاخیەکی وڵاتپارێز، هەر لە هەرزەییەوە بەردەوام یاخییە و بەرەنگاری سیستەمی ئیسلامی دژ بە ژن دەبێتەوە، ژیانی نایەکسانی جێندەری و چەوسانەوەی نەتەوەیی و رەگەزپەرستی پێ قبوڵ ناکرێت و بەرەو ژنوار هەڵدەفڕێت، ژنوار، وارێک تێیدا ژن باڵادەستە و هەرچی کچ و ژنی کورد هەیە لە وڵاتی یۆتۆپیا ژیانێکی ئازادانە و دوور لە لاقەکردن و خۆسوتاندن دەژین و هەموو کۆت و بەندەکانی کۆنەپەرستی تێکدەشکێنن.

فانتازیای رۆمانەکە
فانتازیا پاژێک لەم رۆمانەی داگیر کردووە ئەگەرچی زۆریش نیە، لێ هەندێک دیمەن خوێنەر لەگەڵ خۆی راپێچی کەلێنی هەستەکان دەکات، هەر لە وەسفکردنی گۆلی زرێباری رەنگین و چیا و گوڵەکان تا هەستی لەیلا بۆ کارۆ، لەبەر چەند هۆیەک سەرەتا لەیلا هەستەکەی رەت دەکاتەوە، بەڵام دواتر بە سێکس و بەووردی وەسفکردنی و پێکهێنانی خێزان لەگەڵ کارۆدا. بەڕای من وەک رۆمان فانتازیای زێتری گەرەک بوو تا چێژی پتر بەداتە خوێنەر.

هەڵبژاردنی ناوەکان
هەڵبژاردنی ناوەکانی نێو رۆمانەکەی هەڕەمەکی نییە، ئالان کە لە هەڵەبجەی شەهیدەوە هاتووە، ناوێکی کوردیە و لە فلاشباکێکدا ناوی براکانی ئالانیش دێت کە هەموویان کوردین و نیشانەی کوردایەتیە، لەیلا سەرەتا ناوی دەنێن (نیشتمان کە هەمیشە لە دڵماندایە) بەڵام حکومەتی ئێران ناوی نیشتمان رەت دەکاتەوە و ناوی دەبێتە لەیلا، چیا، هێمای کوردەکان جگە لە چیاکان هیچ پشتیوانێکی دیکەیان نییە، مانەوەی کوردە لەسەر زێدی خۆی، جوانە ناوێکی کوردانەیە و ماڵباتێکی بەناوبانگی رۆژئاڤایە کە خاوەن خەبات و شەهیدن، شلێر گوڵە سیحراویەکەی کوردستانە.

کارۆ ناوێکی تەواو نەکراوی کارۆخە یان کاردۆخ کە رەچەڵەکی کورد کاردۆخیە، کورتکردنەوەی ناوی کارۆخ من وای بۆدەچم لەبەر ئەوەبێت کە کارۆ لە باوکێکی کورد و دایکێکی فارس لەدایکبووە و کەسایەتێکی هێمن و کەمێ شاراوەی هەیە.

بەشێوەیەکی گشتی رۆمانەکە شاکەس دەیگێڕێتەوە، دیالۆگ لە نێوان کارەکتەرەکان هەیە، بەڵام زۆر نییە، لەیلا دوای ناشتنی براکەی دەگەڕێتەوە تاران بۆ جێبەجێکردنی هەندێک کاری پەیوەست بە برا شەهیدەکەی، بەڵام زوو درواسێیەکی پێیڕادەگەیێنێت کە ئیتڵاعاتی ئێران دەیانەوێت دەستگیری بکەن، بۆیە دوای لێدەکات بەزووترین کات ماڵەکە بەجێبێڵێت، دوای ئەوەی کارۆ دەربازی دەکات و دەیباتە شوێنێکی دیکە تا پارێزراو بێت، کەچی دوای ئەوەی کارۆ دەگەڕێتەوە کەندا و بانگهێشتنامەی بۆ دەنێرێت، لەیلا لە فڕۆکەخانەی تاران هەڵدەفڕێت و بەرەو کەنەدا دەفڕێت، لێرە نووسەر رێگاچارەیەکمان نیشان نادات کە چۆن لەیلا لە فڕۆکەخانەی تاران سواری فرۆکە دەبێت ئەگەرچی ناوی لە لیستی قەدەغەکراواندایە.

گرنگی رۆمانەکە
گرنگی ئەم رۆمانە لەوادایە کە خاتوو ئاڤا هوما لەڕێی نووسینەوەی واقیعی تاڵی سەپێنراوی سەر میللەتی کورد و دابەشکردنی کوردستان بەسەر چوار دەوڵەتی نەیار و دوژمن و سیاسەتی دڕندانەی ئەو دەوڵەتانە بەرامبەر بە کورد هەر لە جینۆساید و ئیکۆساید و کەڵچەرساید و لینگۆساید و هەموو جینایەتەکانی دیکەی بەرامبەر بە کورد کراوە و دەکرێت، ئەمانە لە قاڵبی رۆمانێکی ریالیستی دەنووسێتەوە و کێشەی نەتەوە، کەلتور، ژن و سیاسەت دەکاتە تەوەرە سەرەکیەکانی رۆمانەکەی و بەدبەختی و ژان و ناسۆرەکان بە ئینگلیز زمان ئاشنا دەکات، ئەم رۆمانە دەبێتە لۆبیکی گەورەی کورد و دۆزی کورد بە جیهانی دەرەوە دەناسێنێت.

وێرای دەستخۆشیم بۆ خانمی نووسەر، دەستخۆشیەکی گەرمیش لە وەرگێڕی ئەم رۆمانە «شەفیقی حاجی خدر» دەکەم کە بەسەلیقەیەکی ئەدیبانە و زمانێکی پاراو کتێبەکەی وەرگێڕاوە.

 238 جار بینراوە