سەرەکی » ئەدەب و هونەر » ئیرنستۆ ساباتۆ و رۆمانی هاوچەرخ

ئیرنستۆ ساباتۆ و رۆمانی هاوچەرخ

عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی

لەم نووسینە چڕەدا ئیرنستۆ ساباتۆ، باسی رۆمانی هاوچەرخ و ئەو هۆیانە دەکات کە لە رۆمانی کۆن جیای دەکەنەوە و ئاڵۆزی دەکەن، ئەویش بە چەند خاڵ و ئاماژەیەکی کورت، کە رۆڵی چەندین لێکۆڵینەوەی درێژ دەبینن.

لەوهۆیانە: کەمبوونەوی دەسەڵاتی گێڕەرەوەی فرەزانا و بوار رەخساندن بۆ دەرکەوتنی کەسەکان و سەیرکردنی دەوروبەر لە گۆشەنیگای خۆیانەوە. هەروەها جیاوازیی زەمەن لە نێوان رۆمانی کۆن ونوێدا، لە نێوان زەمەنێک کە هەموومان تێیدا هاوبەشین و زەمەنێک کە زەمەنی تاکە، زەمەنی کەسەکە خۆیەتی، زەمەنی دەروونییە، لە رۆمانی هاوچەرخدا پێگەی خۆی هەیە.

رۆمانی هاوچەرخ دەگاتە ناوچە تاریکەکانی ژێر وەعی، تەنها بەڕووە دیارەکەی سەرەوە ناوەستێت.

کەسەکانی ئەم جۆرە رۆمانە، ئەوەندە بەکردار و جووڵە شوناسی خۆیان دەردەبڕن، ئەوەندە نووسەر پەنا بۆ وەسفکردنیان نابات. لەمەدا سوود لە هونەری سینەمایش دەبینێت.

خاڵێکی تر، کە ئیرنستۆ ساباتۆ دەیوروژێنێت، رۆڵبەخشینە بە خوێنەر، بۆ تەواوکردن و مانابەخشین، ئەو بۆشاییەی کە دەمێنێت خوێنەر تەواوی دەکات، پڕی دەکاتەوە. لێرەدا، بێئەوەی ناوی رەخنەی وەڵامدانەوەی خوێنەر بهێنێت باسی رۆڵی خوێنەر لە رۆمانی هاوچەرخدا دەکات.

لە وتاری دووەمدا، خوێندنەوە و خوێنەر پۆلێن دەکات، ئەو کێشە و باسوخواسەی کە لەگەڵ بەردەوامبوون و بەرەوپێشەوەچوونی ئەدەبدا هاتووە : ئەدەبێک بۆ زۆرینە، ئەدەبێک بۆ کەمینە، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا، باشی و جۆر، رۆڵ دەبینن.

ئاڵۆزیی رۆمان
هۆی زۆر و جۆراوجۆر هەن، وادەکەن رۆمانی هاوچەرخ، لەڕووی خوێندنەوە و تێگەشتنەوە زیاتر لە رابردوو، ئاڵۆز و قورستربێت:

1- دیدگاە – سەنتەری بینین: لەمڕۆدا، گێڕەرەوەیەک نییە ئەوەندە زانابێت، لە خوداوەندی هەمووشتزان بچێت، کە گشت شتێک روون دەکاتەوە. ئەمڕۆ رۆمان لە گۆشەنیگای هەریەک لە پاڵەوانەکانییەوە دەنووسرێت. واقیعی تەواویش، ئەنجامی داڕشتنی جۆراوجۆرە، کە بە بەردەوامی بەشێوەیەکی راست نەبەستراون بەیەکەوە هەروەها مانایشیان نییە.

2- نەبوونی زەمەن بەمانا فەلەکییەکەی، بە مانا هاوبەشەکەی بۆهەموان، چونکە تەنها زەمەنی ناوەکی و جۆراوجۆر هەیە وهیچی تر (مەبەستی، لە رۆمانی هاوچەرخدایە – و)

3- بزربوون و نائامادەبوونی ئەو لۆجیکەی کە رۆمانی کۆنی جیادەکردەوە، بەوەی بە رۆحێکی عەقڵانییانە نووسراوە.

4- چوونە ناو ئەو شتانەی کە لەژێر هۆش و ناهۆشیی جیهانە تاریکەکاندا هەن.

5- ئێستا لە رۆمانی هاوچەرخدا، ئەوەندە باس و وەسفی کەسایەتییەکان ناکرێت، چونکە لە ئامادەبوونی ئێمەدا چالاک دەبن و شوناسی خۆیان، کە روون نییە و هەر تەنها مانایەکی نییە، بە وشە و کاری خۆیان، دەدۆزنەوە.

لەم هەلومەرجەدا، کاری ئەدەبی وا دێتە پێشچاو، کە بێ کۆتایی بێت، خوێنەرە تەواوی دەکات و پەرەی پێدەدا. هەروەها خوڵقاندنیش لە زەینی خوێنەردا روودەدات.

هونەری زۆرینە
هەن بەشێوەیەکی دیماگۆگیانە دەڵێن، هەموو هونەرێکی گەورە، لە کۆتاییدا گفتوگۆیە لەگەڵ زۆرینەدا، هەیە کە چێژ وەردەگرن و بە پێچەوانە بیردەکەنەوە، بەڵام من وادەبینم، بۆچوونی هەموو ئەوانە بە ئاسانی پووچەڵ دەکرێتەوە:

1- کاری هونەریی گەورەهەن، بەڵام بۆ کەمینەن: کافکا، بەنموونە.

2- هونەرێک هەیە بۆ کەمینە بەڵام خراپە. رەنگە زۆربەی ئەو شیعرانەی لەمڕۆدا دەنووسرێن مەتەڵی زمانەوانی یا مۆدی شکڵی بن.

3- ئەدەبێکی گەورە هەیە، بەڵام بۆ زۆرینەیە:(( پیرەمێرد و دەریا)) بەنموونە.

4- ئەدەبێک هەیە بۆ زۆرینە بەڵام خراپە: چیرۆک بەوێنەوە، رۆمانە سێکسییە ئابڕوبەرەکان، و تا رادەیەک هەموو ئەدەبی پۆلیسی.

فی قضایا الروایة‌ المعاصرة‌ : ارنستو ساباتو، ترجمة‌ عدنان المبارك، دار الا‌زمنة، 1999 .

 290 جار بینراوە