سەرەکی » کەلتوور » کلارا زیتکینای شۆڕشگێڕ و داکۆکیکاری مافی ژنان

کلارا زیتکینای شۆڕشگێڕ و داکۆکیکاری مافی ژنان

فەهیمە سابیر

کلارا زیتکینا بەناوی کلارا جۆزفین ئیسنەر لە گوندی فیدراو، کە خەریکی کاری کشتوکاڵی بوون، لە سەکسۆنیا لە سالی 1857 لەدایک بووە، باوکی گۆتفرید ئیسنەر بەڕێوەبەری خوێندنگە، ئەندامی کەنیسەی پرۆتستانتی بووە، دایکی جۆزفین فیتالی لە بنەچە فەڕەنسی بووە، ئەم خێزانە لە چینی ناوەڕاست و خوێندەوار بوون، خاوەنی سێ منال بوون کلارا گەورەکەیان بووە، لە ساڵی 1872 لە لایبزیگ نیشتەجێ بوون، زیتکینا لە کولێژی ماموستای کچان درێژەی بە خوێندندا، لە سالی 1882 چووە زویریخ لە سویسرا چونکە بسمارک چالاکی سۆسیالیستەکانی لە ئەلمانیا لە سالی 1878 قەدەغەکرد، پاشان چووە پاریس و لە خوێندن بەردەوام بوو بۆ ئەوەی وەک رۆژنامەنوس و وەرگێر کار بکات، لێرە کەوتە ناو خەباتی ئینتەرناسیونالی، لە مێردە روسیەکەی کە جولەکە بوو دوو منداڵی بوو، دوای مردنی مێردەکەی لە سالی 1889 گەرایەوە شتوتگارت و لەگەڵ هونەرمەند جۆرج فریدریتش زۆندل کە تەمەنی هەژدە ساڵ بوو ژیانی هاوسەری نوێی پێکهێنا تا ساڵی 1928 درێژەی کێشا.

مارکسیزمی کردە رێبازی خۆی
کلارا زیتکینا بەهۆی مێردی یەکەمی ئۆسیب زیتکین تێکەڵی کاری سیاسی بوو، کە زۆربەی کاتەکانی بە بەشداری کۆبوونەوە و کاری سیاسی سۆسیالیستی دەبردە سەر، مارکسیزمی کردە رێبازی خۆی و کاری لە سەر رزگارکردنی ژن دەکرد، کە کەشوهەوای سیاسی لە ئەلمانیا تێکچوو بوو بەناچاری چووە سویسرا و فەڕەنسا ، و کە گەرایەوە ئەڵمانیا بووە سەرنووسەری رۆژنامەی پارتی دیمۆکراتی سۆسیالیستی ژنان، کە بە رۆژنامەی یەکسانی «Die Gleichheit» دەناسرا ، 25 سال رۆژنامەکەی بەرێوەبرد، زیتکینا کە خوێندنی تەواو کرد بووە ماموستا، هەر لە ساڵی 1874وە پەیوەندی لەگەڵ تەڤگەری ژنان و بزوتنەوەی کرێکاری دروستکرد، لە ساڵی 1878 بووە ئەندامی ئەو پارتەی کە لە ساڵی 1875 بە یەکگرتنی لاسالیەکان و سەندیکای گشتی کرێکارانی ئەڵمان پێک هاتبوو، بزوتنەوەی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا بوو، کلارا زیتکینا لەگەڵ هاوڕێ نزیکەکەی و هاوخەباتی رۆزا لۆکسمبۆرگ کە ئەویش کەسایەتیەکی دیاری باڵی چەپی سۆسیالیستی ئەڵمانیا بوو بە یەکەوە خەباتیان دژی هەندێ ئاڕاستەی رێفۆرمخوازی دەکرد.

رۆڵی کاریگەری هەبوو
زیتکینا زۆر گرنگی بە خەباتی سیاسی ژنان و خەبات بۆ دەرفەتی یەکسانی کار و مافی هەڵبژاردنی یەکسان دەدات، رۆڵی کاریگەری هەبوو لە بەرەوپێشبردنی بزوتنەوەی ژنانی سۆسیال دیمۆکراتی ئەڵمانیا، سەرۆکی « نووسینگەی ژنان»ی سۆسیال دیمۆکرات بوو تا ساڵی 1907 کە ئەو رێکخراو بە دەستپێشخەری سۆسیال دیمۆکراتەکان دامەزرابوو، لە کۆنگرەی کۆبنهاگنی سالی 1910 بە پشتگیری زیتکینا پێشنیاری رۆژێکی جیهانی بۆ ژنان کرا، نوێنەرانی ژنان کە 100 ژن بوون لە 17 وڵاتەوە هاتبوون، لەسەر خەبات بۆ یەکسانی و رۆژێکی جیهانی بۆ ژنان لە ساڵی 1911 رێککەوتن، لە ساڵی 1899 لە وتارێکدا لە بەردەم کۆبونەوەی ئینتەرناسیونالی دووەم دژی پارچەکردنی بزوتنەوەی ژنان زیتکینا ووتی:
« ژنانی کرێکار کە خەبات بۆ یەکسانی کۆمەڵایەتی دەکەن چاوەرێی هیچ ناکەن تا لە بزووتنەوەی ژنانی بۆرژوازی جیابکرێنەوە کە ئەوانیش بانگەشەی خەبات بۆ مافی ژنان دەکەن، ژنانی کرێکار ئەو راستیە دەزانن کە رزگاربوونیان لە کۆمەڵگەی نوێ پرسێکی دابڕاو نیە، بەڵکو پەیوەستە بە گۆڕانێکی کۆمەڵایەتی ریشەیی.

باشترکردنی دۆخی ژنان
زیتکینا سەیری بزوتنەوەی ژنانی دەکرد کە پەیوەستە بە بزوتنەوەی سۆسیالیستی و تاکە رێگەیە بۆ کۆتایی هێنانی ستەم و زۆرداری سەر ژن، ئامانجی سەرەکی هێنانە دەرەوەی ژن بوو لە ماڵ و کارکردنی بۆ ئەوەی لە سەندیکا کرێکاریەکان و ئەوانەی گرنگی بە مافی مرۆڤ دەدەن رێکبخرێن، بروای بەوە هەبوو کە سۆسیالیستەکان خەبات بۆ ریفۆرم و باشترکردنی دۆخی ژنان بکەن، بەڵام باوەریشی بەوە هەبوو کە ئەوە بەبێ هەنگاونان بەرەو سۆسیالیزم نایەتە دی، کە ئەو کاتە لە سایەی سۆسیالیزم بە یاسا رێکدەخرێت.

لە قۆناخی هەڵگیرسانی شەری جیهانی یەکەم لەگەڵ چالاکوانان و شۆڕشگێڕان خەباتیان چڕکردەوە بۆ یەکێتی خەباتی چینی کرێکار، لە کۆنگرەی ئاشتی ژنانی نێودەوڵەتی کە لە سویسرا بەسترا زیتکینا دەڵێ: «کێ لەو شەڕە سودمەندە؟ کەمایەتیەکی بچوک لە هەر وڵاتێک وەک ئەو کۆمپانیایانەی چەک و کەشتی و پێویستی شەر بەرهەم دێنن، ئەمانە رق وکینە لە ناو خەڵک بڵاو دەکەنەوە، بۆ دەستکەوت و قازانج شەڕ بەرپا دەکەن، کرێکاران هیچ لەو شەڕە بەدەست ناهێنن بەڵام ئەوەی خۆشەویستە لەلایان لە دەستی دەدەن» زیتکینا و رۆزا لۆکسەمبۆرگ دژی سیاسەتی بەشێکی سۆسیالیستەکان وەستانەوە کە بێ دەنگیان لە شەڕەکە هەڵبژارد، زیتکینا لە ساڵی 1915 لە بەرلین کۆنگرەیەکی جیهانی دژی شەڕی بۆ ژنانی سۆسیالیست رێکخست، ئەمە چالاکیەک بوو دژی شەڕ، لە سالی 1916 زیندانی کراو دواتر بەهۆی نەخۆشیەوە ئازاد کرا، زیتکینا لە ساڵی 1917 یەک لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی سپارتاکۆس، سۆسیال دیمۆکراسی سەربەخۆی ئەڵمانیا بوو.

نوێنەری کۆمۆنیستەکان بوو
زیتكینا داکۆکیکارێکی سەرسەختی ژنان و کاری بۆ کرێی یەکسانی هەردوو رەگەزەکە و مافی جیابوونەوە و مافی هەڵبژاردن بۆ ژنان دەکرد، کە لە ساڵی 1919 پارتی کۆمۆنیستی ئەڵمانیا دروست بوو زیتکینا بەشداری کرد و لە ساڵی 1920 تا ساڵی 1933 نوێنەری کۆمۆنیستەکان بوو لە پەرلەمان، لە ساڵی 1920 لەگەڵ لینین چاویان بەیەک کەوت و پرسی ژنیان تاوتوێ کرد، زیتکینا ئەندامی لێژنەی ناوەندی کۆمۆنیست و سەرپەرشتیاری ئەمینداری نێونەتەوەیی ژنانی جیهانی بوو، لە ساڵی 1932 لە پەرلەمان بانگاوازی بۆ یەکێتی کرێکاران دژی فاشیزم کرد و ووتی: « ئەرکی سەرەکی کە ئەمڕۆ دەبێ گرنگی پێ بدرێ پێکهێنانی بەرەیەکی فراوانە لە کرێکاران دژی فاشیزم بۆ پاراستنی کرێکاران لە چەوسانەوەو کۆیلەیەتی، پێویستە هەموو را سیاسی و سەندیکایی و ئایینی و هەموو ئەوانەی هەست بە هەڕەشە دەکەن و دەیانەوێ ئازاد بن بخزێنە ناو ئەو بەرەیەی دژی فاشیزم و نوێنەرانیان لە حکومەت پێک دێت، لە ساڵی 1933 دووبارە زیتکینا لە ئەڵمانیا دوور خرایەوە و هەر لەو ساڵە کۆچی دوایی کرد، هەوڵی بێ وچانی زیتکینا لە خەباتی سیاسی سۆسیالیستی و کاری بۆ مافی ژنان کردییە سیمبۆل و نموونەیەکی جیهانی.

 178 جار بینراوە