سەرەکی » راپۆرت » ژنان و کچان لەسەر کار تووشی گێچەڵی سێکسی دەبن

سەدان ژن دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ نەکراوە

ژنان و کچان لەسەر کار تووشی گێچەڵی سێکسی دەبن

راپۆرت: ئەسرین محەمەد

لە چەند ساڵی رابردوودا کارکردنی ژنان و کچان بۆ دەستکەوتنی بژێوی ژیانیان لە شوێنە گشتییەکان رووی لە زیادبوون کردووە، بەڵام هەندێکجار لەلایەن خاوەن کارەکانیانەوە دەکرێنە ئامانج و دوور لە کار و پیشەکەیان گێچەڵی سێکسییان پێ دەکرێت، یاخود ناچار دەکرێن بە لەبەرکردنی جۆرە جلوبەرگێک کە دوورە لە دابونەریتی کۆمەڵایەتی و کارەکەیانەوە و تەنها بۆ سەرنجڕاکێشانی کڕیارە.

لەناو یەکێک لە مۆڵەکانم لە شاری سلێمانی شێوازی جلوبەرگ و ماکیاژ و وەستانی کچێک لە دەرەوەی شوێنی کارەکەی کە کافێیەک بوو سەرنجی راکێشام فەرمووی دەکرد لەو کەسانەی بەبەردەم کافێکەدا تێدەپەڕین، تەمەنی 24 ساڵ بوو خوێندنی تەواو کردووە و لەسەر شێوازی کارەکەی وتی:»لەبەرکردنی چاکەت و تەنورەی کورت لەگەڵ وەستانم لە دەرەوەی دوکانەکە مەرجی کارکردنم بووە و منیش قبوڵمکردووە».

جلوبەرگی تایبەت لەبەر دەکەن
بەپێی یاسا ناچارکردنی کرێکار بە لەبەرکردنی جۆرە جلوبەرگێکی تایبەت دەبێت تەنها بۆ خۆپارێزی بێت لەکاتی کارکردن و جگە لەوە بۆ هەر مەبەستێکی تر بێت سەرپێچی یاساییە و کرێکارەکە دەتوانێت لە دادگای کار سکاڵا تۆمار بکات و سەندیکاش بەرگری لێ دەکات.

چەند شوێنێکی ترم کردو چەندین کچی ترم دواند کە لە دوکانە جیاوازەکاندا کاریان دەکرد، باسیان لەوە دەکرد هەندێکیان ناچارن لەبەر بژێوی خێزانەکانیان قبوڵی مەرجە ناشایستەکانی کارکردن بکەن و هەرکات بزانن خاوەن کارەکەیان خەریکە مەرجەکانی لە سنوور دەردەکات واز لە کارەکە دەهێنن و لە ترسی دروستبوونی کێشەی کۆمەڵایەتیش لای خێزانەکانیان باسی هۆکارە سەرەکییەکە ناکەن.

یاسای پاراستنی کرێکاران
لە هەرێمی کوردستان دوو یاسای بەرکار هەیە تایبەت بە دیاریکردنی ئەرک و پاراستنی مافەکانی کرێکاران بە گشتی ئەوانیش یاسای کار ژمارە 71 ی ساڵی 1987 کە لە مادە 80 تا90 ی تایبەتە بە پاراستنی کرێکاری ژن و تازەپێگەیشتووان.

هەروەها یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ژمارە 39ی ساڵی 1971 کە ساڵی 2021 لە پەرلەمانی کوردستان هەموار کراوەتەوە.

پێویستە ئەرک و مافەکانی کرێکاران لە چوارچێوەی ئەو دوو یاسایەدا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و هەموو کرێکارێک دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ بکرێت، لە بەرئەوەی لە کاتی روبەڕوبوونەوەی هەر کارێکی نەخوازراو بەرامبەریان وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی بتوانێت بەرگرییان لێ بکات، بەڵام خاوەنکاران پابەندی جێبەجێکردنی یاساکانی کار نابن.

بەرگرییان لێ دەکرێت
ئاریان ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی بە کوردستانی نوێی وت:» لە کاتی هەر پێشێلکارییەک وەزارەت دەتوانێت تەنها بەرگری لەو کرێکارانە بکات کە دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە».

زۆرجار ئەو ژن و کچانەی لە شوێنی کار گێچەڵی سێكسییان پێ دەکرێت یان ناچار دەکرێن بەشتێک کە پەیوەندی بە کارەکەیانەوە نییە لەبەر دۆخی کۆمەڵایەتی یان نەبوونی بەڵگە و نەتوانینی سەلماندن بێدەنگ دەبن و بە ناچاری واز لە کارەکانیان دەهێنن، هاوکارەکانیشیان لە ترسی دەرکردن ناتوانن لەسەریان بێنە دەنگ و دژی نادادیەکە شایەتی بدەن لە کاتی سکاڵاکردندا.

گێچەڵی سێکسی سزای هەیە
پارێزەر کاروان ئەحمەد وتی:» بەپێی مادەی 403 لە یاسای سزادانی عیراقی گێچەڵی سێکسی لە شوێنی کار بە وتن بێت یان ئاماژە یان دەستلێدان سزای هەیە کە بەندکردنە ماوەکەی لە سێ مانگ زیاتر نەبێت یان پێبژاردن کە بڕەکەی زیاتر نەبێت لە 300 هەزار دینار یاخود هەردووکیان».

یاسا ناسان داوا لە ژنان و کچان دەکەن هۆشیاربن بەرامبەر جۆری ئەو کارەی هەڵیدەبژێرن بۆ دەسکەوتنی بژێوی ژیانیان هەروەها گرێبەستی فەرمییان هەبێت لەگەڵ خاوەن کارەکان ماف و ئەرکەکانیان بزانن لە کاتی کارکردندا و لە کاتی روبەڕوبوونەوەی هەر سەرپێچییەک بەرامبەریان دەنگ هەڵبڕن و نەهێڵن ناچار بکرێن بەشتێک لە دەرەوەی ویستی خۆیان و لە چوارچێوەی کارەکەیاندا نەبێت.

بەپێی ئامارەکانی سەندیکای کرێکاران لە هەرێمی کوردستاندا سێ هەزار و 740 کرێکاری ژن و کچی ناوخۆ و بیانی لە شوێنە گشتییەکاندا کاردەکەن کە دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە و ژمارەی ئەو کرێکارە ژنانەی دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ نەکراوە زۆر لەوە زیاترن.

 

 152 جار بینراوە