سەرەکی » وەرزش » كێشەی گۆڵكردن گەورەترین کێشەی ئەنچیلۆتی دەبێتپەڕە 3

كێشەی گۆڵكردن گەورەترین کێشەی ئەنچیلۆتی دەبێت

یانەی ریاڵ مەدرید ئامادەكارییەكانی بۆ وەرزی نوێ دەست پێكردوە، كارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری نوێی یانەكەش دەیەوێت تیپەكەی بە باشترین شێوە بۆ ركابەرییەكان ئامادەبكات، ئەوەش باش دەزانێت ئەركی ئەمجارەی لە یانەكە زۆر قورستر دەبێت لەو كاتەی كە نازناوی چامپیۆنس لیگی لە ساڵی 2014 بردەوە.

ئەنچیلۆتی لە ماوەی دووەمیدا وەک راهێنەری ریاڵ مەدرید كێشەیەكی گەورەی بە میراتی بۆ ماوەتەوە، كێشەیەك كە جولین لۆپیتیگی و سۆلاری و تەنانەت زیدانیش لە ماوەی دووەمی خۆیدا نەیانتوانی چارەسەری بكەن.

ئەو كێشە گەورەیەش خراپی دۆخی هێڵی هێرشبەری یانەكەیە، ئەو كێشەیە بە رۆیشتنی كریستیانۆ رۆناڵدۆ دەستیپێكرد، بەڵام ئێستا رەنگە كێشەكە قوڵتر ببێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی یانەكە لە توانای سێرجیۆ رامۆس بێ بەش بووە كە لەدوا 3 وەرزدا لەو یانەیە دوو جار دووەم باشترین گۆڵكەری یانەكە بوو.

ئەنچیلۆتی و ئیدارەی یانەكەش بە باشی دەزانن یانەكە پێویستی بە هێرشبەرێكی بەتواناو گۆڵكەرە بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو كێشەیە چارەسەر بكات، بۆ ئەمەش ریاڵ مەدرید جاوی بڕیوەتە هەریەك لە كیلیان مباپی و ئیرلینگ هالاند و رۆبەرت لیڤاندۆڤسكی.

ئەركی ئەمجارەی ئەنچیلۆتی زۆر جیاوازە لەو کاتەی كە پێشتر راهێنەری ئەم یانیە بووە، چونكە ئەو كات كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ریزەكانی یانەكە باشترین ئاستی پێشكەش دەكرد و بەهۆیەوە رێژەی گۆڵی یانەكە لە هەر یارییەك 2:6 گۆڵ بوو، بەڵام وەرزی رابردوو رێژەی گۆڵكردنی یانەكە بۆ هەر یارییەك 1:59 بووە، نەك تەنها ئەوە بەڵكو لە زۆر یاریدا ریاڵ مەدرید كێشەی گەورەی گۆڵكردنی بۆ دروست دەبوو بەتایبەت ئەگەر تیپێك بەشێوازی بەرگری یاری بكردایە، بەهۆی ئەمەشەوە چەندین خاڵی لەدەستدا.

لە میركاتۆی هاوینەشدا چەندین یاریزان هەن كە توانای ئەوەیان هەیە ئەو كێشەیەی ریاڵ مەدرید چارەسەر بكەن لەسەرو هەمووشیانەوە كیلیان مپابی و دووەم چارەسەریش لە بۆندس لیگاوە دەبێت كە لیڤاندۆڤسكییە، یاخود هێنانی ئیرلینگ هالاندە لە یانەی بروسیا دۆرتمۆند.

وەرزی رابردوو هەرچەندە رامۆس بەهۆی پێكانەوە ماوەیەكی زۆر یاری نەكرد، بەڵام لە 3 وەرزی رابردوو دا 25 گۆڵی هەبووە، لەبەرامبەردا ئەلابا کە ئەمساڵ هاتۆتە ریاڵ مەدرید، لەو ماوەیەدا 7 گۆڵی كردوە، ئەمەش مانای ئەوەیە بە رۆیشتنی رامۆس ریاڵ مەدرید 18 گۆڵی لەدەستداوە.

ئەنچیلۆتی بەباشی دركی بەو كێشەیە كردوە، لە لێدوانێكیشیدا لەسەر هێرشبەرانی یانەكەی ئاماژەی بەوەداوە کە بنزیمە پێویستە لە بری 30 گۆڵ لە وەرزێكدا 50 گۆڵ بكات، دوپاتیشی كردوە كە ڤینیسۆسیش خۆی باشتر بکات، هەروەها ئەوەشی ووتووە کە ریاڵ مەدرید پێویستی بە گۆڵی یاریزانانی تریش دەبێت.

 190 جار بینراوە