سەرەکی » وتار » ئاشتی‌ عه‌بدوڵڵا‌ » وته‌ی‌ ژنۆرناڵپەڕە 2

وته‌ی‌ ژنۆرناڵ

گوندی ژن لەرۆژئاوای کوردستان لەدوای داستانەکانی لەکۆبانێ کە ژنان تۆماریان کرد، ژنانی رۆژئاوا بوونە سمبولی ئازایەتی و ئیرادەیەکی پۆڵاین ، لەدوورەوە گۆڕانکاریەکانی کە لەسەردەستی ژنان لەرۆژئاوادا بەرجەستەبوو بینیمان، بەڵام کاتێک بەندە چوومەتە رۆژئاوا و لەنزیکەوە گۆڕانکاریەکانم بینی ، ئەتوانم بڵێم کە ئەو پێشکەوتنەی ژنان کە لەرۆژئاوا هەیە تەنها گۆڕانکارییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نیە، بەڵکو وەرچەرخانێکی سەرسورهێنەرە، لەوێ ژنان خۆیان خاوەنی بڕیارن و خۆیان پێشەنگن و لەسەر ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتیش، ئەمەش لەخۆڕا نەهاتۆتەدی بەڵکو بەتێکۆشانی ژنان و کارکردن لەسەر فکری تاک و پەروەردەکردنی تاک بووە، لەرۆژئاوا ئەکادیمیایەک هەیە بۆ پێگەیاندنی ژنان تێیدا سەرلەنوێ بونیادی کەسایەتی ژن ئەنرێتەوە، دەیان شێوازیتریان هەیە بۆ کارکردن لەسەر کۆمەڵگە، نموونەیەکیتر بۆ ئەو وەرچەخانەی کەهەیە ، دروستکردنی گوندی ژنە، کە وا بڕیارە لەم گوندەدا تەنها ژنان ئەژین و خۆیان بونیاندنەری گوندەکەن و خۆیان هەموو پێداویستیەکانیان دابین دەکەن و کشتوکاڵ دەکەن، ئابووری خۆیان بەڕێوەدەبەن. لەم گوندەدا کە لەقۆناغەکانی کۆتایدایە، ئەو ژنانە تێیدا نیشتەجێ ئەبن کە هاوسەرەکانیان شەهیدە یان جیابونەتەوە وەیان بەهەر هۆکارێکیتر دەیانەوێت لەوێ بژین ، بڕیاریشە ئەو ژنانەی کەمنداڵیشیان هەیە لەهەردوو رەگەز ئەرکی پەروەردەکردنی منداڵەکانیان بگرنە ئەستۆ. ژنانی رۆژئاوا لەژێر چەتری سیستمێک کۆبوونەتەوە کە تێیدا هەموو ژنانی پارتە سیاسیەکان بەدەر لەجیاوازییەکانیان قەزێیەی ژن بوونیان کۆیان ئەکاتەوە، کۆنگرە ستار نهێنی وەرچەرخانی دۆزی ژنە لەرۆژئاوا. هەوڵدەدەم لەداهاتوودا بەزانیاری و بەڵگەی زیاتر باس لەم وەرچەرخانەی ژنانی رۆژئاوا بکەم ، هێشتا لەوێین، زیاتر بینەری دیکۆمێنت و دەستکەوتەکانی ژنانی رۆژئاوا دەبینین.

 115 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*