سەرەکی » دۆسێ » خۆپیشاندان لەپێناوی ״كۆتایی هێنان بە قوتاربوون لە سزا״

عیراقییەكانی تووڕەكردووە

خۆپیشاندان لەپێناوی ״كۆتایی هێنان بە قوتاربوون لە سزا״

سەدان كەس لە بەغدا، بۆ «كۆتایی هێنان بە قوتاربوون لە سزا» لە عیراق خۆپیشاندانیان كرد، بەو پێیەی تائێستا دەیان نەیاری دەسەڵات و چالاكوان لە خۆپیشاندانە میللییەكەی تشرینی یەكەمی 2019وە كوژراون یان رفێنراون، وەك ئاژانسی (فرانس پرێس) ئاماژەی پێدەكات.

خۆپیشاندەران زۆرێك لەو خوێندكارانەی لەخۆگرتبوو كە لە خۆپیشاندانی ناڕەزایی 2019 بەشدارییان كرد و لە نێوجەرگەی پایتەختی عیراقدا لەژێر چاودێری توندی پۆلیسدا رێپێوانیان كرد.

خۆپیشاندەران، دروشمی «نەخێر بۆ حزبە سیاسییەكان! نەخێر بۆ میلیشیاكان!» دەوتەوە، بەر لە گوێگرتن بۆ سرود و قەسیدەكان بەسەر سەفا سەرای كە یەكێك بوو لە دەركەوتووترین چالاكوانەكانی ساڵی 2019 و لە گۆڕەپانی تەحریر و بە بۆمبێكی فرمێسك ڕێژ كە بەر سەری كەوت، لەنێوەندی خۆپیشاندەراندا لە بەغدا گیانی دەستدا.

هێزە ئەمنییەكان لە گۆڕەپانی فیردەوس و گۆڕەپانی تەحریر بڵاوەیان پێكرا كە جێگەی گردبوونەوەی خۆپیشاندەران بوون، بە هەمان شێوە ژمارەیەك لە رێگەكان و پردی جمهوریش داخران كە بەرەو ناوچەی سەوز دەچێت و بارەگای حكومەت و باڵیۆزخانەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان و بەریتانیای تێدایە.

رۆژنامەی «ئیندپندنت» دەڵێت، لەدوای خۆپیشاندانی تشرینی 2019، زیاتر لە 600 كەس كوژران و هەزارانی تر برینداربوون، زۆرێك لە چالاكوانان لە ترسی تۆڵەلێكردنەوە، عیراقیان بەجێهێشت و روویان لە هەرێمی كوردستان كرد كە ئیدارەیەكی سەربەخۆیە.

هیچ لایەنێك خۆی نەكردە بەرپرس بەرامبەر بە كوشتن و بڕین و رفاندنی چالاكوانان، بەڵام خۆپیشاندەران میلیشیاكان چەكدارەكان تۆمەتبار دەكەن و توڕەن لەوەی كە تائێستا هیچ كەسێك لەوانە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا نەكراوە و لەبەرامبەر تاوانەكانیان سزانەدراون.

ئەمەش لەكاتێكدایە كە پێشتر دەسەڵاتداران، لە دوای ساڵێك لە كوژرانی، دەستگیركردنی بكوژی هیشام هاشمی توێژەری عیراقیان راگەیاند كە هاوسۆزبوو لەگەڵ خۆپیشاندەران و لەبەردەم ماڵەكەی خۆی لە بەغدا كوژرا.

مازن عەلی شاكر كە تەمەنی پەنجا ساڵە و پسپۆڕی ئابورییە دەڵێت»لە عیراق دەكرێت درۆ بكەیت، دەتوانیت بدزیت، دەتوانیت بكوژیت و لە سزاش قوتارت ببێت».

كچێكی لاو كە چاویلكەویەكی رەشی لە چاودایە و دەمامكی كردووە، تاكە كەسە كە ناسنامەی خۆی دەرناخات، تا رووبەڕووی تۆڵەلێكردنەوە نەبێت، ئەو دەڵێت»دەمانەوێت كاریی كوشتن رابگیرێت، دەوڵەتێكمان دەوێت، میلیشیای تێدا نەبێت و لەژێر كۆنترۆڵی هیچ وڵاتێكدا نەبێت».

لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە راگەیاندنەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران بۆ دەستگیركردنی بكوژەكەی هاشمی كە تیرۆركردنەكەی لە تەمموزی 2020 بووە مایەی شۆك لە عیراق، فەیلی دەڵێت»ئەوەمان دەوێت كە فەرمانی بە كوشتنەكە كردووە».

بە هەمان شێوە لە ناسریە دەیان كەس خۆپیشاندانیان كرد. رووداوەكە لەڕێی هەڵمەتێكەوە بوو كە لەسەر ئینتەنێت بە ناونیشانی «كۆتایی هێنان بە قوتاربوون لە سزا لە عیراق» لەلایەن چالاكوانان لە دەرەوە و ناوخۆیی عیراق رێكخرا.

بە هەمان شێوە گردبوونەوەی رەمزی بچوك لە پاریس و لەندەن و هلسنكی رێكخرا، وەك لە هەندێك لەو دیمەنە ڤیدیۆییانەدا دەركەوت كە لەڕێی «تویتەر»ەوە بڵاوكرانەوە.

 213 جار بینراوە