سەرەکی » دۆسێ » بەیروت گیرۆدەی هەژموونی سیاسیی ناوخۆیی و هەرێمایەتییە

كۆمەڵێك قەیران هەموو بوارەكانی ژیانی لە لوبنان گرتۆتەوە

بەیروت گیرۆدەی هەژموونی سیاسیی ناوخۆیی و هەرێمایەتییە

لە چەند ساڵی رابردوودا، كۆمەڵێك قەیرانی یەك لە دوای یەكتری هەموو بوارەكانی ژیانی لە لوبنان گرتۆتەوە، ئەوەش باری ئابووری و گوزەرانی زۆر زەحمەت كردووە كە بە رای چاودێران لە مێژووی ئەو وڵاتەدا وێنەی نەبووە.

بەیروت – عامر مەعروف

 

مووچە و داهاتی مانگانە هیچ بەهایەكی نەماوە
دیمەنی ئێستای لوبنان لە هەموو كاتێك زیاتر تاریك و بێ ئاسۆیە لە مێژووی هاوچەرخی لوبناندا. مووچە و داهاتی مانگانە هیچ بەهایەكی نەماوە بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر لیرە، بەتایبەتی لەو رووەی وەك هیچ رووی نەدابێت بانكی ناوەندی پابەندە بە نرخی 1500 لیرە بۆ یەك دۆلاری ئەمریكی لە كاتێكدا ئەو نرخە لە بازاڕدا نزیك بۆتەوە لە 20 هەزار لیرە.

ئەو دۆخەی باری دارایی گرتۆتەوە، رەنگدانەوەی زەق و ئاشكرای هەبووە لەسەر بازاڕەكان و نرخی كاڵا و پێداویستییە رۆژانەكان، چونكە تێكڕای مووچە و داهاتی مانگانەی هاووڵاتییەكی لوبنان پێشتر دەیكردە نزیكەی هەزار دۆلاری ئەمریكی، بەڵام مووچە و داهات گۆڕانكاریی بەسەردا نەهاتووە و ئێستاش ئەو داهاتە یەكسانە بە كەمتر لە 100 دۆلار.

كارلێكی دۆخی ئابووری و سیاسی
ئەم دۆخە ئابوورییە كارلێكی روون و ئاشكرای هەبووە لەگەڵ دۆخی سیاسیی چەقبەستوو كە چەند ساڵێكە هەموو هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی بەیروت یەك لە دوای یەك شكست دەهێنن.

لەو بارەیەوە ئیلی فەرزلی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی لوبنان رایدەگەیەنێت، دۆخی ئێستای لوبنان بە راستی دۆخێكی كارەساتبارە، بەڵام هێشتا هیوایەك ماوە لە رێگەی پێكهێنانی حكومەتەوە دۆخەكە بەرەو باشتر بەرێت بەتایبەتی هاوكاری و پشتیوانی دارایی و سیاسی وڵاتان بەستراوەتەوە بە پێكهێنانی حكومەت و چارەسەری كێشە بنەڕەتییەكانەوە.

حكومەتی نوێ بەسەرۆكایەتی میقاتی
فەرزلی رەخنە لەو كەسایەتی و لایەنەنانەی لوبنان دەگرێت كە رەتیدەكەنەوە پێكهێنانی حكومەتی نوێ بەسەرۆكایەتی نەجیب میقاتی شتێك لە دۆخی شێواو و ئاڵۆزسكاوی وڵاتەكە بگۆڕێت و پێیوایە ئەوانەی بەو جۆرە قسە دەكەن باش و خۆشی وڵاتەكەی خۆیان ناوێت. چونكە بە رای فەرزلی زۆر وڵاتی تر بە ئەزموون و قۆناغی هاوشێوەی لوبناندا تێپەڕیوون و دواجار هەوڵەكان ئەنجامیان هەبووە.

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی لوبنان لە بارەی ئەدای بانكی ناوەندیی وڵاتەكەی روونكردنەوە دەدات و دەڵێت، دەسكاریكردنی دۆخی ئابووری و بەهای لیرە لەسەروو توانای ئەو بانكەوەیە، لە راستیدا ئەوەی ئەو بانكە دەیكات گوزارشتێكی راستەقینە لەسەر توانا و لێوەشاوەیی بانكەكە كە بەشێكی زۆری پەیوەستە بە باری گشتی وڵاتەوە.

حەریری پێش ئەوەی تیرۆر بكرێت
د.ئیلی یشوعی شارەزای ئابووریی لوبنانی لە بارەی دۆخی گشتی وڵاتەكە بە تایبەتی لایەنی ئابووری دەڵێت، داهاتی دارایی لوبنان ون بووە یان دزراوە، هیچ لێكۆڵینەوەیەكیش نەكراوە لە بارەی ئەوەی روویداوە، ئەو كەسانەی پارەیان لە بانك داناوە ناتوانن پارەكانیان وەربگرنەوە، ئەمەش هەر پەیوەست نییە بەدۆخی ئەمڕۆوە بەڵكو رەگ و ریشەكەی قوڵە و دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كاتەی رەفیق حەریری باوكی سەعد حەریری سەرۆك وەزیرانی لوبنان بوو پێش ئەوەی تیرۆر بكرێت.

ئەو شارەزا ئابوورییە رایدەگەیەنێت، دۆخەكە پەیوەست نییە بە بوارێكی دیاریكراوەوە بەڵكو هەموو شتێك لە لوبنان ئاڵۆز و دابڕاوە، پێنج حزبی سەرەكی هەن لە لوبنان كە نوێنەرایەتی پێكهاتەكان دەكەن، ئەو حزبانە لە بری ئەوەی دۆخی گشتی و وڵات بە گشتی بەرەو چارەسەر بەرن كەچی هەر یەكەیان ناوچەیەكی تایبەت بە خۆی لە رێگەی هەژموونی دارایی و ئابووری و سیاسی بۆ خۆی دروستكردوە، ئەو دۆخەش وەلائی هاووڵاتیانی لە وڵاتەوە گۆڕیوە بۆ حزب و پێكهاتەكان، بێگومان ئەوەش دواجار دەبێتە مایەی تێكچوونی باری گشتی، بە تایبەتی لە رووی ئارامی و سەقامگیری هەروەها ئابووری و دارایی وڵاتەكە.

خەریكە دۆخەكە لەدەست دەردەچێت
د.ئیلی یشوعی دەڵێت، ئەو بارودۆخەی حزب و پێكهاتەكانی لوبنان دروستیان كردوە خەریكە لە دەستی خۆیان دەردەچێت چونكە ناڕاستەوخۆ بۆتە هۆی دروستبوونی ناوچەی هەژموون و باڵادەستی وڵاتانی زلهێز و هەرێمایەتی، بۆیە ئاساییە بگوترێت ئێستا لوبنان هەر ناوچەیەك بۆتە پێگەی هەژموونی وڵاتانی ئەمریكا و فەرەنسا و روسیا و عەرەبستانی سعودیە و ئێران و تەنانەت سوریاش. بۆیە رەنگە ئاسانتر بێت ئەو وڵاتانە بگەنە رێكەوتن لە بارەی دۆخی لوبنان لە بری ئەوەی حزب و لایەنە ناوخۆییەكانی وڵاتەكە ئەو كارە بكەن.

هەر لەو بارەیەوە فەیسەڵ عەبدولساتر شارەزا لە كاروباری لوبنان رایگەیاند: لە پاش كشانەوەی هێزەكانی سوریا لە لوبنان، لوبنانییەكان سەركەوتوو نەبوون حكومەت پێكبێنن، ئەمەش بۆ ناكۆكی لایەنە سیاسییەكان دەگەڕێتەوە لە سەر پرسە جیاجیاكان و دژبەیەكبوونی پلان و پرۆژە سیاسییەكان. پاش شەڕی 2006 و رێكەوتنی قەتەر لە ساڵی 2008 و هەروەها پاش ئاڵۆزییەكانی سوریا لە ساڵی 2011 ئەم ناكۆكییانە زیاتر بووە و لە ساڵی 2016 تا 2021 گەیشتووەتە لوتكەی خۆی.

دەستلەكاركێشانەوەی سەعد حەریری
وتیشی، پاش دەستلەكاركێشانەوەی سەعد حەریری لە ساڵی 2019، لوبنان رووبەڕووی چەندین قەیرانی گەورەی سیاسی و ئابووری بۆتەوە كە یەكێك لەوانەش تەقینەوە بەهێزەكەی بەندەری بەیروت بووە كە بووە هۆی دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتەكەی حەسان دیاب.

ئەو شرۆڤەكارە ئاماژە بە كێشەكانی لوبنان لە پاش دەستلەكاركێشانەوەی حەسان دەیاب و راسپاردنی حەریری بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ دەكات و دەڵێت، یەكێك لە گەورەترین بەربەستەكانی دۆخی لوبنانی بۆ هەژموونی عەرەبستانی سعودیە گەڕاندەوە و وتی، حەریری بەم هۆیەوە لە پێكهێنانی كابینەدا شكستی هێنا، حەریری ماوەی 9 مانگ هەوڵیدا كە پەیوەندییەكانی لەگەڵ سعودیە ئاسایی بكاتەوە بەڵام تا كاتی دەستلەكاركێشانەوەی سەركەوتوو نەبوو.

گرنگترین كێشەكان
وتیشی: بیانووەكانی حەریری و باسكردن لە كێشە ناوخۆییەكان هێندە راست نییە و بەڵگەكان باس لە كاریگەری زیاتری كێشە ناوخۆییەكانی لوبنان لە بەردەم پێكهێنانی كابینەی نوێ ناكەن.

ئەم شرۆڤەكارە لوبنانییە رایگەیاند، پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی لوبنان رووبەڕووی بەربەستێكی زۆر بووەتەوە و یەكێك لە گرنگترین كێشەكان سەعد حەریری و سەرۆك وەزیرانەكانی پێشوون. سعودیە لە پاش حەریری هەوڵی دەستنیشانكردنی كەسێكی دیكە دەدات بە هەماهەنگی ئەمریكییەكان و فەرەنسییەكان.

سیناریۆكانی پرۆسەی سیاسی لوبنان
وتیشی، ئێستا لایەنە سیاسییەكانی لوبنان هەوڵی پێكهێنانی حكومەتێك دەدەن كە بتوانێت ئامادەكاری بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان بكات و دۆخی گشتی وڵاتەكە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو ئاسایی بوونەوە بەرێت.

عەبدولساتر سەبارەت بە سیناریۆكانی بەردەم پرۆسەی سیاسی لوبنان وتی: ئێستا باس لە سێ سیناریۆ دەكرێت: یەكەم، بوونی سەرۆك وەزیرانێك كە بتوانێت ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنەكان بكات. دووەم، مانەوەی حكومەتی كاربەڕێكەر بە دەسەڵاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان لەگەڵ رەزامەندی لایەنەكان. سێهەم، نەبوونی حكومەت و بەردەوامی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری لە زۆربەی بوارەكان.

 141 جار بینراوە