سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » دیداری رافیدەین

دیداری رافیدەین

لە زۆربەی دیدار و بۆنەكاندا، رووبەڕووبوونەوە سەربازیی و ئابورییەكان، ئەو تەوەرانەن كە دەبنە جێگەی مشتومڕی نێوان كەسێتی و لایەنە سیاسییەكان لە عیراق، بابەتی پەیوەست بە پاراستنی سەروەریی نیشتمانی و دەستوەردانی وڵاتانی دراوسێش، لایەنێكی سەرەكی ئەو باس و خواسانە پێكدەهێنن.

دیداری رافیدەین بۆ دیالۆگ كە لەم ماوەیەی دواییدا لە بەغدا سازكرا، گفتووگۆیەكی گەرمی لەسەر پرسی پاراستنی سەروەریی نیشتمانی و بە تایبەتیش دەستوەردانی توركیا لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بەخۆوەبینی كە بە بۆچوونی جومعە عیناد وەزیری بەرگری»پێشێلكاریی نیین و پێویستییان بە هاوئاهەنگی و هاریكاریی هەمەلایەنەیە لەگەڵ لایەنی توركیا».

وروژاندنی باسەكە سەبارەت بە وەزیری بەرگری عیراق، گێچەڵكردن بوو، چونكە بە بۆچوونی ئەو، عیراق بە قۆناغێكی جیاوازدا تێدەپەڕێت و لەم قۆناغەشدا هێز و توانای ئەوەی نییە، رێگە لەو جۆرە دەستوەردانانە بگرێت، یان لانی كەم تەنسیقی تەواوەتی لەگەڵ لایەنی بەرامبەردا بۆ بەرگرتن لە دووبارەبوونەوەیان بكات.

عیناد، بەر لە دیداری رافیدەین بەشداریی پێشەنگەیەكی كەلوپەل و كەرەستەی سەربازیی كردبوو لە توركیا، لە پەراوێزی پێشەنگەكەشدا لەگەڵ توركەكان لەبارەی تەوەرە ئەمنییەكانی جێ‌ بایەخی هەردوو وڵات وتوێژی كردبوو، وێڕای خستنەڕووی خواستی عیراق بۆ كڕینی هەندێك لە كەرەستە و ئامێرە سەربازییەكانی توركیا.

پێشێلكردنی سەوەریی خاكی عیراق لەلایەن توركیاوە لە دوای ساڵی 2003، دەستوەردان بێت یان دەستدرێژی یان لەژێر هەر ناوێكی تردا بێت، شكاندنی شكۆی عیراقە و هیچ لێكدانەوەیەكی زیاتر لەمە هەڵناگرێت، وێڕای ئەوەی گوزارشتە لە لاوازیی دامەزراوەی سەربازیی عیراق كە بەهۆی ئەجێندا دەرەكییەكان و ململانێی سیاسی و گەندەڵی بەربڵاوەوە نەپەرژاوەتە سەر هەڵگرتنی خەمی پاراستن و پارێزگاریی لە سەروەریی نیشتمانی.

دیداریی رافیدەین دەلاقەیەكی باش بوو بۆ توڕەكردنی عەسكەرەكان لەڕێی وروژاندنی پرسی سەروەریی، دەرفەتێك بوو بۆ ئاوڕدانەوە لەو پرسە كە لەگەڵ پرسی گەندەڵیدا، پێویستیان بە چارەسەری ریشەیی و خۆگورجكردنەوەی سیاسییەكان و دامەزراوەی سەربازییە، بەو پێیەی پێشێلكردنی سەروەریی و گەندەڵی بەربڵاو لە دوای ساڵانی 2003، هۆكاریی سەرەكی خراپبوونی رەوشی ئەمنی و هاتنەناوەوەی ئەو گروپە تیرۆریستانە بوون كە عیراقیان بەم رۆژگارە گەیاند.

 175 جار بینراوە