سەرەکی » وتار » یەکڕیزیی، ئەو دەستەواژەیەی هەمیشە…پەڕە 26

یەکڕیزیی، ئەو دەستەواژەیەی هەمیشە…

یەکڕیزیی، ئەو دەستەواژەیەی هەمیشە دەوترێت و کاری پێناکرێت

بڵێسە جەبار فەرمان

لەهەموو مەیدانەکانی سیاسەت ئەو دابڕین و ئیعتبار بۆ یەکتری نەکردنە دیارە و نەیاران هەمیشە کاری خۆیانیان لەسەرمان کردووە.

بەقسە هەموان کۆکن لەسەر ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و لە گۆڕەپانی سیاسیی عیراقدا پێویستە کورد یەکگرتووبێت.

لە راستیدا کاتێک لە بەغدا کاردەکەیت، ئەوکات پەرتەوازەیی بێ کاریگەریی کوردت لە مەیدانی سیاسی عیراقدا بۆ روون دەبێتەوە.

بێگومان زۆر لەسەر داکشانی رێژەی کورد لە هەموو دامودەزگاکانی حکومەتی ئیتحادی نووسراوە. زۆر لەسەر کاریگەرنەبوونی سیاسەتمەدارانی کورد نووسراوە و نامەوێت منیش لێرەدا ئاماژە بەو حاڵەتە بکەمەوە، بەڵکو دەمەوێت تیشک بخەمە سەر هەندێک بڕیاری چارەنوسساز بۆ کورد و عیراق کە لەسەر بنەمای دژایەتیی یەکتریی دراون.

هەرکات پڕۆژەیاسایەک هاتبێتە ژێر قوببەی پەرلەمانەوە، پێش ئەوەی پڕۆژە یاساکە بە تەواوەتی خوێندنەوەی بۆ بکرێت، لەلایەن فراکسیونە کوردستانییەکانەوە لەڕووی بەرژەوەندیی و گرنگی یاساکەوە بۆ میللەتەکەمان و هەرێمەکەمان، دواتر بڕیاردان لەسەری، دەبینین پێشوەختە و تەنها لەسەر بنەمای ئەوەی ئایا چ لایەنێک پشتگیریی دەکات، بڕیاری لەسەر دەدرێت.

بڕیار لەسەر پڕۆژە یاساکان لەسەر ئەو بنەمایە دەدرێت کە ئایا پارتی لەگەڵ یاساکەدایە یاخود دژە. ئایا یەکێتی چ بڕیارێک دەدات، لەسەر بناغەی دژایەتیکردنی یەکتریی بڕیار لەسەر پڕۆژە یاساکان دەدرێت.
بێگومان ئەمەش بە پلەی یەکەم بۆ نەبوونی متمانە دەگەڕێتەوە. دواتریش بۆ نەبوونی هاوئاهەنگی و گفتوگۆی جدییانە لەگەڵ یەکتریی.

ناکۆکییە حزبییەکان دەمان کاتە دوو بەرە
هەندێک پەرلەمانتار بڕوایان وایە هەر بابەتێک یەکێتی و پارتی پشتگیرییان کرد، یاخود پەسەندیان کرد، ئەوا دەبێت ئەوان رەتی بکەنەوە و دژی بن. هەندێک لە یەکێتییەکان لەترسی ئەوەی تۆمەتی زەردبوونیان بۆ دروست نەکرێت، دژی هەموو پڕۆژە یاسایەکن کە لەلایەن پارتییەوە پشتگیریی بکرێت. بەهەمان شێوە پارتییەکانیش هەمان تێڕوانینیان هەیە و بەزیادەوە.

هەمیشە وتومە و دەیڵێمەوە کە ئەولەویاتی کاری ئێمە لە بەغدا دەبێت لەسەر بنەمای کوردایەتی بێت.

پێش ئەوەی حزبی بین، دەبێت کورد بین. هەر پڕۆژە یاسایەک کە دێتە پەرلەمانەوە لە سەر بنەمای نەتەوەیی و بەرژەوەندیی هەرێم هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین و دوور مەودا تەماشای بکەین.

نابێت ئەگەر حزب و لایەنێک لەگەڵ پڕۆژە یاسایەک بوو، ئەوا ئێمە دژی بین و لە میدیاکاندا دەهۆڵی خۆفرۆشی و جاشایەتی بۆ لێبدەین و هەر یاسایەک ئێمە لەگەڵی بوووین و تێپەڕی ئیتر بە دەستکەوت بە میللەتەکەمانی بفرۆشینەوە.

راستە کە کێبرکێی حزبی دیاردەیەکی تەندروستە و دەبێت هەبێت، بەڵام کێبڕکێ جیاوازە لە دژایەتیکردن.

نابێت چاویلکەی حزبی بخەینە سەر چاوی ساغی دووربینی بۆ تەماشاکردنی بەرژەوەندیی نەتەوەییمان.

بێگومان پڕۆژە یاسا و هەڵوێستی زۆر هەن کە بڕیاری هەڵەیان تێدا دراوە، بەڵام دەمەوێت تەنها ئاماژە بۆ دوو یاسا بدەم.

یەکەمیان یاسای هەیئەی حەشدی شەعبی

دووەمیان یاسای دادگای فیدراڵی

لەم دوو یاسایەدا، نوێنەرە کوردەکان پەرتەوازەیی تەواویان پێوە دیار بوو، بێ متمانەیی لە نێوانیاندا وایکرد کە بەسەر دوو بەرەدا دابەش ببن.

لە دیدگای دوورەوە تەماشای بابەتەکان نەکرا، بەڵکو تەنها لەسەر بنەمای دژایەتی یەکتریی و دەستکەوتی شەخسی بۆ هەندیک کەس بڕیاریان لەسەر درا.

بە حوکمی نەبوونی هەڵسەنگاندنی بێلایەنانە و باش نەخوێندنەوەی هەڵوێستەکان، هەموو ئەو هەڵانە پەردەیان بەسەردا دراون و هیچ کەس و لایەنێک خۆی بە هەڵە نازانێت و عاقیبەتیش بەبێ بەخۆداچوونەوە بگوزەرێت.

کە یاسای هەیئەی حەشدی شەعبی لە پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ کراوە، زۆر لایەن هەستیان بە مەترسی دروستکردنی ئەو هەیئەیە کردووە و دژی وەستاونەتەوە.

حەشدی شەعبی بەیاسایی تێپەڕێندرا
دوای سەرهەڵدانی رێکخراوەی داعش و لەدەستدانی بەشێکی زۆری خاکی عیراق و شکستی سوپای عیراق، لەسەر فەتوای ئایەتوڵـڵا عەلی سیستانی لە 13/6/2014 خۆبەخشێکی زۆر چەکیان هەڵگرت و بەرەو مەیدانی جەنگ رۆیشتن.

ئەمانە لە چوارچیوەی سریە و کەتیبە و گروپی جیاجیادا رێکخران و هەریەکەیان ناوێکیان هەڵگرت. ژمارەی ئەم یەکە و سریە و کەتیبانە زیاتر لە 80 دانەن.

بە پێی هەیکەلی حەشدی شەعبی ئەمانە هەموویان لە چوارچێوەی سیستمی بەرگریی عیراقدان و سەربە حکومەتن و راستەوخۆش لەژێر فەرمانی سەرۆک وەزیران دەبن.

هەموو ساڵێک بە ملیۆنان دولار لە یاسای بودجە بۆ ئەم دامەزراوەیە تەرخان دەکرێت.

بێگومان زۆربەی ئەم گروپ و یەکانە سەربە لایەنێکی سیاسی یان وڵاتێکە و ئەجێندایەک جێبەجێ دەکات و لە زۆر بواردا حکومەتی عیراق و سەرۆک وەزیران بە هیچ شێوەیەک دەسەڵاتیان بەسەر ئەم هێزەوە نییە.

مەترسی دروستبوونی ئەم هێزە لای هەمووان روون و ئاشکرا بوو. ئەگەر کورد یەکڕیز بووایە، ئەوا دەتوانرا لە بەرامبەر دەنگدان بە حەشدی شەعبی، بە هەمان شێوە هێزی پێشمەرگەش بە یاسا رێکبخرایە و دانی پێدا بنرایە.

هێزە کوردستانییەکان هەندێکیان بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانیان کرد و هەندێکیان ئامادەی دانیشتنەکە بوون، بەڵام بە دژ دەنگیان داو هەندێکیشیان لەگەڵ یاساکەدا بوون.

ئەم پەرتەوازەییە بووە هۆی ئەوەی کە کورد بەبێ هیچ دەستکەوتێک دەنگیدا بە هێزێک کە دوورنییە هەندێکیان لە ئایندەدا ببنە مەترسی لەسەر ئەزموونی هەرێمی کوردستان.

یاسای دادگای فیدراڵی
یاسای دادگای فیدراڵی بەهەمان شێوە و هەمان میکانیزم کاری لەسەر کرا. بیر لەوە نەکرایەوە کە ئەم یاسایە بۆ باڵاترین دامەزراوەی دەوڵەتە و بۆ دەیان ساڵی ئایندەیە و بۆ نەوەی نەوەکانمانە.

بەڵکو لەسەر بنەمای دژایەتیکردنی یەکتریی، خراپترین یاسا هەموار کرایەوە. بەشێک لە ئێمەی یەکێتییەکان دەنگمان پێی نەدا لەگەڵ ئەوەی لەلایەن حزبەوە ئاگادار کرابووینەوە کە لەگەڵ یاساکەدا بین. پەرتەوازەیی لایەنەکان بەشێوەیەک بوو کە هەرکەسە و بە ویژدانی خۆی دەنگی دا.

ناوی هەرێمی کوردستان لە باڵاترین دامەزراوەی دەوڵەتدا سڕدرایەوە. بەداخەوە کە دووبارە ململانێی ناتەندروستی حزبی بووە هۆی لەدەستدانی ناوی هەرێمی کوردستان لەم یاسایەدا.

ئێستاش کە پڕۆژە یاسای پشوو و بۆنە رەسمی و نەتەوەییەکانی عیراق هاتۆتە پەلەمانەوە، وابڕیارە رۆژی دامەزراندنی دەستەی حەشدی شەعبی رۆژیکی بۆ دەستنیشان بکرێت. دڵنیام ئەگەر هەموو کورد کۆک بێت لەسەر رۆژێک و رۆژی پێشمەرگە، ئەوا دەتوانرێت رۆژێکی بۆ دیاری بکرێت. بەڵام بەداخەوە هەرگیز لەسەر دەستنیشانکردنی رۆژێک کۆک نابین، چونکە ساڵانێکی زۆرە پڕۆژە یاسای رۆژی پێشمەرگە لە پەرلەمانی هەرێمە و نەتوانراوە کۆدەنگی بۆ رۆژێک بەدەست بهێنرێت، بۆیە گومانم هەیە کە لە پەرلەمانی عیراقیش بەهەمان شێوە دەبێت.

خەمەکەش لەوەدایە هەموومان سەری زمان و بنی زمانمان قەوانی یەکڕیزبوون لێدەدەینەوە. یەکڕیزبوون بەر لە هەموو شتێک بۆ ئەوەی دروست ببێت، یەک هەوێنی دەوێت، کە ئەویش بە بڕوای من متمانە و پشت بەخۆبەستن و پشت بە هاوزمان و هاونەتەوە بەستنیشە.

ئێستا کە ئێمە بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە هەنگاو دەنێین، هاوپەیمانێتی حزب و لایەنەکان زۆر گرنگە و هەروەها لێکنزیکبوونەوەی حزبەکان و لێکتێگەیشتنیان زیاتر.

دەبێت ئێمە ئەوە بزانین کە ئایندەی هەرێم و بەردەوامبوونی قەوارەکەمان وابەستەیە بە لێکتێگەیشتنی هەموو حزبەکان و وازهێنان لە هێرشکردنە سەر یەکتریی و تەخوینکردنی یەکتری. تا لەو رێگەیەوە ستراتیژێکی دوورمەودا پێکەوە دابڕێژین و بەرژەوەندیی باڵای گەلەکەمان کۆمان بکاتەوە.

سیاسەت بە عەقڵ و لۆژیک و ستراتیژ دەکرێت، نەک بە دژایەتی و لە قینی یەکتریی و سۆشیال میدیا و لایکی فەیسبووک، بۆیە وا ئێستا بۆ ئەمە یەکێتی هەنگاوی باشی ناوە.

 272 جار بینراوە