سەرەکی » دۆسێ » تەقاندنەوەی تاوەرەكانی كارەبا بەردەوامەپەڕە 1

فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بەكاردەهێنرێت

تەقاندنەوەی تاوەرەكانی كارەبا بەردەوامە

تائێستاش لە ناوچەكانی باكوور و خۆرهەڵاتی عیراق، پەلامارە یەك لە دوا یەكەكان بۆسەر تاوەرەكانی گواستنەوەی وزەی كارەبا بەردەوامن، ئەمەش لەكاتێكدایە رێوشوێنی ئەمنی توند لەلایەن هێزە عیراقییەكانەوە گیراوەتەبەر بۆ پاراستنی سیستمی كارەبا كە خۆی لە بڵاوەپێكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و هەڵكەندنی خەندەقدا دەبینێتەوە بۆ رێگرتن لە گەیشتن بە تاورەكان و تەقاندنەوەیان.

پارێزگای كەركوك لە باكوور، یەكێكە لەو پارێزگایانەی رووبەڕووی زۆرترین پەلاماریی تێكدەرانە دەبێتەوە و دەیان تاوەری كارەبا لە پارێزگاكەدا كراونەتە ئامانج، ئەمەش وای لە هێزە ئەمنییەكان كرد، خەندەق هەڵبكەنن بۆ رێگەرتن لە گەیشتنی ئەو گروپانەی دەیانەوێت بیانتەقێننەوە.

عەلی كەرەم بەرپرسی رایگەیاندنی تۆڕی كارەبای كەركوك لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە كۆتایی مانگی رابردوو رایگەیاندبوو»پارێزگاكە تەقینەوەی 40 تاوەری گواستنەوەی كارەبای لەماوەی رابردوودا بەخۆوە بینیوە كە بۆتە مایەی بڕانی زیاتری تەزوی كارەبا لە شارەكان و ناوچەكانی پارێزگاكە».

بە وتەی عەلی كەرەم»هێزە ئەمنییەكان دەستییان كردووە بە هەڵكەندنی خەندەق بە چواردەوری تاوەرەكانی گواستنەوەی وزە، بۆ رێگرتن لە گەیشتنی گروپە تێكدەرەكان، بەڵام ئەم شێوازە بەس نییە، چونكە ئەو گروپانەی تاوەرەكان دەتەقێننەوە، ئۆتۆمبێل بەكارناهێنن لەكاتی كارە تێكدەرانەكانیان، بەڵكو بە ماتۆڕسكیل دێن و بۆمب لەژێر تاوەرەكاندا دەچێنن و دەیانتەقێننەوە».

بەرپرسی راگەیاندنی تۆڕی كارەبا كەركوك دەڵێت»ئەو خەندەقانە رەنگە ببنە رێگر لەبەردەم گەیشتنی تیمەكانی چاككردنەوە بە تاوەرەكان و چاككردنەوەیان لە كاتی گونجاودا، بۆیە ئەو شێوازە بەس نییە و سەركەوتوو نابێت».

هەر لەو چوارچێوەیەدا، عەبدولخالق عەزاوی، نوێنەری پارێزگای دیالە لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاندووە»هێرش و پەلامارەكان بۆسەر تاوەرەكانی كارەبا لە پارێزگاكەدا كەمبوونەتەوە، بەڵام كۆتاییان نەهاتووە».

عەزاوی بە رۆژنامەوانانی راگەیاندبوو»دیالە لەو پارێزگایانەیە كە تا ئەندازەیەكی زۆر تاوەرە كارەباییەكانی تێدا دەكرێتە ئامانج، بەڵام یەكەم پارێزگا نییە، بەو پێیەی سیستمی كارەبا بەزۆری لە پارێزگاكانی كەركوك و سەڵاحەدین و نەینەوا دەكرێتە ئامانج و لە مانگی تەمموزی رابردووشدا رێژەی هێرشكردنە سەر تاوەرەكانی كارەبا لەو پارێزگایانەدا بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبۆوە».

بە وتەی عەزاوی كە ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانە»پێنج هێڵ لە دیالە بەشێوەیەكی بەردەوام دەكرێنە ئامانج، دیارترینیشیان میرسادی گواستنەوەی كارەبای هاوردەكراوە لە ئێرانەوە».

بە بۆچوونی عەزاوی»بڵاوەپێكردنی هێزە ئەمنییەكان و پێكهێنانی ژووری عەمەلیات بۆ بەڕێوەبردنی دۆسێكە، شكستییان بە هەوڵەكان هێنا و دوو چەكداریش لەكاتی هەوڵی بەئامانجگرتنی تاوەرەكاندا كوژران».

عەزاوی پێیوایە»ئەوانەی لە پشت بەئامانجكرتنی هێڵەكانی كارەباوەن، لە چەند لایەنێكی جیاجیا پێكهاتوون كە لەنێوانیاندا داعش و گەندەڵكاران هەن، هەندێكی ترییان ئەجێندای تێكدانییان هەیە، بۆیە لیژنەكانی لێكۆڵینەوە بەردەوامن لە بەدواداچوون، تا بە تەواوەتی ئاشكرایان بكەن و بزانرێت كێ‌ دەستی لەو كارەدا هەیە».

ئەفسەرێكیش لە فەرماندەی پۆلیسی دیالە، بۆ میدیا عەرەبییەكان ئاماژە بە بوونی هاوئاهەنگی كردبوو لەگەڵ پۆلیسی وزە و هێزە ئەمنییەكانی تر لە ناوچەكە، لەپێناو پاراستنی تاوەرەكانی كارەبا، بەردەوامبوونی هێرش و پەلامارەكانیشی بۆ بڵاوبوونەوەی تاوەرەكانی كارەبا لە رووبەرێكی بەرفراوان و لەو ناوچانەدا گێڕایەوە كە چۆڵن و دوورن لە ناوچەكانی جێنیشتەجێی هاووڵاتیان، ئەمەش لەلایەن گروپە تێكدەرەكانەوە وەك ئەو دەڵێت، قۆزراوەتەوە بۆ هێرش و پەلامارەكانیان.

هەر لەو بارەیەوە، سادق حسێنی وتەبێژی محیوەری دیالەی حەشدی شەعبی رایگەیاندووە،» ژوورێكی عەمەلیاتی بچوكی تایبەت بە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان پێكهێنراوە، بە مەبەستی چاودێریی هێڵەكانی تێپەڕینی تاوەرە ستراتیژییەكانی كارەبا كە نۆ تاوەرن لە دیالە و زامنكردنی پاراستنییان لە بەئامنجگرتنیان لەلایەن تێكدەرانەوە».

حسێنی پێیوایە»بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ رووبەڕووبوونەوە و جەنگی پاراستنی تاوەرەكانی كارەبا، بڕیارێكی دروستە و لایەنی ئەرێنی زۆرە و بۆتە مایەی پاراستنی ئەو تاوەرانەی بەناوچە سەخت و ئاڵۆزەكاندا تێدەپەڕن لە حەمرین و باكووری میقدادیە و ریفی خان بەنی سەعد».

 226 جار بینراوە