سەرەکی » دۆسێ » ״دەلتا״ لە عیراق تەندروستی پەرێشان دەكاتپەڕە 27

داوای راگەیاندنی باری نائاسایی دەكرێت

״دەلتا״ لە عیراق تەندروستی پەرێشان دەكات

كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عیراق، داوای راگەیاندنی باری نائاسایی تەندروستی دەكات لە وڵات، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ژمارەی تووشبوان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، هۆكاری ئەمەش بۆ لاوازیی هۆشیاری تەندروستی دەگێڕێتەوە.

ئەمەش لەكاتێكدایە، بڵاوبوونەوەی جۆری «دەلتا»ی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە لە هەمان كاتدا بە جۆرە هیندییەكەشی ناودەبرێت، رەوشی تەندروستی خراپتر كردووە و بۆتە مایەی بەرزكردنەوەی ئاستی ژمارەی تووشبوان بە پەتاكە بە جۆرێك كە لە 26ی تەمموزی 2021 ژمارەی تووشبوون ژمارەی پێوانەیی شكاند و زیاتر لە 12 هەزار حاڵەتی تووشبوونی لەماوەی 24 كاتژمێردا تۆماركرد.

داواكاریی بۆ راگەیاندنی باری نائاسایی
فازڵ غەراوی، ئەندامی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عیراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند»داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین، باری نائاسایی تەندروستی رابگەیەنن و دەست بكەن بە هەڵمەتێكی هەمەلایەنە بۆ كوتانی هاووڵاتیان لەڕێی تیمە گەڕۆكەكان».

بە وتەی غەراوی»رەوشی كەڵەكەبووی تووشبوون بە پەتاكە، زەنگی روودانی كارەساتێكی مەترسیدارە، ئەمەش بەهۆی پابەند نەبوونی هاووڵاتیان بە رێكارەكانی خۆپارێزی و لاوازیی هۆشیاری تەندروستی».

لای خۆیەوە، زیاد حازم بەڕێوەبەری تەندروستی كەرخ رایگەیاند»خۆكوتانی رۆژانە بەڕێژەی 41 هەزار كەس لە هەموو وڵاتدا رووی لە بەرزبوونەوە كردووە، لە هەمان كاتدا لە فەرمانگەی تەندروستی كەرخ لەماوەی پشووەكانی جەژنی قوربان، زیاتر لە 44 هەزار كەس ڤاكسینی دژە كۆرۆنایان وەرگرتووە».

بە وتەی ئەو بەرپرسە»نەخۆشخانەكانی كەرخ قارەباڵغییەكی زۆری ژمارەی تووشبوان بە كۆرۆنا بەخۆوە دەبینن، لەگەڵ بوونی زیاتر لە 500 كەس كە باری تەندروستییان خراپە و زیاتر لە 15 هەزار كەسی تریش لە ماڵەكاندا خۆیان كەرەنتینە كردووە»، ئاماژەی بە تۆماركردنی زیاتر لە 150 هەزار تووشبووی نوێ‌ كرد بە جۆری سێیەمی نوێی كۆرۆنا كە بە (دەلتا) ناودەبرێت لەماوەی كەمتر لە 30 رۆژدا، وێڕای بوونی هەزارانی تر كە بە سووكی پەتاكەیان گرتووە و سەردانی دامەزراوە تەندروستیەكان و كلینكە تایبەتەكانیان نەكردووە و لە چوارچێوەی لیستی تووشبووانی رۆژانەدا ناویان تۆمارنەكراوە».

كۆبوونەوەی شانەی قەیران
لە 26ی تەمموزی 2021، شانەی قەیران لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، كۆبوونەوەیەكی نائاسایی سازكرد بۆ تاوتوێكردنی رەوشی تووشبوون بە كۆرۆنا لە وڵاتدا.

بەپێی بەیاننامەیەكیش كە پێشتر لەلایەن جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بڵاوكرایەوە»بەهۆی بەرزبوونەوەی بێ‌ پێشینەی ژمارەی تووشبوون و مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتدا، شانەی قەیرانی پەرلەمان بەسەرۆكایەتی حەسەن كەریم كەعبی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و تەواوی ئەندامەكانی لە بارەگای ئەنجومەن و لە هۆڵی دەستوری بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی كۆدەبنەوە و هەڵوەستە دەكەن لەسەر دەستەواژەكانی بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبوون و مردن بە پەتای كۆرۆنا».

لە بەیاننامەكەدا، كەعبی جەختی لەسەر پێویستی پشتیوانی دەستبەجێ‌ و خێرا و یارمەتیدانی پێویستی پاڵەوانانی سوپای سپی كردبووە لە هەموو دامەزراوە تەندروستییەكان، وێڕای هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان، بۆ پابەندبوون بە ڕێنماییەكانی خۆپارێزی و پەلەكردن لە وەرگرتنی ڤاكسینەكان، لەپێناو زامنكردنی تووشنەبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

كارەساتێكی تەندروستی مەترسیدار
هەر لەو چوارچێوەیەدا، كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە پارێزگای دیالە، هۆشداریی دابوو لە هاتنەبەری سۆنامییەكی تەندروستی لە عیراق، لە دوای پشتووەكانی جەژنی قوربان.

سەڵاح مەهدی، بەڕێوەبەری كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە دیالە، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند»دەیان هەزار خێزان لە پارێزگا جیاجیاكانی عیراق و دیالەوە سەردانی ناوچە گەشتییەكانیان كردووە لە هەرێمی كوردستان لە ماوەی پشووەكانی جەژنی قوربانی پیرۆز، لەكاتێكدا هەرێمی خۆی بەدەست بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناوە دەناڵێنێت و رێژەیەكی بەرزی تووشبوون تۆماردەكات».

بە وتەی سەڵاح مەهدی»تێكەڵاوبوونی زۆری خێزانەكان لەگەڵ رێژەی پابەندبوون بە چوارچێوەی خۆپارێزی لە ناوچە گەشتیارییەكاندا سفرە، ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت كە ژمارەی تووشبوون دەگاتە ئاستێكی نیگەرانبەحش و رێژەی تووشبوون لەدوای گەڕانەوەی ئەو خێزانانە لە ناوچە گەشتیارییەكان، هێندەی تر بەرزدەبێتەوە».

بەڕێوەبەری نوسینگەی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە دیالە دەڵێت»دەكرا لیژنەی باڵا، رێكارەكانی خۆپاراستن لە ناوچە گەشتیارییەكاندا توند بكات، لەو ناوچانەدا رێوشوێنی تەندروستی توند بگرێتەبەر، لەڕووی پابەندكردنی گەشتیاران بە بەستنی دەمامك و رووبەری لەیەكتر دووركەوتنەوە، ئەوەی رەوشەكەشی زیاتر مەترسیدار كردووە، لاوازیی ئاستی وەرگرتنی ڤاكسینەكانی دژە كۆرۆنایە لە زۆربەی ناوچەكانی وڵات، هەرچەندە ئێمە لەئێستادا لە ترۆپكی شەپۆلی سێیەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناداین».

لەبارەی گەڕانەوەی بۆ قەدەغەكردنی هاتووچۆ
عەبدولخالق میدحەت، ئەندامی شانەی قەیران لە پەرلەمانی عیراق رایگەیادبوو، تۆماركردنی ژمارەی پێوانەیی تووشبوون بە كۆرۆنا و گەیشتنی بە زیاتر لە 12 هەزار تووشبوو لە رۆژێكدا، چەند هەفتەیەكە پێشبینی كراوە.

عەبدولخالق میدحەت لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو”بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوون بۆ سەرو 12 هەزار كەس لە یەك ڕۆژدا، بۆ چەند هەفتەیەكە چاوەڕوانكراوە لە عیراق، بە تایبەت لە دوای جەژنی قوربان، لە سایەی گردبوونەوەی زۆری هاووڵاتیان، ئەمەش لەكاتێكدایە كە پێشتر هۆشداریی دراوە”.

ئەو ئەندامەی شانەی قەیرانی پەرلەمانی عیراق، پێشبینی كرد لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا ژمارەی تووشبوون ئاستی پێوانەیی تۆماربكات، گەر پابەندبونێكی ڕاستەقینە نەبێت و لەو بارەیەشەوە وتی”پەتاكە لەئێستادا هەڕەشە لە عیراق دەكات،سەپاندنی قەدەغەكردنی هاتووچۆش بەسەرچووە و ناكرێت ببێتە چارەسەر لە سایەی پابەندنەبوونی هاووڵاتیان، بۆیە ئاستی تووشبوون هەر بە بەرزی دەمێنێتەوە”.

بە وتەی میدحەت”عیراق لەئێستادا لە ترۆپكی شەپولی سێیەمدایە و تاكە چارەسەریش وەرگرتنی ڤاكسین و بەستنی دەمامك و دووركەوتنەوەیە لە گردبوونەوە، بەپێچەوانەوە بە ساتێكی قورسدا تێدەپەڕین”.

گەیشتنی ڤاكسینی زیاتر
لەگەڵ لاوازیی ئاستی وەرگرتنی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا، وەزارەتی تەندروستی عیراق، لە 25ی تەمموزی 2021، گەیشتنی 500 هەزار پێكوتەی نوێی لە ڤاكسینی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێی رایگەیاند كە لەلایەن كۆمپانیای فایزەرەوە بەرهەمهێنراون.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن كۆمپانیای گشتی بەبازاڕكردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكانی وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە»500 هەزار پێكوتەی نوێی ڤاكسینی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێی بەدەست گەیشت كە لەلایەن كۆمپانیای فایزەرەوە بەرهەمهێنراون».

وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندبوو»ئەو وەجبەیەی ڤاكسینەكان، لەماوەی چەند رۆژێكدا لەڕێی ناوەندە رەسمییەكان لە بەغدا و تێكڕای پارێزگاكانی تر، دابەش دەكرێت».

 216 جار بینراوە