سەرەکی » دۆسێ » ئەفسانەی کەسایەتیی ستاندارد

ئەفسانەی کەسایەتیی ستاندارد

شێرزاد حەسەن

– 1 –
*ئاخۆ کەس ھەیە لە کۆمەڵگەی ئێمە و بگرە لە زۆرێک لە جوگرافیا جیاوازەکاندا و لە قۆناغی جۆراوجۆری مێژوودا توانای ئەوەی هەبووبێت کە خانەبەندی بۆ مرۆڤی رەسەن و راستەقینە بکات کە چ تەرز و پەیکەرێکە؟ رەنگە یەکێک لە ھەرە ھەوڵە نەبڕاوەکانی مرۆڤ لەناو کایەی سایکۆلۆژیا – دەروونناسیدا گەڕانێکی بەردەوام بووبێت بۆ دۆزینەوەی وەھا پێناسەیەک و دیاریکردنی مرۆڤی ساغڵەم لە نەخۆش، لە پاڵ دەستنیشانکردنی خەسڵەتەکانی. کەواتە چۆن بتوانین مرۆڤی ئاسایی یان نۆرماڵ بناسینەوە؟ کێ نۆرماڵە و کێ نانۆرماڵە؟ ئایا گومانێکی وا رەوایە کە بێژین کە نە مرۆڤی ستاندارد و نە مۆڕاڵ و رەوشتمەندی ستاندارد لەسەر ئەم ئەستێرەیە هەیە؟ چونکە ئەوەی کە لێروکانە مۆڕاڵی پیرۆز و نموونەیی و بەهادارە، لەنێو جوگرافیایەکی دیکەدا ئەوپەڕی نامرۆڤانە و دژوارە و شایستەی رەتکردنەوەیە.

خۆگونجاندن و ملکەچی و پابەندبوون
بە گشتی رەوشت و داب و نەریت و نۆرمی کۆمەڵایەتی بۆ خۆی بەرگ و سیپاڵێکە کە وەک قاڵب و چوارچێوە بۆ کچ و کوڕەکان ئامادەکراون و دووراون بەر لەوەی لە دایک ببن، لە ناوەوە بیگرە بۆ ناوەڕۆک ھی منداڵەکان نین، لە رەنگی چاوەوە بۆ ھەڵبژاردنی مەزھەب و ئایینەکەی، خێڵ و نەتەوەکەی، گوند و شار و وڵاتەکەی، ناسنامە گەلێکن کە گەورەکان بەسەر بچووکەکاندا سەپاندوویانە، یان رێکەوت و جەبری جوگرافیا و مێژوو. ئەوەش بۆ خۆی راھێنان و سەرمەشقێکە کە ئەوانی دیکە نەوەی نوێی پێڕادێنن و ناچاریان دەکەن بە خۆگونجاندن و ملکەچی بۆ ھەموو ئەو یاساو رێسایانەی کە ئەندامەکانی کۆمەڵگە پێوەی پابەندن. کۆمەڵگە بۆ ھەمیشە خاوەنی قەرەوێلەکەی «پرۆکروست»ە کە سێ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەنێو ئەفسانەیەکی {یۆنان}یدا دەیدۆزینەوە، کە گوایە کەسێک بە ناوی «پرۆکرستس»کە خاوەن خان و دیوەخانێک بووە، هاوشانی هۆتێلی ئەم سەردەمە بووە، کە وەک پیشە ئاسنگەر بووە، هەوڵیداوە کە هەر رێبوارێک رێی بکەوێتە ئاقار و دەڤەری ئەو زاتە، فەرمووی لێکردووە کە میوانداریی بکات بەو مەرجەی کە لەسەر قەرەوێڵەیەک بیخەوێنێت کە درێژی باڵای میوانەکە رێک هێندەی درێژیی تەختی خەوەکەی بێت. خۆ ئەگەر میوانەکانی کەڵەگەت و درێژتر بووبن، ئەوسا قاچیانی دەبڕییەوە تا هێندەی قەرەوێڵەکە درێژبن، خۆ ئەگەر وەک قەد و باڵا کورتتر بوونایە، ئەوسا ھەوڵیدەدا بە یارمەتی یاوەرەکانی لەبەر یەکدی رایکێشن تاوەکو بە قەد قەرەوێڵەکە درێژ بێت، کە بە هەردوو باردا هەر بە مەرگی ئەو ریبوارانە کۆتایی دەهات.

بەردەوامیی خولیای شێتانە
هەڵبەتە لە پشت ئەم ئەفسانەیەوە پەند و حیکمەتێک لە ئارادایە کە لەوەدا چڕ دەبێتەوە کە ئەگەرچی ئەوەیان ئەفسانەیە و بەس، بەڵام وانە و هێمایەکە کە لەناو هەموو کۆمەڵگەکان و دەنێو جوگرافیای جیاواز و بە درێژایی مێژوو هەمان دۆخ و خولیای شێتانە «پرۆکروست» بەرکەماڵ و بەردەوام بووە، تاوەکو ئێستاکێ، کە تیایدا لەسەر ئاستی رامیاری و کۆمەڵایەتی و دینی و مەزهەبی و ئابووری، ئێمە هەمان بەزمی «پرۆکروستس» دووبارە دەکەینەوە بۆ پەروەردکردنی کچەکان و کوڕەکانمان، نەوە دوای نەوە، ئێمە بۆ هەمیشە قاڵب و چوارچێوەیەکی دیاریکراومان هەیە کە دەخوازین ئەوانی دیکە لە باری فیکری و مۆڕاڵی و مەزهەبی و سیاسی و کەلتووری پڕ بە پێستی ئەو یاسا و رێسا و بڕوایانە بن کە گەورەکان و دەستەڵاتداران و ئاخوندەکان خواستیانە، بە واتا مەرجە وێنەکان هێندەی چوارچیوەکان بن، نەک پێچەوانەکەی کە بۆ هەمیشە وا باوە کە چوارچێوەکە وا دیزاین دەکرێت کە هێندەی وێنەکان بن.

پووکانەوەی تواناکانی مرۆڤ
لێرەدایە کە ھەموو وزەو تواناکانی مرۆڤ دەپووکێتەوە و دەکوژرێت، چەمکی شێتبوون و ھۆشمەندی مانای شاراوە و پەنھانی دەبێت، یان تەندروست و دەردەدار، یان ناساغ و شێواو لە باری دەروونییەوە لە بەرامبەر کەسێکی رێک و پێک کە دیسانەوە بەرگ و باڵاپۆشێکە کردوویەتی بە بەری هەموواندا کە هەرگیز مەرج نییە بە کەڵکیان بێت. زۆر بە سادەیی رەنگە کەسی «شیزۆفرینیی» ئەو زاتە بێت کە نەتوانێت خواستە خۆڕسک و غەریزییەکانی کپ بکات، یان بیانکوژێت لەبەر ئەوەی کە ناچارە لەگەڵ ھەموو یاسا و رێسا و دابونەریتەکانی کۆمەڵگەدا خۆی بگونجێنێت. کەواتە کەسێکی ‹شیزۆفرینیی› مەرج نییە دەردارێکی عەقڵ شێواو بێت، کەسێکی ناساغ لە باری تەندروستی و رەوانییەوە، کەسێک کە بەسەر خۆیدا دوو لەت و دە لەت و پارچە پارچە بووە، کە ئەوەیان روانینێکی کەم و سووکی ئەوانی دیکەیە بۆ کەسی دەردەدار، چونکە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا مرۆڤی ‹شیزۆفرینیی› بە تەنھا بەسەر خۆیدا بۆ دوو کەس دابەش نەبووە و بەس، بەڵکو بەسەر دەیەھا کەس و نیوە کەس و کەچە کەس و هیچکەس دابەش بووە، کەسێکە کە ناتوانێت بە رووخساری راستەقینەی خۆیەوە دەربکەوێت، بەڵکو بە ماسک و دەمامکەوە خۆی دەنوێنێت، چونکە گەر وەک خۆیان دەربکەون، ئەوە ھەمووان ناچار دەبن کە لە یەکدی بتۆرێن، رەنگە خانەوادە تۆکمە و دامەزراوەکانیش ھەڵبوەشێنەوە، دڵدارەکانیش لە یەکدی بڕەنجن، فرزەندەکان لە دایک و باوکانیان، دۆست و ھاوڕێیان لە یەکدی…ھتد. ئەوەی کە «فرۆید» گومانی لەوە ھەبووە مرۆڤ وەک خۆی بناسرێت و شوبھاندوویەتی بە «شاخێکی بەفرین ــ ئایسبێرگ» کە نۆ بەشی لە ژێر ئاوە و یەک بەشی لە ئێمەوە دیارە، وا مەزەندە دەکەم مرۆڤگەلی لای ئێمە وەھا خنکاو و شاراوە و نادیارە کە ھەر ھەمووی کەوتۆتە بنی زەریاکە کە زەحمەتە ناسین و دۆزینەوەی ئاسان بێت. کەسانێکی ‹شیزۆفرینیی› گەر نەخۆشیش بن، گەر خۆیان و ئەندامانی خانەوادەکانیان دڵنیاش بن لە راستی و دروستی ئەو دەردە کوشندەیە، ئامادە نین بچنە بیمارستان و لای پزیشکی دەروونناس و دەردناس؛ نەکا خەڵکی بە شێتیان بزانن. هەتا ئەگەر دەردەکانیان گەورەترین گرفت و گرێ و کێشەی دەروونی و دەماریان بۆ دروست بکەن، کە ئەوەشیان هەڵوێستی زۆرینەیە کە ئەگەر کۆی ئەندامانی ئەو کۆمەڵگەیە نەخۆش بن و ھەمان دەردیان ھەبێت، بەڵام وای دەنوێنن کە ساغڵەم و تەندروستن، یان نمایشی ئەوە دەکەن کە بە خۆیان نەزانیووە.

شیزۆفرینیا زگماکی نییە
«شیزۆفرینیا» لەو دەرد و درمانە دەچێت کە ئاسان بڵاو ببێتەوە، دەردێکی زگماکی نییە، نەخۆشی وەھا درمێک قوربانی کۆی کۆمەڵگەیە، لە ناوئاخندا بوونی ‹شیزۆفرینیا› بۆ خۆی دادگاییکردنی هەر ھەموو کۆمەڵگەیە، نەخۆشییەکە کە ئابڕووی کۆی سیاسەتباز و مەزهەبزەدەکان و پەروەردەکاران و کۆی دامودەزگاکانی دەوڵەتداری و ئایینداری لەکەدار دەکات، ئەوەیان پرۆتێستۆ و ھاوار و ھەڵچوونێکە لە بەرامبەر کۆمەڵگەیەکی ستەمکار و سەرکوتکەر و خۆسەپێن و مرۆڤکوژ و رۆحپڕوکێن. کەواتە لە نێوان ھەقیقەت و راستی لە بەرامبەر درۆ و ساختەبازی لەناو ھەر یەکێک لە ئێمەدا جەنگ و ململانێیەک بەرپا دەبێت کە هەموومان نەخۆش دەخات، ئەوەی کۆمەڵگە ناوی ناوە ‹واقیعیبوون› و ژیانی سروشتی و باو تەواو بکوژە و جیاوازە لەوەی کە پرینسیپی خۆشی و چێژێکی مرۆڤپەروەرانە دەیخوازێت کە سادەترین ماف و هەقی رەوای هەموومانە.

کۆمەڵگە تەنێکی بێ سیما و نادیار و هولامی و فشوفۆڵە، کە تەنها لە رێگەی ئەندامەکانی ناویدا خەسڵەتەکانی بەدەردەکەون کە سەربە چین و توێژی جیاوازن. ئەگەرچی وەک تاک کەسێکیش نییە کە بتوانین ھەموو خەسڵەتەکانی ببینین، ناخرێتە سەر قەرەوێلە بۆ شیکاری دەروونی، ئێمە بە ھەزارەھا رووداوی ساختە گەمارۆ دراوین کە گەرەکمانە بە ھۆشمەندییەکی درۆزنەوە وەک راستی و واقیعی و جوان بیانبینین. لە کۆمەڵگەی پیاوە ھەرە واقیعی و ماقووڵەکاندا ھەقیقەت و راستی رووی جیاوازی ھەیە، بەڵام بە ھەموو حیسابێک مەرجە لە بەرژەوەندیی بازاڕەکانی ئەواندا بگەڕێت. لە ژێر رۆشنایی ھەقیقەتی شاربەدەر کراودا بڕێکی زۆری ئەو نۆرمە کۆمەڵایەتی و یاسا و رێسایانەی کە ھەن و ناوی واقیع و ریاڵتی و میراتی باوک و باپیرانی لێدەنرێت، نەک دایک و داپیرانیش کە شوورەییە، مایەی چەوساندنەوە و دەردەدارین، لە ئاکامدا جوانی و پاکی و هەقیش ئەگەر بۆ خۆیان ساختە و درۆزن نەبن.. بازاڕی نییە!

دیکۆر و رتووشکردن
لە جیھانێکدا کە ھەموو شتەکانی ناو خۆمان و دەوروبەرمان دەڕووخێن وەک تەلارگەلێکی بێ بناغەی تۆکمە کە لەبەر زەبری بوومەلەرزەیەکی کوشندە خۆیان نەگرن، کە بە تەنھا وەک ئاوێنە وێنە ناشیرینەکانی لە ئێمەدا رەنگ دەدەنەوە بێ ئەوەی ھێزی دەستکاریمان ھەبێت، ئاخۆ بێجگە لە چڕینی گۆرانییە تاڵ و غەمناکەکانمان ھیچی دیکەمان پێکراوە؟ گومانمان ھەیە، چونکە ئەوەی کە تاوەکو ئێستاکێ لە رێگەی ‹ھونەر› و ‹ئەدەب›ەوە کراوە، ھەوڵی رێبوارێکی ماندووە کە گۆرانی بۆ دڵی خۆی دەڵێت و جار و بار فیکە لێدەدات تاوەکو ترسی گەشتە دوور و درێژەکەی لەو شەوەزەنگەدا بڕەوێنێتەوە. چەندە لە بواری ھونەر و ئەدەب و فیکردا چالاک بین بە تەنھا فریای وێنەگرتنی دیمەنە سامناکەکان دەکەوین، لە تەک کەمێک شیکاری و تێڕامان و خوێندنەوەی رووداوەکان کە تا ھەنووکە بە دادی کەسمانی نەخواردووە، چونکە لە گەوھەردا ھیچ لەو بونیاتە رامیاری و کۆمەڵایەتییەی نەگۆڕیووە کە ژمارەیەک لە خوێندەوارەکان خۆیان پێوە سەرگەرم کردووە، ئەوەی کە لە گۆڕاندایە رۆحی کەسەکان نییە، بەڵکو گۆڕینی دیکۆرە و رتووشکردنی رووکەشی شتەکانە. ئاخۆ لەوە پتر کراوە کە سترانی زێدە رەش و تاڵی خۆمان چڕیووە؟ غەمناک هێندەی کارەساتەکان، چەندین گۆرانی دڵپڕوکێن کە ھەقایەتی بەزین و نشوستی و مەرگەمووش و واھیمەی ھەموومان دەگێڕێتەوە.

– 2 –

«مانیفێستی بەدبینی»
*هیچ گومانێک لەوەشدا نییە کە لە دوای ‹راپەڕین›ەوە ژمارەیەک لە دەستەبژێری رۆشنبیران و نووسەرانی کورد لە بوارە جیاوازەکاندا هەوڵیانداوە شیکارییەک بۆ دۆخی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بکەن و کردوویانە، بەڵام یەکێک لە هەرە گرفتەکان کۆی ئەم شیکاری و لێکۆڵینەوە و شرۆڤەکارییە بە تەنها لە بازنەی دەستەبژێری رۆشنبیرانی ئێمەدا گیری خواردووە و نەگەیشتۆتە خوارەوە لەسەر ئاستی میللیگەرایی، بە واتا یەکتری دواندنی ئەو دەستەبژێرە بووە لە رۆشنبیران و ئاکادیمیستەکانی ئێمە و بەس، گەر ئەمەکدار بین دەتوانین بڵێین ژمارەیەکی بەرچاو لە گەنجانیش لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە خۆیان وا بنوێنن کە سەر بە نەوەیەکی یاخی و سەرکێش و خەونبین بوون، نموونەی ‹شووراکان›، بەڵام بۆ هەمیشە بەزین چاوەڕوانی ئەو بزاف و جونبوش و رابوونانە بووە کە دیارە باوکە دەستەڵاتدارەکان ئەوانیان بەزاندووە کە کۆی هێزی دارایی و چەکداری و میدیایی و خێڵەکی و مەزهەبزەدیی لەژێر چنگی خۆیاندایە و قۆرغیان کردووە.

خەونەکانی دوێنێمان و شکستەکانی ئەمڕۆمان
سەیر نییە کە مایەپووچی و نائومێدی زۆرینەمان لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە خۆزگە و داوا و خواستەکانی ھەنووکە و خەونەکانی دوێنێمان ھاوشانە بە شکستەکانی ئەمڕۆکەمان لەسەر ھەموو ئاستەکاندا، خۆشگوزەرانی ژمارەیەک لە خەڵکی هاوشان نییە بە دۆزینەوەی ئەو رۆحەی نیمانە یان بە تەواوی بزرمان کردووە، بوونی هەزارەها مرۆڤی بەرخۆر و تێرنەخۆرە و مفتخۆر و جلگۆڕ و جلدڕ ھیچ لەو پووکانەوە رۆحییە ناگۆڕێت کە ھەمووانی گیرۆدە کردووە. دواجار ژمارەیەکی ئەوتۆ زۆرمان نییە لە ھۆشیار بە زاتی خۆیان و خەڵکی، بەڵکو نەبان و بێئاگان لەوەی کە چی لە چواردەوریاندا دەگوزەرێت، دوور لەوەی مەردمگەلێکی بێدار خوڵقا بێت کە ھێزی رەخنەگرتنی لە خۆیان و ئەوانی دیکە ھەبێت. گرفتەکە لەوەدایە کە کەسەکان لەناو ئەو ئۆردوگایەی ناوی وڵاتە ھەست بە غوربەت یان نامۆبوونێکی رۆحی نەکەن، چونکە زۆر بە سادەیی ئاسوودەن بە خواردن و ریتن و خەوتن و کردن، رەنگە تەنھا ئەوەندەی بەس بێت کە لەسەر دوو قاچ بەڕێوە دەڕوات، بەوەش جیا دەکرێتەوە لە خێڵی مەیموون و رەوەیەک تووتی و داھۆڵەکانی ناو کێڵگەیەک، لێرەدایە کە بیرکردنەوە و تێڕامان دەوەستێت، ھەستکردن و ھەڵوێست وەرگرتن، چونکە رۆحی مێگەلگەرایی ئاسا ناھێڵێت جیاوازیی لە نێوان قەسابخانە و مێرگێکی سەوز و تەڕدا بکەین. ئاخوڕێکی پڕ لە ئالیک ناھێڵێت سەر بەرز بکەینەوە.

لێڵبوونی دیمەنەکانی شێتی و هۆشمەندیی
ژمارەی دزەکان و چەتەکانی ناو سیاسەت و بازاڕ و فیکرفرۆشی تا دێت پتر دەبێت، لەسەر ئاستی دونیادا، تا دێت بازرگانیکردن بە «کۆیلەی سپی»یەوە بە هەڕمێنتر دەبێت، کە وایکردووە بزنسی هەوەسفرۆشی لەسەر ئاستی هەر حەوت کیشوەرەکەدا گەرمترین بازاڕی هەبێت، بگرە قازانجی ‹هەوەسفرۆشی› لە قازانجی ‹چەکفرۆشتن› زیاتر بووە و دەبێت، ھیچ رۆژگارێک وەک ئێستا بازاڕی ‹لەشفرۆشی› لە تەک بازاڕی ‹فیکرفرۆشی› لە لایەن قاچاغچیانی کحول و تلیاک و دەرمان و خۆراک و جگەرەی ستۆک و ئێکسپایەر گەرم و گوڕ نەبووە، لە ناو دونیای ئێمەدا رۆژ بە رۆژ پتر و پتر برەوی دەبێت. تاڵانکەرانی نەوت و پیاوانی سپیکردنەوەی پارەی رەش لە بانقەکانی ‹رۆژئاوا›دا لە ئاهەنگ و شایلۆغانی خۆیان ناکەون. دیارە ئەم دیاردانەی کە لە سەرەوە ئاماژەم پێدان لە هەموو کیشوەرەکاندا بەرکەماڵە، بەڵام بە رێژە و بڕی جیاواز، کە تا ھەنووکە دەستەڵاتداران ناسڵەمێنەوە و خۆیان بە سەردار و گەورەی خەڵکی دەزانن، لە دێر زەمانەوە وتوویانە کە هەتا دزەکانیش خاوەن شەرەفن بەوەی کە ئەگەر دزیش بکەن، بەشی کەسانی نادارا لە یاد ناکەن، بەڵام چ شەرەفێک لەوەدایە کە پێکەوە سامانی سەر زەوی و بنزەوی بفرۆشین و وەک برا بەشی بکەین، گرنگ نییە سەر بە چ کەلتورێکیت، یان ھەر لە بنەرەتدا خاوەنی کەلتوور نەبێت، یان گرنگ نییە سەر بە چ نەتەوە و ئایین و ئایینزایەکیت، چ چین و توێژ و گروپێک، رەوشتپارێزیت یان نا، ھیچیان گرنگ نییە گەر تۆ تەڕدەست و زیرەک بیت کە بتوانیت بەشێکت لەو تاڵانی و دزییە بەربکەوێت. مرۆڤپەروەری لەم دەوروبەرەدا بە خۆی و ئەوانی دیکە نامۆ بووە، لە ھەموو سەرچاوە و ئەگەرە رەسەنەکانی گەشەکردن دابڕاوە. لە راستیدا دیمەنی گشتی جووڵە و ژیانی کەسەکان و رووداوەکان وەھا لێڵ بوون کە زۆر زەحمەت بووە شێتی لە عەقڵ جیا بکەینەوە، یان دەتوانین بێ دوودڵی گومان لەوە بکەین کە خودی عەقڵ و لۆژیک لەم دەڤەرە باری کردووە، مەبەستم «خۆرهەڵاتی ناوەڕاست»ە!

دەستەواژەیەکی جەرگبڕ
نامۆبوونی ئێمە رەگوریشەیەکی قووڵی ھەیە، دەرک کردنی ئەم راستییە پێشمەرجی بنەرەتییە بۆ تێگەیشتن لە ھەر لایەن و روویەکی ژیانی ناوەکی رۆحی و مادیمان، مەرجە لە زۆر روانگە و گۆشەنیگای جیاوازەوە بیبینین، ھەر ئەو دەرککردن و ھەوڵی تێگەیشتنە بووە کە وای کردووە کۆمەڵێک بیرمەند بە بیر و بۆچوونی جیاوازەوە لێی بکوڵنەوە و شیکاری بۆ بکەن: مارکس، فرۆید، کیرکەگارد، نیچە، ھایدگەر، تیلیچ و سارتەر. شێتیەتی بۆتە پەرچەم و ناسنامەی مەردمگەل، ئەو شێتبوونە بێ زیان نییە کە شێواوییەکی عەقڵی وایکردووە کە ئێمە خۆمان لێیان جیا بکەینەوە، ئەو جۆرە شێتانە تا ئەوپەڕی بێگوناھن بەرامبەر ھەموو ئەو دۆخە ناشیرینەی کە عاقڵەکان دروستی دەکەن، ئەوانەن کە دونیا وێران دەکەن، کەچی وەک عاقڵ پۆلبەند کراون، بە گەڕانەوە بۆ وتەکەی شانۆنووسی ئەمریکی «ئارتەر میللەر» کە سەبارەت بە ‹کیشوەری ئەمریکا›یە کە بڕوای وایە، « ھیچ شوێنێک لە ئەمریکادا پاک نەماوە بێجگە لە شێتخانەکان»، دیارە ئەم دەستەواژە جەگبڕە دەگەڕێتەوە بۆ ناوەراستی سەدەی نۆزدەم، نەک سەردەمی دۆنالد ترەمپ-ی لێبووک!

لە مرۆڤەوە بۆ دەعەجانی
لەو سەد ساڵەی کۆتاییدا ئەو کاولکارییەی کە مرۆڤی عاقڵ لەسەر ئەم ئەستێرەدا بەرپای کردووە، ترسی ئەوە لەلای زاناکانی خەمخۆری ژینگە نیشتووە کە خەریکە ئەم زەوییە بە تەواوی وێران بێت و بە کەڵکی ژیان نەیەت، ھەوا و ئاو و خاک لە زۆر وڵاتی ئەم دونیایەدا پیس بووە. ئێمە بە ھەقیقەتی خۆمان نامۆین، لە ھەمان کاتدا بە یەکتریش نامۆین، بە جیھانی رۆحی و مادیی. راستی لە دونیایەکدا لە دایک بووین کە پێشتر غوربەت یان نامۆیی نزیک بە دامێنی خوێناوی دایکمان چاوەڕێمان بووە، ھیچ گومانی تێدا نییە کە لە شێوەی مرۆڤ لە دایک بووین و دواتر دەبین بە دەعەجانی، ئەوانی دیکە ھێدی ھێدی بە ناوی پەروەردەیەکی ساختەوە لە ماڵ و مەکتەب و مزگەوت لە خۆمان و دونیا و خەڵکی دیکە نامۆمان دەکەن، ئەوانی دیکە دەمانکەن بە تارمایی و دەعەجانی و تووتی و داھۆڵ و بووکەسەماکەرە و مەیموون، ھەر بۆیە «ژان پۆل سارتەر» وتوویەتی: «ئەوانی دیکە بۆ من دۆزەخن». وەک سەر و سیما مرۆڤین، بەڵام لە دۆخێکی کوشندەی نامۆبووندا دەژین، ناکرێت بەو دۆخەشەوە ئاسوودە بین، چونکە زۆر بە سادەیی سیستمێکی سروشتی نییە. نامۆبوون بۆ خۆی چارەنووسی ئێستای ئێمەیە کە لەناو گەرمەی توندوتیژییەکی شێتانەدا و لەسەر دەستی ئادەمیزادەکاندا بەرامبەر بە هاوتوخمی خۆیاندا پیادەی دەکەن. ھەتا واقیع و راستی کەسەکان و رووداوەکانیش لە خەیاڵی ترسناکی ناو رۆمان و چیرۆک و داستانەکان دەچن، ئێمە ئەوەندەی ئەزموون بۆتە خولیامان، تیۆری نەبۆتە شامەراقمان، گەرچی بۆ تیۆرەکانیش ھەر ئەزموون دەبێت بە سەرچاوە. ئێمە بۆ ھەمیشە رەفتار و ھەڵسوکەوتی مەردمگەل دەبینین، نەک ئەزموونی تایبەت بە خۆیان. ئەوەش وایکردووە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی جەخت لەسەر ئەوە بکەنەوە کە سایکۆلۆژیا ھیچ پەیوەندییەکی بە ئەزموونی کەسەکانەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە ھەڵسوکەوتەکانیانەوە.

ئەستەمە من و تۆ یەکدی بناسین
ئەرکی فینۆمۆلۆژیای کۆمەڵایەتی دۆزینەوەی پەیوەندی نێوان ئەزموونی منە بەوانی دیکەوە، ھی ئەوانیش بە کەسانی دیکەوە، خوێندنەوەی پەیوەندیی نێوان دوو ئەزموونە کە چۆن تێکەڵاو دەبن و جیا دەبنەوە و پاشان سوود لە یەکدی دەبینن، واتا دەبێت بە گۆڕەپانی ئەزموونی بە ناو یەکدی-داچوودا. زۆر جاران رەفتاری کەسی بەرامبەر دەبێت بە ئەزموونی من، ھەروەھا رەفتاری منیش دەبێت بە ئەزموون بۆ کەسانی دیکە. ئێمە رۆژانە بەر یەکدی دەکەوین و دەبین بە بابەتی ئەزموونی جۆراوجۆر بۆ یەکدی، ھەڵسوکەوتی نێوانمان و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونەکان دەوڵەمەندترمان دەکەن، بەو مەرجەی کە قووڵ بێت و بە رۆحێکی کراوەوە مامەڵە لە تەک یەکدیدا بکەین، ئەوەی کە لێرە روو دەدات ئەوەیە کە ئێمە زۆر سەرپێیانە و رووکەشانە بەر یەکدی دەکەوین، ھەر بۆیەشە زۆر ئەستەمە من و تۆ یەکدی بناسین، ھەتا عاشقەکانیش نامۆن بە یەکدی، چونکە ناچارن هەر جارە و دەمامکێک بگۆڕن، نە من دەتوانم ئەزموونی تۆ لە خۆمدا بدۆزمەوە، نە تۆش ئەو توانایەت ھەیە کە بە قووڵی ئەزموونی خۆت لە مندا بدۆزیتەوە، کەسمان نەیتوانیوە ئاوێنەی ئەوی دیکە بێت، ئەزموونی تۆ لەوە سادەتر و رووکەشتر و شاراوەترە بکەوێتە ناو رۆح و دڵی منەوە، رەنگە ھی منیش وەک ھی تۆ کاڵ و کرچ دەربکەوێت.
ھۆکاری سەرەکیش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئازادی و ئازایەتی، مرۆڤی داخراو و ترسنۆک نە بەسەر خۆیدا دەکرێتەوە و نە بەسەر ئەوانی دیکەدا، ژمارە ھەرە زۆرەکەی خەڵکی ئێمە لە ناو خۆیاندا خنکاون.

– 3 –

«نەرێنی و ئەرێنی ئەزموون»
+ ئەزموونی تۆ ھەر ھەمووی ناکەوێتە ناوەوەی من، چونکە تۆ لە دەرەوەی منیت، ھەرچەندە بۆ ئەوەش تێکەڵت بووبێتم کە ئەزموونت بکەم، وەک مرۆڤێکی جیاواز گەرەکمە تۆ ئەزموون بکەم، گرفتەکەش لەوەدایە کە ھەردووکمان ئەوە چاوەمان نییە لەودیو رەفتاری یەکدییەوە نھێنییەکان ببینین، راز و نیاز و خولیا و خەون و خەیاڵ و مەراق و ترس و شەرم و دڵەڕاوکێ و گومانی یەکدی نابینین، رۆحی ھەردووکمان پەردەپۆش کراون، هەردووکمان پێکەوە ژێر لمی بیابانێک کەوتووین کە بۆ خۆی سەحرای زیندەگی هەردووکمان بووە، بە عەقڵێکی وشک و برینگ و سستەوە مامەڵە لە تەک یەکدیدا دەکەین. لە ھەمووی گرنگتر ئەوەیە کە بە بوون و بینینی ئەزموونی یەکدی چۆن بتوانین تۆماری بکەین و بینووسینەوە؟ چۆن و بە چ زمانێک بیکەین بە بابەتی باس و خواسی نێوانمان؟ لە راستیدا ھەوڵ و ئەرکی ئەدەب بۆ ھەمیشە تۆماری ئەزموونی پڕ و رەنگاورەنگی مرۆڤایەتی بووە، لەوەش جوانتر بۆ ھەوڵی ئەدەب بە درێژایی مێژوو تۆماری ئەو ئاڵۆزی و نادیدەگرتنەی ئەزموونی مەردمگەل بووە لە تەک یەکدیدا، واتا رەسمی ئەو رۆحە پەژموردانەی کردووە کە چەندە دوورن لە یەکتری، کە ھیچ پردێکی پەیوەندی کۆیان ناکاتەوە، ئێمە بە تەواوی لە یەکتری بزرین، ئێمە کەسانێکین سەیری یەکدی دەکەین، بەڵام یەکدی نابینین، ئەوەی دەیبینم تارمایی تۆیە نەک خۆت، منیش بۆ تۆ بێجگە لە سێبەری خۆم ھیچ کەسێک نیم، خودی ئەزموون بەشە ھەر نادیارەکەیە لە من و تۆدا، ھەر بۆیە زۆرن ئەو کەسە فامیدانەی ئەزموون بە ‹رۆح› و کرۆکی مرۆڤ ناوزەد دەکەن، ئەوەی کە لەش ئەزموونی دەکات دەبێتەوە بە پێکھاتەی ئەزموونی رۆحیمان، ئەگەرچی جیاکردنەوەی رۆح لە لەش بەو مانا تەقلیدییە شایەنی رەتکردنەوەیە، بە تایبەتی لە ژێر کاریگەری رۆحی ئاییندارەکان و ئاخوندەکاندا کە ‹رۆح› دوو چارەنووسی هەیە دوای ساردبوونەوەی جەستە، دوو جێگا و مەنزڵگای هەیە و بەس: بەهەشت یان دۆزەخ کە سادەترین جۆری روانینی باو و ترادیشناڵە بۆ رۆحێکی هەزار ڕەنگ!

بایۆگرافیا ئازایەتی و ئازادیی گەرەکە
ئەزموونی مرۆیی بۆ ھەمیشە ئەو بەشە نادیار و پەنھانەیە کە تێگەیشتن و شیکردنەوەی ئاسان نییە، سایکۆلۆژیا «لۆگۆس»ی ئەزموونە، پێکھاتە و بونیادی زیندەگی ئێمەیە، ھەر لەبەر ئەوەشە کە سایکۆلۆژیا بە زانستی زانستە مرۆییەکان ناسراوە. ئەگەر ئەزموون دەرئەنجامی رووداوەکان و رەفتاری رۆژانەی ئێمە بێت، چۆن و بە چ شێوازێک لە کرۆکی ئەو ئەزموونە شاراوەیە تێبگەین کە دەکەوێتە ئەودیو رووداوەکان و رەفتارەکانەوە؟ بەدەر لەو ئاڵۆزییەی ھەمانە لەمەڕ پەیوەندیی نێوان رەفتار و ئەزموون، ئێمە ناچارین بەوەی وەک مرۆڤ ئەزموونی یەکدی بکەین، چەندە قووڵە یان لە تەنکاودایە، ئەوەیان گرفتێکی دیکەیە کە پەیوەستە بەو کۆمەڵگەیەی نەیھێشتووە یەکدی باشتر بناسین، نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان بەربەستن و هەم مەترسیدارن، لە ناو کەلتورێکدا کە پڕە لە حەرام و تابووەکان و قەدەغەخوازی، لە سیاسەتی چاوشارکێ و خۆ حەشاردان و ژیانی ژێرەوانکێ، ھەر بۆیە ئەستەم دەبێت بۆ ھەر یەکێک لە ئێمە کە ئەزموونکردنی ئەزموونەکانی بەرامبەر ببێتە سەرمەشقی ھەوڵەکانمان، ئەستەمبوونەکەی لە شاردنەوەی خۆتەوە دەست پێدەکات وەک مرۆڤ، ھەر وەک «وشترمرخ/ نعامە» کە سەری خۆی لە ناو لمدا دەشارێتەوە بەو نیازەی کە مادامەکێ ئەم کەس نابینێت، کەواتە کەس ئەمیش نابینێت. ھەر لەبەرئەوەشە کە یاداشتنامە و ژیاننامە لای ئێمە نەبۆتە پڕۆژەیەکی راستەقینە لە لای نووسەران، چونکە بایۆگرافیا بۆ خۆی ئازایەتی و ئازادیی گەرەکە.

با خۆمان بین نەک ئەکتەر
ئەزموونەکانی ئێمە ئەوەندە شاراوەن کە نابینرێن، تام و بۆنی ئاشنا نییە بۆ کەسمان، نابیسترێن و دوورە دەستن. من ناتوانم بایی ئەوەندە لێت نزیک ببمەوە کە ئەزموونی ئەزموونەکانت بکەم، بەڵام ئەگەر رێگەم بدەیت، دەتوانم ئەزموونی خۆت بکەم وەک مرۆڤـ، بگرە دەکرێت ئەزموونی خۆم بکەم لە رێگەی تۆوە. تێگەیشتن و شیکردنەوەی ئەزموونی ئەوانی دیکە لەوەوە دێت کە من بوارم ھەبێت بە تەواوی بتوانم خۆم لە کاروباری تۆ ھەڵبقورتێنم و لەناو ھەمان دۆخ و نمایشدا بم وەک تۆ، ھیچ دەرگا و پەنجەرەیەکت بە روومدا دانەخرابێت. تێکەڵکاری ئەزموونی کەسەکان و کارلێککردن بە تەنھا لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە خۆمان بین نەک ئەکتەری سەر شانۆ، ئەوەی ئێمە دەیکەین پتر نمایشێکی درۆزنانەیە لەبەردەم یەکدیدا تا بەو شوێنە دەگات کە زۆر دەگمەنن ئەو کەسانەی بە راستی رۆڵی خۆیان ببینن. خوێندنەوە و تێڕامان و وردبوونەوە لەو ئاڵۆزییەی ئێمەش تێیکەوتووین کار و ئەرکی کارمەندەکانی ناو کایەی زانستە مرۆییەکانە، ھەر وەک چۆن خوێندنەوەی سروشت و تێگەیشتن لە رەگەزە زیندوو و مردووەکانی ناو سروشت بۆ خۆی ئەرکی کارەکتەرەکانی ناو گۆڕەپانی زانستە سروشتییەکانە.

زانستە مرۆییەکان پەیوەندیی نێوان ھەڵسوکەوت و ئەزموون دەدۆزنەوە، بەڵام زانستە سروشتییەکان توانای ئەوەیان نییە پەیوەندیی نێوان رەفتار و ئەزموون بدۆزنەوە، چونکە ژیانی کێویانەی ناو سروشت ژیانێکە بۆ گیاندار و زیندەوەرەکانی کە ئەزموون تیایدا بە مانا مرۆییەکەی ئەستەمە. ھەر لەبەر ئەوەشە کە لەناو سروشتدا تۆمار بوونی نییە.

ھونەر و ئەدەب کە پوختەی ئەزموونی مەردمگەلە، بەڵام لەلای درەخت و مەل و پەپوولە و پڵنگ و رووبار و بەفر و کێوەکان تێگەیشتن لێیان مەحاڵە، ئەفسووس ئێمەی زیندوو لەم دەڤەرەدا وا دەڕوانینە «سروشت» کە سەرچاوەی ژیان و زیندەگیمانە بۆ مانەوە، یانژی سەنگەر و مەتەرێزە بۆ بەرەنگاربوونەوەمان لە بەرامبەر دوژمنەکانماندا کە ئەوەشیان وا نەکات لە نهێنی جوانی و خێر و گەنجینەکانی تێبگەین!

جیاوازیی لە ئەزموون و رەفتاردا
تێگەیشتن لەوە ئاسانترە ئەگەر بزانین بوونی یادەوەری بۆ تۆماری ئەزموون پێویستە. پەیوەندیی نێوان رەفتار و ئەزموون لەناو سروشتدا زۆر نادیار و پەنھانترە لەوەی مرۆڤ تێیبگات، گوزارشتکردن لەو پەیوەندییە گرفتێکی گەورەیە. ئەگەرچی ئەوەش بەو مانایە نایەت کە لەناو سروشتدا ژیانێکی رەنگاورەنگ و دەوڵەمەند لە پەیوەندیی نێوان رەگەزە جۆربەجۆرەکاندا بوونی نییە، یان کار و کاردانەوە، یان خۆگونجاندن و دۆزینەوەی زمانێک لەنێوان گیاندارەکان و زیندەوەرەکانی کە بتوانن پێکەوە ھەڵبکەن و ململانێی نێوانیان خۆرسکانە رێکبخەن، لەوەدا زانستە سروشتییەکان بۆ خۆیان بڕێکی زۆری زانیارییان کەڵەکە کردووە کە لەگەڵ بابەتەکانی ئەو ژیانە کێوییەدا بگونجێت.

ھەرچەندە ئەزموون نادیار بێت، دوا جار ئەزموونێکە کە ئەوەندەی خودگەراییە، بە ھەمان ئەندازەش بابەتیانەیە، ھەم ناوەکییە و ھەم دەرەکی، ھەم پرۆسێسە و ھەم پراکسیسە، پشکی بەشداریکردن و جووڵەیە و ھەم بەرھەم و دەرئەنجامە، مادیی و بەرجەستەیە و ھەم رۆحی و نەگیراوە، ھەم داتا و ژمارەیە و ھەم لێڵ و تەماوی و ھولامی.

بۆ ھەمیشە جیاکردنەوەی ‹ناوەوە› لە ‹دەرەوە› بە مانای جیاوازیکردنە لە نێوان ئەزموون و رەفتار، بەڵام ھەندێک جاریش ئاماژەیە بە ھەموو ئەو ئەزموونانەی کە وەک زاتی و «ناوەکی» تەماشا دەکرێت لە بەرامبەر ئەزموونێکی «دەرەکی» کە ھی ئەوانی دیکەیە نەک ھی خۆمان، کە وەک شێوە ژیان و ئەزموونی جیاواز لێکدی ھەڵاوێرد دەکرێن، یان لەنێوان ئەوەی کە خەیاڵییە و ئەوەی کە واقیعی و بەرجەستەیە، بگرە خەونەکان و خولیاکان و فانتازیا و یادەوەری بۆ خۆیان ھەر رەنگەکانی ناو شەبەنگن کە دەبنەوە بە کانگاکانی ئەزموون.

ئەزموونێک لە دەرەوەی ژوورەکەت
ئەم جۆرە بۆچوونە گوزارشت نییە لە لەتبوونی ئەزموونی ئێمە بۆ چەند بەش و پارچەیەک. لەوە دەچێت ئێمە لەناو دوو جیھاندا بژین، زۆربەی خەڵکیش بە تەنھا ئاگاداری دونیا دەرەکییەکەن. لەھەمووی گرنگتر ئەوەیە کە دونیای ناوەکی بەو مانایە نایەت کە شتێک ھەیە کەوتۆتە ‹ناوەوەی› لەشمان یان مێشکمان، وشەی «ناوەکی/ ناوکۆیی» ئیدیۆمێکە بۆ ئەزموونکردنی لەشمان، چونکە لەش بۆ خۆی ئاوێنەیەکە ھەموو رووداوەکان و وێنەکان و کەسەکان لە ناویدا دەردەکەون، ئێمە ناچارین بۆ ئەزموونکردنی خۆمان بەر ئەوانی دیکە بکەوین. کارەکتەری «رۆبنسن کروسۆ» کە رۆمانێکی «دانیال دیفۆ»یە و لە ناو ئەو دوورگەیەی کە بە تەنیا گیری خواردبوو، «جومعە»ی کۆیلە و یاوەری نەبینیایە ئەزموونەکەی وەھا پڕ و دەوڵەمەند نەدەبوو. ئێمە ئاوێنەی ھەموو ئەو شتە زیندوو و مردووانەی کە بەریان دەکەوین یان بە بەردەمماندا تێدەپەڕن. بیرمەندی بریتانی «بێرتراند رەسێل» واتەنی: ئەستێرەکان لە ناو مێشکی ئێمەدا دەدرەوشێنەوە. بە واتا دەرک پێکردنی من بە ئەستێرەکان بینینێکە لە خەیاڵدا، نە کەمتر و نە پتر، ئەگەرچی بینینی یەکەم زۆر پێویستە بۆ ئەو خەیاڵکردنەوەیە. بەڵام چی دیکە خەیاڵ لەوە ناکەمەوە کە لەناو مێشکمدا جێگیرن، ھەستیان پێدەکەم بێ ئەوەی بیر لەوە بکەمەوە کە لە کوێدان. ھەر بە ھەمان پێوودانگ پەیوەندی نێوان ئەزموون و ھەڵسوکەوتمان پەیوەست نییە بەوەی کە کامەیان ‹دەرەکی› و کامەیان ‹ناوەکی›یە. ئەزموونی تۆ لەناو مێشکتدا نییە. ئەزموونی تۆ سەبارەت بەو ژوورەی خۆت کە تێیدا نیشتەجێیت تازە کەوتۆتە دەرەوەی ژوورەکەت، ئەگەرچی تا ھەنووکەش تێیدا سرەوتبیت، بە واتا ئەزموونی تۆ رۆح و دەروونی تۆیە، رۆح و دەروونیشت ھەمدیس ئەزموونی تۆیە.

– 4 –

«شانشینی رۆح»
خەڵکێکی زۆر لەلای ئێمە بڕوای وابووە کە ئیسرافیل-ی فریشتە ھەورەکان لێدەخوڕێت، تاوەکو لەسەر خاکێکی وشک دابکات، ئەمڕۆکە ژمارەیەکی زۆرتر بڕوایان وایە کە گەشتی ھەورەکان و باران پەیوەندیی بە ئیسرافیل ــ ەوە نییە، بۆیە بڕوایان بە فریشتە نییە یان گومانی پەیدا کردووە لە بوونی فریشتەکان. خەڵکێکی زۆریش بڕوای وابووە کە رۆح کورسییەکی لەناو مێشکدا ھەیە، بەڵام دوای ئەوەی لەمڕۆکەدا چەندین مێشک نەشتەرگەریی بۆ کراوە و بینراوە کە ھیچ شوێنێکی تەرخانکراو بۆ رۆح لەناو مێشکدا نییە، ھەر لەبەرئەوە زۆر کەس بڕوایان بە رۆح نەما، بەڵام مەرج نییە بڕوا بەوە بکەین کە ئەگەر کورسییەکمان نەدۆزییەوە بۆ رۆح، بەو ئەنجامە بگەین کە رۆح بوونی نییە. بۆ فریشتەکەش ھەمان شتە، با من و تۆ بڕوامان بە فریشتە نەبێت، کەسانێکی دیکە ھەن بڕوایان بە بوونی ھەیە، چونکە فریشتەکە لە ئاسمان نییە، بەڵکو وا لە ناو عەقڵ و مەزەندە و خەیاڵی ئەواندایە و ئەوەش هیچ سەیر نییە، بگرە خودی «خودا» و ‹موسا› و ‹عیسا› و ‹محەمەد› بوونەوەر و مەخلووقێکی زمانەوانین، لەم سەردەمەدا کەس ئەوانی نەدیووە، بەڵکو ئەوان لەنێو کتێبەکاندان و ئێمە بێداریان دەکەینەوە. تەورات و ئینجیل و قورئان و هەم ‹گیتا/جیتا›ی هیندۆسەکان و ‹ئاڤێستا›ی خۆمانیش بوونێکی زمانەوانیان هەیە، بە واتا زمان رۆڵی هەبووە لە خوڵقاندنی وەها بڕوایەکدا و بەس!

پەیوەندییەکی شل و شێواو
ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە بە شێوەیەکی کۆنکریتی ئەزموونی زیندەگیمان پڕ و دەوڵەمەند بکەین، واتا لە ناو واقیعدا بژین بە ھەموو پڕی و یەکانگیری خۆیەوە، کە دیارە زۆرینەمان ئەوەمان نەکردووە، ھەموومان وەک بوونەوەری فیزیکی ھەین و شوێنێکمان لە دونیادا داگیرکردووە، وەلی بە راستی و رەسەنییەوە نەژیاوین. چ وەک ئەزموون و چ وەک دەرک کردن بە نھێنییەکانی خۆمان و خەڵکی و جیھانی دەوروبەرمان و سروشتەکەی بە ھەموو ئەو رەگەزانەی کە لەسەری دەژین، بۆمان نەڕەخساوە، ئەوەی بووە ژیان و ئەزموونێکی زۆر ھەژارانە بووە لە باری رۆحییەوە.

لەو بارەوە ئێمە ھەلاھەلا و پارچە پارچەین. لە پەیوەندیی دوو کەسەوە بیگرە کە شل و شێواوە تا دەگات بە پەیوەندییەکانی ناو گروپ و توێژ و چینەکانی ناو کۆمەڵگە. پرسیارە گەوهەردارەکە ئەوەیە: ئاخۆ لەمڕۆکەدا بوونەوەرەکانی وەک ئێمە دەکرێت ببن بە مرۆڤ/ ئادەمیزاد یان ببن بە کەس بە مانای ھەڵگری ھەموو خەسڵەتە جوانەکانی مرۆڤبوون و بە کەسبوون؟ ئاخۆ ھیچ کام لە ئێمە دەتوانێت خۆی بێت لە تەک کەسێکی دیکەدا، بێ دەمامک و ماسک، خود و زاتی راستەقینەی خۆی پێشانی بەرامبەرەکەی بدات، جا چ ژن بێت و چ پیاو؟ بەرلە وەڵامدانەوەیەکی گەشبین یان رەشبینانە، مەرجە ئێمە ئەو پرسیارە بکەین: ئاخۆ مەبەست لە پەیوەندیی مرۆییانە چییە؟ ئایا بە کەسبوون و مرۆڤبوون و پەیوەندیی مرۆییانە ئەگەرێکی شیاوە؟ لە وەھا دۆخێکدا وەڵامی پرسیارێکی وا ئەستەمە، چونکە ئێمە ھێشتا نازانین بە کەسبوون و بە مرۆڤبوون واتای چییە، لێرە و لەوێدا باس لە کوردبوون و موسڵمانبوون و بە کافربوون و بە حزبیبوون و ژنبوون و کچبوون و بە منداڵبوون و کوڕبوون و بە پیاوبوون و بە پیشەکاربوون دەکرێت لە هەموو بوارەکاندا، بەڵام بە مرۆڤبوون نەبۆتە پرسی سەرەکی بواری پەرەوەردەی ئێمە، نە لەماڵ و نە لەمەکتەب و نە لەمزگەوت و نە لە حزب و نە لە ھیچ خانەیەکی پەروەردەدا، بەمانا هەرە رۆحپەروەری و مرۆڤدۆستییەکەی نەبۆتە چەقی خەون و بیرکردنەوە و نەخشەدانانی ئێمە کە بتوانین ئایندەیەکی درەخشان پێشکەش بە نەوەی نوێ بکەین. ئەو پرسیارە دەمانباتەوە سەر پرسیارێکی دیکە: ئاخۆ لە بنەڕەتدا خۆشەویستی ھەیە؟ ئایا ئازادیی ئەگەرێکی کراوەیە؟ ئەم دوو پرسیارە دەمانخاتەوە بەردەم گومانێکی گەورەترەوە کە بەبێ ئازادیی و خۆشەویستی خودی مرۆڤبوون و پەیوەندیی مرۆییانە ئەستەمە، ھەر ھەمووشی بێ ئازایەتی مەحاڵە کە بۆ خۆی زادەی ھۆشیارییەکی زاڵی مرۆڤە بۆ گەیشتن بەوپەڕی مرۆڤپەروەریی و کامڵبوون.

لە هەموو پێکهاتە و رەگەزەکانەوە دوورین
دوا جار ئەزموونی تایبەت بە ھەرکەسێک لە ھەر بوارێک و گۆڕەپانێکدا بێت، ئەو بوار و کایەیە دەگۆڕێت بۆ پانتاییەک کە نیاز و رەفتار تیایدا بەرکەماڵ بێت: چونکە تەنھا لە رێگەی کار و جووڵە و کردەیەکی مرۆییانە ئەزموونی ئێمە دەگۆڕێت و فۆرمی تازەش وەردەگرێت، ئەوەیان تەماع و خواستێک دەدات بە دەروونناسەکان کە مرۆڤ وەک ھەر بابەتێکی دیکە شیاوی خوێندنەوە و شیکردنەوە بێت، وەک ئۆبژێکتی جیاواز، بەڵام بۆ ھەمیشە مرۆڤ سرکترە لەوەی ھۆشیارییەکەی یان نەست و نائاگاھی و عەقڵە پەنهانەکەی بە ئاسانی بخوێندرێتەوە. لەوەش ئاڵۆزتر ئەوەیە کە ھەر یەکەمان ئەزموونی لەوی دیکە جیاوازە، ئەگەرچی لە ھەندێک ھەڵقەی ئەو ئەزموونانەدا یەکدی دەگرینەوە، بێجگە لەوەش ئێمە دابڕو و دوور نین لە ھەموو پێکھاتە و رەگەزەکانی سروشت و جیھانی دەوروبەر.

ئێمە لە ناو ھەمان تۆڕی کۆمەڵایەتیدا دەژین، کارێکی رەوا و لە گوینە کە راناوەکانی «من» و «تۆ» و «ئەو» و «ئەوان» و «ئێمە» تێکەڵاو بن. کردار و نیاز و ئەزموون شتگەلێک نین کە دەرە مرۆیی بن. ناکرێت بەوەندەش دڵمان ئاو بخواتەوە کە مەردمگەل ببینین کە دەخۆن و دەخەون و دەدوێن و بە رێگەدا دەڕۆن و زاوزێ دەکەن، ئەوەیان ناچێتە خانەی خوێندنەوەی زیرەکانەی ئەزموونی ژیان کە پوختەی تۆماری مێژووی رۆحیمانە.

پەڕینەوە لە بەرزەخی منەوە بۆ تۆ
کارێکی ئاسانە ئەوەی کە لە مرۆڤدا دەبینرێت، تام دەکرێت، بۆن دەکرێت، دەبیسترێت و دەستی بەر دەکەوێت ببن بە بابەتی خوێندنەوە و شیکردنەوە، بەڵام پەڕینەوە لە رووکەش و پێست و دەرکەوتە و دەردراوەکانی جەستە بۆ مانا و کۆد و رەمزە شاراوەکانی دیکە جێگەی بایەخە، یان دەکرێت قسە و رەفتاری ئێمە ھەوڵێک و بازدانێک بێت رووە و ئەزموونکردنی ئەزموونەکانی ھەر کەسێک کە بۆ خۆی پتر گەڕانە بۆ پەند و حیکمەتەکانی تێگەیشتن و خۆ پەروەردەکردن. ھەموو کردە و رەفتارێکی ئێمە بە گەڕخستنی ئەزموونێکە کە جێکەوتە بێت.
ھەموو رەفتار و ئەزموونێکیش پابەندە بە کەسێکەوە یان شتێکەوە لە دەرەوەی زاتی خۆمانەوە، ئەزموونکردن پەڕینەوەیە لە بەرزەخی منەوە بۆ تۆ. ئەوکاتەی دوو کەس لە پەیوەندیدان، ھەڵسوکەوتی ھەر یەکێکیان بەرامبەر ئەوی دیکە گەمەی ئەزموونێک سازدەکات کە پێکەوە پتر گەشە بکەن کە ئەوەیان بۆ ژیانی سۆزداریی و ئێرۆتیکی گەلێک دروست و بەهادارە.

مەرج نییە ھەموو کاتێکیش رەفتاری تۆ یەکدی بگرێتەوە لە تەک رەفتاری بەرامبەرەکەت، زۆر جاران لە کۆمەڵگەیەکی شەڕانگێزی وەک ئەوەی ئێمەدا کاردانەوەمان لە بەرامبەر یەکتریدا پڕە لە رق و کینە و دوژمنکاری، ئەوەندەی کار لەسەر یەکدی سڕینەوە دەکەین، ئەوەندەی کە شەڕی بەزاندنی یەکدی دەکەین، نیو ئەوەندە لە خەمی ئەوەدا نین بگەین بە یەکدی و بە رۆحێکی کراوەوە کەڵک لە ئەزموونی یەکدی وەربگرین.

کەمتر وەک مرۆڤ مامەڵە لە تەک یەکدیدا دەکەین، وەک کەس و زاتێکی سەربەخۆ و ئازاد، ئەوی دیکە بابەتێکە بۆ من و منیش بابەتێکم نەک ئادەمیزاد، گەمەی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی ئەزموون دەوەستێت، گەمەکە لەوەدا چڕ دەبێتەوە کە کامەیان لەو دوو کەسە یان دوو لایەنە یەکدی ببەزێنێت. گرفتی ئەو بە یەکتری نەگەیشتنە لەوەوە دێت کە من تەنھا لە رێگەی ئاکار و رەفتاری تۆوە دەتوانم ئەزموونی تۆ بکەم، بۆ تۆش ھەر ھەمان شتە، بەڵام لە نەبوونی ھیچ پردێکی نێوانمان و نەزۆکیی دیالۆگمان، خودی گۆڕینەوەی ئەزموون ئەستەم دەبێت.

ونبوون چارەنووسی زۆرینەمانە
سەرەتای کارەساتەکە لەوێوە دەست پێدەکات کە ئەو مرۆڤەی ئێمە بە کەسێکی بێ غەوش و ئاسایی دەیناسین، دیارە خۆیشی گومانی لە خۆی نییە کە لە باری جەستەیی و رۆحییەوە تەندروستە، بۆخۆی ھیچ کەسێک نییە کە بێجگە لە پاشماوەی یان لەت و کوتی ئادەمیزادێک، هیچی دیکە نییە کە لە ھەقیقەتی بوونگەرایی خۆی بەجێماوە. ئەوەش ھەر ھەمووی لەپێناوی دڵڕاگرتنی کۆمەڵگەدا بووە، واتا ملکەچکردنی من و تۆ بۆ رەوشتی بێ مانا و زاڵی ئەوانی دیکە وایکردووە کە من و تۆ کەچە کەس و لەتە کەس و نیوە کەس بین، ھۆشیاریی نەبێت کەسمان ھێزی ئەوەی نابێت شکۆمەندیی دۆڕاوی خۆی لەوانی دیکە بەزۆر وەربگرێتەوە.

بە جێھێشتنی خۆمان لە بیابانی ئەوانی دیکە دەمانخاتە ژێر خۆڵ و لمەوە، گەڕانەوە بۆ ھەرێمی یەکەم لە بیاباندا کە بۆ ھەمیشە بارینی لم جێ ھەنگاوەکانمان دادەپۆشێت و نایدۆزینەوە کە ونبوون چارەنووسی زۆرینەمانە، ئەم وێنە مەجازییە بۆ ئەوەیە بڵێم بۆ ئێمەی گەورە ساڵ گەڕانەوە بۆ سەردەمی پاکی و ئازایەتی منداڵی زۆر ئەستەمە، کە تیایدا ناوەڕۆک و رۆحی خۆمان و زۆر بەھای جوانترمان لەیاد کردووە، چونکە بە درێژایی تەمەن و رۆژگار گەورەکان: باوک و مامۆستا و مەلا و ئاغا و ئەفسەر و سەرۆک و …هتد مێشکمان دەشێوێنن، وای لێدێت کە بە تەواوی جیھانی ناوەوەی خۆمان بە زەحمەت بناسین، خەون و خولیا و خەیاڵەکانی خۆمان لەیاد دەکەین، ھەر زوو لە رێگەی پەروەردەی نەخۆش و ترسنۆک و شەرمنی گەورەکانەوە ئەو رۆحە بەلەنگاز و یاخییەی سەردەمی جوانیمان لێ دەستێننەوە، فێرمان دەکەن تاکە خەممان مانەوە بێت، جا بەھەر نرخێک بێت، یەکێک لە ھەرە باج و نرخە قورسەکانیش دۆڕاندنی ئازادیی خۆمانە، لە باشترین دۆخدا «عیسا-ی مەسیح» واتەنی: چ جوانییەکی تێدایە کە خۆت بدۆڕێنیت و دونیا ببەیتەوە. فێری درۆ و ریاکاری و سازشکردنمان دەکەن، واز لە ھەست و نەستی خۆمان بێنین و خۆ بگونجێنین لەگەڵ دابونەریت و دۆخی باو و نەگۆڕدا. وەھا لە قاڵبمان دەدەن و دونیاکەمان بۆ بچووک دەکەنەوە کە ھەستی بینین و بیستن و تێڕامان و تامکردن و بۆنکردنمان تا دوا ئاست و پلە کەم دەکەنەوە، وەک ئەوە وایە ھەر ھەموو شتەکانمان پەردەپۆش کرابن، ئەو رۆحە سەربازییەی گەورەکان کە بە ناوی دیسپلین و زەبت و رەبتەوە بەسەر منداڵەکاندا دەیسەپێنن، لێناگەڕێت بە چاوی تازەوە و شکۆمەندانە ژیان ئەزموون بکەن، پەروەردەیەکی فیوداڵی/ دەرەبەگی تێکەڵ بە رۆحێکی سەربازیی کە وا دەکات ھەرچی ئازادیی و خۆشەویستی و پاکی و راستی کە ھەمانە؛ بیدۆڕێنین.

ئەزموون کردن بە دیوە سیحراوییەکەی
خەون و خەیاڵ یان فانتازیا کە لە منداڵییەوە دەکوژرێن بۆ خۆیان شێوەیەکن لە ئەزموونی تاڵ و مەرگەمووش، زۆرێک لە ئێمە نازانن یان بڕوا ناکەن کە ئێمە شەوانە دەکەوینە ناو ھەوارێکی نزیک بە واقیع کە تیایدا هەستەگی و ئاگاھیمان لەیاد دەکەین، ھەر بە ھەمان ریتم و رەزمی لەیادکردنی خەونەکان کە بێدارین، بەڵام کەسانێک کە ھۆشیارییان بە فانتازیا ھەیە کە دەزانن فانتازیا تاوەکو ئەوپەڕی ئەزموونکردنی ژیانە بە دیوە ھەرە سیحراوییەکەی، چونکە کوشتنی واقیع و شێواندنی لەبەرچاوی ئێمەدا ناچارمان دەکات بەوەی بۆ ئاڵتەرناتیڤ بگەڕێین کە ئەویش خودی فانتازیایە کە لەنێو خەون و خەیاڵدا خۆی بەرجەستە دەکاتەوە. ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین «کەسی ئاسایی و نۆرماڵ» بەرھەمی سەرکوتکردن و چەوساندنەوەی مەردمگەلە، دەرئەنجامی نکوڵی لێکردنە، دوولەتبوونە، دوورخستنەوەیە لە جوانی، کوشتنی سۆز و خەیاڵە لە منداڵییەوە، لە تەک ھەموو کردارە خراپ و وێرانکاری لە جەستە و رۆحدا کە زیان بەو ئەزموونە ئینسانییە دەگەێنێت. ھەموو ئەم دەردانە نامۆت دەکەن بە پێکھاتەی بوونی خۆت کە ئیدی ئەستەمە خۆت بدۆزیتەوە.

 

فرۆید

 

کارل مارکس

 

کیرگارد

 

نیچە

 

هایدگەر

 

ئیلیچ

 

سارتەر

 

ئارسەر میلەر

 

ترەمپ

 

بیرتراند راسڵ

 

 

 

 

 194 جار بینراوە