سەرەکی » کەلتوور » خوێندنەوەیەكی رەخنەگرانە بۆ كتێبی میرنشینی بابان

خوێندنەوەیەكی رەخنەگرانە بۆ كتێبی میرنشینی بابان

عومەر ئیسماعیل مارف*

2 – 2 کۆتایی

15- له‌به‌شی‌ سێیه‌م و باسی‌ چواره‌م: لاپه‌ڕه‌ (153)دا، ئه‌گه‌رچی‌ شیكاریه‌كی‌ وردی‌ بۆ وشه‌ی‌ (قه‌ڵاچوالان) كردوه‌و توێژه‌ر خۆی‌ گه‌یشتۆته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی‌ ریشه‌ی‌ ناوه‌كه‌ (قه‌ره‌چوالان)ه‌، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌ڕووی‌ رێزمانیه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌و پێویستبوو بگه‌ڕابایه‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌ی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ و كتێبه‌كه‌ی‌ عه‌بدولقادر رۆسته‌م بابانی‌ به‌ناوی‌ (ره‌وشی‌ كوردان)، كه‌ له‌لاپه‌ڕه‌ (144)دا ئاماژه‌ی‌ بۆ بنچینه‌ی‌ ناوه‌كه‌كردوه‌. جگه‌له‌وه‌ی‌ ره‌چاوی‌ یه‌كێتی‌ نووسینی‌ نه‌كردوه‌و چه‌ند جارێك ناوی‌ پایته‌ختی‌ میرنشینه‌كه‌ی‌ به‌ (قه‌ڵاچوالان) و زۆرترینیشی‌ به‌ (قه‌ره‌چوالان) نووسیووه‌.

16- له‌به‌شی‌ چواره‌م و باسی‌ یه‌كه‌م: لاپه‌ڕه‌ (164)دا، ئاماژه‌ی‌ به‌ناوی‌ خۆرهه‌ڵاتناسی‌ نه‌مسایی‌ (هامر پورگشتال 1774-1856ز) كردوه‌، به‌ڵام به‌هه‌ڵه‌ ناوه‌كه‌ی‌ به‌ (پۆرشگال) نووسیوه‌و كردوشیه‌تی‌ به‌ (تورك)!

17- له‌هه‌مان به‌ش و باسدا لاپه‌ڕه‌ (176)، توێژه‌ر بڕوای‌ به‌وه‌نیه‌ گۆڕی‌ (خانه‌ محه‌مه‌د پاشا 1719-1729ز)ی‌ شه‌شه‌م میری‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ پێنجه‌می‌ بابان له‌گۆڕستانی‌ گوندی‌ (عه‌وداڵان)بێت له‌ناوچه‌ی‌ چه‌می‌ ره‌زان، سه‌ره‌ڕای‌ بوونی‌ پاشماوه‌و شوێنه‌واری‌ گۆڕو ئارامگاكه‌!

18- هه‌رله‌به‌شی‌ چواره‌م و باسی‌ یه‌كه‌م: لاپه‌ڕه‌ (179)دا، نووسیویه‌تی‌: «(خالید پاشا) چوار كوڕی‌ هه‌بووه‌ به‌ ناوه‌كانی‌ (سلێمان، محه‌مه‌د، ئه‌حمه‌د، مه‌حمود)». هه‌رچه‌نده‌ لێره‌دا ناوی‌ (عومه‌ر به‌گ)ی‌ پێنجه‌م كوڕی‌ خالد پاشای‌ نه‌بردوه‌، كه‌ له‌ساڵی‌ (1780ز)دا له‌لایه‌ن مه‌حمود پاشای‌ برایان و میری‌ ئه‌وكاته‌ی‌ بابان له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د پاشای‌ براكه‌ی‌ دیكه‌یدا له‌ژێر دارتوه‌كه‌ی‌ قه‌ڵاچوالان له‌سێداره‌دراوه‌، به‌ڵام له‌هه‌مان باس و لاپه‌ڕه‌ (187)دا، بێئاگا له‌په‌ره‌گرافه‌كه‌ی‌ چه‌ند لاپه‌ڕه‌ پێشتر، ناوی‌ (عومه‌ر)یشی‌ نووسیوه‌و ئاماژه‌ی‌ به‌كوشتنه‌كه‌شكردوه‌! پاشان له‌باسی‌ دووه‌می‌ ئه‌م به‌شه‌دا له‌لاپه‌ڕه‌ (191) خاڵی‌ (4)، نووسیویه‌تی‌: «كوشتنی‌ (ئه‌حمه‌د پاشا)و (عومه‌ر)ی‌ برای‌، له‌لایه‌ن (مه‌حمود پاشا) برایانه‌وه‌«! له‌ڕاستیدا كوژراوه‌كه‌ محه‌مه‌د پاشایه‌، نه‌ك ئه‌حمه‌د پاشا.

19- له‌هه‌مان باس و لاپه‌ڕه‌ (181)دا، توێژه‌ر نووسیویه‌تی‌: «له‌ ساڵی‌ (1175ك/ 1761ز) (سه‌لیم پاشا) دوای‌ جێگیربوونی‌ فه‌رمانڕه‌وایه‌تی‌ (كه‌ریمخان) (مه‌به‌ست كه‌ریم خانی‌ زه‌نده‌)، هێرشی‌ هێنایه‌وه‌ سه‌ر (قه‌ره‌چوالان)»، به‌ڵام سه‌لیم پاشای‌ بابان ساڵی‌ (1757ز) له‌ به‌غدا له‌سێداره‌درابوو، دواتر هه‌رخۆی‌ له‌لاپه‌ڕه‌ی‌ دواترو پشتبه‌ست به‌ده‌ستنووسه‌كه‌ی‌ مه‌لا عومه‌ری‌ ره‌نجوری‌ ده‌ڵێت: « له‌ (1170ك ده‌كاته‌ 1757ز كوژراوه‌«!

20- هه‌رله‌وبه‌ش و باسه‌، لاپه‌ڕه‌ (185)دا ده‌رباره‌ی‌ ساڵی‌ كوژرانی‌ سلێمان پاشا له‌ قه‌ڵاچوالان، نووسیویه‌تی‌: «(مانگی‌ زولحه‌جه‌ی‌ 1178ك ده‌كاته‌ سه‌ره‌تای‌ 1764ز) یان نیوه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ ساڵی‌ (1765ز) له‌ قه‌ره‌چوالان كوژراوه‌. ئه‌م به‌رواره‌ی‌ دوایی‌ پشت ئه‌ستووره‌ به‌ به‌ڵگه‌نامه‌«، به‌ڵام پێویست بوو بۆ ئاستبه‌رزی‌ پله‌ی‌ توێژینه‌وه‌كه‌و نامه‌ی‌ دكتۆراكه‌ی‌، هه‌روه‌ها سه‌لماندنی‌ رووداوه‌كه‌ له‌ڕووی‌ زانستیه‌وه‌، ئاماژه‌ی‌ به‌به‌ڵگه‌نامه‌كه‌و وێنه‌یه‌كیشی‌ له‌پاشكۆدا بڵاوبكردایه‌وه‌.

21- هه‌رله‌به‌شی‌ چواره‌م و باسی‌ یه‌كه‌م: لاپه‌ڕه‌ (186)دا، له‌باسی‌ سه‌رده‌می‌ فه‌رمانڕه‌وایی‌ محه‌مه‌د پاشای‌ كوڕی‌ خالد پاشا، نووسیویه‌تی‌: «… دوای‌ كوژرانی‌ (سلێمان پاشا)ی‌ ئامۆزای‌، گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ قه‌ره‌چوالان»! له‌ڕاستیدا سلێمان پاشا برای‌ محه‌مه‌د پاشا بووه‌، نه‌ك ئامۆزای‌! به‌ڕاستی‌ ئه‌م هه‌ڵه‌ دیارو نازانستیانه‌ زۆرجێگای‌ تێڕامانن بۆ نامه‌ی‌ دكتۆرا.

22- دواتر له‌هه‌مان باسدا لاپه‌ڕه‌ (187)، ده‌ڵێت: «والی‌ له‌و له‌شكركێشیه‌دا سه‌ركه‌وت، (كه‌ مه‌به‌ست بۆسه‌ر قه‌ڵاچوالانه‌) (ئه‌حمه‌د پاشا)ی‌ له‌ زیندانی‌ قه‌ره‌چوالان ده‌رهێنا»، به‌ڵام راستیه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌حمه‌د پاشا له‌زیندانی‌ قه‌ڵای‌ (سرۆچك)ی‌ نزیك ناحیه‌ی‌ به‌رزنجه‌ی‌ ئێستا به‌ندكرابوو، نه‌ك قه‌ڵاچوالان.

23- له‌هه‌مان به‌شی‌ چواره‌م و باسی‌ یه‌كه‌م: لاپه‌ڕه‌ (189)دا، ده‌رباره‌ی‌ برایم پاشا نووسیویه‌تی‌: «… (ئیبراهیم پاشا) به‌رده‌وامبوو هه‌تا (1202ك/ 1788ز)، … له‌ موسڵ مرد»! به‌ڵام برایم پاشا له‌ساڵی‌ (1802ز)دا له‌شاری‌ موسڵ كۆچی‌ دوایكردوه‌، به‌وهۆیه‌وه‌ توێژه‌ر (14) ساڵی‌ له‌ته‌مه‌نی‌ ئه‌و میره‌ی‌ بابان كه‌مكردۆته‌وه‌!

24- له‌به‌شی‌ پێنجه‌م و باسی‌ یه‌كه‌م: لاپه‌ڕه‌ (211)دا، ئه‌حمه‌د پاشای‌ والی‌ به‌غدای‌ كردوه‌به‌ ئه‌حمه‌د پاشای‌ بابان!

25- هه‌رله‌به‌شی‌ پێنجه‌م و باسی‌ یه‌كه‌م: لاپه‌ڕه‌ (225)دا، ناوی‌ ده‌ریاچه‌ی‌ زرێباری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ كوردستان به‌ «زێبار» نووسراوه‌! بڕواناكه‌م ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌ی‌ تایپبێت، چونكه‌ له‌هه‌مان به‌ش و باسی‌ سێیه‌مدا لاپه‌ڕه‌ (239-240)، دووجار ناوی‌ رێككه‌وتنامه‌ی‌ (رشت) له‌شاری‌ (رشت)ی‌ ناوه‌ندی‌ پارێزگای‌ گیلان له‌باكوری‌ ئێران، به‌ (روشت) نووسراوه‌!

26- له‌دوالاپه‌ڕه‌ی‌ هه‌مان باسی‌ یه‌كه‌مدا (226)، نووسیویه‌تی‌: «… دوا په‌یوه‌ندیی‌ به‌هێزی‌ (كه‌ریم خان) له‌گه‌ڵ (محه‌مه‌د پاشا)دا بووه‌، كه‌ (10) جه‌نگاوه‌ری‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ (عه‌لی‌ موراد خان) نارد بۆ سه‌ر قه‌ره‌چوالان»، به‌ڵام راستی‌ ژماره‌كه‌ (10,000) ده‌ هه‌زار سه‌ربازه‌.

27- له‌به‌شی‌ پێنجه‌م باسی‌ دووه‌م: لاپه‌ڕه‌ (230)، نووسراوه‌: «له‌ ساڵی‌ (1773ز) جارێكی‌ دیكه‌ (نادر شا) سنه‌ی‌ راده‌ستی‌ (سه‌لیم به‌گ)ی‌ بابانی‌ كردووه‌«! هیوادارم ئه‌و ساڵه‌ هه‌ڵه‌ی‌ چاپبێت، چونكه‌ له‌وكاته‌دا هیچ یه‌كێك له‌ودوو كه‌سایه‌تیه‌ له‌ژیاندا نه‌ماون.

28- هه‌رله‌و به‌شه‌و باسی‌ دووه‌مدا لاپه‌ڕه‌ (231)، توێژه‌ر نووسیویه‌تی‌: «له‌ ساڵی‌ (1776ز) له‌سه‌رده‌می‌ (خه‌سره‌وخان)ی‌ ئه‌رده‌لان (سلێمان پاشا) به‌ له‌شكره‌وه‌ هێرشی‌ كرده‌ سه‌ر ئه‌رده‌لان و شكا»، به‌ڵام سلێمان پاشا ساڵێك پێشتر كۆچی‌ دوایكردوه‌!

29- له‌به‌شی‌ شه‌شه‌م و باسی‌ یه‌كه‌م: لاپه‌ڕه‌ (254)دا، ده‌رباره‌ی‌ نازناوی‌ پاشایی‌ بۆ میره‌كانی‌ بابان، نووسیویه‌تی‌: «بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌م نازناوه‌ دراوه‌ به‌ (سلێمان به‌به‌ 1669-1700ز)و بۆ دووه‌م جار به‌خشرایه‌ (خانه‌ پاشا 1721-1732)». ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌هه‌ڵه‌ زانستیه‌كانی‌ ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌، چونكه‌ له‌ته‌واوی‌ سه‌رچاوه‌كاندا هه‌ربه‌ (میر سلێمان به‌به‌) ناویهاتووه‌. خۆیشی‌ له‌به‌شی‌ چواره‌م و باسی‌ یه‌كه‌مدا لاپه‌ڕه‌ (175-176)، ده‌رباره‌ی‌ خانه‌ محه‌مه‌د پاشا، نووسیویه‌تی‌: «له‌ ساڵی‌ (1728ز) له‌لایه‌ن عوسمانییه‌كانه‌وه‌ نازناوی‌ (پاشا)یه‌تی‌ پێدراوه‌«. به‌گوێره‌ی‌ ئه‌مه‌ ده‌رده‌كه‌وێت بۆ یه‌كه‌مجار له‌سه‌رده‌می‌ خانه‌ محه‌مه‌د به‌گدا نازناوی‌ (پاشا) به‌میرانی‌ بابان به‌خشراوه‌.

30- له‌به‌شی‌ شه‌شه‌م و باسی‌ دووه‌م: لاپه‌ڕه‌ (274-275)دا، باسی‌ هێزو ده‌سه‌ڵاتی‌ سلێمان پاشای‌ كوژراوی‌ كردوه‌، به‌ڵام به‌هه‌ڵه‌ ناوه‌كه‌ی‌ به‌ «سلێمان به‌به‌« نووسیوه‌.

31- له‌به‌شی‌ شه‌شه‌م و باسی‌ سێیه‌م: لاپه‌ڕه‌ (280)دا، ده‌رباره‌ی‌ كشتوكاڵ و ئاودێری‌، دوای‌ باسكردنی‌ به‌كراواو به‌كره‌جۆ، ده‌ڵێت: «له‌سه‌ر میره‌كانی‌ دیكه‌ زانیاریمان ده‌ستناكه‌وێت بایه‌خیان به‌ ئاودێری‌ و كشتوكاڵ دابێت»، چونكه‌ توێژه‌ر بۆ ئاماده‌كردنی‌ نامه‌ی‌ دكتۆراكه‌ی‌ هه‌وڵی‌ گه‌ڕانی‌ وردی‌ نه‌داوه‌ به‌سه‌رچاوه‌كاندا، بۆیه‌ بێئاگایه‌ له‌وه‌ی‌ خانه‌ محه‌مه‌د پاشا له‌سه‌رده‌می‌ فه‌رمانڕه‌وایی‌ خۆیدا جۆگایه‌كی‌ ئاودێری‌ له‌ده‌شتی‌ شاره‌زوور دروستكردوه‌، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باكوری‌ خۆرئاوای‌ سه‌یدسادق و له‌گوندی‌ (شاتوان)ه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتووه‌، هه‌تا ئێستا شوێنه‌واری‌ ماوه‌و به‌ (جۆگای‌ خانه‌ پاشا) به‌ناوبانگه‌.

32- له‌به‌شی‌ شه‌شه‌م و باسی‌ چواره‌م: لاپه‌ڕه‌ (295)دا، نووسراوه‌: «له‌به‌شی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ قه‌ره‌چوالان سورداش و قه‌شقوڵی‌ له‌ شوێنه‌ گرنگ و ناوه‌نده‌ به‌ ناوبانگه‌كانی‌ بابان بووه‌«، لێره‌دا ده‌پرسین: ئایا سورداش و قه‌شقۆڵی‌ ده‌كه‌ونه‌ خۆرهه‌ڵات، یان خۆرئاوای‌ قه‌ڵاچوالان؟

33- هه‌رله‌به‌شی‌ شه‌شه‌م و باسی‌ چواره‌م: لاپه‌ڕه‌ (301-302)دا، باسی‌ هه‌ردوو (قه‌ڵاتی‌ قه‌سرێ‌ و قه‌ڵاتی‌ قوباد به‌گی‌) كردوه‌ له‌ده‌شتی‌ كۆیه‌، كه‌ مێژووه‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می‌ فه‌رمانڕه‌وایی‌ بابان، ئه‌ی‌ قه‌ڵای‌ گوندی‌ (بۆگد) له‌هه‌مان ناوچه‌ بۆچی‌ ئاماژه‌ی‌ بۆ نه‌كراوه‌؟

34- له‌به‌شی‌ حه‌وته‌م و باسی‌ یه‌كه‌م: لاپه‌ڕه‌ (318)دا، له‌باسی‌ قوتابخانه‌ی‌ مه‌رگه‌ نووسیویه‌تی‌: «له‌ ساڵی‌ (1781ز) (مه‌لا عومه‌ر) ناوێك له‌وێ‌ مه‌لاو موده‌ریس بووه‌، له‌ ساڵی‌ (1669ز) كۆچی‌ دوایكردووه‌«! كه‌واتا مه‌لا عومه‌ر (112) ساڵ دوای‌ مردنه‌كه‌شی‌ هه‌ركاری‌ مه‌لایه‌تی‌ كردوه‌؟!

35- له‌به‌شی‌ حه‌وته‌م و باسی‌ دووه‌م: لاپه‌ڕه‌ (335)دا، ده‌رباره‌ی‌ شه‌ڕی‌ دوازده‌ سواره‌ی‌ مه‌ریوان، ناوی‌ هه‌مان ئه‌و (14) سواره‌ی‌ بردوه‌ كه‌ (حاجی‌ تۆفیق 1867-1950ز) ناسراوبه‌ (پیره‌مێرد) له‌كتێبه‌كه‌یدا نووسیویه‌تی‌، به‌ڵام ئێمه‌ ساڵی‌ رابردو به‌توێژینه‌وه‌یه‌ك، كه‌ وه‌ك پێداویستیه‌كانی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ بڕوانامه‌ی‌ به‌كالۆریۆس پێشكه‌ش به‌ (زانكۆی‌ راپه‌ڕین)مان كردو پاشان چاپیشكرا، به‌وردی‌ و به‌زانستی‌ ئه‌ندامانی‌ (دوازده‌ سواره‌ی‌ مه‌ریوان)مان رونكردۆته‌وه‌، به‌ڵام دیاره‌ توێژه‌ر به‌هۆی‌ سه‌رقاڵی‌، یان هه‌رهۆكارێكی‌ دیكه‌ ده‌رفه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌بووه‌ بۆ ئاماده‌كردنی‌ كتێبه‌كه‌ی‌ پێداچوونه‌وه‌یه‌كی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ بكات.

36- له‌به‌شی‌ حه‌وته‌م و باسی‌ سێیه‌م: لاپه‌ڕه‌ (350-351)دا، نووسیویه‌تی‌: «(مه‌ولانا خالید) له‌به‌ره‌به‌یانی‌ رۆژی‌ (1/2/1824ز) گه‌یشته‌ به‌ر ده‌روازه‌ی‌ خانه‌قاكه‌ی‌ شا (عه‌بدوڵڵای‌ ده‌هله‌وی‌) له‌ هیندستان»، به‌ڵام راستیه‌كه‌ی‌ ساڵی‌ (1810ز)یه‌و لێره‌شدا توێژه‌ر كه‌وتۆته‌ هه‌ڵه‌یه‌كی‌ دیكه‌ی‌ مێژوویی‌ و زانستیه‌وه‌!

37- هه‌رله‌به‌شی‌ حه‌وته‌م و باسی‌ چواره‌م: لاپه‌ڕه‌ (355، 359)دا، دووجار وشه‌ی‌ (فراكسیۆن)ی‌ له‌بری‌ وشه‌ی‌ (فیدراسیۆنی‌ هۆزایه‌تی‌) به‌كارهێناوه‌! هه‌روه‌ها چه‌ند جارێكیش ناوی‌ (مونشی‌ به‌غدادی‌) نووسه‌ری‌ تایبه‌تی‌ (كلۆدیۆس جه‌یمس ریچ)ی‌ به‌ (موشی‌) نووسیوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ دواییان بڕوانه‌ هه‌مان به‌ش و باس، لاپه‌ڕه‌ (365).

38- له‌به‌شی‌ حه‌وته‌م و باسی‌ چواره‌م: لاپه‌ڕه‌ (366)دا، نووسیویه‌تی‌: «(ریچ) له‌گه‌شته‌كه‌یدا بۆ سلێمانی‌ و پێنجوێن له‌ سلێمانی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌ (200) هه‌زار ماڵه‌ مسوڵمان و …»، به‌ڵام ژماره‌ راسته‌كه‌ (2,000) دوو هه‌زار ماڵه‌و ئه‌مه‌یان به‌هه‌ڵه‌ی‌ تایپ وه‌رده‌گرین.

39- له‌هه‌مان به‌شی‌ حه‌وته‌م و باسی‌ چواره‌مدا لاپه‌ڕه‌ (367)، نووسیویه‌تی‌: «(ریچ) دوای‌ (46) ساڵ له‌ گواستنه‌وه‌ی‌ پایته‌ختی‌ بابان له‌ قه‌ره‌چوالانه‌وه‌ بۆ سلێمانی‌ …» كه‌ راستیه‌كه‌ی‌ (36) ساڵه‌و توێژه‌ر خۆیشی‌ له‌چه‌ند شوێنێكی‌ دیكه‌ی‌ كتێبه‌كه‌دا ئه‌و ژماره‌یه‌ی‌ نووسیوه‌!

40- له‌به‌شی‌ هه‌شته‌م و باسی‌ یه‌كه‌م: لاپه‌ڕه‌ (377)دا، له‌بری‌ ناوی‌ (تۆباڵ عوسمان پاشا)ی‌ فه‌رمانده‌ی‌ سوپای‌ عوسمانی‌، نووسیویه‌تی‌: «ئۆباڵ عوسمان پاشا»، به‌ڵام پێشتر چه‌ند جارێكی‌ دیكه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌ناوه‌كه‌ كردوه‌و به‌دروستیش نووسیویه‌تی‌.

41- له‌هه‌مان باس و لاپه‌ڕه‌ (379)دا، ناوی‌ عومه‌ر ئاغای‌ خه‌زنه‌داری‌ مه‌حمود پاشای‌ بابانی‌ به‌ «محه‌مه‌د ئاغا» نووسیوه‌و بۆ سه‌رچاوه‌كه‌ش ئاماژه‌ی‌ به‌لاپه‌ڕه‌ (104) كردوه‌ له‌گه‌شتنامه‌كه‌ی‌ ریچ، به‌ڵام له‌لاپه‌ڕه‌كه‌دا بۆ بابه‌ته‌كه‌گه‌ڕاین بوونی‌ نه‌بوو!

42- له‌به‌شی‌ هه‌شته‌م و باسی‌ دووه‌م: لاپه‌ڕه‌ (401)دا، نووسیویه‌تی‌: «هه‌وڵه‌كانی‌ میر سلێمان له‌ ساڵانی‌ (1763-1778ز) …»، به‌ڵام له‌وكاته‌دا سلێمان پاشا له‌ژیاندانه‌ماوه‌، بێگومان مه‌به‌ست محه‌مه‌د پاشای‌ برایه‌تی‌!

43- دیسان له‌هه‌مان به‌ش و باسدا: لاپه‌ڕه‌ (403)، له‌سه‌رزاری‌ پارێزه‌رو مێژوونووسی‌ دیاری‌ عێراقی‌ عه‌باس عه‌زاوی‌، نووسیویه‌تی‌: «له‌ ساڵی‌ (1164ك/ 1774ز) سلێمان پاشا به‌بێڕكه‌به‌ر حوكمی‌ بابانی‌ كردووه‌«، به‌ڵام ساڵی‌ (1164ك) به‌رامبه‌ره‌ له‌گه‌ڵ ساڵی‌ (1750ز)، دیاره‌ توێژه‌ر له‌م به‌راوردو گۆڕینی‌ ساڵه‌كانیشدا به‌ده‌رنیه‌ له‌هه‌ڵه‌!

44- هه‌رله‌به‌شی‌ هه‌شته‌م و باسی‌ دووه‌م: لاپه‌ڕه‌ (408)، له‌په‌راوێزی‌ ژماره‌ (1)دا به‌قسه‌ی‌ توێژه‌ر: عه‌لی‌ به‌رده‌شانی‌ شاعیری‌ میللی‌ سه‌رده‌می‌ ئه‌وڕه‌حمان پاشای‌ بابان، ته‌نها (24) ساڵ ژیاوه‌! نووسیویه‌تی‌: «له‌ نێوان ساڵی‌ (1789-1813ز) ژیاوه‌«! له‌ڕاستیدا ئه‌م مێژووه‌ ساڵانی‌ فه‌رمانڕه‌وایی‌ ئه‌وڕه‌حمان پاشایه‌و تێكه‌ڵكراوه‌، به‌ڵكو عه‌لی‌ به‌رده‌شانی‌ له‌نێوان ساڵانی‌ (1768-1809ز) ژیاوه‌.

45- دواسه‌رنجیش له‌هه‌مان باس و لاپه‌ڕه‌دا، نووسیویه‌تی‌: (نالی‌ 1880-1856ز)! به‌ڵام له‌په‌راوێزی‌ ژماره‌ (3)دا ساڵی‌ له‌دایكبوونه‌كه‌ی‌ نه‌نووسیوه‌؟! جگه‌له‌وه‌ی‌ ساڵه‌كه‌ به‌هه‌ڵه‌ نووسراوه‌، پاش و پێشیشكراوه‌، به‌ڵام راستیه‌كه‌ی‌ مه‌لا خدری‌ نالی‌ له‌نێوان ساڵانی‌ (1800-1877ز)دا ژیاوه‌.

هیوادارم ئه‌م سه‌رنج و تێبینی‌ و راستكردنه‌وانه‌، نه‌بێته‌ هۆی‌ دڵڕه‌نجان و نیگه‌رانبوونی‌ مامۆستای‌ توێژه‌ر، چونكه‌ تاكه‌ مه‌به‌ستمان خزمه‌تكردن و سودگه‌یاندنه‌ به‌مێژووی‌ پرشنگداری‌ میرنشینی‌ بابان، به‌ڵكو له‌مكاره‌ ئامانجێكی‌ دیكه‌مان نیه‌.

* به‌كالۆریۆس له‌مێژوودا

 158 جار بینراوە