سەرەکی » زانست » كه‌شتی نوح » مێشوولە تەنها زیانبەخش نییە بەڵكو سوودی بۆ مرۆڤ و ژینگەش هەیە

مێشوولە تەنها زیانبەخش نییە بەڵكو سوودی بۆ مرۆڤ و ژینگەش هەیە

كەشتیی نوح

هەمیشە كە باسی مێشوولە دەكرێت، راستەخۆ مرۆڤ بیری بۆ لای نەخۆشی مەلاریا و چەند نەخۆشییەكی دیكە دەچێت كە هۆكاری گواستنەوەكەی چەند جۆرێكی مێشوولەیە، بەڵام هەندێك مێشوولەی دیكە هەن لە بری زیان سوودمان پێدەگەیەنن.
لە رووی زانستییەوە ناكرێت هەموو مێشوولەكانی سەر ئەم هەسارەیە لە ناوببرێن، چەندین هەزار جۆری مێشوولە هەیە، بەڵام تەنها چەند سەد دانەیەكیان زیانبەخش و مەترسیدارن بۆ مرۆڤ و شیردەرەكانی دیكە و نەخۆشی وەك مەلاریا و زیكا و چەند نەخۆشییەكی تر بڵاو دەكەنەوە و هەندێك لە مێشولەكان سوودیان هەیە بۆ ژیان و سیستمی ژینگەیی و لە بواری توێژینەوە تاقیگەییەكانیشدا بەسوودن.
بۆچی مێشوولە بە مرۆڤ و شیردەرەكانەوە دەدات؟
سەرەتا پێویستە بزانین تەنها مێینەی مێشوولە بە مرۆڤ و شیردەرەكانەوە دەدات و خوێن دەمژێت بۆ دەستكەوتنی پرۆتینی پێویست بۆ پێگەیاندنی گەراكانی، لە كاتێكدا مێشوولە بە گشتیی لەسەر هەڵاڵەی گوڵ و شیلەی هەندێك رووەك دەژی و بەمەش یارمەتی پیتاندنی ئەو گوڵ و رووەكانە دەدەن، بە تایبەت گوڵ و ڕووەكە ئاوییەكان .
هەموو پێودانێک خراپ نییە
مێشوولە دەمێكی وەك دەرزیی هەیە، كاتێك بە شوێنێكەوە دەدات لە رێگەی ئەو لوولەكە دەرزیی ئاسایەوە لیكێك دەكاتە ناو پێستەوە بۆ ئەوەی ئەو خوێنەی هەڵیدەمژێت نەمەێت، توێژەرەوانیش دەڵێن» هەردوو دەمە شێوە دەرزییەكەی مێشوولە و لیكەكەشی زۆر بە سودن بۆ زانستی پزیشكیی، دەمە دەرزییەكەی بۆ ئەوەیە توێژینەوەی لەسەر بكرێت بە مەبەستی دروستكردنی جۆرە سرنجێك كە ئێشی زۆر كەمتر بێت، لیكەكەشی كە جۆرە پرۆتینێكی تێدایە پێی دەوترێت ئەنۆفلین، دەتوانرێت توێژینەوەی لەسەر بكرێت بۆ دروستكردنی چارەسەرێكی باش بۆ مەیینی خوێن لە دەمارە قوڵەكاندا.
نەمانی مێشوولە یەكسانە بە نەمانی زۆربەی گیانلەبەرەكان
مرۆڤ دەتوانێت لە ڕێگەی مادە قڕكەرەكانەوە هەموو مێشوولەكان لە ناوبەرێت، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین كە زۆربەی مێشوولەكان یارمەتیدەری راگرتنی هاوسەنگیی ژینگەیین، چونكە بەشێكی زۆری باڵندە و ماسیی و بۆق و جاڵجاڵۆكەكان و چەند جۆرێكی تری زیندەوەر خۆراكی سەرەكییان مێشوولەیە و ئەگەر هەموو مێشوولەكان لەناوببرێن ئەوا ئەو زیندەوەرانەش لە ناو دەچن و هاوسەنگیی ژینگەیی لاسەنگ دەبێت.
پاككردنەوەی ئاوە وەستاوەكان و زۆنگاوەكان
مێشوولە گەرا لە ئاوی وەستاودا دادەنێت، زۆربەی جار ئەم شوێنانە لە ئەنجامی كەمتەرخەمی مرۆڤەوە دروست دەبێت و وەك ئەوەیە مرۆڤ بە خۆڕایی بەخشیبێتیە مێشوولەكان، بەڵام گەراكان لە رێگەی خواردنی پاشماوە بیۆلۆژییەكانەوە ئەو ئاوە وەستاوانە پاك دەكەنەوە و زیندەوەرە مشەخۆرەكانی تێدا ناهێڵن، بە دڵنیاییەوە ئەو پرۆسەیە ئاوەكە پاكژ ناكاتەوە و نایكاتە ئاوێكی شیاو بۆ خواردنەوە، بەڵام دەتوانێت رێخۆشكەر بێت بۆ زانایان لە بواری توێژینەوە لە رێگاكانی بنەبڕكردنی پیسبوونی ژینگەیی سوودی لێوەرگرن.
سەرچاوە: DW

 125 جار بینراوە