سەرەکی » راپۆرت » لە هەرێمی کوردستان دەیان کەناڵی ئاسمانیی و ناوخۆیی و رادیۆ هەیە

حكومەت ناتوانێت سزای كۆمپانیاكانی پەخشكردن بدات

لە هەرێمی کوردستان دەیان کەناڵی ئاسمانیی و ناوخۆیی و رادیۆ هەیە

رەوەست نەوزاد

بەهۆی ئەو كرانەوەیەی لە بواری راگەیاندنی هەمەجۆر لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، لەلایەكی تر پێشكەوتنی ئامێرەكانی تەكنۆلۆژیا لە بواری پەخش و میدیاوە، ئێستا هەرێم خاوەنی دەیان كەناڵی راگەیاندنی بینراو و بیستراو نوسراو ئەلیكترۆنییە، بەڵام تاڕادەیەك ئەو زۆری و بۆریەی كەناڵەکان بوونەتە کێشە و سەر ئێشەیەکی زۆر. وەزارەتی رۆشنبیریی حكومەتی هەرێم لەهەوڵی ئەوەدایە كاری ئەو كەناڵانە رێكبخات و رێنماییان بۆ دەربكات.

ژمارەی کەناڵ و رادیۆکان
شێروان عەوڵا بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە لەوەزارەتی رۆشنبیریی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە رۆژنامەی كوردستانی نوێی راگەیاند: ئێستا 31 سەتەلایتی كوردی لە هەرێمی كوردستان هەیە كە 17 یان لە هەولێر و 10ـیان لەسلێمانی و 4 یان لە دهۆكە، هەر وەك 126 كەناڵی ناوخۆییمان هەیە كە 83 یان لە هەولێر و 34 یان لە سلێمانی و 9 یان لە دهۆكە، سەبارەت بەڕادیۆش وتی: هەرێم خاوەنی 162 رادیۆی كوردی جۆراوجۆرە كە 87 یان لە هەولێر و 55 یان لە سلێمانی و 20 یان لە دهۆكە، هەمووشیان لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیرییەوە مۆڵەتیان پێدراوە بۆ كاركردنی پەخشەكانیان.

سەبارەت بەژمارەی سایتەکان و مۆڵەتپێدانیان شێروان عەوڵا وتی: ئێمە لەگەڵ سەندیكای رۆژنامەنووسان دانیشتوین و رێكەوتوین لەسەر ئەوەی كە پەیج و سایتی هەواڵی كە دەچێتە قاڵبی رۆژنامە و رۆژنامەگەری سەندیكای رۆژنامەنووسان لێی بەرپرسیاردەبن لەلای ئەوان تۆماردەكرێن و باقی ئەو بابەتانەی كە لە میدیای ئەلكترۆنی هەیە، ئەوە وەزارەتی رۆشنبیری لێی بەرپرسیار دەبێت و بەنیازین لەداهاتوودا رێنمایی بۆ دەربكەین.

لەبارەی شێوازی پێدانی مۆڵەتی پەخش و لەرەلەر، بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە لەوەزارەتی رۆشنبیریی ئاشكرای كرد لە مانگی یەكی ئەمساڵەوە بڕیارمانداوە مۆڵەتی پەخشی كەناڵەكانی راگەیاندن و كۆمپانیاكانی پەخش رابگرین و پێداچوونەوەیەك بەسیستمی پەخش بەگشتی بكەین، بۆ ئەو فریكوێنسیانەی كە لە ئاسمانی هەرێمی كوردستان هەیە بەشێوازێكی تر دابەشی بكەینەوە كە گونجاو بێت لەگەڵ ئەو بارودۆخەی لە هەرێمی كوردستاندا هاتۆتە پێش.

مەرجی کارکردنی کۆمپانیاکان
شێروان عەوڵا وتیشی: مەرجەكان ئەوەیە كە ئێمە لە وڵاتان سیستمی پەخش حكومەت خۆی بەڕێوەی دەبات، بەڵام لای ئێمە دراوە بەكەرتی تایبەت و دوو كۆمپانیای مۆڵەتپێدراومان هەیە كە لەسەر سیستمی DVT و T2 كاردەكەن، ئەوانە فریكوێنسیمان پێداون بۆ ئەوەی كەناڵەكانی راگەیاندن دووبارە پەخش بكەنەوە بیگونجێنین لەگەڵ ئەو كەناڵانەی مۆڵەتمان پێداون لەگەڵ ئەو ژمارە فریكوێنسیەی كە لەلایانە و چەندیان پێویستە و چەندیشیان زیاد دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی بتوانین هاوسەنگیەك بۆ داهاتوو لە نێوان قازانجی كۆمپانیا و داهاتی حكومەت و هەرزانی بۆ بازاڕو گیرفانی خەڵك لەبەرچاو بگرین.

ئەوەشی ئاشكراكرد رسوماتی ئەو دوو كۆمپانیایەی لەلای ئێمەیە ساڵانە لێیان وەردەگرین بۆ هەر فریكوێنسیەك بڕی 500 هەزار دیناریان لێوەردەگرین كە ئەوانیش كۆمپانیای ISTAR و كۆمپانیای MIXMEDIA یە، ئێستاش ئەو دوو كۆمپانیایە پێویستیان بەفریكوێنسیە كاتێكیش لەبەردەستیان نەبوو ئەوكات كۆمپانیای تر ناتوانێت بێتە مەیدانی كێبركێ و كاركردن.

سزادانی کۆمپانیاکان
سەبارەت بەسزانەدانی ئەو كۆمپانیانەی كە ئامێری كوالێتی خراپ بۆ پەخشی كەناڵی ناوخۆیی ماڵان دەهێننە كوردستان، شێروان عەوڵا وتی: ئەو كۆمپانیانەی كە دەستیان بەكاركردووە و مۆڵەتیان وەرگرتووە لەوەزارەتی رۆشنبیری تەنیا مۆڵەتی پەخشیان وەرگرتووە هیچ گرێبەستێكیان لەگەڵ حكومەتدا نییە، لەسەر كوالێتی و نرخ و هیچ پابەندیەك نییە لە نێوان حكومەت و كۆمپانیاكان، تەنیا ئەوان وەكو كۆمپانیایەكی راگەیاندن مۆڵەتی چەپكیان وەرگرتووە بۆ پەخشكردنی چەند كەناڵێك، ئێمە بەنیازین ئەو بابەتە بخەینە چوارچێوەیەك كە بەدیاریكراوی لە نێوان حكومەت و كۆمپانیاكان جێبەجێ بكرێت و بابەتەكانی نرخ و كوالێتی ئامێری پەخشی ماڵانیشیان تێدایە كە ئێستا هیچ رێنمایی و گرێبەستێكمان لەگەڵیاندا نییە كە مافی ئەوەمان هەبێت بڵێین بۆچی كوالێتی ئامێرەكەتان خراپە یان نرخیان زۆرە و بۆچی پارە لە كەناڵەكان وەردەگرن.

کەناڵەکان رسومات نادەن
سەبارەت بەڕسوماتی كەناڵەكانی راگەیاندنیش وتی: كاتێك كەناڵێكی سەتەلایت دادەمەزرێت دەبێت بڕی 40 ملیۆن دینار بدات و ساڵانەی رسوماتەكەشی یەك لەسەر چواری ئەو پارەیەیە كە ساڵانە 10 ملیۆن دینارە، كەناڵی سەرتاسەرییش رسوماتی نزیكەی 5 ملیۆن دینارە و كەناڵی ناوخۆیش ساڵانە 2 ملیۆن و 500 هەزار دینارە، بەڵام رۆژنامە و گۆڤارەكان هیچ پابەندیەكیان لە بەرامبەر ئێمە نییە بۆ وەرگرتنی پارەی رسومات لێیان و بەرپرسیارێتی دەركردنی رۆژنامە و چاودێریكردنیان پەیوەستە بەسەندیكای رۆژنامەنووسان، ئێستاش بەهۆی قەیرانی دارایی كەناڵەكانی راگەیاندن نەهاتوون پارەكانیان بدەن كە بیانوویان قەیرانە و داهاتیان نەبووە و زەرەرمەندبوونە، بۆیە حكومەتیش تۆزێك نەرمی نواندووە، بەڵام ماوەی چەند مانگێكە لەسەر داوای چاودێری دارایی گشتی هەموو كەناڵەكان ئاگاداركراونەتەوە كە پێویستە رسومات و قەرزەكانی خۆیان بدەنەوە ئەگەر تاماوەیەكی دیاریكراوی نەیدەنەوە، ئەوا رەنگە رووبەڕووی دادگا بكرێنەوە.

کەناڵەکان سەرپێچی دەکەن
باسی لەوەشكرد چەند جارێك هەندێك كەناڵ سەرپێچیان كرد، بۆیە بەپێی رێنمایی ژمارە 1 ی ساڵی 2014 ئێمە لە مادەی پێنجەمی تایبەت بەسزادان كە چوار لایەن دیاریكراوە سزاكە دیاری بكەن، لەوانە دادگا و داواكاری گشتی و سەندیكای رۆژنامەنووسان و ژووری مۆنیتەرینگ لەوەزارەتی رۆشنبیری كە خەڵكی تایبەتمەندی لەو بوارە تێدایە لەكاتی سەرپێچی و سكاڵاكان بەپێی رێنماییەكان ژمارەیەك سزا دیاری دەكرێت و كەناڵەكان سزادەدرێن كە سزاكان بریتین لە راگرتنی پەخش بۆ ماوەی 24 سەعات، راگرتنی پەخشی یەك هەفتەمان هەیە و دەسەڵاتی ئەوەشمان هەیە ئەگەر دوای هەفتەیەك پابەند نەبوو، ئەوا دووبارە و سێ بارەی بكەینەوە دواجار ئەگەر هەر پابەند نەبوو، ئەوا دەیدەین بەدادگا و لەوێ بڕیاری بۆ دەردەچێت، بەڵام تائێستا بڕیاری داخستنی هیچ كەناڵێك نەدراوە.

روونیشی كردەوە جۆری سەرپێچی كەنەڵەكان بریتیبوون لەوەی هەندێكیان پابەند نەبوون بەڕێنمایی وەزارەتی تەندروستی لەسەر بابەتی خۆپارێزی یا هەندێك كەناڵ بەرنامەی خێرخوازیان هەیە بۆتە خراپ سوود وەرگرتن لەو پارانەی كە كۆدەكرێنەوە بۆ خەڵكی هەژار، هەروەك لەسەر دەرچوون لە دابونەریتی گشتیش كە چەند بەرنامەیەك لە چەند كەناڵێك هەبوون سكاڵای زۆریان لەسەربوو ئێمەش بڕیارماندا بوەستێنرێن.

چاپکردنی کتێب کەمبۆتەوە
سەبارەت بەچاپكردنی كتێبیش وتی: قەیرانی دارایی كارەكانمانی بۆ چاپكردنی كتێب پەكخستووە، كاتێك نووسەرێك بۆ چاپكردنی كتێبەكەی بێتەلامان دەبێت دەرخستە بكەین بۆ وەزارەتی دارایی، ئەویش ئایا رەزامەندی لەسەر دەدات یاخود نادات هەندێكجار هەبووە لە ساڵێكدا پێنج شەش كتێب لەسەر یەك كۆدەبێتەوە و دەیكەین بەدەرخستە بۆ وەزارەتی دارایی، ئەوانیش وەڵام دەدەنەوە، بۆیە دۆخی چاپكردنی كتێب لەلای ئێمە خراپە لە ساڵی رابردوو نزیكەی 6 تا 7 كتێب چاپكراوە، ئەمساڵیش لەوانەیە تەنیا 3 تا 4 كتێب چاپكرا بێت.

 298 جار بینراوە