سەرەکی » وەرزش » له‌یكه‌رز ئه‌ستێره‌یه‌كی تری گه‌وره‌ی گواسته‌وه‌ ریزه‌كانی

له‌یكه‌رز ئه‌ستێره‌یه‌كی تری گه‌وره‌ی گواسته‌وه‌ ریزه‌كانی

دوای شكست له‌ قۆناغی یه‌كه‌می پله‌ی ئۆفی خولی باسكه‌ی‌ ئه‌مریكا، تیپی لۆ ئه‌نجلس لیكه‌رز ریزه‌كانی به‌ یه‌كێك له‌ دیارترین ئه‌ستێره‌كانی خوله‌كه‌ به‌هێز كرد.

چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی‌ هه‌واڵی ئه‌مریكا دوپاتیانكردۆته‌وه‌ راسل وێستبروكی ئه‌ستێره‌ی دیاری تیپی واشنتۆن ویزاردز په‌یوه‌ندی به‌ له‌یكه‌رزه‌وه‌ كردوه‌ به‌مه‌ش وه‌رزی داهاتوو له‌ پاڵ لیبرۆن جیمس و ئه‌نتۆنی دیڤیس یاری ده‌كات.

تۆڕی ئی ئێس پی ئێن بڵاویكردۆته‌وه‌ وێست بروك به‌رامبه‌ر به‌ سێ یاریزان كه‌ پێكهاتون له‌ كایل زوما و مۆنتریزل هاریل و كنتافیوس كالدویل-بۆب له‌گه‌ڵ بژارده‌ی‌ 22 له‌ دارفت كه‌ تایبه‌ته‌ به‌گواستنه‌وه‌ی یاریزانانی زانكۆكان و بیانیه‌كان بۆ تیپه‌كان، په‌یوه‌ندی كردوه‌ به‌ له‌یكه‌رزه‌.

وێستبروك ئه‌ستێره‌یه‌كی دیاری ئێن بی ئه‌یه‌ كه‌ رێژه‌ی خاڵ تۆماركردنی وه‌رزی رابردوو 22 خاڵ و 11 ئه‌سیست و 11 ریباوندبووه‌.

ساڵی 2017ه‌ش به‌ باشترین یاریزانی خولی باسكه‌ی‌ ئه‌مریكا دیاری كراوه‌ و 9 جارش بۆ یاری ئۆڵستارز هه‌ڵبژێردراوه‌.

لای خۆشیه‌وه‌ وێست بروك هه‌واڵی په‌یوه‌ندی كردنی به‌ له‌یكه‌رز دوپات كردۆته‌وه‌ كه‌ له‌ تویته‌ر سوپاسی له‌ تیپه‌كه‌ی‌ پێشووی كردوه‌و ماڵئاوایی له‌ هانده‌ران كردوه‌.

 156 جار بینراوە