سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » ئیدانەی كودەتا سەربازییەكەی غینیا دەكرێت

ئیدانەی كودەتا سەربازییەكەی غینیا دەكرێت

كودەتا سەربازییەكەی غینیا، كە رۆژی یەكشەممەی رابردوو لەلایەن هێزێكی تایبەتی سەربازییەوە كرا و سەرۆكی وڵاتیشیان دەستگیر كرد، كاردانەوەی لێكەوتەوە ‌و هەریەك لە ئەمریكا ‌و نەتەوە یەكگرتووەكان ‌و یەكێتیی ئەفریقا ‌و گروپی ئابووریی وڵاتانی خۆرئاوای ئەفریقا ئیدانەیان كرد.

ئەمریكا
لە بەیاننامەیەكدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند: توندوتیژی ‌و هەر رێكارێك لە دەرەوەی دەستوور، جگە لە بەفیڕۆدانی دەرفەتەكانی غینیا بۆ ئاشتی ‌و سەقامگیری ‌و پێشكەوتن، هیچ لێ ناكەوێتەوە.

روونیشیكردۆتەوە: ویلایەتە یەكگرتووەكان ئیدانەی رووداوەكانی شاری كۆناكری پایتەختی غینیا دەكات ‌و پێدەچێت ئەو هەنگاوە لە توانای ئەمریكا ‌و هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانی غینیا بۆ پاڵپشتیكردنی ئەو وڵاتە سنووردار بكات، بۆ هەنگاونان بەرەو یەكێتیی نیشتمانی ‌و ئایندەیەكی باشتر بۆ گەلی ئەو وڵاتە.

فەرەنسا
لای خۆشیەوە، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە بەیاننامەیەكدا ئیدانەی بەكارهێنانی هێزی كرد بۆ چوونە دەسەڵات لە غینیا ‌و داوای ئازادكردنی دەستبەجێ ‌و بێ مەرجی سەرۆكی غینیای كرد.

لە بەیاننامەكەدا، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا روونیكردۆتەوە: حكومەتی پاریس لەگەڵ گروپی ئابووری وڵاتانی خۆرئاوای ئەفریقا هاوهەڵوێستە بۆ ئیدانەكردنی هەوڵەكانی گرتنەدەستی دەسەڵات بە زەبری هێز لە غینیا، لەگەڵ گەڕانەوەی سیستمی دەستووری لەو وڵاتە.

نەتەوە یەكگرتووەكان
لای خۆشیەوە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە تویتێكدا، داوای ئازادكردنی دەستبەجێی سەرۆكی غینیای كرد ‌و راشیگەیاند، كە بە وردی بەدواداچوون بۆ دۆخی ئەو وڵاتە دەكات ‌و بە توندیش ئیدانەی دەسەڵات گرتنە دەست دەكات بە زەبری چەك.

یەكێتیی ئەفریقا
وەك كاردانەوەیەكیش بەرامبەر كودەتاكە، یەكێتیی ئەفریقا بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە ‌و تیایدا ئیدانەی كرد ‌و هەمان كاتیش داوای ئازادكردنی دەستبەجێی سەرۆكی غینیای كرد، كە لەلایەن كودەتاچییەكانەوە دەستگیركراوە.

لە بەیاننامەكەدا، یەكێتیی ئەفریقا رایگەیاند: سەرۆكی ئێستای یەكێتییەكە ‌و سەرۆكی كۆمسیۆنی یەكێتیی ئەفریقا، ئیدانەی دەسەڵات گرتنە دەست دەكەن بە زەبری هێز ‌و داوای ئازادكردنی دەسبەجێی ئەلفا كۆندی سەرۆكیان كردووە.

هەر لە بەیاننامەكەدا، یەكێتیی ‌و كۆمسیۆنی ئەفریقا داوایان لە ئەنجومەنی ئاشتی ‌و ئاسایشی سەر بە یەكێتیی ئەفریقا كردووە، كە بە مەبەستی تاوتوێكردنی دۆخی نوێی غینیا ‌و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست ‌و گونجا‌و، لە زووترین كاتدا كۆببێتەوە.

گروپی ئابووریی وڵاتانی خۆرئاوای ئەفریقا
هەر لەو چوارچێوەیەدا، گروپی ئابووریی وڵاتانی خۆرئاوای ئەفریقا (ئیكواس)، داوای گەڕانەوەی سیستمی دەستووریان لە غینیا كرد ‌و هەڕەشەی سەپاندنی سزاشیان كرد بەسەر دەسەڵاتی ئێستای ئەو وڵاتەدا.

لە بەیاننامەیەكدا، سەرۆكی ئێستای گروپی ئابووریی وڵاتانی خۆرئاوای ئەفریقا، ئیدانەی كودەتا سەربازییەكەی كرد ‌و داوای ئازادكردنی دەستبەجێ ‌و بێ مەرجی سەرۆكی وڵاتەكەی كرد.

چەند بڕیارێكی ئەنجومەنی سەربازی
دوای ئەوەی دەسەڵاتیان گرتە دەست ‌و سەرۆكی وڵاتیشیان دەستگیر كرد، ئەنجومەنی سەربازیی غینیا قەدەغەی هاتوچۆی لە سەرتاسەری وڵاتدا تا كاتێكی نادیار راگەیاند، لەگەڵ گۆڕینی دەسەڵاتدارە مەدەنییەكانی زۆرێك لە ناوچەكان بە كەسانی سەربازی. ئاماژەی بەوەشدا، كە لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا حكومەتی نوێ پێكدەهێنن.

رۆژی یەكشەممەی رابردوو، لەلایەن هێزێكی سەربازیی تایبەتەوە، لە غینیا كودەتا كرا ‌و ئەلفا كۆندی سەرۆكی وڵاتەكەیان دەستگیر كرد، پاشان فەرماندەی هێزە تایبەتەكان رایگەیاند: بڕیاریانداوە سەرۆك دەستگیر بكەن ‌و دەستوور ‌و دامودەزگاكانی حكومەتیش هەڵبووەشێننەوە ‌و سنووری وشكانی ‌و ئاسمانیی وڵاتیش دابخەن.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

 164 جار بینراوە