سەرەکی » ئاراستە » به‌بۆنه‌ی یادی 15 ساڵه‌ی شه‌هیدانی مه‌ڵبه‌ندی موسڵه‌وه‌

به‌بۆنه‌ی یادی 15 ساڵه‌ی شه‌هیدانی مه‌ڵبه‌ندی موسڵه‌وه‌

ئه‌یاز محه‌مه‌د سه‌لیم هه‌ركی

به‌ره‌به‌یانی رۆژی 15/8/2006، بارهه‌ڵگرێكی پڕ له‌ بۆمب و ئاماده‌كراو بۆ كاری تیرۆریستی، خۆی كرد به‌ناو باره‌گای مه‌ڵبه‌ندی حه‌وتی موسڵ-ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانداو كتوپڕ ته‌قیه‌وه‌، له‌ ئه‌نجامیشدا بووه‌ هۆی شه‌هیدبوونی 11كه‌س و برینداربوونی 106 كه‌سی تر له‌ پێشمه‌رگه‌و كادیرانی یه‌كێتی و هاووڵاتیان، هه‌روه‌ها 36 ئۆتۆمبێلیش له‌ناوچوون و زه‌ره‌رو زیانێكی زۆریش به‌ر بینای مه‌ڵبه‌ندو دوكان و خانووه‌كانی ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌دا كه‌وت.

نه‌قیب ئه‌حمه‌د مه‌جید هه‌ركی، شایه‌تحاڵ و یه‌كێك له‌ بریندارانی ئه‌و رووداوه‌ له‌باره‌ی سه‌ره‌تای كرده‌وه‌ تیرۆییستییه‌كه ‌و زانیاریارییه‌كانی دیكه‌وه‌ وتی: كاتێك ئێمه‌ خه‌ریكی ئاڵوگۆڕی پێشمه‌رگه‌كان بووین، سه‌عات 10ی رۆژی 15ی ئابی ساڵی 2006، بارهه‌ڵگرێكی جۆری قه‌لاب كه‌ شۆفێره‌كه‌و كه‌سێكی دیكه‌ی تیابوو، به‌خێرایی كه‌وتنه‌ ده‌ستڕێژی گولله‌ له‌ پاسه‌وانه‌كانی مه‌ڵبه‌ندو به‌خێراییش بارهه‌ڵگره‌كه‌ خۆی گه‌یانده‌ یه‌كه‌م ده‌رگای مه‌ڵبه‌ند (باب و نیزامه‌كه‌)، ئێمه‌ش ده‌ستبه‌جێ له‌ دوولاوه‌ ته‌قه‌مان لێكردن و هه‌ردوو تیرۆریسته‌كه‌ له‌وێدا كوژران، به‌ڵام ئۆتۆمبێله‌كه‌ كه‌ مه‌زه‌نده‌ ده‌كرا 20 ته‌ن باری هه‌ڵگرتبێت له‌ بلۆك و ئاسن و له‌ ناویشیدا ماده‌ی TNT دانابووك ته‌قیه‌وه‌و زیانێكی گه‌وره‌ی مادی و گیانی به‌دوای خۆیدا هێنا.

ئه‌حمه‌د هه‌ركی وتیشی: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی یه‌كێتی وه‌ك پێشمه‌رگه‌و ئاسایش، تیمی هاوبه‌شیان هه‌بوو له‌گه‌ل ئه‌مریكییه‌كان و رۆژانه‌ له‌باره‌گای مه‌لبه‌ند به‌رنامه‌و پلانیان داده‌ڕشت بۆ لێدان وبنبركردنی گروپه‌ تیرۆریستیه‌كانی نێوشاری موسڵ كه‌ ساڵانێك بوو دانیشتوانی شاره‌كه‌یان هه‌ره‌سانكردبوو، ئه‌مه‌ش هۆكارێكی سه‌ره‌كی بوو له‌ ‌به‌ ئامانجگرتنی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی، جگه‌ له‌وه‌ش چه‌ندینجار بنكه‌و باره‌گاكانی دیكه‌ی یه‌كێتی له‌ناو شاری موسڵ به‌ چه‌كی سوك و هاوه‌ن له‌لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه‌ ده‌كرانه‌ ئامانج.

یه‌كێكی دیكه‌ له‌ شایه‌تحاڵه‌كانی ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆیستییه‌ غه‌یاس سورچی به‌رپرسی راگه‌یاندنی مه‌ڵبه‌ندی موسڵی یه‌كێتیه‌، ئه‌و رایگه‌یاند: هه‌موو هه‌وڵه‌كانی تیرۆریستان به‌گروپه‌ جیاوازه‌كانیه‌وه‌ لێدانی بنكه‌و باره‌گاكانی یه‌كێتی بووه‌ له‌ناو شاری موسڵ، چونكه‌ رق وكینه‌یان له‌ یه‌كێتی هه‌ڵگرتبوو، به‌تایبه‌ت كه‌ له‌پێش روخانی رژێمی عیراق له‌ ساڵی 2003وه‌ یه‌كێتی به‌ هاوكاری هێزی ئاسمانی هاوپه‌یمان رۆڵی گه‌وره‌ی هه‌بووه‌ له‌ شكستپێهێنان و راونانی تیرۆریستانی جوندلئیسلام و ئه‌نسار ئیسلام له‌ ناوچه‌كانی هه‌ورامان و ته‌وێله‌و بیاره‌، كه‌ خه‌لافه‌تێكی ئیسلامی تایبه‌ت به‌خۆیان درووستكردبوو.

بۆیه‌ به‌ئامانجگرتنی یه‌كێتی زیاتر بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ له‌ پارێزگای موسل و ناوچه‌كانی دی.

وتیشی: جگه‌له‌وه‌ مه‌ڵبه‌ندی موسڵ له‌رووی ئیداریه‌وه‌ خاوه‌نی رۆڵێكی مه‌زنبوو، به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای موسڵ له‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد پێهاتبوون و نیوه‌شیان سه‌ر به‌ یه‌كێتی بوون و چه‌ند یه‌كه‌یه‌كی ئیداریش به‌ده‌ست یه‌كێتیه‌وه‌ بوو، وه‌ك: جێگری پارێزگارو قائمقامی ناوه‌ندی شاری موسڵ و چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مانێك، كه‌ هه‌موویان له‌خزمه‌تی شاره‌كه‌دا بوون، به‌گشتی پێكهاته‌ی كوردی له‌شاری موسڵ ئومێدێكی گه‌وره‌ی به‌یه‌كێتی هه‌بوو، چونكه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌سه‌ر دوو هێڵی سه‌ره‌كی سیاسه‌تی ده‌كرد، هێڵی نه‌ته‌وه‌یی و پاراستنی ناسنامه‌ی كوردی له‌ شاره‌كه‌، پاراستنی مافی پێكهاته‌كانی تری موسڵ و خزمه‌تكردنی دانیشتووانی شاره‌كه‌ بێ جیاوازی، به‌تایبه‌تی له‌رووی پاراستنی ئاسایشی شاره‌كه‌ و هاوسه‌نگی له‌ نێوان پێكهاته‌كاندا چ له‌ ئیداره‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وا یاخوت له‌ په‌رله‌مانی عیراق درێغیان نه‌كرد و هه‌ر بڕیار و پیلانگێڕییه‌ك دژ به‌ پێكهاته‌ی كوردی و كه‌مینه‌كانی دی پارێزگای موسڵه‌وه‌ هه‌بوایه‌،‌ تیمی یه‌كێتی دژی ده‌وه‌ستایه‌وه‌و رێگری لێ ده‌كرد.

بۆیه‌ هه‌رده‌م یه‌كێتی له‌لایه‌ن گروپه‌ تیرۆریستی و شۆفێنیه‌كانی ناو شاره‌كه‌وه‌، ده‌كرایه‌ ئامانج.

 158 جار بینراوە