فلاش فیکشن

جنێونامە

31

«باوكە، نازانم بڵێم: بە رەحمەت بیت یان بە نەفرەت؟»

وەك ئەوەی كۆمەڵێ بەڵگەنامەی بڤەی سەردەمی بەعس بسووتێنێت، كە هەر یەكەیان دەبنە هۆكاری تەختكردنی گەڕەكەماڵێك یان هەڵواسینی دەیان كەس، بە خۆشحاڵییەوە گورز گورز كاغەزەكان دەكاتە ناو ئاگردانەكەوە و خۆشحاڵە بەوەی دواجار بڕیارێكی ژیرانە دەدات. بنە بەرمیلێكی داناوە، لەملاولاشییەوە دەبەیەك نەوت و نیو گوێنوو كاغەزی ئەیفۆر. ناوە ناوە هەندێك نەوتی بەسەردا دەكات و ئاگرەكە خۆشدەكات، ئینجا بە چنگ كاغەزی تێدەكات، گڕ بەرزدەبێتەوە. گیانی بەوەیە جێگایەكی چەپەكی هەڵبژاردووە و ئوتومبیلەكەشی لە دوور داناوە، بۆیە كەس ناتوانێ ئەو سرووتەی لێ تێك بدات. لەبەر خۆیەوە دەڵێت: «ئاهەنگی نەورۆز قۆز دەكەم».

گەنجێكی غەمگینی سی و پێنج ساڵە، لە باوكییەوە تەنیا میراتی جنێوی بۆ ماوەتەوە، خەیاڵی دەڕوات. «كوڕە گلەیی لەچی دەكەی، باوكت لەبری سامان رەوەیەك سەگی بۆ بەجێهێشتوویت، خۆزگەم بە خۆت، بەس نییە بە باوكی تۆ دەڵێن ئاژەڵدۆست، ئەی چی بە تۆ دەڵێن بابە؟ جنێودۆست؟ بە قسەم بكە هەموو جنێوەكانی باوكت كۆبكەرەوە ناوی بنێ فەرهەنگی جنێو، خزمەتێكە بە كەلتوری كوردی، تف لە من كەر كەر بە قسەی دەكەم. یەك ملیۆن و سێسەد هەزار جنێو كۆدەكەمەوە، ئاخر بابە! خۆتۆ یەك جنێویشت دانەهێناوە! ئاخر وەرە زەلام بیست دانە ساڵ بەلایڤ و نووسین جنێو بدەیت، یەك دانە جنێویش دانەهێنیت! باوكە بەمە دەڵێی چی؟ مارسیل پروست بە یەك ملیۆن و دووسەد و پەنجا هەزار وشە جوانترین و مرۆڤانەترین رۆمان دەنووسێت، تۆش یەك ملیۆن و سێسەد هەزار جنێو كاوێژ دەكەیتەوە و دەمریت، خۆت پێم بڵێ، بڵێم بە رەحمەت بیت یان بە نەفرەت؟…»

هەموو كاغەزەكان دەسووتێن و دادەمركێنەوە، ئاخری گونێكەش فڕێدەداتە ناو ئاگرەكەوە. ناو دەمی پڕ دەكات لە تف و لە ئاگرەكە و تەوێڵی باوكی دەكات، كە ئەوەندەی جنێو داوە دەمی كەفی كردووە. تفەكەی دەبێتە ئاشگێڕێك ئاو و روخساری باوكی و جنێوەكانی رادەماڵێت.

 259 جار بینراوە