سەرەکی » دۆسێ » لە ئەگەری كشانەوەی ئەمریكادا گۆڕانكاریی گەورە روونادات و هەژموونی واشنتۆن بەردەوام دەبێت

لە دوای ئەفغانستان، ئێستا نۆرەی عیراقە

لە ئەگەری كشانەوەی ئەمریكادا گۆڕانكاریی گەورە روونادات و هەژموونی واشنتۆن بەردەوام دەبێت

فرانك گاردنەر

پەیامنێری كاروباری ئەمنی بی بی سی

لە دوای كشانەوەی ئەمریكا لە ئەفغانستان، ئێستا نۆرەی عیراقە. لە دوای سەردانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ واشنتۆن و كۆبوونەوەی لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لە كۆشكی سپی، تا كۆتایی ساڵ هەموو هێزە شەڕكەرەكان لە عیراق دەكشێنەوە.

دوو پرسیاری پێویست دەوروژێنێت
ئەو پێشهاتە دوو پرسیاری پێویست دەوروژێنێت، ئەو كشانەوەیە چ رەنگدانەوەیەكی دەبێت لەسەر زەوی؟ ئایا دەبێتە دەرفەتێك بۆ گەڕانەوەی داعش؟

لە دوای 18 ساڵ لە داگیركردنی عیراق لە لایەن ئەمریكاوە، ئێستا ویلایەتە یەكگرتووەكان تەنها 2500 سەرباز و ژمارەیەكی كەم هێزی تایبەتی لە عیراق ماوە كە دژی چەكدارانی داعش دەجەنگن.

كۆی گشتی هێزی سەربازیی ئەمریكا لە عیراق
هێزەكانی ئەمریكا لە 3 بنكەی سەرەكی جێگیرن، بە كۆی گشتی ژمارەكانی پەیوەست بە هێزی سەربازیی ئەمریكا لە عیراق زۆر كەمن بەراورد بە 160 هەزار سەرباز لە ساڵی 2003.

ئەو هێزە كەمەی ئەمریكا بەردەوام دەكرێنە ئامانجی هێرشی هاوەن و موشەك كە لە لایەن میلیشیاكانەوە ئەنجام دەدرێت.

دوای تیرۆركردنی قاسم سولەیمانی
لە دوای تیرۆركردنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە مانگی كانوونی دووەمی 2020 لە بەغدا، رای گشتی عیراقی لەگەڵ ئەوەن هێزە بیانییەكان وڵاتەكە بەجێبهێڵن.

ئەو بۆچوونە تەنها لایەنە سیاسییە شیعەكان و ئەوانەی نزیكن لە ئێران ناگرێتەوە بەڵكو جۆرێكە لە كۆدەنگی، بەڵام ئەوەی بەهەمان شێوە كۆدەنگی لەسەرە ئەوەیە كە كشانەوەی ئەمریكا بەو مەرجە بێت كە دواجار هەموو شتێك رادەستی ئێران نەكرێت.

هەمان سیناریۆ و ئەگەر دووبارە دەبێتەوە؟
لە دوای كشانەوەی ئەمریكا لە ساڵی 2011 لە عیراق لە سەردەمی باراك ئۆباما، ئەو وڵاتە تووشی كێشە و گرفتی گەورە هات، هەر لە قووڵبوونەوەی ناكۆكییە سیاسییەكانەوە تا دەگاتە كۆنترۆڵكردنی بەشێكی زۆری خاكی وڵاتەكە لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە.

ئێستاش كە لە سەردەمی جۆ بایدن هەمان رووداو خەریكە روودەداتەوە، هەمان سیناریۆ و ئەگەر دووبارە دەبێتەوە؟

بین باری ئەفسەری پێشووی سوپای بەریتانیا و شارەزای كاروباری بەرگری لە پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی ستراتیجی لەو بارەیەوە دەڵێت، ئەو هێرشانەی پاشماوەكانی داعش ناو بە ناو لە ناوچە جیاجیاكان ئەنجامی دەدەن لە لایەن خودی هێزە عیراقییەكانەوە كۆنترۆڵ دەكرێت، بەڵام مەرجە ئەو كۆنترۆڵكردنە هاوكات بێت لەگەڵ هێنانەكایەی تێگەیشتنی باشتر لەگەڵ عەرەبی سوننە، ئەگەرنا هۆكارە جەوهەرییەكانی یاخیبوونیان بەردەوام دەبێت.

هەواڵێكی ناخۆش
بە رای ئەو پسپۆڕە بەریتانییە، لە ئەگەری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق گۆڕانكارییەكی گەورە روونادات و هەژموونی واشنتۆن هەر بەردەوام دەبێت، چونكە توانای تەكنەلۆجیای سەربازی و نزیكیی هێزە شەڕەكەرەكان و مانەوەیان لە ئاوەكانی كەنداو پەیامێكی بەهێزە بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان لە عیراق، ئەمەش هەواڵێكی ناخۆشە بە تایبەتی بۆ ئەوانەی خۆشحاڵن بە كشانەوەی ئەمریكا، چونكە رووداوێكی لەو جۆرە ئەمریكییەكان لە ئەگەری كردنە ئامانج بە موشەك و درۆن دووردەخاتەوە لە هەمان كاتدا دەستكراوەیان دەكات كە كاراتر لە جاران هەڵسوكەوت بكەن و چارەسەری ریشەیی بدۆزنەوە.

 123 جار بینراوە