سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » بەرەو دواخستنی هەڵبژاردن

بەرەو دواخستنی هەڵبژاردن

هەرچەندە سات لە دوای سات لە 10ی تشرینی یەكەم نزیك دەبینەوە كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بە وادەیەكی كۆنكریتی و نەگۆڕ بۆ سازدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختە تەماشای دەكات، بەڵام دەستەواژەكان زۆرن بۆ دواخستنی پرۆسەكە، لەپێش هەمووشیانەوە بایكۆتكردنی بەشێكی زۆری هێزە كاریگەرەكانی سەر گۆڕپانی سیاسی عیراق.

كۆبوونەوەكان بەردەوامن لەگەڵ رەوتی سەدر و مینبەری عیراقی و بەرەی دیالۆگ و هێزەكانی تر، بەڵام پێناچێت ئەو كۆبوونەوانە ئاكامی خوازراو بەدەستەوە بدەن، ئەوی بەرەی ئەملا دەیەوێت، بەرەكەی تر رەتیدەكاتەوە بە پرەنسیپێكی چەسپاو دایدەنێت و ئامادە نییە سازشی لەسەر بكات.

حكومەت لەگەڵ تێكڕای هێزە سیاسییەكان لەگفتووگۆدایە، هەرچەندە لەژێرەوە چاوی لە تەواوبوونی خولی ئێستای پەرلەمان بڕیوە و دەیەوێت هەرچۆنێك بێت ئەم قۆناغە تا وادەی یاسایی بۆ سازدانی هەڵبژاردن بەڕێبكات، ئەمەش لە بازدان و هەنگاوە درێژەكانی و ئەو بەرنامانەدا بەدی دەكرێت كە لەم ماوەی دواییدا كار جێبەجێكردنیان دەكات.

حكومەت بە رووكەش و لە روناكیدا لەگەڵ سازدانی هەڵبژاردنە، چونكە پێیوایە بەم هەڵوێستەی پابەندبوونی خۆی بەو گفت و بەڵێنانەوە دەردەخات كە بە گەلی عیراقی داوە، بەڵام ئەوەی لە ژێرەوە و لە تاریكیدا دەگوزەرێت، پێچەوانەیە و نایەوێت تا نیسانی 2022 پرۆسەكە بەڕێوەبچێت.

كابینەكەی مستەفا كازمی خواستی لە مانەوەی زیاترە و چاوی لە فراوانبوونی رووبەری بایكۆتكردن و پاشەكشەكردنی زیاتری هێزە سیاسییەكان بڕیوە، لەگەڵ ئەمەشدا پێیخۆشە وتوێژەكان بۆ پاشگەزكردنەوەی هێزە بایكۆتكەرەكان ئاكامییان نییە و لانی كەم سەدرییەكان بەم رەوشەی ئێستا بۆ هەڵبژاردن رازیی نیین.

هەڵبژاردنی پێشوەختە لە سایەی ئەم هەلومەرجە سیاسییەی لە عیراق و ناوچەكەدا هەیە، پێناچێت گونجاو بێت و ئاكامە خوازراوەكانی بەدەستەوە بدات، وێڕای ئەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا و زۆرێك لە لایەنەكانی تر پشتیوانی لە سازدانی پرۆسەكە دەكەن لە 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو.

ئاراستەی ئێستای سیاسەتی عیراقی، بۆ هەندێك ئاڵۆز دەردەكەوێت، بەڵام لە نێوەخندا سیاسەتێكی روونە و لە چەند جوڵەیەكی كورتی سێ‌ رسكێن ئاسا تێناپەڕێت، ئەمەی ئێستاش لەسەر گۆڕەپانەكە بەدی دەكرێت، ململانێیەكی كورت مەودای نێوان هێزە كلاسیكییەكانە كە لایەنێكیان خۆی بۆ گەڕانەوە بۆسەر دەسەڵات ئامادەكردووە، لایەنەكەی تر رەوشەكەی لێتێكدەدات و نایەڵێت ساختەكارییەكانی سەربگرێت.

 167 جار بینراوە